
چارەنوسی ئێران لە پەیوەند بە باڵادەستی ئەمریکاوە.. عوسمانی حاجی مارف
دوابەدوای هێرشی دڕندانەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ سەر دانیشتوانی ئێران، دۆخی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەردەم ڕاگرتنێکی نادیارەوە، کە بڕیار بوو لە 15ی حوزەیران خولی شەشەمی دانوستانەکانی لە عومان بەڕێوە بچێت. تاران چەندە ئارەزوی ڕێکەوتنی هەبێت و مەیلی نزیکبونەوە بۆ ئەمریکا نیشان بدات، لە هەلومەرجی هەڵگیرسانی شەڕێکی ئێستاداو کێشکردنی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ ناو ئاگری ئەو شەڕە، هەرچەندە چین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە داوای کردوە تاران بچێتە ناو دانوستانەکەوە، بەڵام ئەستەمە بۆ تاران بتوانێ بچێتە ناو دانوستانێکەوە کە بۆخۆی ئەمریکا بە هۆکاری ئەو هێرشانە بناسێنێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ئێران لە ڕاستای دۆخی ئەم شەڕەدا هەر جۆرە هێرشێک بکاتە سەر بەرژەوەندی ئەمریکا یان کردەوەیەکی بێباکی ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە زۆرە کە دانوستانەکان بە تەواوی دابخرێن و کردنەوەی دەرگای شەڕەکەش فروانتر دەبێت.
لە جیهانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەردا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل وەها نیشان ئەدەن، چیتر ئامادە نین هیوای باشترینیان هەبێت، لە بەرامبەر ئەو دوژمنانەی سوێندیان خواردوە بۆ لەناو بردنی ئیسرائیل، کەچەکی پێویست بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کەڵەکە دەکەن. لێرەوە ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە “دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نەماوە” جگە لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی، بە خۆئامادەکردنی بۆهێرشکردنە سەر دوژمنەکانی.
حکومەتی ئێران لەناو جەرگەی ئەم شەڕە خوێناوی و وێرانکاریەدا، ئێستا خۆی لە مەوقعێکی بەرگریدا دەبینێتەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی نەیتوانی خەڵکی مەدەنی و بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، لەهەمانکاتدا دەرگیرە لە وەڵامی دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە ئێرانیان لە کۆمەڵگەی جیهانی زیاتر دابڕاوکردوە، لەمێژە ئاکامی بێزاری زۆرێک لە ئێرانیەکان دەیانەوێت ببینن کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەیان نایانەوێت ئەم دەرئەنجامە بە نرخی خوێنڕشتن و شەڕێکی لەم جۆرەی ئێستا بێت.
وەستانەوەی تاران بەرامبەر ئیسرائیل، بە دروشمی بەرگری لە خۆی، کە زیاتر بۆ ئەم بەرگریە جەختی لەسەر شوێنە مەدەنیەکان و کوشتنی هاوڵاتیان و وێرانکردنی شارەکانە، ڕۆژانی داهاتوو ئاشکرای دەکات کە ئایا تاران دەتوانێت سەقامگیری ناوخۆ بپارێزێت؟!، کە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە ئەگەری مەترسیەکی بەرچاویان لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەتایبەتی لەبەردەوامی ئەم ڕێڕەوەدا ئەمریکا دەخاتە بەردەم دەخالەتی ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە تاران.
دەتوانین بڵێین لەهەر هەنگاوێکی هەڵکشانی ئەم وەستانەوەیەی ئیسرائیل و ئێران بەرامبەریەک، ئەوە لەبەرچاوە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەمریکا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، ئەمەش مەترسی گەورەبونەوەی شەڕەکە دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئێران، بەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بێنە ناو شەڕەکەوە، لە سەردانەکەی ترامپ بۆ کەنداو لە مانگی ئایاردا، بە حکومەتەکانی کەنداوی گوتووە لایەنگری ئیسرائیلە سەبارەت بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی ئێران، سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو هاوسۆزیان بۆ ئێران دەرنەبڕیوە، لە دنیای واقعیشدا ئەمریکا نەک پشتیوانی ئیسرائیل دەکات، بەڵکو ترامپ لە ڕاگەیاندنەکانیدا ئەوە نیشان ئەدات کە ئامادەیە بۆ چونە ناو شەڕەکە.
.ناتانیاهۆ دەڵێت “توانای ئەوەی نییە ڕێگە بدات بە دانوستان لەگەڵ ئێران یاری بکات”، بۆیە درێژەدان بە هاوشێوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت، ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە هیوای ئەوەیە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەواو لەناو بچێت، کە هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەوەش دەبێتە ڕەوایەتیدان لە خەیاڵاتی ناتانیاهۆدا. ئەگەر ئەو ئەتۆمە لە ئێران کۆتایی نەیەت، ئەوە دەبێت خەڵکی و حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو ڕیوایەتانەدا بژین کە ناتانیاهۆ دروستیان دەکات، لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی کەنداو دیدێکی نوێ بۆ جیهانی عەرەبی پێشنیار دەکەن، کە لەسەر پێکەوەژیان لەگەڵ ئیسرائیل بنیات بنرێت، کە لە سەرمایەگوزاری و گەشەسەندنی ئابووریەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بەناوی پاراستنی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشکردنە سەر ئێران، مەترسی زیاتری وێرانکاری و توندوتیژی و کوشتنی بەکۆمەڵ و ناسەقامگیری دەخاتە ناو بازنەیەکەوە، کە مەترسیەکی گەورە لەسەر کەنداو و بونی ئیسرائیلیش دروست دەکات. ئەوەی ترامپ و ئەمریکای خستۆتە ناو ئەم بازنەیەوە و لایەنگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات، ئەجندای باڵادەستی ئەمریکا و هەوڵدانی بنەبڕکردنی پێگەی ڕوسیاو چینە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بۆیە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت “قومار” ێکی گەورە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی ئەگەری ناوچەیی و جیهانی، لە ئەنجامدا چارەنوسی ئێران دەخاتە ناو گێژاوی گۆمێکی قوڵەوە.
وەڵامدانەوەی ئێران بەتایبەتی ڕوبە تەلئەبیب بە سەدان مووشەکی بالیستی کردۆتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران هێشتا لە توانایدا ماوەتەوە زیانی بەرچاو بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهاندا بگەیەنێت، بۆیە ئیسرائیل پێویستی بە هێزی زەمینی یان هاوکاری ئەمریکا دەبێت بۆ پەکخستنی هێرشی موشەکی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەگەر ئەم دۆخە گەشە بکات و ببێتە شەڕێکی ناوچەیی، دەکرێت لێکەوتەی ترسناکی ناسەقامگیری بەرفروان بۆ باقی جیهان بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ڕوخانی ڕژێمی ئێرانیش لەڕێگەی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر ئاکامی ناسەقامگیری زیاتر و گێژاوێکی سیاسی بەرینتر بێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت لە ئەنجامی ئەم دۆخە پڕئاژاوەیەدا چی تری بەدودا دێت و چی لێدەکەوێتەوە.
ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ڕازی بێت بە داواکاریەکانی ئەمریکا بۆ قبوڵکردنی سنوردارکردنی توند بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی، هێرشەکەی ئیسرائیل بە خێرایی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی ترەمب و ئەمریکا دەیانەوێت لە سەرو بەرنامەی ئەتۆمیە، ئەویش دەرچونی ئێرانە بە یەکجاری لە بازنەی چین و روسیا، لەهەمانکاتدا گواستنەوەی ئێران بۆ ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، گەر ئێران ئەو کارە بکات و ملکەچی ئەمریکا بێت، پێم وایە ئەمریکا بەر بەرنامە ئەتۆمیەکەشی ناگرێت.
ئەم شەڕە وێرانکاریە بەبێ دانانی هیچ سنورێک بۆ ناوچەی نیشتەجێبون و ناوەندە پیشەسازیەکان، کە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی گرتۆتەوە، گورزێکی گەورەیە لە ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی ئێران، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت مژدەی سبەینێیەکی باشتر لە دوای بۆردومان و ئاگر و وێرانکاری بدرێت. هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە پەیوەندی بە ئایندەی مان و نەمانی کۆماری ئیسلامیەوە نیە، پەیوەندی بە یارمەتیدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران نیە، هێرشێکە بۆ باڵادەستی و پاوانخوازی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، بۆ زاڵبوونی ئیسرائیلە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێرەوە ئەتوانین بڵێین پرسی ئەتۆمی ئێران هەمیشە بیانویەک بووە بۆ هەڵگیرسانی شەڕو لێدان لە ئێران، کە لەئاکامدا گەورەترین قوربانی خەڵکی کرێکارو زەحمتکێشی ئێران دەبن.
هەڵبەتە بەردەوامی ئەم هێرشانە، ڕاکێشانی تەواوی ناوچەکەیە بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر و تاریکتر و مەترسیدارتر، وەک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان و سوریا و کوشتنی سەدان هەزار کەسی بێتاوان، بارینی موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ناوەندە سەربازی و نیشتەجێ جیاوازەکانی ئیسرائیل، سەرەتای شەڕێکە کە ڕەهەند و پانتایی و داهاتوو و هەروەها ڕادەی قوربانیە مرۆییەکان و ڕادەی زیاتربونی وێرانکاری و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە، نادیارە.
گومانی تیا نیە کە ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیانێکی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا دەگەیەنێت، جگە لە دەرئەنجامی وێرانکاری و گێژاو و ناسەقامگیری، ترس و دڵەڕاوکێ و نەهامتی و بێئومێدی بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت، لە هەمانکاتدا دەستی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکاتەوە کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرێتە دواوە.
بەشێک لە خەڵکی ئێران کە لە ژێر کاریگەری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەکاندان لە نمونەی مجاهیدین و بەشێکی زۆر لە ناسیۆنالستەکان، ئێستا زۆر دڵخۆشن بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو هێرشانەی کەبریتین لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت، بەندەرەکان و کوشتاری بە کۆمەڵ، ئانیدەی ڕێژیمی خستۆتە حاڵەتێکی هەستیارەوە و ئەگەری داڕمانی ئەو ڕێژیمە لە ئارادایە، بۆیە ناردنی خەڵک لە ئێستادا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستبەجێ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم دۆخەدا، کردەوەیەکی نامرۆڤانە و تاوانکاریە، تەنیا ئەو هێز و لایەنانە کارێکی لەوچەشنە دەکەن کە نابەرپرسانەو وەک تاڵانچی و چەتە، مامەڵەی دۆخەکە دەکەن، لەم هەلومەرجەدا هەوڵ ئەدەن خەڵک کێشکەن بۆ ناو مەیدانی ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەر ڕژێمداو بیانکەنە قوربانی بەرژەوەندی ئامانج و سیاسەتەکانیان، کە ئاکامەکەی شکستی سەرسەختی هیوای ئینسانی ناڕەزایەتیەکانە و دەبێتە هۆی نائومێدیەکی تەواو، ئەمەش کاری ئەو لایەنانەیە کە خۆیان لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە دەبینن، دژی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکن لەدەسەڵاتی سیاسیدا.