Skip to Content

نوستالژیا/ محەمەد عەدنان و من-4-.. ستیڤان شەمزینی

نوستالژیا/ محەمەد عەدنان و من-4-.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 1, 2024 General, Opinion


بەشی چوارەم

محەمەد عەدنان و من
محەمەد عەدنان عوسمان، ھاوڕێیەکی منداڵی و گەنجی و تائێستای منە، ئەگەرچی ھەنووکە ئەو لە نیوزلەندا دەژی، بەڵام ئەو پەیوەندییە بەتینەی پێشووی نێوانمان ھێشتا وەک دوو ھاوڕێ بەیەکییەوە بەستووینەتەوە. لێ من و محەمەد عەدنان، کوڕی یەک گەڕەک بووین، بەڵام سەرەتای ھاوڕێیەتیمان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی یەکەمی ناوەندیی خوێندن. ھەردووکمان دوو مێردمنداڵ بووین، حەزمان لە خوێندنەوە بوو، جیددی بووین، تاکە دوو کەس لەو ماوەیەدا زۆرترین کتێبی لە کتێبخانەی “ناوەندی زانیاری کوڕان” خواستبێت، ئەم دووانەمان بووین. باوکی محەمەد “مامۆستا عەدنان” مامۆستای فیزیا و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان بوو، بەو ھۆیەوە دەمانتوانی زۆرترین کتێب لە کتێبخانەی قوتابخانە بخوازین. ئیتر ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ قۆناغێکی نوێ کە پێکەوە وەک دوو ھاوڕێ کاری زۆرمان لە بواری سیاسیی و رۆشنبیرییدا کرد.
سەرەتای یەکترناسینمان بەو شێوەیە بوو: لە قۆناغی یەکەمی ناوەندیی بووین، لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریز کرابووین، کاتێک قوتابییەکان بەسەر پۆلەکاندا دابەشکران، ئێمە ھەردووکمان کەوتینە پۆلی یەکەمی “جیم”. ئیدی لێرەوە یەکترمان بە تەواوەتی ناسی، تەنانەت ھەردووکمان لەسەر یەک مێز دانەیشتین. ئەوسا نەریتی قوتابخانەکان وابوو ھەموو ھەفتەیەک قوتابییەکان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریزدەکران، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، وتەیەکی پڕ ئامۆژگارییان دەخوێندەوە، دواتریش بە سروود و گۆرانی و شیعر مەراسیمەکە کۆتایی دەھات. من لە یەکەم ھەفتەی ریزکردندا بۆ یەکەم جار لە پێش چاوی زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی و مامۆستا، “پەخشان”ێکی کورتی خۆم خوێندەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆر دەترسام، بەڵام ھەنگاوم نا و لە نێو چەپڵەی قوتابییەکاندا شاگەشکە بووم.
کە چووینەوە پۆلەوە، حەمە زۆر دەستخۆشیی لێکردم و باسی لەوە کرد، ئەویش زۆر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات و ھەوڵ دەدات چیرۆکی کورت بنووسێت، ئەوەش بۆ من خۆشحاڵییەکی گەورە بوو، چونکە ھەستم دەکرد مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دۆزیوەتەوە. ھەر ئەو رۆژە وانەی “کوردی”مان ھەبوو، مامۆستا “حەمەسەعید” پێش وانەکە زۆر ستایشی منی کرد، کە پەخشانێکی زۆر جوانم خوێندووەتەوە و ھانیدام کە بەردەوام بم لەسەر خولیاکەم، بۆیە ھەمیشە کە بیر لە مامۆستا “حەمەسەعید” دەکەمەوە، ھەردەم ھەست بە ئاسوودەیی دەکەم، چونکە ھاندانی ئەو وەھای لە من کرد، لەسەر رەوتی نووسین بەردەوام تا ئێستا. لەم رێکەوتە بەدواوە، من و حەمە زیاتر لە یەکدی نزیک بووینەوە، زۆربەی کاتەکانمان بەیەکەوە دەگوزەراند، باس و خواسی نێوانمان، تەنیا لە چێوەی ئەدەب و سیاسەت و فیکر و خوێندنەوەدا دەسووڕایەوە. وردە وردەش ھەردووکمان دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی نووسین و بابەتە کورتەکانمان. ھەردووکمان زیاتر لە بواری ئەدەب چالاک بووین، حەمە زۆرتر چیرۆکی دەنووسی، ھەندێک جار وتاری کورت کورتی بڵاودەکردەوە، منیش زیاتر خوێندنەوەی ئەدەبیم ھەبوو، لە بواری رەخنەیی ئەدەبی بە تایبەت ریالیزمی سۆشیالیست زانیاریی باشم ھەبوو، بەم بۆنەوە نووسینەکانی من، پتر خوێندنەوەی ئەدەبی بوون وەک لەوەی تێکستی ئەدەبی بن.
من و حەمە، ھەر رۆژێک قوتابخانەمان نەبووایە یان لە پشووی ھاوینان، بەیانیان تا نیوەڕۆ، کاتمان لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بەسەر دەبرد، پاشتریش “ھۆڵی میدیا” کرایەوە، بەشێکی تری کاتەکەنمان لە کتێبخانەی میدیا دەبردە سەر. زۆر بە قووڵی دەمانخوێندەوە، لەسەر زۆر شت ھەر لە مێژوو و سیاسەتەوە دەمانخوێندەوە تاکو ئەدەب و فەلسەفە و فیکری ھاوچەرخ. بڕیارمان دابوو ببینە رۆشنبیرێک رۆڵ لە کایەی رووناکبیریی کوردییدا بگێڕین. رەوتی ئێمەش بەرەو ئەوە دەچوو، لە پاشەڕۆژدا ببینە رۆشنبیرێکی باش، بەڵام بە قەناعەتی خۆم سیاسەت دووری خستینەوە لەو ئامانجە، تەنیا وەک خوێنەرێکی جیددی ماینەوە. لەو زەمەنەدا من بەرەو کۆمۆنیزم ھەنگاوم نا، حەمە نەیدەویست ببێتە کۆمۆنیست ئەگەرچی لەرووی ئایدۆلۆجییەوە تا ھەنووکە خۆی بە چەپ دەزانێت. ھەرچەند ھەوڵی زۆرم لەگەڵ دەدا لە رێگەی جەدەل و گفتوگۆوە، تا بڕوای پێبکەم بۆئەوەی ببێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست، بەڵام ئەو رەتی دەکردەوە، سەرئەنجام کۆڵم لەوەدا ئەو پێشنیارە بخەمە بەردەمی، ئیدی زێدەتر وەک دوو ھاوڕێ ماینەوە. ھەمیشە بە یەکەوە دەبینراین، بە یەکەوە فێری جگەرەکێشان بووین، بە یەکەوە فێری نووسین بووین، بە یەکەوە عاشق بووین، چیرۆکی عەشقی ئەو زۆر رۆمانسییانەتر بوو لە چیرۆکی عەشقی من، بەیەکەوە زۆر کاری سەیر و جوانمان کرد، بە یەکەوە لە قوتابخانە خۆمان دەدزییەوە، بە یەکەوە بڕیارمان دا حزبێک دروست بکەین، بە یەکەوە بڕیارماندا واز لە ئەدەب بھێنین و وەکو رۆژنامەنووس کار بکەین، زۆرترین بڕیاری بەیەکەوەیمان ھەیە.
محەمەد، جگە لە نووسین، بەپێچەوانەی منەوە، سەلیقەیەکی باشی لە ئەلیکترۆنیات و کارەبا و ئیشی تەکنیکیدا ھەبوو. بیرم دێتەوە لە گەڕەکی رزگاری سلێمانی، دوکانێکی لەو شێوەیەی دانابوو. رۆژێک چوومە دوکانەکە بۆ لای، تا باسی سیاسەت و ئەدەب و رۆشنبیریی بکەین. پێش ھەر شتێک مەوزوعێکی جیاوازیی کردووەتەوە، بەوەی رادیۆیەکی دروست کردووە!!، رەنگە ئەگەر بەکاریبھێنیت ھەموو سلێمانی وەریبگرێت، ھەروەھا بەرنامەیەکی دروستکردبوو دەیتوانی بچێتە سەر پەخشیی تیڤییەکان، بەئاسانی دەتوانرا لەو رێگەیەوە لەسەر تەرەدودی زۆربەی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەوسای کوردستان، پەخش بکرێت و بەرنامەی خۆت پێشکەش بکەیت، بە داخەوە حەمە وازی لە پەرەدان بەم داھێنانە ھێنا، بەڵکو ھەمیشە سیاسەت و رۆشنبیریی پێش ھەر کارێک دەخست. لە قۆناغی ئامادەییدا، حەمە چووە ئامادەیی رۆشنبیری کوڕان، ئەو ساڵە، بەھۆی غیاباتی زۆرەوە، من لە سێی ناوەندیی راسب بووم، بە تایبەت تازە لە ئاوارەیی گەڕابوومەوە و باوکیشم لە زیندان بوو، بۆیە ھیچ مەزاجێکی خوێندنم نەمابوو. ئیتر ئەو ساڵێک کەوتە پێش منەوە. حەمە لە ئامادەیی رۆشنبیر بڵاوکراوەیەکی دەردەکرد بە ناوی “رۆشنبیریی” کە تایبەت بوو بە ئامادەیی رۆشنبیر، لە ھەموو ژمارەکانی ئەو بڵاوکرایەوەدا بەشدارییو ھەبوو بە نووسینی چەندین بابەتی جیاواز، ھەرچەند ھیچ ژمارەیەکم لەلا نەماوە لەو بڵاوکرایەوە، کەچی ھێشتا ناوی وتارەکانی خۆمم لەو بیرم ماوە، یەکێکیان دەربارەی چەوساندنەوەی ژنان و فێمینیزم بوو، ئەوێ رۆژێ بە دەگمەن خەڵک ھەبوو لە مانای فێمینیزم تێبگات.
من و حەمە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، بیرمان لە دەرکردنی رۆژنامەیەکی ئەھلی دەکردەوە، بیرۆکەی زۆرمان داڕشت، ھەنگاوی باشمان دەنا، چونکە بارودۆخەکە پشتیوانمان نەبوو، شکستمان ھێنا. ئێمە تەرزێک نووسین و بیرکردنەوەمان ھەبوو، لەگەڵ ھیچ رۆژنامە و گۆڤارێکی کوردیدا نەدەگونجا, بەم بۆنەوە زیاتر ھەوڵماندەدا کۆڕ و سیمینار بگرین یان لە مێزگردەکاندا بەشدا ببین. کە دەڵێم پارادیمی ئیشکردنی ئێمە لەگەڵ بڵاوکراوەکانی کوردستان نەدەگونجا، بەو مانایە بوو ئێمە بە نۆرمێک کارمان دەکرد، کۆمەڵ و ماسمێدیای کوردیی، نەیدەتوانی بەرگەی بگرن. جارێکیان من لە سیمینارێکدا وتم، سێکس غەریزەیەکە وەک رەمەکی خواردن، جیاوازیی نابینم لەنێوان ئەو کەسەی نان دەخوات و ئەوی سێکس دەکات، ھەر خەریکبوو ھۆڵی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانم بەسەردا بڕمێنن. ھەر لەم روانگەیەوە بوو ھەوڵماندەدا بڵاوکراوەیەک دەربکەین مێشکی مرۆڤی کورد بەتایبەت بەرامبەر تابووەکان بکاتەوە، ئێمە سەرنەکەوتین، بەداخەوە مۆدیلێکی تر لە میدیا بەناوی ئەھلییەوە سەرکەوت کە نەیتوانی بچووکترین ئیش لەم رووەوە بکات.
دواتر لەگەڵ حەمە، گەڵاڵەی بیرۆکەیەکمان کرد، بۆ دروستکردنی حزبێک، حزبەکە حزبێکی چەپ بێت، دژی ئەو واقیعە بوەستێت بەھۆی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییەوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردییدا سەپابوو. بۆ ئەو مەبەستە دەیان کەسمان کۆکردەوە، بەڵام نەدەتوانرا کۆبوونەوەیەکی گشتیی رێکبخرێت، لەبەر دوو ھۆ، یەکەم: ئەفکاراتی جیاواز جیاواز ھەبوو. دووەم: نەدەتوانرا لە ترسی چاوی دەزگا ئەمنییەکان ژمارەیەکی ئاوھا خەڵک کۆ بکرێتەوە لە جێگەیەک، چونکە ئەوسا ئاسان نەبوو بۆ مەبەستێکی وەک ئەوەی ئێمە بە ئاشکرا خەڵک کۆبکەیتەوە. ئەم دواکەوتنە زۆری کێشا، تا ئەوەی ئێمەش لە بیرۆکەکە ساردبووینەوە، تاکوو چەند مانگێک. لە ھاوینی ١٩٩٨ کەسێکمان ناسی بەناوی “کاڤار شوانی”، ئەویش وەک ئێمە بیری لە دروستکردنی حزبێک کردبووەوە، بەڵام کێشەی گەورەی نێوان ئێمە و ئەو، لەوەدا خۆی دەبینییەوە ئێمە چەپ و ئەو نەتەوەیی بوو. ھەر چۆنێک بوو، خاڵە ھاوبەشەکانمان کردە بنەمای کارکردن، بۆیە رێککەوتین لەسەر دروستکردنی حزبێک بەناوی “پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان”. پەیڕەو و پرۆگراممان بۆ نووسییەوە، ژمارەیەک کادری ئەساسیمان لە دەوری خۆمان کۆکردەوە، ئامادەکارییمان دەکرد بۆ بەستنی کۆنگرەیەک، بەڵام پێش ئەوە چەندین چالاکیمان لە رووی راگەیاندن و تەبلیغاتەوە ئەنجامدا. بۆ نموونە پۆستەر و لافیتەی زۆرمان بە شوێن گشتییەکاندا ھەڵواسی، بە تایبەت دژی گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و نەبوونی شەفافییەت کە ئەوێ رۆژێ ئەم دروشمانە تازە بوون و کەس نەیدەوێرا دروشمی وەھا زل ھەڵبگرێت و شەڕی دەسەڵاتی پێبکات.
پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان. کێشەی ئەوەبوو، دەستی نەدەگەیشتە جەماوەر، ئەوسا نە مۆبایل ھەبوو، نە ئینتەرنیت، نە میدیای کراوە. خەڵکیش حەماسی زۆری ھەبوو بۆ پارتی و یەکێتی. ئەمانە بوونە بەربەستی ئەوەی پارتییەکە وەک مەحفەلێکی بچووک و نھێنی بمێنێتەوە. کێشەیەکی تری من و حەمە، لەگەڵ کاڤار شوانی، ئەوەبوو، ئەم پیاوە نەتەوەییەکی کلاسیکیی بوو، تەنانەت زۆربەی جار من و حەمە بە وتەکەی ئەومان رادەبوارد کە زۆرجار دەیووتەوە “پەرداخێک ئاوی بێگەرد نادەم بە دەریایەک لیتە”. منیش ھەموو جارێک دەمووت “پێکێک عەرەقی ئەبو نەخلە نادەم بە ھەزار قاپی فەلەکە”. ئێمە و کاڤار نەمانتوانی ماوەیەکی زۆر پێکەوە بین، ئەوەبوو کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ وازمان لەو بیرۆکەیە ھێنا، دواتر کەس بە دەوری “کاڤار”ەوە نەما و ئەویش سەری خۆی بۆ کەنەدا ھەڵگرت.
من و حەمە، کۆڵمان نەدا، ئەمجارە بیرمان لە دروستکردنی پارتێکی شۆڕشگێڕ کردەوە، بە قووڵی کەوتینە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی “لینین و ترۆتسکی و پلیخانۆڤ و گیڤارا” و بەرھەمەکانی تری شۆڕشگێڕیی چەپ. لە مانگی دیسامبەری ١٩٩٩ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج لە ماڵی ئێمە دانیشتنێکمان کرد، کە حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی چەپی دیموکراتی کوردستان” دابمەزرێنین، منیش بڕیارمدا واز لە حزبی کۆمۆنیست بھێنم. لەگەڵ حەمە کەوتینە کۆکردنەوەی خەڵک. یەکەم کۆبوونەوەمان لەناو حامیەی سلێمانی کرد، “شوێنی پارکی ئازادیی ئێستا” چونکە رووبەرێکی فراوانی چۆڵ بوو، لە کاتی ھاتنی ئاسایشدا بواری ھەڵھاتن و خۆ ونکردنی زۆر ھەبوو. پاشان دەیان کەسمان وەک نەواتی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی ئەو حزبە کۆکردەوە، بەڵام بەھۆی خەتمایلێکەوە زانیاریی ئیشەکەمان گەیشتەوە بە یەکێتی، بە تایبەت ئێمە دەمانویست بە ھاوکاریی ھەندێ کۆنە کادری پەکەکە بچینە شاخ، “پێشتریش ھەوڵێکی لەو جۆرەمان دابوو” چونکە چەند گەریلایەکی دابڕاو کەوتبوونە لای ئێمە، کە ھەموویان کوردی باکوور بوون و لە ماڵی “خالید ئەژی” حەشاردرابوون.
پاش گەیشتنەوەی زانیارییەکە بە یەکێتی، چەند کەسێک دەستگیر کران، ھەروەھا چەند کەسێک ھەڕەشەیان لێکرا. لە کۆتاییدا من و حەمە و خالید ئەژی و یوسف ئابڵاخی بە تەنیا ماینەوە، ئێمەش ناچار دەستبەرداری بیرۆکەکە بووین. من و یوسف کە ھەردووکمان کادری حزبی کۆمۆنیست بووین، ھەر بەردەوام بووین لە کاری خۆمان لە حزبی کۆمۆنیستدا، خالید کە مەترسیی زۆرتری لەسەربوو، چەند کەسێکی مەسیحیم پێ ناساند، لای کەنیسەی ئینجیلی سلێمانی پارێزرا بۆ ماوەیەک تا دۆخەکە ئاسایی بووەوە. “حەمە”ش زیاتر لەگەڵ ئێمە بوو، بۆیە ھەمیشە لە دەرەوە وا دەزانرا ئەویش کادری حزبی کۆمۆنیستە. من و حەمە عەدنان، بەیەکەوە ماینەوە، ھەروەک پێشوو. لێرە بەدواوە بیرمان لە گەیشتن بە ھەندەران دەکردەوە. من خۆمم پێ رازی نەدەکرا، “محەمەد”ش پارەی نەبوو. بۆیە بیرۆکەی چوون بە ھەندەرانیشمان ھەر وەک بیرۆکەکانی تر شکستی ھێنا. ئیدی ژیانی رۆژانەمان تەنیا بریتبوو لە خوێندنەوە و ھاتوچۆی سەنتەری گەنجان و ئێوارانیش بۆ سەھۆڵەکە. ھەر لە کۆتایی ١٩٩٩ لە سەنتەری گەنجان “گۆران عومەر”ی جوانەمەرگمان ناسی، ئەویش وەک ئێمە دەیویست بیرۆکەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە گروپەکەمان فراوانتر بوو بۆ چوار کەس “حەمە، گۆران، ئاسۆ، ستیڤان” رۆژانێکی ناخۆشی خۆشمان بردە سەر تا دەوروبەری ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠.
ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی دا، من وەک کادری ئەو حزبە کەوتمە خۆشاردنەوە. “محەمەد” بێکار دەسوڕایەوە، گۆران وردە وردە بەرەو تەلەفزیۆنی خاک و دوایش کوردسات رۆیشت. یەکێتی کون بە کون بە دوای کۆمۆنیستەکاندا دەگەڕا، منیش جارێک گیرام و ئازادکرام. بەھۆی ئەو ترسەوە بینینی من لەگەڵ حەمە و گۆران زیاتر بە شەوانە بوو، سەھۆڵەکەش کە پڕ ببوو لە سیخوڕی ئاسایش بۆ من شوێنێکی پارێزراو نەبوو، بۆیە زۆربەی جار لە کۆڵانەکانی پشتی ماڵی حەمە لە گەڕەکی شێخ محێدین، دادەنیشتین، جاروباریش “یوسف ئابڵاخی” سەری لێدەداین بەتایبەت کە کۆڕی موناقەشەی فیکریی و رۆشنبیرییمان گەرم دەکرد. ساڵی ٢٠٠٠، سەفەری دەرەوەی وڵاتم کرد، من و ئاسۆ ھاوسەفەر بووین، گۆران و حەمە عەدنان و ئەیوب رەزا و بابان حەمە و برادەرە ئازیزەکانم جێھێشت. کاتێک من لە سەفەر ھاتمەوە حەمە، زەواجی کردبوو، ئەیوب و گۆران لە کەناڵی کوردسات یەکیان گرتبووەوە، من وەک سەگی پێ سووتاو بە شاردا دەسوڕامەوە، ھیچ ئیشێکم نەبوو، فلس لە گیرفانمدا سەوزەڵە خانمی بوو. تەنیاش مابوومەوە، بەم حاڵەوە رامکێشا تا دووەم جار سەفەرم کردەوە. گۆران و ئەیوب و حەمە بەھۆی سەرقاڵییان کەمتر دەرفەتی بینینی منیان ھەبوو. ئیدی ئەم جارە “رێباز حەمەجەزا” کە ھێشتا پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی تەواو نەکردبوو، جێگەی ھەموویانی گرتەوە.
دوای پرۆسەی ئازادیی، من گەڕامەوە بۆ نووسین لە رۆژنامەکاندا، حەمە رووی کردە کاری تەلەفزیۆن، لە تەلەفزیۆنی پارێزگاران بەرنامەیەکی وەرگرت، لەو ماوەیەدا دوو چاوپێکەوتنی بۆ ئەو تەلەفزیۆنە لەگەڵ من ئەنجامدا. لەوێ خۆی نەگرت و رووی کردە تەلەفزیۆنی خاک. منیش لەو ساتانەدا رۆژنامەی “نێوەند”م دەردەکرد، دوای خاک، حەمە رووی کردە کوردسات وەک بێژەری ھەواڵەکان. لەوێ ئەیوب و گۆران و حەمە بە یەک گەیشتنەوە. پاشان لە کوردسات تووڕەبوو، بووە بێژەر لە کەناڵی عەشتار، ئەوەندەم نەزانی بە تەواویی سەری خۆی ھەڵگرت، زیاتر لە سێ ساڵ لێی بێ خەبەر بووم، تا زانیم گەیشتووەتە نیوزلەندا، بەڵام ھێشتاش ئەو ھاوڕێیەتییە کۆتایی نەھات، بەڵکو ماڵی فەیسبوک ئاوا بێت، جارێکی دیکە بە یەکتری شاد کردینەوە.
سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 533- 539 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish