Skip to Content

کورتەچیرۆک: بووک-ە-شووشە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

کورتەچیرۆک: بووک-ە-شووشە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ئاب 26, 2024 General, Literature



مەلا لە دەرگاکە هاتە ژوورەوە، هەموویان لەبەری هەڵسانەوە. کاکەسوور دەستی ماچ کرد و فەرمووی لێ کرد و لە شوێنی شیاوی خۆی داینیشاند. کانەبی پڕی دایە دەستی و یەک دوو شڵپەماچی لێ کرد و سەیرێکی باوکی خۆی کرد، ئەمیش سەری خۆی بۆ لەقاند، وەک ئەوەی ئافەرینی بۆ بنێرێت.
کانەبی گەنجێکی چوارشانەی، کەمێک سادە بوو، سی و پێنج ساڵان بوو و ژنێک و چوار منداڵی هەبوو، منداڵە گەورەکەی هەر لەگەڵ خۆی لە دوکانی سەوزەفرۆشییەکەی کاری دەکرد، خۆ ئەگەر خوێندبای، ئەمساڵ دەبوایە بچێتە زانکۆ.
ملی ئەم گرانییە بشکێ، کانەبی هەتاوەکوو ئێستاش هەر لەگەڵ کاوێسی باوکی دەژێت. ژنە قوڕبەسەرەکەشی، ژیان، نەیدەوێرا فززەکی بکات، ئەگەر کانەبیش شلمکوتی نەکردبوایە، ئەوا خەسوو و خەزوور بەم ئەرکە هەڵدەستان.
ئەمە چەند مانگێکە، کانەبی چاوی چووەتە سەر کچەکەی هاوسێیان، هەموو جارێک کە لە کار دەگەڕێتەوە، سەرنجی دەداتێ، جا چ لەم کاتانەی کە لەگەڵ دەستەخوشکەکانی قسان دەکات، یان کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیانە، یان کە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. کانەبی چیتر خۆی بۆ ناگیرێت، بڕیاری داوە کە وەکوو مەردێک دەستی کچە داوا بکات، بەڵکوو کاکەسووری باوکی دڵی نەرم بێت و ئایشێی پێشکەش بکات.
مەلا پەڕاوەکەی دەستی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا و کردییەوە، سەیرێکی کاکەسووری کرد، ئینجا ئاوڕێکیشی لە کانەبیی داوە، لێیانی پرسی ئەگەر ئامادەنە و گەواهیدەرەکان ئامادەن. کانەبیش بەتامەزرۆییەکەوە تێی گەیاند کە هەموو شتێک ئامادەیە، خۆ ئەمە یەکەم جاری نییە!
مەلا ڕووی لە کانەبی کرد، ناوی پرسی، تەمەنی، دڵنیا بووەوە کە کوڕێکی سی و پێنج ساڵانە و خێزاندارە، دووپاتیشی کردەوە کە بەڵێن بدات کە ژنەکەی یەکەمی دژایەتیی ئەم خوازبێنییە ناکات، کانەبیش سوێند و قوڕئانی بۆ خوارد، لە دڵەوەش داوای لێخۆشبوونی لە خواکەی کرد، بەمە دڵی خۆی دایەوە کە شتێک خوا ڕێی پێدابێت، ژنەکەی کێیە تا لێی بستێنتەوە.
پاشان ڕووی لە کاکەسوور کرد، لێی پرسی کە ئەگەر ئەو ڕێ بە کانەبی دەدات تا کچەکەی بهێنێت و ببێتە کوڕی، کاکەسووریش دەستی خستە نێو دەستی مەلا و تێی گەیاند کە لە شەکری پێ خۆشترە، چما کوڕێکی چاکتر لە کانەبیی بەدەست دەکەوێت، بەتایبەتی وا ئایشێش گەورە بووە، کاتی هاتووە.
دوای ئەمەی کە کچە و کوڕەی لێک مارە کرد، وتارێکی کورتی دا، پاشان مۆڵەتی لێ وەرگرتن، هەرچەندی تکایان لێی کرد تا بمێنێتەوە و شەربەتێک بخواتەوە، بەڵام ئەو سوڕ بوو بڕوات، گوایە دوو مارەیی تر هەیە کە دەبێت بەڕێوەی ببات. دەفژەنەکان کەوتنە دەفژەنین، گەنجەکان کەوتنە شایی و پیرەکانیش هەر لە شوێنی خۆیانەوە، بە دەستی بە تەسبێحەوە شانی خۆیان هەڵدەتەکاند.
کاکەسوور چووە دەرەوە، ئەم لا و ئەو لای کرد، ئایشێی نەدۆزییەوە، بەقیڕەوە هاواری دەکرد: «ئایشێ، ئایشێ!» هیچ‌ وەڵام نەبوو، چووە پێش دەرگای ماڵەوە، سەرنجی دا وا ئایشێی تەمەن نۆ ساڵان، لەگەڵ هاوڕێیەکەی یاری بە بووکەشووشە دەکات. پیلی گرت و شەقازللەیەکی لێدا و فەرمانی پێ کرد تا بچێتە ژوورەوە، دەست و پلی بشوات و جلەکانی بگۆڕێت و بچێتە لای زاوا تا یەک دوو وێنان بگرن. ئیتر گەورە بووە و بووەتە ژن، کاتی یاری بووک بووکانێ بەسەر چوو!

واتای وشەکان:
گەواهیدەر: شاهێد

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress