Skip to Content

کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

Closed
by حوزه‌یران 27, 2024 General, Opinion, Slider


چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە (کۆمەڵگەی کراوەی کاڕڵ پۆپەر)

بۆچی باسی کۆمەڵگەی کراوە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا، تەنانەت ئازادی وعەقڵانیەتی بۆرژوازی لەلایەن بزووتنەوە کۆنەخوازەکان و ڕاسیسمە نوێکانەوە دژایەتی دەکرێت، یان بەگومانەوە سەیر دەکرێت. دونیای ئەمڕۆکە پڕە لە پشێوی و ئاڵۆزی، بەتایبەتی کاتێک تۆ میتۆدی ڕوونی مارکسیزمت نەبێ بۆ شرۆڤەکردن، ئیدی لە ناو گوتاری میدیا و سیاسەتمەدارانی چینی دەسەڵاتدار کە بانگەشەی ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەکەن، دووچاری سەرەگێژە دەبیت، چونکە بۆرژوازەکان ناتوانن وەڵامێکی زانستیانە بە هۆکارەکانی:قەیرانی ئابووری، زیادبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان و ڕاسیسمەکان، شەڕەکان، نایەکسانی و گەندەڵی، لە جیهانی ئەمرۆدا بدەنەوە.
کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵگەیەکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.)، و (کۆمەڵگەی کراوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە دیدێکی دیاریکراو، ئایدیاڵ، کۆتایی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە هەنگاوی یەک لە دوای یەک بە ڕێنمایی هەوڵێکی بەردەوام بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن، هەوڵێک کە کراوەیە بۆ بیرۆکە و ڕەوتەکان.). ئەمە دیدگاێکی لیبرالیسمە پۆپەر پێشکەشی دەکات. لە ڕاستیدا لە خولی بوژانەوەو سەقامگیریدا، واتە لە خولی ئاسایی گەشەی سەرمایەداریدا، ووڵاتەکانی سەرمایەداری غەرب تا ڕێژەێک کۆمەڵگەی کراوە بوون بەو مانا لیبڕالیسمە، واتە تەنها بە ڕێژەێک کراوە بوون لە مەیدانی سیاسیدا.
(زۆر جار ئەوە دەبیستین کە تۆتالیتاریزم سەرئەنجام بە جۆرێ لە جۆرەکان حەتمیەو بۆ خۆلێبواردن ناشێت. گەلێ لەو کەسانە کە بەهۆی هۆش و خوێندنیانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتەی دەیڵێن بە بەرپرس بزانرێن، جاڕی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕێگاێکی دەربازبوون لەمە نییە.) کاڕڵ پۆپەر کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی)- پێشەکی/ لاپەڕە ۱۹/ وەرگێڕ: ئیدریس شێخ شەرەفی.
سەرنج بە پۆپەر خۆی ڕای وایە کە ئەو کەسانەی بڕوایان بەوەیە کە (لە سیستەمی سەرمایەداریدا لیبڕالیسم و تۆتالیتاریسم دووانەێک یان دوو دیووی یەک دراون) دەبێ “بە بەرپرس بزانرێن” چونکە جاڕی ڕاێک دەدەن کە لەتەک پۆپەر ناگونجێ. یانی چی؟ داخۆ دەیاندەن بە دادگا و سزایان دەدەن؟ بابپرسین ئایا ئەوانە مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە لە کۆمەڵگە کراوەکەی پۆپەردا؟. کارل پۆپەر هەر کەسێک لیبڕاڵ نەبوایە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە سەیری دەکرد.
تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە لیبرالیزمی ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە تۆتالیتاری. دەسەڵاتدارانی غەرب لە ڕێگەی لابردنی پلاتفۆرم و گۆڕانی دەستوور کە ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مسۆگەر دەکرد، سەرکوت و سانسۆر زیاتر دەکەن. هەرکەسێک لیبرالیزم نەبێت لەلایەن لیبرالیزمی هاوچەرخەوە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە تەماشا دەکرێت کە دەبێت سەرکوت بکرێ. تۆتالیتاریزمی لیبراڵ، هاوشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی دیکە، لەسەر کولتووری لە ناوبردنی دوژمن و سەرکوتی نەیاران دامەزراوە. لە تۆتالیتاریزمی لیبراڵدا نالیبراڵەکان بە “فاشیست”، “ستالینیست”، “تیرۆریست”، “توندڕەو” ناوزەد دەکرێن و بە دوژمن دادەنرێن کە پێویستە سەرکوت بکرێن و سزا بدرێن. بڕوانە سەرکوتی بزووتنەوەی هیلەک زەردەکان و بزووتنەوەی دژی گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لە فەرنسادا، هەروەها سەرکوتی ئەمڕۆکەی بەریتانیا بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی لە غەززە. هەرکاتێک سەرمایەداری دووچاری قەیرانی گشتی بووبێ، دەسەڵاتدارانی ڕاستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگەی کراوە بەرەو کۆمەڵگەی داخراو، بەرەو کۆمەڵگەی جەنگ پاڵپێوە دەنێن، ئیدی عەسکەرتاریسم و تۆتالیتاریسم باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێ، وەک ئەمڕۆکە لە ئەوروپادا دەیبینین.
کەواتە کۆمەڵگە چەندە کراوەیە یان داخراوە مەسەلەێکی ڕێژەییە، و بەندو بەستراوە بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی لۆکاڵی و جیهانییەوە.
کۆمەڵگەی کراوەی بە چ ماناێک؟!
مانای کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ لە ڕاستیدا پۆپەر مانایەکی ئیبستمۆلۆژی دەبەخشێ بە کۆمەڵگەی کراوە، بۆیە زۆر نەچۆتە باسکردنی کۆنکرێت و پێناسەی ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگە. گرنگ کۆمەڵگەی داخراوی سۆڤیەت بهێنەرە بەرچاوی خۆت و پێچەوانەی کەرەوە. بەڵام دەتوانین هەندێ تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگەیە لە لاپەرەکانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) بدۆزینەوە.
(کۆمەڵگەی جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگەی داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگەی کراوە ناو دەبەین.) – کارل پۆپەر / کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنەکانی/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی) – بەرگی یەکەم/ بەشی ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۷. (گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە)- هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۳۸۹.
کۆمەڵگەی کراوە ئازادی بە تاکەکان دەدات، تا بتوانن ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن، بێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی بی. واتە کۆمەڵگەی کراوە سیستەمی دیموکراسییە کە میکانیزمێکی دامەزراوەیی بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش هەبێت.
پۆپەر دەیگوت لیبراڵ دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکومەتە، و مۆدێلی دیموکراتییەتی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا نموونەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەتەکان بەبێ پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش، چوار ساڵ جارێک بە دەنگدان، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. پۆپەر نووسیبووی: (دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس) – کارل پۆپەر/ کتێبی(کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) – بەشی۱۰ /لاپەڕە ٤۲۸.
ئەمە هاوشێوەی هۆشداری و پێشبینیەکەی مارکس و ئەنگلسە کە لە “مانیفێستی کۆمۆنیست” نووسیبوویان:(یان سۆسیالیسم یان بەڕبەڕیسم)؛ ئەمە یانی بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەگەر شۆڕشی سۆسیالیسمی نەکەین بەسەر سەرمایەداریدا و کۆمەڵگای سۆسیالیسم دانەمەزرێنین، ئەوا لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دووچاری هەموو جۆرەکانی قەیران و چەوسانەوە دەبینەوەو دەبینە بەربەری.
جیاوازی هۆشداری و پێشبینیەکەی پۆپەر لەوەدایە کە ئەو کۆمەڵگەی کراوە کە خاوەنی سیستەمێکی لیبراڵی دیموکراسییە، بە مەرجی خۆپارێزی لە گەڕانەوە بۆ بەربەریسم دەزانێ.
ئەمڕۆکە زۆرێک لە نووسەرانی غەیری سۆسیالیستی بە جیهانی ئەمڕۆکە دەڵێن:(لیبڕالیسمی دڕندە/ لیبڕالیسمی تووندڕەو)، ئەمە یانی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری و سیستەمە لیبراڵە دیموکراسییەکەی بۆرژوازی کە فڕەییە و چوارساڵ جارێ هەڵبژرادن سازدەکرێ، و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئاشتیانە لە زۆرێک لە ووڵاتاندا دەستاودەست دەکات، لەمپەر نییە تا بمانپارێزێ جیهان نەچێتە نێو خولێکی دڕندەیی.
هەروەها ئەم دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات مرۆڤەکانی نەپاراستووە لە دڕندەیی، چونکە چوارساڵ جارێک یان زیاتر، گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەت:لە ئەمەریکا(لە بۆش بۆ کلینتۆن، لە جۆرج بۆش بۆ ئوباما، لە ئوباماوە بۆ ترامپ، لە ترامپەوە بۆ بایدن)، یان لە سوید (لە حیزبی سۆسیال- دیموکراتەوە بۆ ئەحزابی ڕاستڕەوەکان)،، هتد، ئەمە دەستاودەستی دەسەڵاتە لە نێوان باڵەکان و ئەحزابەکانی بۆرژوازیدا. ئەمە ئەرزش و سوودی چییە بۆ خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟! کاتێ هەلومەرج ڕۆژ داوی ڕۆژ خراپتر دەبێ، و کێشەکان و چەرمەسەرییەکان هەر وەک خۆی باقییە، وە هیچکام لەم حکومەتانەی ئەحزابی بۆرژوازی لە سەرکوت و هەژارکردنی خەڵکی زیاتر، بەدیلی دەرباز بوونی لە قەیران و نائەمنی کۆمەڵگای پێ نییە. یانی جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆ لەسەر لەپی دێوەزمەێکدایە، لە نێو قەیران و پشێویی و جەنگدا، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی یەک لەوی دی بەدترن، ئیدی ئالۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە نێوان ئەحزابەکاندا هیچ چارەسەری ڕاستەقینە نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
بۆیە مرۆڤ ئەمڕۆکە وەک (مۆریس کورنفۆرس) دەتوانێ پرسیار ئاراستەی هاوڕێکانی پۆپەر دەربارەی کۆمەڵگای کراوە بکات و بپرسێ:(ئایا کۆمەڵگەێک کراوەیە کاتێ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەندو بەستراو بێ بە مسۆگەرکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە؟ واتە کاتێ قازانج و ئیمتیازاتی هەندێک بەندە بە چەوسانەوەی کاری ئەوانی تر؟!. وە ئایا بەڕاستی ئەقڵی کەسێ کراوەیە ئەگەر توانای بینینی ئەو حاڵەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەبێ؟!.) – مۆریس کورنفۆرس – کتێبی/ دفاعا عن الماركسية/ لاپەڕە ۱٥/ کتێبەکە بە زمانی عەرەبی هەیە.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا کەسێ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەحزابی بۆرژوازی، و ئیسڵاحی گچکەی بۆرژوازی بە بنەمای کۆمەڵگەی کراوە بزانێ، لە خۆشخەیاڵ و ساویلکە زیاتر هیچی دی نییە.
پۆپەر خۆشی هەستی بەو خۆشخەیاڵییە کردووە، بۆیە نووسیبووی: (لەگەڵ تێپەڕاندنی ساڵەکانی پاش جەنگ، بەشی زۆری ئەو پێشنیارانەی خستوومەتە ڕوو لە هەموویان دیارتر ئەو هەستە گەشبینییە بەهێزەی کە بەسەر کتێبەکەدا بڵاوبۆتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک هەستێکی سادەو ساویلکانە دەهاتە بەرچاوم، دەنگم هێدی هێدی وەک دەنگی لە ڕابردوو دوورەکانەوە بە گوێم دەگەیشت، وەک دەنگی یەکێک لە ڕیفۆرمیستە کۆمەڵایەتییە گەشبین و بەهیواکانی سەدەی هەژدە یان تەنانەت حەڤدە.). – دیباچە بۆ چاپی دووەم – هەمان سەرچاوەی کێبی ( کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی).
لەو ساتانەدا کە سەرکردە سیاسییەکانی بۆرژوازی، وەک گەمژە و کلاون/ موهەریج لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، و ئەو سەرکردانە وەک تارماێکی ڕابردوویەکی نادیار لەسەر شانۆی سیاسەت لە ناکاو دەرکەوتوون، و خەڵکی جیهان دەترسێنن، ئیدی شیکاری هەلومەرجی ئابووری و سیاسی بۆ سەرمایەداری سەردەم دەبێ بە زەرورەتێک، تا لە مەسەجی تارمایەکانی بۆرژوازی لە هەلومەرجی ترسناکی دونیا، باشتر تێبگەین.
ئەو پرسیارەی لێرەدا گرنگە وەڵامی بدەینەوە: بۆچی تاڕادەێکی زۆر کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری غەرب کراوەترن لە چاو ڕۆژهەڵات کە زۆرکات دەسەڵات ئیستبدادی و سەرکوت، و کۆمەڵگەکەی داخراوە؟!.

دوو هۆکاری ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی داخراو لە ڕۆژهەڵات:
لە سەردەمی دامەزراندنی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیسمی کلاسیک و دواتر ئیمپریالیسم، ووڵاتانی غەرب سامانی ووڵاتانی جیهانی بەناو سێیەمیان بۆ خۆیان بردووە. ئەو کەڵەکە سەرمایە مەزنەی غەرب کە بنەمای دەوڵەتی ڕفاه و خۆشگوزەرانێکی ڕێژەییە لە غەربدا، پایەی کۆمەڵگەی کراوەیە لەوێکانە، کەواتە دیارە لەسەر حیسابی هەژاریکردنی کرێکاران و خەڵکی ڕنجدەری ووڵاتانی جیهانی سێیەم، غەرب تا ڕادەێک و بۆ ماوەێکی مێژوویی سەرخانی لیبڕاڵ و کۆمەڵگاکەی کراوە بووە -(هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاوای خاوەن کۆمەڵگەی کراوە دژی یەکیەتی سۆڤییەتی خاوەن کۆمەڵگەی داخراو لە ساڵانی جەنگی سارد، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەووتنی غەرب وەک جیهانێکی ئازاد). هەر کاتێکیش بزووتنەوەێک و سەرکردەێک لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پەیدابووبێ، و ئامانجی گۆڕینی هەلومەرجی ئابووری ووڵاتەکەی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کراوەی هەبووبێ، زۆرێک لەو بزووتنەوانە لەلایەن غەربەوە سەرکوت کراون، وە سەرکردەکانیان تیرۆرکراوە نموونەی: “موسەدەق” لە ئێران، وە “سەلڤادۆر ئالێند” لە ووڵاتی شیلی.لە هەلومەرجی سەرمایەداری دڕندەی جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕوی سەرخانی کۆمەڵگەوە، خەریکە شێوەی ئایدۆلۆژی دەوڵەت، شێوەی حکوماتی سەربازی یان مەدەنی، دیموکراتی یان نا دیموکراتی بایەخی نامێنێ، چونکە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتی نوێنەرانی سەرمایەداران بەرەو ئیستبدادی و کۆنەپەرستی وەردەچەرخێن. گەر لە هەندێ جێگای دونیادا هێشتا “ئازادی تاکەکەسی و مافی مەدەنی لیبڕاڵی” مابێ، ئەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە خەبات لەسەردەمی ئێمەدا گەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبێ، ئەوا لەتەک هەلومەرجی بابەتی و ڕەوتی مێژوودا ناکۆکە، و لە کۆتاییدا بێ ئەنجامە. مرۆڤایەتی ئەگەر لە سەردەمەکەی خۆی تێنەگات، ناتوانێ بیگۆڕێ. سەردەمی ئێستا؛ نە شارستانییە، نە ئازادییە، نە مەدەنییە، بەڵکە جەنگەڵستانی سەرمایەداری بەربەریسمە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەم جەنگەڵستانە شۆڕشی سۆسیالیستییە.

میتودی شیکردنەوەی پۆپەر بۆ تۆتالیتاریسم
کە دەچیتە نێو سیاسەت هۆشت بەخۆتەوە بێ، چونکە تۆ چوویتەتە نێو ئاهەنگی دەمامک پۆشین/ حفلة تنكرية / costume party.
نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۸ – ۱۹٤۳ کاڕڵ پۆپەر کتێبی【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】نووسیووەو ساڵی ۱۹٤٥چاپ کراوە. تائێستاش ئەم کتێبە هاوڕاو ڕەخنەگری هەیە. (ئەم کتێبە،،، هەندێ لەو کێشانە دەخاتە بەر باس کە شارستانیەتی ئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕویە،، گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی داخراو “خێڵ پەرستی”، تۆتالیتاریسم.) -【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】- بەرگی یەکەم – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) پێشەکی کتێبەکە/ لاپەڕە ۱۸. (هەوڵی ئەم کتێبە بۆ یارمەتی دانی تێگەیشتنمانە لە تۆتالیتاریسم و گرنگی و مانای خەباتی هەمیشەیی لە دژی چڕکراوەتەوە.) -هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۱۸.
هەر ئەم دوو کورتە پەڕەگرافە لە پێشەکی کتێبەکەدا وا لە خوێنەر دەکات باسەکەی لا گرنگ بێ، چونکە کێ هەیە گەر ئازادیخواز بێ نەیەوێ لە تۆتالیتاریسم تێبگات و خەبات دژی نەکات؟!، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پۆپەر تۆتالیتاریسم تەنها لە سەرخانی کۆمەڵگەدا (حکومەت و دەوڵەت) قەتیس دەکات، و توێژینەوەکانی ناچێتە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی، و ڕەگ و ڕیشەی تۆتالیتاریسم لە تۆڕەکانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵگەدا باس ناکات، و بۆ دۆزینەوەی هۆکار و سەرچاوەی تۆتالیتاریسم، پۆپەر تەنها دراسەی میتودی میێژووگەریی فەیلەسوفانی وەک (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات. ئەمە میتودێکی ئایدیالیستییە لە توێژینەوەی دیاردە سیاسیەکاندا.
پۆپەر ڕای وایە ئەوەی ئێستا بە تۆتالیتاریسم دەیناسین، سەر بە نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی شارستانییەتەکەمان. نووسەر ڕەخنە لە “ئەفلاتون و هیگڵ و مارکس” دەگرێ و تاوانباریان دەکات بەوەی ئەم بیرمەندانە پەیڕەوی (میتودی مێژووگەریی) دەکەن، کە میتودێکی داخراوەو دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی کۆمەڵگاێکی داخراو.
تیۆری تۆتالیتاریسمی پۆپەر سەرنجی جۆرێک لە پەرەسەندنی هێڵی میتودی مێژووگەریی لە(ئەفلاتونەوە بۆ مارکس)ی داوە. ئەم جۆرە دراسەیە ئامانجێکی زۆر سادەی هەبووە: وێناکردنی هەردوو تۆتالیتاریسم و لیبرالیسم وەک دوو مۆدێلی تائەبەد جیاواز، کەسەر بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی مێژوو نین، بەڵکو سەر بە خودی میتودی فکری ئەو مرۆڤانەن کە خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی تۆتالیتاریسمن.
بەڕای پۆپەر مارکس کاتێ دراسەی یاساکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە “میتودی مێژووگەرایی” پێشبینی گۆڕان و گەشەی سەرمایەداری کردووە، و لێرەوە مارکس پێشگۆیی کردووە بۆ مێژوو. بۆیە بیروباوەڕی مارکس جەوهەرگەریی و دۆگمایە، کە ئەنجامەکەی فکری داخراو دروست دەکات، کە لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراو.
(بەم شێوەیە پۆپەر پەیوەندییەک لە نێوان تۆتالیتاریسمی میتۆدۆلۆژی و سیاسیدا دیاری دەکات: یەکەمیان وەک بڵێی پاساوی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ دووەمیان دابین دەکات. لە ئەنجامدا، پووچەڵکردنەوەی لۆژیکی یەکەمیان، مەحاڵبوونی ڕاستەقینەی دووەمیان دەسەلمێنێت.) – Studies in Critical Philosophy- کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
هەڵبەت بیروباوەڕی ئینسانەکان ڕۆڵی مەزنیان هەیە لە مێژوودا، وە کاتێ بیروباوەڕ بە جەماوەری دەبێت، مارکس ووتەنی: “دەبێتە هێزێکی ماتریالی و کۆمەڵگە دەگوڕێت”، بەڵام بیروباوەڕ لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ هەم بەجەماوەری ببێت، وە هەم ڕۆڵی مەزن بگێڕێ، چونکە ڕاکان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ مرۆڤەکان، وە بیروباوەڕەکان بە ڕێکەوت وەک قارچکەکان لە دارستانێکدا ناڕوێن، بۆیە ناتوانرێ تەنها بە دراسەی بیروباوەڕ لەخۆیدا وەڵامی پرسیاری ئەوە وەرگیرنەوە کە بۆچی (بیروباوەڕ حوکمی دونیا دەکات)، دەبێ بۆ دۆزینەوەی دروستی زانیستیانە بۆ هۆکارەکان نەک تەنها لە دەقەکانەوە، بەڵکە لە هەلومەرجی ژیانی واقیعی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگەدا بکۆڵینەوە، و بزانین ئەم بیروباوەڕانە لە کوێوەو لە چ پێویستییەکەوە سەرهەڵدەدەن.
(مەفهومی ئایدیالیستی بۆ مێژوو لەسەر ئەو تەفسیرە دامەزراوە کە گەشەی مێژوو بەندە بە گەشەی سروشتی مرۆڤ و بیروباوەڕ و ڕاکان، وەک ئەوەی بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم دەیانگووت.) – فەلسەفەی مێژوو و مەفهومی ماتریالیسم بۆ مێژوو/ بلیخانۆف/ لاپەڕە ۱٦.
(نەخێر ڕای مرۆڤەکان و سۆزەکانیان ناکەوێتە ژێر ڕێکەوتەوە، بەڵکە لە گەشەو سەرهەڵدانیاندا دەکەونە ژێر هەندێ یاسا کە دەبێ دراسە بکرێن. ،، گەر بڕواتان وایە کە (بیروڕا حوکمی دنیا دەکات) بەڵام حوکمی دنیا ناکات بەشێوەێکی ڕەها، بەڵکە ئەویش بە دەوری خۆی مەحکومە، بۆیە باشترە باسی هۆکارە قوڵەکانی بزووتنەوەی مێژوو بکەین.) – هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۲۳.
(لە دۆخی کۆمۆنیزمدا فاکتەرە بنەڕەتییەکانی تیرۆر سروشتێکی زۆر جیاوازیان هەیە. کۆکوژی هاوسات بوو بە “پلانی پێنج ساڵەی یەکەم” لە ڕەوتی بەگشتیکردنی گەشەی پیشەسازیی توندوتیژدا ڕوویدا، کە لە دژی دانیشتووانێکی دواکەوتوو، بێباکانە، یان دوژمنکارانە ئەنجامدرا. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ چەمکی مارکسی سەبارەت بە یاسا نهێنیەکانی گەشەسەندنی مێژوویی تا ئەو ڕادەیە درێژ بکاتەوە کە پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پێشمەرجێکی حەتمی بۆ سۆسیالیزم دیاری بکات، ئەوا سەختە بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی ستالینیزمدا هەبووە. بنیاتنانی خێرای توانای ئابووری و سەربازی کۆمەڵگەی سۆڤیەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی مەترسی سەرمایەداری و بە تایبەتی فاشیزم بگرێت، وەک هێزی بزوێنەری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت و پێویست ناکات هیچ فەلسەفەیەکی شمولی ڕوونی بکاتەوە. دراسەی تیۆری بەهۆی پلانی ستالینییەوە جامدکرا نەک تەواوکرا. سەبارەت بە پاکتاوکردنەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سیەکان و دواتر دیسانەوە کۆتایی چلەکان: ناتوانم بزانم چۆن بە خەیاڵیش بێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ چەمکێکی فەلسەفی.) – کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز – لاپەڕە ۱۹٦/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Studies in Critical Philosophy / Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
گەر نووسەرێ بڕوای وابێ کە میتودێکی فەلسەفی (مێژووگەریی) هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاریسمە، ئەی کەواتە دیاردەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی نێو بزووتنەوەێکی سەر بەو فەلسەفەیە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟!. هەموو خوێنەرێکی مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیاوازی نێوان (کاوتسکی و لینین و ڕوزا)، و جیاوازی نێوان ( ستالین و تروتسکی) دەزانێ.
لە ڕاستیدا وەسوەسەی تۆتالیتەریسم لە هەموو بزووتنەوە فکری و سیاسیەکانی سەردەمدا بووونی هەیە. هیچ بزووتنەوەێکی فکری و سیاسی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا: “کۆنەپارێزان، لیبڕالیسم، سۆسیالیسم” نییە کە لەنێو باڵەکانیدا مەیلێکی دەسەڵاتی شمولی نەبوو بێ. لە سۆسیالیسمدا باڵی (سەرمایەداری دەوڵەتی/ ستالینیسم و ماو) بوونی هەبووە، لە بەرامبەریاندا باڵی (ڕۆزا، کاوتسکی، تروتسکی، کاڕڵ کۆڕش) ڕەخنەگر بوون. هەر لە ساڵانی ۱۹۰٥دا (ڕۆزا) ڕەخنەی لە ئیستبدادی بلشفیکەکان گرتووە. داخۆ ئەم باڵە جیاوازانە هەموویان بڕوایان بە میتودی (مێژووگەریی) بووە؟!. گەر میتودی (مێژووگەریی) بنەمای فکریانە، کەواتە بۆچی جیاوازن؟!. میتودی فکری وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، لێرەوە دەبێت جیاوازی باڵەکان دراسە بکەین کە ڕوانگەی جیاوازیان هەبووە. هەروەها لیبرالیسمی کلاسیکی دوو باڵی جیاوازی هەبووە، وە لەم سەردەمەدا جیاوازی باڵی لیبڕالیسمی سیاسی و لیبڕالیسمی ئابووری، دوایی زاڵبوونی لیبڕالیسمی نوێ، زۆر شەفافتر دەرکەوتووە، و باڵی لیبڕالیسمی ئابووری (لیبڕالیسمی بازاڕی ئازاد – لیبڕالیسمی نوێ) مەیلێکی تۆتالیتاریسمی هەیە.

پێشبینیەکەی پۆپەر: کۆمەڵگەی ئەبستراکت
کارل پۆپەر لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)دا ئەم چەند دێڕە لەسەر (کۆمەڵگەی ئەبستراکت ) دەنووسێ:
(لە ئەنجامی لەدەستدانی کارەکتەری ئۆرگانیکی، کۆمەڵگەیەکی کراوە ڕەنگە پلە بە پلە ببێتە ئەوەی کە من حەز دەکەم ناوی لێ بنێم (کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکت). لەوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو سیمای کۆمەڵەیەکی کۆنکرێتی یان ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، یان سیستەمێکی ئەو جۆرە گروپە ڕاستەقینەیانە لەدەست بدات. ،،، ئەم خاڵە بە دەگمەن درک کراوەو دەتوانین بە پەنا بردن بۆ موبالەغەێک ڕوونی بکەینەوە. وێنای کۆمەڵگاێک بکە کە تاڕادەێک هەرگیز مرۆڤەکان تێیدا لەگەڵ یەکتر بەرەو ڕوو نابنەوەو هەموو کارەکان بە تاکی دوورە پەرێزەوە ئەنجام دەدرێن کە بە نامەی تایپکراو یان بە تەلەگرام پەیوەندی دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو هاتۆچۆ دەکەن. ،،، کۆمەڵگەیەکی وەها خەیاڵی دەتوانرێت بە “کۆمەڵگەیەکی تەواو ئەبستراکت” یان بێ کەسایەتێ ناوببرێت. ئێستا خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێرنمان لە زۆر لایەنی خۆیدا لە کۆمەڵگایەکی تەواو ئەبستراکت دەچێت. هەرچەندە ئێمە هەمیشە لە ئۆتۆمبێلی داپۆشراودا و بە تەنیایی هاتووچۆ ناکەین (بەڵکە ڕووبەڕووی هەزاران مرۆڤ دەبینەوە کە لە شەقامەکەدا بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن) بەڵام دەرئەنجام تاڕادەێک هەمان شتە “واتە لە بنەمادا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەتەک ڕێبوارەکانی تردا دروست ناکەین”. ،،، زۆر کەس هەن لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەژین کە هیچ پەیوەندییەکی کەسایەتییان نییە، یان لە ڕادەبەدەر کەم، کە لە نادیاربوون و گۆشەگیریدا دەژین و لە ئەنجامدا لە ناخۆشیدا دەژین. چونکە هەرچەندە کۆمەڵگا بووەتە ئەبستراکت، بەڵام پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ ئینسانەکان پێویستی کۆمەڵایەتیان هەیە کە ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکتدا تێری بکەن.)/ 1.
ئەمە ئەو پێشبینیە دروستەیە کە پۆپەر بۆ گەشەی ڕواڵەتی کۆمەڵگە کردوویەتی، کە لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵ و تەکنەلۆژی زیرەکدا خشت پێکاویەتی./۲.
دیارە ئەمڕۆکە مرۆڤەکان بڕێک لە کارکردن لە ماڵەوە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئۆفیسەکان، وە بۆ بەشێک لە کڕینی کاڵاکان پێویست بە چوون بۆ نێو بازاڕ و مۆڵەکان ناکات، دەتوانین بە ڕێگای ئینترنێت داواکاریەکانی خۆمان بنێرین، هەروەها بۆ هەواڵ پرسی و گفتوگۆ لەتەک دۆستەکانمان، پێویست بەسەردان ناکات و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی شات مەیسەر دەبێ، یان گەر کەسێ لەم ڕۆژگارەدا گەرەکی بێ کۆرسێک بخوێنێ، پێویست بەوە ناکات بچێ بۆ قوتابخانەێک و بە فیزیکی ئامادەیی هەبێ لە پۆلێکدا، بەڵکە لەڕێگای “دیستانس – ئینترنێت” دەتوانێ کۆرسەکەی تەواو بکات.
بیرمەندانی بۆرژوازی جۆرەها ناوی دیکەیان داهێناوە بۆ وەسفی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. لەم سەردەمەدا لەبری کۆمەڵگەی سەرمایەداری دڕندە ناوی وەک: کۆمەڵگای کراوە، کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرنیسم، کۆمەڵگای شەفاف، کۆمەڵگای چاودێری، کۆمەڵگەی ڕیسک،، هتد، بەکاردەهێنن. ئەوەی ئەم بیرمەندانە لە وەسفی کۆمەڵگەدا دەیانەوێ پەردەپۆشیکەن ناوەڕۆکی دابەشبوونی چینایەتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە.
گرنگ لێرەدا ئەوە دووپات بکەینەوە کە بە گۆڕانی ڕواڵەتی کۆمەڵگە و بە تەکنەلۆژی بوونی کەم یان زۆری پەیوەندییەکانی ئینسانەکان، ئەوە هیچ لە حەقیقەتی ئەوە ناگۆڕێ کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا سەرمایەدارییە و لەسەر پەیوەندی (کار و سەرمایە ) دامەزراوە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە کۆنکرێت بێ یان بڕێکی کەم تا زۆری دیجیتاڵ بێ، هێشتا ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتییە، مادامەکی گۆڕان بەسەر پێکهاتی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدریدا نەهاتووە، چونکە بەردەوام زۆربەی ئینسانەکان کارێک دەکەن و بەرامبەری ئەوە کرێ وەردەگرن، و نوخبەێکی کۆمەڵگەش خاوەنی کۆمپانیا و بانک و ئۆفیسەکانن و قازانج لە بەری کاری ئەوانی دی دەکەن.
پۆپەر خۆی زۆر دژی پێشبینییەکان بوو، و بەڵگەی داڕشتووە کە دەڵێ: بە هۆکاری لۆژیکی ناتوانین داهاتوو بزانین؛ نووسیویەتی:( ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە توندی لە ژێر کاریگەری گەشەی زانستی مرۆڤدایە، بەڵام ناتوانین بە شێوازی عەقڵانی یان زانستی پێشبینی گەشەی داهاتووی زانستە زانستییەکانمان بکەین. بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەوتی داهاتووی مێژووی مرۆڤایەتی بکەین). لە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە – کاڕڵ پۆپەر/ ساڵی [۱۹٤٥].
وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پۆپەر پێی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی پێشبینی دادەگرێت، بڕوای وایە کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت، بۆیە پێشبینی بۆ ئاییندە نازانستی و هەڵەیە، وە شیاوی ئەوە نییە متمانەی پێ بکرێ و پشتی پێ ببەسترێت. واتە مێژوو چوارچێوەو سنووری بۆ دانانرێت و پۆپەر دژی ئەوەیە پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین.
پۆپەر ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێناوە بۆ ڕەخنە لە مارکس، وە بە تایبەتی لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە مارکس پەیڕەوی فەلسەفەی (مێژووگەرایی) دەکات و بڕوای بە حەتمیەتی مێژووییە، و لێرەوە پۆپەر دەیگوت کە مارکس وەک پێغەمبەر و فاڵچیێکی درۆزن وایە پێشبینی دەکات. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بە کورتی بیڵێم: مارکس نە پێغەمبەرەو نە بڕوای بە “حەتمیەتی مێژوویی” بووە، بەڵکە وەک زاناێک دوای دراسەی فاکتەکانی واقیعی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێشبینی کردووە، هەر وەک پۆپەر خۆشی کردوویەتی؛ ئایا پێشبینیکردن بۆ پۆپەر خۆی حەڵاڵە و بۆ مارکس حەرامە؟!.

دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە
بە بڕوای پۆپەر، دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، بەتایبەتی (کاڕل مارکس و هاوڕێکانی)، ئەوانەن کە بانگەشەی خاوەنداریەتی مەعریفە و چاکەیەکی گشتی دەکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی یۆتوبیاێکی پڕ لە بەختیاری بەدیبهێنن. ئەم زانستە لای نوخبەێکی پێشڕەوە کە حیکمەتیان دۆزیوەتە، هەم ڕاستی زانستییە و هەم نۆرماتیڤ-ئەخلاقییە. کەواتە بە مەعریفە و ئەخلاق دەسەڵاتێکی بیروکراتی حەکیم دادەمەزرێنن تا خەڵکی دەربازکەن لە قەیران و دۆزەخ. بۆیە ئەم مەعریفە و ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن، لە سەروی ئازادی تاکی مرۆڤەوەیە، واتە لە سەروی حوکمدانی خۆیانەوە بڕیار دەدرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ ژیانی خۆیان لە قاڵب بدەن. فەلسەفەی سیاسی پۆپەر لیبڕالیسم و دیموکراتییەتی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هاوچەرخی وەک مۆدێلی “کۆمەڵگەی کراوە” قبوڵ دەکرد، وە دژی (سۆڤیەت و نازیەکان) بوو، چونکە تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراون بوون.
کەواتە گەر لەم سەردەمەدا بە دوای دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوەدا بگەڕێن ئەمانەن: “چین، کۆریای باکوور، کوبا” ئەمانە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن. “ئێران، ئەفگانیستانی تاڵیبان، سعودیە” ئەم دەوڵەتانە ئیسلامین و کۆمەڵگەی داخراون. هەروەها هەر حیزب و بزووتنەوەێک کە ”میتودێکی مێژووگەریی” و دۆگمان و ئیدۆلۆژی هەیە، ئەمانەش ئامانجیان دامەزراندنی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراوە، و بە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمێردرێن.
بەڵام جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆکە دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆکە هەندێ لایەن پەیدا بوون کە بە دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمردرێن، کە ناکەونە نێو ئەو خشتەیەی پۆپەر دایڕشت بوو.
لەمڕۆدا سەرمایەداری لە قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیردا کۆمەڵگەی خستۆتە ژێر چاودێری، و تایبەتمەندی تاکەکەسەکان پێشێل دەکات. کاتێ ئینسانەکان لە شەقامەکان، مۆڵەکان، یان لە فرۆکەخانەکاندا بن، بە تەکنەلۆژیای زیرەک دەموچاویان دەناسرێتەوە. کامێرای چاودێری دەزانێ لە چ جێکایەک سەیارەکەت ڕاگرتووە، یان بەهۆی سۆسیال میدیا و مۆبایلەکانەوە هەموو زانیاری تایبەتی تاکەکەسەکان خەزنکراوە. ئەمرۆکە تۆڕی داتا و ئینترنێت وەک دەسەڵاتێکی شمولی بەسەر سەری ئینسانەکانەوەیە، و لەتەک گەشەکردنی زیاتری “زیرەکی دەستکرد” ئەم دەسەڵاتە شمولییە زیاتر دەبێ.
بزووتنەوەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو (ڕاسیسمی نوێ و فاشیسمی نوێ) هەر بەناوی پاراستنی دیموکراتییەت و شارستانیەتی ڕۆژئاوا جەماوەریان ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات. ڕاستڕەوی توندڕەو هیچ ناچێتە ژێر ئەو پۆلێنەی پۆپەر، چونکە بڕوایان بە میتودی مێژووگەریی نییە، و باس لە پاڕاستنی (ئازادی و سیکولاریسمی) غەرب دەکەن دژی پەناهەندەکان. دیاردەی نوێی وەک (خراپ بوونی ژینگە، بڵاوبوونەی درم و ڤایرۆسەکان، ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری – ڕوسیا و چین دژی ڕۆژئاوا) هێندەی دی کۆمەڵگەی کراوەی بەرەو تۆتالیتاریسم بردووە. ململانێ نێوان باڵەکانی بزووتنەوە بۆرژوازەکان کە بڕوایان بە دیموکراتی و لیبڕالیسم هەیە، و ململانێ نێوان کۆمپانیاکانی سەرمایەداران، کۆمەڵگەی کراوە بەرەو تۆتالیتاریسم دەبات. چەند نموونەیەک: ئەو کەسانەی دژی دۆگما لیبڕاڵەکانن (مافی کۆمەڵگەی میم)، ئەوانەی گریمانە لیبڕاڵەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە ناوی ڕاستڕەوی توندڕەو ناوزەد دەکرێن. ئەوانەی کاتی کۆڤید نەیانویستایە دەمامک ببەستن یان دژی کۆڤید خۆیان بکوتن، لە زۆر ماف بێبەش دەکران. ئەگەر کەسێک بیەوێت زانست لە پشت گەرمبوونی جیهانەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا وەک “ئینکاریکەری گۆڕانی ژینگە” سووکایەتییان پێدەکرێت. دیارە لەتەک تووندبوونەوەی قەیران و کێشەکان، مەیلی بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریسم زیاتر دەبێ.
قەیرانی ئابووری و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ لە زۆر ووڵاتاندا ئەگەری تەقینەوەی جەنگی ناخۆیی زیاد دەکات. پشێوی کاتی هەڵبژراردنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، زەنگێکە هۆشداری بە ئەگەری خولێکی زۆر مەترسیدار دەدات لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری ڕۆژاوادا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان و پۆپۆلیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، کە مەیلی پاوانخوازیان هەیە، وە زیادبوونی ئەوەی پێی دەوترێت “فرە قەیران”، ئاسانە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دیموکراسی بۆرژوازی و مۆدێلی کۆمەڵگەی کراوە مەحکومە بە بن بەست، و جیهانی سەرمایەداری چۆتە خولێکی نوێی دڕندەیی.

———————————————————
تێبینیەکان:
1/ دەتوانن ئەم چەند دێڕە لە(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی – بەرگی یەکەم – ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۹ – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) بخوێنەوە کە زمانەکەی باشترە. من لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرمگێڕاوە.
۲/ دیمەنی تاکگەرایی و تەنیایی ئینسانەکان لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریدا گەلێ نووسەر (جگە لە تیۆری نامۆیی مارکس) باسیان لێوە کردووە. من لێرەدا پەرەگرافێکی ڕۆمانێکی دیستۆڤیسکی بە نموونە دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٨٠ـ ١٨٧٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە:
(ئەو گۆشەگیرییەی مرۆڤ تێیدا دەژی، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەم سەردەمەی ئێمەدا تەنیایی کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت نەگەیشتووەتە لوتکە. هەموو مرۆڤێک لەم سەردەمەدا هەوڵدەدات تامی ژیان بە تەواوی بکات، بەڵام دوور لەوانی دی، بۆیە بە دوای بەختەوەری تاکەکەسیدا دەگەڕێت. بەڵام مەحاڵە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی تامێکی تەواو لە ژیان، چونکە تەنها دەبێتە هۆی لە ناوچوونی تەواوەتی ڕۆح، و تەنها دەبێتە هۆی جۆرێک لە خۆکوژی ڕۆحی لە گۆشەگیرێکی خنکێنەردا. کۆمەڵگا لە سەردەمی ئێمەدا لە تاکەکاندا تواوەتەوە، هەریەکەیان وەک ئەهریمەنێک لە کولانەکەی خۆیاندا دەژین، و لە یەکتر هەڵدێن و تەنها بیر لە شاردنەوەی سامانەکانیان لە یەکتر دەکەنەوە. وە لەمەوە دەگەنە ئەوەی ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوەو تا خۆشیان شایستەی ڕق لێبوونەوەش دەبن. مرۆڤ لە تەنیاییدا سامان لەسەر سامان کەڵەکە دەکات و دڵخۆش دەبێت بەو دەسەڵاتەی کە پێی وایە بەم کارە خاوەنییەتی، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “کە ڕۆژەکانم بەم شێوەیە مسۆگەر بووە”، ئیدی گەمژەیی خۆی نابینێت کە زیاتر کەڵەکە بووە، بەمە زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بێهێزییەکی کوشندە. ئەوەش لەبەرئەوەی ڕاهاتووە کە تەنها پشت بەخۆی ببەستێت و بڕوای بە هاوکاری نەماوە، و لە گۆشەگیریدا ئەو یاسایانە لەبیردەکات کە بەڕاستی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبەن، و کۆتاییەکەی هەموو ڕۆژێک لە ترسی لەدەستدانی پوڵەکانی دەلەرزێت کە ڕۆژێک دێت لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت. خەڵکی بە تەواوی لەیادیان چووە کە ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینە لە ژیاندا بە گۆشەگیری بەدەست ناهێنرێت، بەڵکە لە هاوپشتی و هاوکۆیی هەوڵەکانی یەکتر بەدی دێ.).

/ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ/ فیدۆر دۆستۆیڤسکی).

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish