Skip to Content

ئیسلام ی درۆگ… کاوە جەلال

ئیسلام ی درۆگ… کاوە جەلال

Closed
by ته‌مموز 21, 2022 General, Opinion


گۆتە بەناوبانگەکەی مارکس کە دەبێژێت “ئایین ئۆپیومی گەلانە”، پێویستە ڕاڤەبکرێت. ئێمە لێرە ئایینمان وەک ئۆپیوم، کەواتە وەک درۆگ هەیە، لێرەشدا ئاشکرایە درۆگ ئەوە نییە کە کوردەکانی ئێراق بەهەڵە کردوویانە بە “مادەی هۆشبەر”؛ درۆگ هۆش نابات، بەڵکو بەرینی دەکات و هاوکات ڕەوشەکانی تیژ و ڕۆشن دیاردەهێنێت – وێنەییانە؛ درۆگ هەروەها شیمانەی وێناکردن لە وێنای ئەندێشێنراوەوە هەڵدەزنێنێت. بەرینکردنی مەودای هۆش، گەش دیارهێنانی وێنەییانەی ڕەوشە ناخەکییەکان کە وەکو دی چەپێنراون، پێکەوە ئاڵۆزکاون، بەپاڵ یەکدییەوەن، بەڵی تەنانەت بوون بە گرێ، گەلێک پزیشکی پسیکۆیی یان تەنانەت پسیکۆلۆگ وەک ئارامبوونەوەی ژیانی ناخەکی دەیانبینن، بۆیە بۆ نموونە درۆگی “ئێل ئێس دێ” کە لە بنەڕەتدا یاساغە، بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیی سەختی پسیکۆیی بەگەڕ دەخەن. ئەوان بەم دەستوێژە دەیانەوێت گرێ ناخەکییەکان بکەنەوە تاکو نەخۆشەکان بە ڕەوشێکی ئارامی ناخەکی بگەیەنن و وردتر کێشە خۆییەکانیان ببینن، بەمەش بەسەر دەردەکانیاندا زاڵ ببن.
هەروەها ئایین وەک هەبوویەکی ڕەوانی کە بەزۆریی هەڵبەستڤانییانە دادەڕێژرێت و حیکایەتی زۆر لەبارەی ئیماندارانی پیاوچاک لە ئەمدنیا و ژیانی ئەودنیایی لە خۆ دەگرێت، ئەوجا ڕێنوماکانی لە ڕستەدا تۆماردەکرێن، لە ڕوانگەی مارکسەوە هەمان رۆڵی درۆگی ماتەری وەردەگرێت، هێندە نەبێت کە ناشێت ئەم درۆگە وەک دەستوێژی تێڕاپی بەگەڕبخرێت، بەڵکو مرۆڤ لە خۆی نامۆ دەکات. ئایین کە بە داڕشتنی هەڵبەستڤانی و ڕێنوماکانی وەک کەتوارێکی ئۆبژێکتیڤی بە مرۆڤان دەدرێت، لە دەرەوەی مرۆڤەوە پەرە بە توانستی وێناکردنەکانی هۆشی ئەو دەدات، بەڵێ ئەو تەنانەت دەتوانێت بە ئەوپەڕی ڕۆشنی وێنای ژیان و ڕابواردنی خۆی لەتەک حۆرییەکانی ئەودنیادا بکات. گەردووندیدیی هەڵبەسڤانیانە داڕێژراو، حیکایەتگەلی تۆمارکراوی نێو کتێبەکان یان زارەکییانە گێڕراوەکان، دەشێت بەگوێرەی توانست و لێهاتوویی هۆشەکییانەی مرۆڤێک بخرێنە شێوەی هۆنینەوەی وێنەییەوە – بەگشتی هونەرەوە. ئەمە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکاندا کە پەیکەری خوداکانی خۆیانیان بەزەبەلاحی دەسازاند (هێگل)، یان لە هەندێک کولتووردا کە دابی وێنەسازییان هەیە، بۆ نموونە کولتووری ئەوروپای کریستیانی، دەشێت لە هونەری بە خۆ تایبەتیاندا بەرجەستە ببێت. بێگومان حیکایەتە وێنەییەکان، داڕشتنی وێنەی شەهیدەکان، لە کولتووری ناوبراوی بەم چەشنەشدا هێشتا هەر لە لایەن نوێنەرانی ئایینەکەوە کارایی ڕێنومایان پێدەدرێت، بۆ نموونە جەختکردن لە داڕشتنێکی دیتەنییانەی سزا و پاداشتی خودایی لە ئەودنیا وەک دەستوێژی بەئاگاهێنانی ئیمانداران لە فرمانەکانیان دادەنێن.
هەروەها خۆرهەڵاتی ئیسلامیش تایبەتمەندی خۆی هەیە لە وێناکردندا. بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە تەنیا ئەوە گەرەکی بایەخپێدانە کە لێرە جڵەوی وێناکردنە ئایینیەکان بەردەدرێت، کە ئاشکرایە ئەوە ئەدگارێکی توانستی وێنا-کردنەوەی مرۆڤییە. لەم پەیوەندییەدا گەرەکە کەوانەیەک بکەینەوە و تێیدا ئاماژە بۆ وێناکردنێکی ترادیسیۆنیانەی حیجازی بدەین کە گەلانی دیکەی موسڵمانبوو نایناسن: ئیسلام وەک ئایینێکی ئارەبی-حیجازی “پەری” ناناسێت کە بۆ نموونە لای گەلانی ئێرانی و ئەوروپی وێنادەکرێت، بەڵکو لەپاڵ شەیتاندا تەنیا “جن” دەناسێت کە دەشێت مرۆڤ بکات بە “مەجنون”. ئەرەبەکان بۆ نموونە “ئێلبە” پەرییەکانی فیلمی “The Lord oft the Rings”یان وەرگێڕاوە بۆ “جن”. لێرەدا گەرەکە ئەو پرسیارە بهێنینە نێوانەوە کە داخۆ تا چەند وەرگرتنی تاکلایەنەی ئیسلام لە دەرەوەی کولتووری سەرچاوەیی خۆی سەرجەم ئەفسانە و پێشبینییە میللییەکانی ئەو گەلانەی دی لەکاردەخات یان تەنانەت لەناودەبات.
کێشەیەکی دیکەی کرۆکیتر لە وێناکردنی کولتووریانەی تایبەت ئەوەیە کە لە ئیسلامدا قورئان وەک پەیڤی خودایی دادەنرێت، بۆیە بەندەی بڕواهێناو بە ئایینەکە هیچ شیمانەیەکی خوێندنەوەی ڕەخنەیی تێکستەکانی نێو قورئانی نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕەهان، کەواتە لەبەر ئەوەی لە ئەو سەربەخۆن، ئەوا دەبێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفیانەوە و دەرخیان بکات، کە ئیدی بە هێزی ڕەهایەتییان وێناکردنەکانی ئەو لە هەر سنوورێکی شیاو تێدەپەڕێنن، بەڵێ چالاکوانانی ئایینی بێمەغزاترینی حیکایەتەکان کە گۆیا پەرجووی خودایین، وەک دەستوێژی سڵەماندنەوەی مرۆڤان وەردەگرن. ئاشکرایە لە پشت ئەم بەدکارییەوە مەبەستێک خۆی مەڵاسداوە: ئەوان دەیانەوێت خۆیان و دەسەڵاتیان بە سەرجەم ئیمتیازاتە مادی و ڕەوانییەکانییەوە بپارێزن، تەنانەت پەرەی پێبدەن، لێرەشدا زۆر ئاسان بۆ خاتری مەرامەکانیان دەبن بە “درۆزن”. وەلێ جێی سەرنجە، کە لەبەر ئەوەی ئایینی درۆگ وێناکانی ئەوانی لای خۆیان کردووە بە کەتوارێکی یەکەمین پێش کەتواری جیهانی کردەکی، کەواتە ئەوانی لە خۆیان و مرۆڤان و جیهان نامۆکردووە، یان – ئەمەش زۆر شیاوە – لەبەر ئەوەی ئەوان مەبەستمەندانە حیکایەتەکان بەگەڕ دەخەن تاکو پێگەی خۆیان بپارێزن و تا بشێت لە دەسەڵاتی پتری ئاییندەییان نزیکبکەونەوە، ئەوا لە درۆکردندا تووشی ئازاری ویژدان نابن. درۆ بۆ ئەوان ئاساییە، تەنیا دەستوێژی مەرامی خۆییە. گرنگ ئەوەیە کە تا بشێت لایەنگران لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، یان کەسانی دی بە سڵەماندنەوەیان لە غەزەبی خودایی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
لە ڕووی تیۆرییەوە بڕوانین، کەواتە بەدەر لە کولتووری بەدەویانەی نیمچە دورگەی ئەرەبی بە مۆرکەکانییەوە، وەک تاڵانچێتی و شەهوانییەت و پیسوپۆخڵی، ئیسلام وەک ئایین دەیەوێت تا ڕادەی شیان مرۆڤێتیی کەسان هەڵبگرێت (نەفی بکات / نێگاسیۆن) تاکو بییانکات بە ئیمانداری بێپرسیار. لێرەدا دەگەینەوە بە گەڤەکەی مارکس: درۆگ، جا ئۆپیوم بێت یان ئایین، مرۆڤ لە خۆی وەک مرۆڤ نامۆ دەکات و ئیدی ناتوانێت خۆی وەک بوونەوەرێکی نێوجیهانی دەرک بکات کە پێداویستییە مرۆڤییەکانی گەرەکی ساتارکردنن، بەڵکو وێناکانی نێو هۆشی سەروەری بەسەریدا وەردەگرن، کە بێگومان، لێرەشدا دەگەین بە فرۆید، پێداویستییە مرۆڤییەکانی لەکارناخەن، بەڵی نایان سڕنەوە، بەڵکو ئەو خۆی تەنیا دەیانچەپێنێت: دەیان چەوسێنێتەوە و تا بکرێت لە ئاگایی دەریان دەکێشێت، وەلێ لەبەر ئەوەی پێداویستییە مرۆڤییەکان شیاوی سڕینەوە نین، ئەوا هێشتا هەر وەک چەوسێنراوە بەردەوام لە جموجوڵدان و بەئاگا یان بێئاگا دەرووی دیکە بۆ خۆ-دەردان دەبیننەوە.
پرسیار ئەوەیە کە داخۆ دەبێت ژیانێکی نێو درۆ و حیکایەتی پووچ چە بەهایەکی هەبێت؟ ئایا ئەوە بۆ خاتری ئەودنیا؟ وەلێ دەبێت ئەودنیای پێشبینیکراوی خودایی کە لە توانستی وێناکردنەکانی مرۆڤەوە زیتکراوەتەوە، چی بێت کە تێیدا جێی درۆزن و چەوسێنەر، سەبایاگر و کیژ-فڕێنەر، کییناوی و دڵ-پیس، بێتەوە؟ ئەوجا گەر زاتێک ئەوە قبووڵ بکات، ئایا ئەو خودایە؟ لە بنەڕەتدا تا ئەمڕۆ، بەڵێ ئەمڕۆ بەتایبەتی، یەکێک لە گرنگترینی ئەرگومێنتە فەلسەفەییەکان بۆ نەبوونی خودا ئەوەیە کە لە جیهاندا بێدادی، جەنگ و کوشتنی بێگوناهان، لافاو و بۆرانی شار و گوند وێرانکەر، هەن. جگە لەوە خودایەک کە ڕێ بدات پووچێتی و بێمەغزایی بخرێنە سەر کاغەز، ئەوجا ڕاڤەی درۆزنانەی تۆمارەکانی سەر کاغەز قبووڵ بکات و ڕێزی ئەندێشەی جڵەوبەرداوی درۆزنان بگرێت تەنیا بۆ ئەوەی لایەنگرانی ئایینەکە چەندێتییانە پەرەبسێنن، نابێت بپەرسترێت، کەواتە چۆن مرۆڤ ئەو جۆرە خودایەی ئافراندووە (خولقاندووە)، گەرەکە ئەلتەرناتیڤی ئەو بئافرێنێت یان ئیدێی فرەخودایی بهێنێتەوە نێوان، کەواتە گەر پێویست بێت، یان گەر مرۆڤ پێویستی بە خودایەک هەبێت، دەبێت گریمانەی خودای دیکە بکات.
گەرچی ئەم هەڵوێستە دژبەری هۆنینەوەی ئافرێنەرانەی زاتێکە کە بێدادی قبووڵ دەکات، کەواتە گەرچی بەدئافرێنراوەکەی (مەخلوقە نالەبارەی) مرۆڤ دەداتەوە بە ڕووی ئەو خۆیدا، هێشتا هەر بەندین بە پرسێکی تایبەتی کولتوورییەوە: ئێمە لە خۆرهەڵاتی “هەزار و یەک شەوە”ین، لێرەشدا مەبەستی ئەم ئاماژەدانە “تەنیا” ڕوودەکاتە جۆری کولتووریانەی هۆنینەوەی حیکایەت. حیکایەتەکان سەر بە هەمان کولتووری هۆنینەوەن، کە بێگومان لە لایەنی خۆیانەوە پتر بەرهەمی ترس و تۆقینن، جا ئەوە ترس و تۆقین بێت لە وێنا سەروەرە ناخییەکانی خۆ یان لە ڕەوشی کەتواریانەی خەڵکی دەڤەرە کولتوورییەکە. هۆنینەوەی درۆزنانەی خۆرهەڵاتی بە مەبەستی سیاسی ئەنجام دەدرێت و داواکاریش بۆ قبووڵکردنی بەرزدەکرێتەوە. چالاکوانانی ئایینیی ئەمڕۆ کە هەیەپارێزن، هاوکات لەو ڕووەوە “پاشڤەروو”شن (ڕێئەکسیۆنێرن) کە ئەوان لەم سەردەمەی تەنگژەی ئاییندا ڕووەو ڕابردووی پێشبینیکراوی دوور وەردەچەرخێن: “دەگەڕێنەوە” بۆ لای بەدەوییە حیجازییەکانی سەرەتاکان و ئیدیالیزەیان دەکەن (هەڵیان دەزنێنن بۆ سەر ئاستی مرۆڤی بێخەوش و بێگەرد)، واتا ئەو پیاو (و ژن)-انە وەک نموونەی ژیانی سەردەم وەردەگرن کە کاتی خۆی قەنگ بووبوون بە بۆگەنی گوو، میز و چڵک و شەهوەت. ئەوان لەم وەرگرتنەی هەڵوێستدا “مێژوویەتی هەڵدەگرن” (نەفی دەکەن / ناهێڵن)، چونکە بەدەوییە بۆگەنەکەی بیابان کە گۆیا سەحابەیە، بە ئیدیالیزەکراوی دەهێننە نێو هەنووکەوە، یان بە شێوەیەکی دیکە بدوێین، مرۆڤانی ئەمڕۆ دەبەن بۆ لای ئەو نموونە گوواوییانە، ئەوەش بۆ خاتری ڕزگارکردنی کولتوورە ئایینییەکە لە تەنگژەکانی ئەمڕۆی، بەتایبەتیتریش لەوە، ڕزگارکردنی کولتوورەکەی لە باڵادەستیی هزری و کولتووری و زانستیی خۆرئاوا، یان تەنانەت پێشاندانی باڵادەستیی کولتوورەکەی خۆی بەسەر ئەوەی خۆرئاوادا. بە چی؟ بە هۆنینەوەی درۆ. وەلێ پرسیار ئەوەیە کە ئایا دوو سێ وشەی لە کۆنتێکست دەرکێشراوی نێو قورئان چە پەیوەندییەکیان بە ئینجازەکانی تەلەسکۆپی جەیمس وێبەوە هەیە؟ ئایا درۆی وەک: “گەرمای هاوین هەناسەدانی دۆزەخە”، “ڕاگرتنی جنۆکە لە ماڵدا جائیز نییە”، چیی دیکەن جگە لە دەربڕینی پڕوپووچ؟ ئایا لەبەر چە هۆیەک ئەو خوێندەوارە هزرکردووە ئایینییانە ناوێرن خۆیان بە هەڵبەستە کییناوی هۆنراوەکانی ئاییەنەکەیانەوە خەریک بکەن؟ بۆ نموونە هەڵبەستی “تەبەد یەدا ئەبی لەهەبین وە تەبەد ما ئەغنا …”؟ ئاخر لە ڕەوشی بەم چەشنەدا مرۆڤی سەرڕاست، کەواتە خوازیاری ڕاستبێژی، هەرگیز لەو پرسیارە ڕاناکات کە داخۆ خودا، کە بەگوێرەی پێناسەکەی ئەلکەمالە و ئەلکەمالیش سینۆنیومی ئەلجەمالە، گوزارشتی ئەوهای لێبووەشێتەوە! وەڵامی پرسیاری بەم چەشنە بە سەفسەتە (بەهێزی وشەی زارەکی) نادرێتەوە، بەڵکو دەبێت هەڵبەستەکە وەک تێکستێک دابنرێت کە مرۆڤ (فێنۆمێنۆلۆگییانە بدوێین) لە هەردوو تەوەری فیزیکی (وشەیی) و پسیکۆییەوە (دەربڕراوی نێوەرۆکییەوە) پێوەی خەریک ببێت.
سەفسەتە دەتوانێت هەموو سنوورێکی بێژتن ببەزێنێت، بەڵێ، زاری جڵەوبەرداو دەتوانێت گەلێک سانا هەر شێوەیەکی پاساوی وشەیی وەک وەڵام ڕابگەیەنێت، وەلێ ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم ڕاستگۆیی و درۆزنی، بەردەم توانستی مرۆڤی بۆ پەیڤینی دروست و نادروست. لە ڕووی مۆرالییەوە بڕوانین، دەبێت ببێژین کە مرۆڤ مافی نییە درۆ بکات. کەواتە لێرەدا بەر زەین و کرداری نێوجیهانیی مرۆڤ دەکەوین: زەین لەنێو سنووری دیاری خۆیدا دروست هەر ڕەوشێک دیاری دەکات و نابێت ئەو سنوورە بە توانستی وێنا و ویست ببەزێنرێت. ئەوجا لۆگیکییانە بڕوانین، دەبێت ببێژین کە مرۆڤ بۆی نییە نادروست بئاخڤێت. شاخ لوتکەی هەیە، گرد نزیکەی کەوانەیی کۆتایی دێت، کەواتە ناشێت وشەی شاخ بۆ گرد بەکاربهێنرێت. دەشت کەم یان زۆر تەختە، وەلێ ناوچە گردەڵانەکانی باشووری کۆیە دەشت نین، کەواتە ناتوانین ببێژین “دەشتی کۆیە”.
ئێمە بێگومان لەم پەیوەندییەی درۆزنانی حیکایەتچیدا لای باشنیازان نین. دەربڕینەکەی مارکس ئایین بەگشتی وەک درۆگ بۆ هەڵگرانی دادەنێت، واتا ئەو بە جیاوازیکردنی ئیدیۆلۆگییانەی باشنیازان و بەدنیازان تایبەتێتیی پێنەداوە. مارکس دەیەوێت ببێژێت، کەسێتییەک کە بە ئایینی درۆگ لە خۆی نامۆ دەبێت، بەو ڕەوشە نامۆبووەی خۆی نازانێت. ئەو لە خۆی وەک مرۆڤ، هەروەها لە هاومرۆڤان و جیهان نامۆبووە و توانای نەماوە هەڵوێست لە پێناوی خۆیدا وەک مرۆڤ وەربگرێت. ئەو قایلە بە وێناکانی نێو هۆشی کە بۆی بوون بە کەتوارێکی ڕاستینە بە پێچەوانەی کەتواری ژینجیهانەکەی خۆیەوە، کە ئیدی ئەو وەک داماوێک بە ملکەچی، وەک کڕنووشبردوو و هاوکات وەک زۆردارێکی ژن و کیژ چەوسێنەر، چەوتەژیانی خۆی بەرەو کۆتایی دەگرێتە بەر، ئەوە بێگومان تەنراو بە ئەندێشەی دەستپێکردنەوەیەکی نوێی ئەبەدی لەنێو ڕابواردنی نەبڕاوەدا.
مەسەلەکە لای وێناکەرەوانی بەدنیازی حیکایەتەکان کە وەک چالاکوان کارا دەبن، جیاوازە، جا گەرچی گەرەکە بیدرکێنین، کە دەشێت پەیوەند بە خۆویستییانەوە هاوشێوەیی لەتەک ئەوەی باشنیازاندا هەبێت، هاوکات ئەوەش دەشێت کە ئەوان لە ڕەوتی خوێندنەوەی تێکستەکاندا زۆر لایەنی ناڕاست و ناماقوڵی ئایینەکەیان ئاشکرا بکەن، وەلێ ئەوانە پشتگوێ بخەن و تەنیا پێشتری بەو بەڵێن و حیکایەتانە بدەن کە ڕەوایەتی بە بەدیهێنانی ئەمدنیایی حەز و ئارەزووەکان دەدەن. لەم ڕوانگەیەوە بەدنیازانی چالاکبوو ئاگامەندانە درۆ دەکەن، دەهۆننەوە و حیکایەتە هۆنراوەکان بۆ لایەنگرانیان یان خەڵک دەگێڕنەوە، لەم کردارەشدا هاوکات خواستی نواندنی دەسەڵات بۆ ئەوان خۆیان ڕێژەییانە بەدیدێت. وەستان لەسەر مینبەری گۆتاردان، دانیشتنی مەبەستمەندانە بەرانبەر کامێرای ڤیدیۆگر بە مەبەستی پەخشکردن، دەسەڵاتێکی چێژبەخشە، چێژتنیشی چێژی پێشبینیکراو، کەواتە هێشتا کردەکییانە نەچێژراو، دەوروژێنێت و ئەوانیش چە بە بردنی خۆیان بۆ ئەودنیا دەیچێژنەوە و چە لە ئەمدنیادا کردەییانە کۆششی بۆ دەکەن. ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوان ئاستێکی لێرەبوونی پێکدەهێنێت کە گەرەکی پاراستنە، بۆیە هاوکات لایەنگرانیان تا بشێت چڕتر لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، تەنانەت گەلەکۆمەکێی سیاسی زیتدەکەنەوە، تا بە گرووپ نەک تەنیا دەسەڵاتیان بپارێزن، بەڵکو هەروەها بەهێزتر بکەن: پارەی زۆرتر، خانووی غەربی، ژنی دی، جار نا جاریش دوای وانەبێژی بە کیژان و ژنان دەرفەتیان بۆ دەڕخسێت دەست بە لەشی ئەم یان ئەویاندا بهێنن و ڕەنگە لەوەش زیاتر.
پرسیاری باشنیازی و بەدنیازی کە کرانەوە و داخستنی کەسەکی لە خۆ دەگرێت، دەمانبات بۆ پرسیاری دیکە. ئایا هۆی چییە کەسێک کە گۆیا ئیمانی بە کۆسمۆلۆگییەکی تایبەت هێناوە، ڕێ نادان لە لایەن ڕێنیسانسی ئیتالییەوە بۆ پرسیار ببزوێنرێت؟ ئاخر لەم ڕێنیسانسەدا ئیدێی چەند تەبەقەیەکی ئاسمان هەڵدەشێنرێتەوە و گەردوونێکی / فەزایەکی بێدوایەکی (مالانیهایە) ڕادەگەیەنرێت. لە بنەرەتدا ئەم گەردووندیدییە، هەروەها تیۆریی ڕێلەتیڤێتیی ئاینشتاین، پێگەی مرۆڤ لەنێو جیهاندا دەگۆڕن، چونکە یەکەمیان مرۆڤ دەبات بۆ نێو ئاڕاستەی سێیەم، واتا بۆ نێو قووڵیی بێدوایەکی بەپاڵ هەردوو ئاڕاستەی پانی و درێژییەوە کە هەردووکیان لەتەک خۆیدا بۆ نێو بێدوایەکێتی دەبات، ئەوی دووەمیان دەیبات ڕووەو ئاڕاستەی چوارەم کە ئاینشتاین وەک “کات” دەیداتە پاڵ ئەو فەزا / ڕاومە سێئاڕاستییەی ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەرکی دەکەین. لێرەوە ئیدی مرۆڤ ناچار دەبێت بە شێوەیەکی دی قورئان بخوێنێتەوە و بیخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵێ تەنانەت پرسیار و وەڵامەکەی پوشکین بەهەند وەربگرێت: “قورئان؟ چە کۆسمۆلۆگییەکەی خراپە! چە پۆیێزییەکی مەزنە!”. بێگومان ڕاستە ئێمە لەم پەیوەندییەدا لای بەدنیازانین نەک باشنیازانی ناشارەزا، ئێمە لای ئەحمەد ئەلقوبانچییەک نین، لای دەروێشە سۆفییەکەی ئەحمەد موختار جاف نین کە لە “جیهانی ناموتەناهی” دەدوێت، بەڵکو لای پەرچەکردارنوێنانی تۆقیوی سەردەمین کە لەتاو بێتوانییان بۆ ژیانی کراوەی پڕخۆشەویشتی، سۆسیال و فرەلایەنی، بەدەوییە گوواوییەکانی بیابانی حیجاز دەکەن بە نموونەی ژیانی سەردەمی. مەسەلەکە ئاگایی فراوانی جیهان نییە، بەڵکو تەسککردنەوەی مەبەستمەندانەی جیهانە، بەمەش بریتییە لە تەسککردنەوەی سەرجەم ژیان لەنێو جیهانێکی یەکجار بچووکدا بۆ خاتری سەرکزییەکی داماو لەژێر دەسەڵاتی ترسنۆکترین پیاواندا.
بێگومان نالەبار یان نەشیاو نییە هەر لەم پەیوەندییەدا پێشبینیی مێژوویی بکەین – بەگوێرەی سروشتی ئارەبە بەدەوییەکانی بیابان. لە سروشتی ئەوانەوە بڕوانین، دەبێت ببێژین کە بڕواهێنان و نوورانیبوونی کتوپڕ لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ نەشیاوە، چونکە بە ئەقڵدا ناچێت کە هێندە ئاسان هۆش و دەروونی بەدەوییەکی بەرژەوەندگەرای ماددی هەڵبگیرێت (نەفی بکرێت) بۆ ئاستی ئیماندارێکی نوورانی، وەلێ ئەوە بە ئەقڵدا دەچێت، کە بەدەوییەکان زۆر ئاسان بە گفتی تاڵانی و گرتنی سەبایا و غولام بۆ شەڕ جۆشدرابن. ئاخر ئەمیان بە سروشتی ئەوان دەگونجێت. وشە و هۆنینەوەی زارەکییانە ناتوانێت، تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە، ببێت بە وەرگۆڕی ژیانی کردەکییانەی ئارەبە بەدەوییەکان – ئەوانەی دوێنێی ئاوڕلێدراوەی ئیدیالیزەکراو، هەروەها ئەوانەی ئەمڕۆ کە لە نزیکەوە شیاوی ئەزموونکردنن. ئەوان دەبێت کاتی خۆی پێکەنینیان بە گفتی ڕابواردنی ئەبەدی لەتەک حۆرییاندا لە ئەودنیا هاتبێت، تەنانەت لەنێو خۆیاندا کردبێتیان بە نوکتە، چونکە هەردەم بۆ ئەوە لەسەرپێ بوون کە هەر حەزێکی شیاویان لە جیهاندا بەدیبهێنن، هەر ئەمەش بووە کە ئەوانی بۆ وێرانکردنی کولتوورەکانی دی بزواندووە. ئەوان ئەمڕۆش هاوشێوەی هەزار و دووسەد، سێسەد یان چوارسەد ساڵ لەمەوبەر ئەدگاری ماددەگەرایی خۆیان لەدەست نەداوە. زار دەتوانێت بە وشە ئیدیالیزەیان بکات، وەلێ درۆ دەکات، چونکە سنووری زەینی تێپەڕاندووە. بەم شێوەیە بۆ نموونە چالاکوانانی ئایینیی نەوێر و دەرووننەخۆش لەنێو کوردانی ئێراقدا درۆزنانە حیکایەتی ئەوتۆ دەگێڕنەوە کە زەینی سەلیمی مرۆڤی سووڕدەهێنن، بەڵێ پێکەنین دەهێننە گۆڕی یان مرۆڤ تەنانەت بێزی لێیان دەبێتەوە – هۆنینەوەکانیان ئەوەندە مەهزەلەیین یان قێزەوەنن: دەستەکانی پەیامهێنەکەیان لە شەڕێکدا دەبێت بە کانیی ئاو و توینێتیی چەندین هەزار جەنگاوەری نێو بیابان دەشکێنێت!! دۆزەخ لە هاویندا هەناسەی خۆی بۆ مرۆڤانی هەندێک ناوچە (نەک سەرجەم جیهان!!) دەردەخات و دەیان پڕووکێنێت!! ڕاگرتنی جنۆکە لە ماڵەوە بەگوێرەی ئایینی پیرۆز جائیز نییە!! لە بنەڕەتدا لە بێشەرمانی وەک ئەم دەرووننەخۆشانە هەموو شتێک دەوەشێتەوە (و وەشاوەتەوە)، لە درۆی هەڵبەستراوەوە تا دەگات بە کوشتن و جینۆساید. لێرەشەوە ئیدی ڕوونتر ئاشکرا دەبێت کە بۆچی ئەوان بە نەڕەنەڕ و هۆنینەوەی درۆزنیانە تەریق نابنەوە. شەرم نایانگرێت. ئەوان (لە ڕووی پۆزەتیڤەوە) بەهۆی نامۆبوونیانەوە لە خۆیان و ژیان، ئەوان (لە ڕووی نێگەتیڤەوە) بەهۆی بینینی بەرژەوەندگەرای سەرجەم ژیان و پێکەوەیی مرۆڤانەوە، نازانن تەریقبوونەوە چییە، کە ڕەوشێکی مرۆڤیانەی گەلێک دروستە و بەوەش مایەی گۆڕینی مرۆڤە. ئاخر ئەوان وەک نامۆبووی دەسەڵاتگەرا لای خۆیان نین، بەڵکو هەردەم ڕوویان لە دەرەوەیە: چاویان لەسەر ئەو کیژانەیە کە خۆیان مۆدێرن دەپۆشن و حەز بە هەڤاڵێتیی کوڕان دەکەن؛ ئەوان وەک تەنراو بە دۆپل-مۆرال شەیدای کیژانی هاوشێوەی کچە مۆدێلەکانن، خەونیان پێوە دەبینن، وەلێ دەرەکییانە بۆ سەندنی ڕەزامەندیی هاوبڕوایانیان هێرش دەبەنە سەریان؛ ئەوان لە پەیوەندیی خۆشەویستیی کراوەی نێوان کوڕان و کیژان دەترسن، چونکە خۆیان بوێرییان بۆ پەیوەندیی بەو چەشنە نییە، هەر ئەو نەوێرییەش کۆڵی پێداون و وەریچەرخاندوون بۆ لای حیکایەتە ئایینییەکان؛ ئەوان لە گەنجان و پیاوان (هەروەها ژنان) دەڕوانن کە بەچێژەوە و بەئاشکرا تەنانەت لەنێو سروشتدا مەی دەنۆشن، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی کۆتایی جیهان ڕابگەیەنن! لەکوێ ناسکێتییەکی ژیان یان پەیوەندیی نێومرۆڤیانەی سۆسیال خویا ببێت، ئەوان ڕادەچڵەکێن، بەرەو ناخی نەوێری خۆیان دەشکێنرێنەوە، وەلێ وەک دامای کۆڵداو توانستی ژیانی ئەوهایان نییە، بۆیە بەپەلە ڕوو لە دەرەوە دەکەنەوە و کێمی دەروونی نەخۆشیان دەڕێژن، ئاخر ئەوان دەستوێژێکی زۆر تایبەتی نواندنی دەسەڵاتیان ئاشکراکردووە کە دەرفەتی شێوە ژیانێکی شارراوەی پشتپەردەئاسایان بۆ دەڕەخسێنێت: ئەوان تا بۆیان بکرێت کەسانی دیکەی لە ژیان ترساو لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، تا بکرێت هەوڵ دەدەن ببن بە وانەبێژی کیژان و ژنان، ئەوە بەشکم لەملاولاوە دەستێکیان بۆ بەرن، بەشکم هەلێک بڕەخسێنن و سواریان بن، کە بێگومان یەکسەر دوای دامرکانەوەی کاتەکیی ئارەزوویان ترس بەرۆکیان دەگرێت: “چەتیو لای خەشەویستترین هەڤاڵیشت باسی نەکەیت! بە خودا حەیات دەبەم!”.
ئەمە بەگشتی دژەتەوەری ئەو پیاوانەی ئایینە کە بە شادییەوە مەییان دەنۆشی و ئەمڕۆش دەینۆشن، کوڕان و کچانیان مۆدێرن خۆیان دەپۆشی و دەپۆشن، هەروەها پێڵاوەکانی منداڵێکی کوردیان بە هەموو سەحابە بەدەوییە ئیدیالیزەکراوەکانی بیابان نەداوە و نادەن.
پێناچێت پیاوە ترسنۆکەکان بە مەرامیان بگەن. دژبەری و دژبێژییەکانی سەرجەم گەلان و وڵاتانی ئیسلامی بە چەشنێک پەرەیان سەندووە، هەروەها ئاگایی ئازادی، یان هیچ نەبێت ئاگایی کەم یان زۆر سەربەخۆیی کەسی بە چەشنێک شکۆفەی کردووە، ئەوجا دەسەڵاتگەرایانی سوننەتی بە چەشنێک بۆیان لەسەرپێن، کە ئیدی ئەوها دەنوێنێت درۆزنانی چڵکاوڕشێن گڵۆڵەیان ڕوو لە لێژی بێت؛ لەنێو کوردانیشدا نەک تەنیا کوڕان و پیاوان، بەڵکو تەنانەت کیژان و ژنان زۆر تایبەت هەڵکەوتوون، دیاریان-داوە و بە چەک دەستیان لێدەوەشێنن؛ ئەحمەد ئەلقوبانچی تەنانەت پەیامهێنی، تەنانەت سزای دۆزەخ و پاداشتی بەهەشت دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵێ تەنانەت بەئاشکرا لەنێو لایەنگرانیدا یەخەی ئەلڵا دەگرێت و ڤیدیۆکانی بۆ سەرجەم جیهانی ئیسلامی پەخش دەکات؛ لە کایەی دەسەڵاتدا شازادە هەیەپارێزەکەی سعودییە شەپازللەیەکی ڕەوانیانەی لە “سەرجەم” مەلاکانی وڵاتەکەی وەشاند کە دەشێت هێماییانە وێنابکرێت وەک شەپازللە لە سەرجەم پیاوانی ئایینیی وڵاتانی دیکەش. ئەمانە پێکڕا لە لایەنی خۆیانەوە پێشانی دەدەن کە بۆچی ڕۆژ بە ڕۆژ حیکایەتەکانی درۆزنان بێواتاتر دەبن، پووچەڵتر دەبن، قێزەوەنتر دەبن. ئەوان خزاونەتە نێو دوا هەلەکەسەمای پاراستنی دەسەڵاتیانەوە.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish