بونیادی ده‌لالی و شیمانه‌یی دال له (شیعری نوێی كوردی) دا … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی:
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی (به كۆی بیروڕا جیاوازه‌كانه‌وه) به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌تی -حه‌قیقی و شیمانه‌یی- ده‌گرێته‌وه، جا چ په‌یوه‌ندی به سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، یان به سروشتی تاكی رۆشنبیر و كه‌سه‌كانه‌وه هه‌بێت… هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا له رووی ئه‌ده‌بییه‌وه قسه له به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت ده‌كه‌م، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێ فیكری مرۆیی لێكدانه‌بڕاوه، بۆیه ده‌شێ به‌شێك له‌و قسه‌كردنه، قسه‌كردنیش بێت له رووی بیركارییه‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم شیكردنه‌وه‌ی (حه‌قیقه‌ت) وه‌ك زاراوه له رووی بیركارییه‌وه به ته‌واوی ئه‌و راستییه ده‌گوترێت، كه وردبینیكراوه و حه‌قیقه‌ته مه‌عریفییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. له بیركارییدا دالی حه‌قیقی هه‌موو رێگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی به‌شه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی ژماره راستییه‌كان خۆش ده‌كات… به‌ڵام (شیمانه‌یی) له رووی بیركارییه‌وه هه‌موو ئه‌و ژمارانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌كه‌ونه نێوان (سفر و یه‌ك)ه‌وه، تیۆری شیمانه‌یی ئه‌وه نییه، كه خۆی بسه‌پێنێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه، كه هه‌ڵبژاردن ده‌خاته پێشه‌وه… یه‌كه‌میان جه‌خت له یه‌قین و دیار (Certain) ده‌كات… دووه‌میان پشت به رێكه‌وت و نادیار (Chance) ده‌به‌ستێت.
له فه‌لسه‌فه‌دا چه‌مكی (راڤه‌كردن) و (حه‌قیقه‌ت) ده‌چنه نێو یه‌كتره‌وه، له زمانی گریكیدا حه‌قیقه‌ت “ئه‌لیسیا- alethia” وشه‌یه‌كه به مانا حه‌رفییه‌كه‌ی واتای “په‌رده لادان” دێت، به‌ڵام راڤه‌كردن واته رێگادان به حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت، یان له رێگای په‌رده‌پۆشین و په‌رده‌نه‌پۆشین به كرده‌ی كه‌شفكردن رابێته‌وه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان له ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی كردووه، رێكخستنی مانا و كه‌شفكردنی ما‌نایان خستۆته پێشه‌وه، وه‌ك چۆن رووه جیاوازه‌كانی ماناشیان به هه‌ند هه‌ڵگرتووه! به‌ڵام نابێ له بیرمان بچێت، هه‌موو قسه‌كردنێك له ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی، ده‌چێته سه‌ر قسه‌كردن له ته‌ئویلی ده‌لالی ((ته‌ئویلی ده‌لالی كرده‌یه‌كه رێگا به خوێنه‌ر ده‌دا هێلی ده‌لالی ده‌ق بخاته روو)) به‌ڵام مانا چییه؟ مانا ئه‌و (په‌یوه‌ندییه) دوو سه‌ره‌یه، كه له نێوان وێنه‌ی هۆشه‌كی و وشه‌دا دروست ده‌بێت. به‌ڵام ره‌نگه پرسیار ئه‌وه بێ ئایا سنور و جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه چه‌نده و چییه و چۆنه، ئایا له هه‌موو رووه‌كانی دڵنیاین، ده‌لاله‌تی زانستی و راستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه چه‌نده، ئایا ده‌شێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه گشتگیر بكرێت، ئایا ئه‌و په‌یوه‌ندییه له هه‌موو زمانه‌كان وه‌ك یه‌كه، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به درێژایی مێژوو قسه‌ی لێده‌كرێت، یان به‌پێی گه‌شه‌كردنی زمان ده‌گۆڕێ….؟
به دیوه‌كه‌ی دیكه به‌رهه‌مهێنانی بونیادی ده‌لالی جۆرێكه له (دانان) و (به‌یادهێنانه‌وه) و (رێكخستن)! كه‌واته بۆ تێگه‌یشتن له‌و ده‌سته‌واژه‌یه پێویسته بۆ دیدی (سوسێر) و ئاستی گوزارشتكردن و ئاستی ناوه‌ڕۆك و مانای به‌رهه‌مهاتوو بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌و دیده سوسێرییه‌ش په‌یوه‌ندی به هاوسه‌نگی نێوان گوزارشتكردن و ناوه‌ڕۆك و به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌ت و جمگه‌كانی به یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه هه‌یه، وه‌ك چۆن له لایه‌كی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی به جیاوازییه‌كانی ئاستی گوزارشتكردن و مانای وشه به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌كان و چۆنێتی به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌وه ده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له رووی سیمیاییه‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه دانان و به‌یادهێنانه‌وه و رێكخستن په‌یوه‌ندی به ئاستی (گوزارشتكردن) و (ناوه‌ڕۆك) و (كه‌شفكردنی مانا)وه ده‌كات.
مه‌رج نییه بیركردنه‌وه‌ی نوێ وه‌ك پێویست پرسیاری نوێ دابهێنێ، به‌ڵام ده‌شێ به رێبازی نوێ، پرسیاره كۆنه‌كان لێكبده‌ینه‌وه، لێره‌دا پرسی مانا وه‌ك پرسێكی كۆن هه‌ر ته‌نها به وشه‌وه گرێ نه‌دراوه، هه‌ر ته‌نها به قسه‌كه‌ره‌وه به‌ند نییه، هه‌ر ته‌نها به مانای ئاماده‌وه به‌ند نییه، هه‌ر ته‌نها به گوێگره‌وه نالكێ، دروست بوونی په‌یوه‌ندی مانای ئاماده هه‌ر ته‌نها به ئاستی گوزارشتكردن و ئاستی زمانی گوزارشتكردنه‌وه نالكێ… به دیوێكی دیكه‌دا پرسی مانا پرسی هاوژیانی و كه‌شفكردنی ده‌لاله‌ته؟!
له نێوان وشه و ده‌لاله‌ته‌كانی وشه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی سروشتی بوونی نییه، وشه و رسته ره‌مزن! چ مانای ئاماده، چ مانای خه‌یاڵكراو و شیمانه‌یی شتێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، ده‌لاله‌ت له شتێك ده‌كه‌ن: بۆ نموونه (دوكه‌ڵ) ده‌لاله‌ت له ئاگر ده‌كات… (دڵی پێكراو به تیر) ده‌لاله‌ت له ئه‌ڤین ده‌كات و زێتریش… وه‌ك ده‌بینین ده‌لاله‌ت كارێكه ده‌كه‌وێته نێوان دال و مه‌دلول، ده‌لاله‌ت بایه‌خ به دراسه‌كردنی نیشانه‌كان و شته‌كان و هه‌بوونه‌كان ده‌دات، بایه‌خ به كۆی ئه‌و شتانه ده‌دات، كه له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه، بایه‌خ به كۆی ئه‌و شتانه ده‌دات، كه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی، بایه‌خ به كۆی ئه‌و شتانه ده‌دات، كه ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌یبینێ؟! ره‌نگه وشه شتێك بگه‌یه‌نێت، له ژێر سێبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه، كه ئێمه بیری لێده‌كه‌ینه‌وه، ره‌نگه وشه شتێك بڵێ، نه‌كه‌وێته ژێر سێبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌رگره‌وه، ئه‌وه‌ی دوای ئێمه بیری لێده‌كه‌نه‌وه، یان بیری لێناكه‌ینه‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم مانای ئاماده ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه كه له نێوان من و ئه‌و و له نێوان شته‌كانه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ش بونیادی ده‌لالی (دنیای حه‌قیقی مانا) دنیای چه‌سپاو… نیشان ده‌دات، له پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه، كه به‌ره‌و پرنسیب و یاسا و رێساكان هه‌نگاو ده‌نێت! به‌ڵام شیمانه‌یی دال (هاوژیانی مانا) وێنا ده‌كات، دنیای جولاو… له پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه، كه به‌ره‌و ده‌ق و ده‌قی كراوه ده‌بێته‌وه، كه به‌ره‌و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌بێته‌وه! دنیای حه‌قیقی مانا له سه‌ر رێكخستنی مانای ئاماده وه‌ستاوه، شیمانه‌یی دال و ده‌قی كراوه له سه‌ر خه‌یاڵی كه‌شفكردن، به‌ڵام رووه جیاوازه‌كانی مانای ئاماده وه‌ستاو و مانای كه‌شفكراو په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه….
ئیشكالیه‌تی مانا
له نێوان رێكخستنی مانای ئاماده و خه‌یاڵی كه‌شفكردندا
(سوكرات) پێناسه‌ی بیركردنه‌وه ده‌كات، به‌ڵام (ئه‌فلاتوون) بیركردنه‌وه له واقیعی هه‌ستپێكراو جیا ده‌كاته‌وه. ئه‌و قسه‌یه پێمانده‌ڵێت فیكری مرۆیی له ئه‌فلاتوونه‌وه ئیشكالیه‌تی مانای بۆ به‌جێماوه… ئه‌فلاتوون، سوكرات، سۆفستاییه‌كان پێیانوابوو په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و ماناكانی گوتن په‌یوه‌ندییه‌كی خودی و سروشتییه! واته گوتن راسته‌وخۆ له مێشكدا تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌خاته‌وه… به‌ڵام ئه‌رستۆ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون ره‌تده‌كاته‌وه و پێیوایه په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و ماناكانی گوتن پیشه‌یی و تێرمئامێزه، ئه‌وه‌یه كه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ماناكانی رێككه‌وتوون، وه‌ك چۆن سوكرات ده‌ڵێ راسته هه‌ندێ گوتن په‌یوه‌ندیه‌كی سروشتی به ماناوه هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێكیان وا نیین، به‌ڵكو خه‌ڵكانێك مانای تایبه‌تی پێده‌به‌خشن و ئه‌و مانا تایبه‌تییانه ده‌چه‌سپێن و دووباره ده‌بنه‌وه… له كۆی ئه‌و قسه‌كردنانه‌وه ده‌توانم بڵێم مانا فیكره‌یه‌كه یان چییه‌تییه‌كه یان پرنسیبی تێگه‌یشتنێكه، كه وه‌ك یه‌ك له واقیع یان فیكرێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بیریاری ئه‌ڵمانی (شلیرماخه‌ر) هه‌ڵوێستێكی كلاسیكیانه‌ی به‌رانبه‌ر هیرمینۆتیكا هه‌یه، پێیوایه ده‌ق له ناوه‌ندێكی زمانه‌وانی پێكهاتووه و فیكری دانه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه، له رووی زمانه‌وه ده‌لاله‌ت له ته‌واوی زمان ده‌كات، له رووی سایكۆلۆجییه‌وه ده‌لاله‌ت له فیكری خودی داهێنه‌ر ده‌كات! په‌یوه‌ندی ئه‌و دووانه په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌ده‌لییه. وه‌ك دیاره هه‌وڵده‌دات قسه له دوو روو بكات، یه‌كه‌میان بابه‌تی، كه سه‌ر به زمانه و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش ده‌سازێنێ، دووه‌میان خودی، كه تایبه‌تمه‌ندی دانه‌ر ده‌خاته روو. به‌ڵام تێڕوانینی نوێ بۆ ده‌ق ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه كلاسیكییه تێده‌په‌ڕێنێ و بونیادگه‌راكانیش ده‌خاته لاوه و پێیوایه ماناكانی ده‌ق نه په‌یوه‌ندی به دانه‌ره‌وه هه‌یه و نه به خوێنه‌ره‌وه، به‌ڵكو له نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا ده‌جولێته‌وه، له نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا زمان په‌یوه‌ندییه‌كان رێكده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك بێ بۆ ژیان له خوێندنه‌وه‌دا بێته به‌رهه‌م و له خوێنه‌ردا خۆی واڵا بكات.
(فریگه و هۆسرل و راسل ) له سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون، یان به‌لای كه‌می له وێناكردنی بوونی بابه‌تخوازیانه نزیك بوونه‌وه و پێیانوابوو مانا بابه‌تخوازی و ئایدیالییه، مانا هه‌یه و په‌یوه‌ندی به ناوه‌ڕۆكی عه‌قڵییه‌وه نییه! واته په‌یوه‌ندی به لێكدانه‌وه و راڤه‌كردن و به‌جێهێنانه‌وه نییه، وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی به نیشانه زمانه‌وانییه‌كانه‌وه نییه. بۆ نموونه (نیازخوازی) هۆسرل په‌یوه‌ندی به بابه‌تگه‌رایی ماناوه هه‌یه نه‌ك عه‌قڵ، هۆسرل هه‌رگیز قبوڵی فیكره‌ی (فره مانایی) نه‌كردووه… به كورتی هه‌موو ئه‌وانه پێمانده‌ڵێن مانا هه‌یه و ئاماده‌یه و په‌یوه‌ندی به رێكخستنه‌وه هه‌یه، له رێگای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه هۆسرل ده‌ڵێ: هه‌موو ئاگامه‌ندییه‌ك ده‌رككردنی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه…
سیستمی زمانه‌وانی سیستمێكی داخراوه! زمان هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌كه‌وێته ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه، وه‌ك بونیادگه‌راكان نازیان به‌و تێزه‌وه ده‌كرد، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه مانای ئاماده و رێكخستنی مانای ئاماده ئاسان نیشان ده‌ده‌ن، من له به‌ر حه‌قیقه‌تی ئه‌و داخرانه نییه، دنیای رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كی داخراو ده‌بینم، راسته هه‌موو رێكخستنێك گرنگیه‌كی زۆری به نسبه‌ت ریتم و ناوكۆیی و تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه. من له به‌ر ئه‌وه نییه، دنیای رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كی داخراو ده‌بینم، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه زمان ده‌ژی و گه‌شه ده‌كات و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت و به‌رده‌وام له ناوكۆیی و خه‌یاڵی رێكخستنی نوێ خۆی ده‌بینێته‌وه…
بڕوایه‌ك هه‌یه، پێیوایه (تێگه‌یشتن) و (مانا) هه‌ردووكیان عه‌قڵ به‌رهه‌میان ده‌هێنێ. هه‌ردووكیان وێنه‌ی عه‌قڵیین، به‌ڵام له نێوانیاندا ده‌لاله‌ت ده‌گۆڕێ، یان ده‌كه‌وێته سه‌ر لایه‌نی به‌رپرس… قسه‌یه‌ك هه‌یه، مانا به گوتراوه‌وه ده‌لكێنێ و تێگه‌یشتن له عه‌قڵه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه، كه تێگه‌یشتن له مانا دابڕاوه، ئه‌وه به‌و مانایه نییه، كه بڕوامان به یه‌ك جۆر له تێگه‌یشتن هه‌بێت، به هیچ جۆرێك به‌و مانایه نییه، كه مانا له عه‌قڵ دووره. ئه‌گه‌ر قسه له مانای وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك یان ده‌قێك بكه‌ین، ئه‌وه هه‌ر ده‌بێ له چوارچێوه‌ی مه‌دلولی په‌یوه‌ست به داله‌وه بخولێینه‌وه، كه‌واته وه‌ك (پۆل ریكۆر) ده‌ڵێ، مانا په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌كی له نێو ده‌قدا دروست ده‌كات. به‌ڵام (نیشانه) و (مانا) دوو به‌شی به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست نین، وه‌ك دال و مه‌دلول، به‌ڵكو سه‌ر به دوو كایه‌ی تیۆری جیاوازن، به پرنسیبی جیاواز هه‌ڵده‌سن و وه‌سفی جیاوازییان هه‌یه، دیاره تێگه‌یشتنی وه‌ستاو زمان زێتر وه‌ك رێسا و یاسا ته‌ماشا ده‌كات، نه‌ك وه‌ك بوونێكی زیندوو، وه‌ك جوله و كرده… به گشتی كۆی قسه‌كان له باره‌ی رێسا و یاسای زمان و مانای چه‌سپاوه‌وه پێمانده‌ڵێت مانا (به مێژوو) ئابڵوقه دراوه، به‌ڵام ده‌بێ بزانین مانا به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه، داهێنان ئابڵوقه نادرێت، داهێنان زه‌مه‌نه‌كان تێكده‌شكێنێ!
به‌های وشه له رێگای په‌یوه‌ندی وشه‌كه به كۆمه‌ڵێ وشه‌ی دیكه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت … مانا ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شته‌كانه‌وه، داهێنان ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شته‌كانه‌وه! ته‌ئویلگه‌ره‌كان ده‌ڵێن هیچ مانایه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ته‌ئویله‌وه بوونی نییه، چ له رێگای ناوكۆییه‌كی زانستییه‌وه بێ، یان كه‌سییه‌وه، واته مانا یان له رێی ته‌ئویلی ناوكۆییه‌وه‌یه، یان بیروڕای فه‌ردی و خودییه‌وه هه‌یه. به‌ڵام داهێنان گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ مه‌به‌ستی شاراوه‌ی دانه‌ر، گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ بونیادی ده‌لالی و دنیای مانای حه‌قیقی میسالی، به‌ڵكو به دواداچوونی بزاڤه له‌بننه‌هاتووه‌كانی مانایه و گه‌ڕانه به دوای ژیان و خوێنه‌ر و مانای جیاواز… ته‌ئویلكردن واته به‌خشكردنی ئامرازی نوێ له نێوان مرۆڤ و دنیا، خوێنه‌ر و ده‌ق، ئه‌و ئامرازه نوێیه‌ی كه گوتار ده‌یخاته روو…. مانا خۆی له نێوان كۆمه‌ڵێك سیفه‌تدا ده‌بینێته‌وه، وه‌ك مانای شاراوه، ناوه‌كی، دیار، نادیار، حه‌رفی، ده‌روونی… بۆیه مه‌سه‌له‌ی پێناسه‌كردن زۆرتر و زۆرتر ده‌بێت.
لێره‌دا پرسیار من ئه‌وه‌یه، ده‌شێ له كۆی ئه‌و ئیشكالیه‌تانه‌وه مانا له پێناسه‌یه‌كی جێگیردا ئابڵوقه بده‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌نده به‌سه مامه‌ڵه‌یه‌كی كلتوری، مێژوویی، حدسی، زمانه‌وانی، سایكۆلۆجی… له‌گه‌ڵ مانادا بكه‌ین، یان بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه زمان ده‌ژی و نوێ ده‌بێته‌وه… راسته هه‌تا ئێستا زانستی زمانه‌وانی له رووی سیمیۆلۆجیا و ته‌ئویله‌وه ئه‌ركی زۆری كێشاوه، به‌ڵام هیچ قسه‌یه‌كی بۆ راسته‌كردنه‌وه‌ی ئیشكالییه‌ته‌كانی مانا و به‌رجه‌سته‌كردنی داهێنان نه‌كردووه؟
ستراتیژی دانه‌ر/ شاعیر
له نێوان رێكخستن و كه‌شفكردندا
لێره‌دا دوو تێگه‌یشتن بۆ مانا لای (دانه‌ر/ شاعیر) ده‌خه‌مه به‌ر چاو: تێگه‌یشتنی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی به ئاستی زمانی- فه‌رهه‌نگی (مُعجمی- lexicon) -واته مانای چه‌سپاو (ئاماده) و رێكخستنه‌وه هه‌یه و مێژووی مانامان پێده‌ناسێنێ، هه‌ڵبه‌ته به گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاستی زمانی فه‌رهه‌نگی له‌وێوه به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه، كه پێیوایه مانای ئاماده جگه له یارییه‌كی پاشكۆئامێزی ناوه‌كی شتێكی دیكه نییه، یه‌كه‌ی فه‌رهه‌نگی به درێژایی مێژوو مانای جۆراوجۆر له‌خۆ كۆ ده‌كاته‌وه، هه‌ر زه‌مه‌نه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر حه‌قیقه‌تی مانایه‌ك، وه‌ك چۆن به درێژایی مێژوو ده‌كه‌وێته سه‌ر جیاوازی ماناكانیشه‌وه. لێره‌وه جیاوازی رێكخستنی مانا و رێكخستنی جیاوازی زۆرترین مانای ئاماده ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، جیاوازی رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی مانای ئاماده (دانه‌ر/ شاعیر)ی جیاواز ده‌دۆزێته‌وه، وه‌ك چۆن (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاواز به‌دوای جیاوازی رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی مانای ئاماده‌دا ده‌گه‌ڕێت، واته وه‌ك چۆن له هه‌ر قۆناغێكدا (دانه‌ر/ شاعیر)ی جیاواز به‌دوای رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی بوونیاندا ده‌گه‌ڕێن، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی رێكخراو)ی خۆیان به‌جێ بهێنن. یان ئاماده‌یی رێكخراو به‌جێ بهێنن، به هه‌مان شێوه له هه‌ر قۆناغێكدا (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاوازیش… به‌و مانایه مانای ئاماده‌ی رێكخراو، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ی رێكخراومان بۆ كه‌شف ده‌كات، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ی رێكخراو رێگا به مانای ئاماده‌ی رێكخراو ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت.
به‌ڵام تێگه‌یشتنی دووه‌م، بۆ مانا به گشتی له شیكردنه‌وه‌ی كه‌شفكردن و ده‌لاله‌تی مانای خه‌یاڵكراوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ی گوتار پێكبهێنێت، كه‌شفكردن و مانای خه‌یاڵكراو بۆ قۆناغ و سه‌رچاوه‌ی یاسا و رێسای رێكخستنی مانا ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه رووه جیاوازه‌كانی مانا واڵا ده‌كات، رووی جیاوازی مانا زۆرترین سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، ئه‌وه سه‌ربه‌خۆیی مانای خه‌یاڵكراوه (دانه‌ر/ شاعیر)ی سه‌ربه‌خۆ ده‌دۆزێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی سه‌ربه‌خۆ هه‌میشه به‌دوای رووه جیاوازه‌كانی مانای كه‌شفكراودا ده‌گه‌ڕێت، رووه جیاوازه‌كانی مانا، كه‌شفكردنی مانایه، كه‌واته دانه‌ر/ شاعیری سه‌ربه‌خۆ به‌دوای مانای كه‌شفكراوی بوونیدا ده‌گه‌ڕێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی گریمانه‌كراو)ی به‌جێ بهێنێت. یان ئاماده‌یی گریمانه‌كراو به‌جێ بهێنێت، به هه‌مان شێوه (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاوازیش… ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌شفكردنی مانا ره‌فتاری ته‌ئویلی له نێو ده‌قدا رێكده‌خات. به‌و مانایه‌ش ده‌ق كۆمه‌ڵێك (دال)ه و ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی قۆناغ و سه‌رچاوه‌ی یاسا و رێسای رێكخستنی ماناوه له‌لایه‌ن خوێنه‌ر/وه‌رگر كه‌شف بكرێت، (دانه‌ر/ شاعیر)ی سه‌ربه‌خۆ له حاڵه‌تی نوسیندا به هه‌مان پرۆسه‌دا تێده‌په‌ڕێت… ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونی هه‌یه، كه ده‌خوێنرێته‌وه و خوێنه‌ر به شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه و نوسه‌ر به شه‌هوه‌تی نوسین ده‌گات! هیچ ده‌قێك بێ بوونی خوێنه‌ر بوونی نییه، به‌و مانایه‌ش ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتایی له رێكخستنی دال و له خه‌یاڵكردنی شه‌هوه‌تدا ده‌ژیت. له كۆی ئه‌و قسانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه له سێ جۆر خوێندنه‌وه بۆ (مانا) كورت بكه‌مه‌وه: خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به زمانی فه‌رهه‌نگی و مانای چه‌سپاو و ئاماده‌وه هه‌یه. خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م په‌یوه‌ندی به شیمانه‌یی مانای نوسه‌ره‌وه هه‌یه. خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م ده‌كه‌وێته سه‌ر خوێنه‌ری جیاوازه‌وه.
ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ بۆ ئاوێته‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌ق تانۆپۆی نێوان تێگه‌یشتنی فه‌رهه‌نگی و تێگه‌یشتنی شیمانیی و خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه له ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی (ریكۆر)دا خوێندنه‌وه و ته‌ئویله‌كان له دنیای مانای داخراوی ئایدیالیدا گیر ناخۆن، به‌ڵكو به سه‌ر ژیانێكی واڵا و نوێ‌دا ده‌كرێنه‌وه! ئه‌و قسه‌یه‌ی كه من له رێگای ریكۆره‌وه رێكمخستووه له‌وێوه دێت، كه ریكۆر پێیوایه زمان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌شه كه پێش ده‌ق و دوای ده‌ق ده‌كه‌ون! كه‌واته زمان هه‌ر ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوون نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی گشتگیره و په‌یوه‌ندی خه‌یاڵكردنی من و ئه‌ویدیكه‌یه به هه‌موو دنیا، زمان یارییه‌كه هه‌مووان تێیدا هاوبه‌شین، جگه له زمان شتێكی دیكه بۆ گوزارشتكردن له خۆماندا نادۆزینه‌وه، جگه له زمان شتێكی دیكه بۆ هه‌ناسه‌دان نادۆزینه‌وه، جگه له زمان شتێكی دیكه بۆ په‌یوه‌ندی و هاوژیانی نادۆزینه‌وه، بۆیه كرده‌ی ته‌ئویلكردن له رێگای زمانه‌وه دووباره ئه‌فراندن ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر له رێگای دووباره ئه‌فراندنه‌وه د‌رك به ئه‌زموونه‌كانی ژیان و خوێنه‌ره جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین.
شیعری كوردی
ماناكانی (رێكخستن) و ده‌لاله‌ته‌كانی (كه‌شفكردن) و (خوێنه‌ری جیاواز)
له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م قسه له شێوه‌ی رێكخستنی (مانای ئاماده و چه‌سپاو) و شێوه‌ی كه‌شفكردنی (مانای نائاماده و خه‌یاڵی نوسه‌ر) و (مانای ئاماده و نائاماده و خوێنه‌ری جیاواز) له شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه ده‌كه‌ونه به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) بكه‌م…
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو ئه‌وانه ئه‌وه‌یه، ئایا شیعر ته‌نها رێكخستنی مانای چه‌سپاو و ئاماده‌یه له دووتوێی یاسا و رێساكانی زماندا، به دیوه‌كه‌ی دیكه ئایا شیعر ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان و شێواندنی مانای ئاماده‌یه، مانای ئاماده و نائاماده و خوێنه‌ری جیاواز ده‌كه‌وێته كوێی شیعری كوردییه‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه ئایا شاعیری كوردی به‌شێك له كێشه‌كانی ژیانی كوردی له شیعره‌كانیدا هه‌ڵگرتووه، ئایا شیعری كوردی له پێشبینی و خه‌یاڵی تاكی كوردی و خه‌یاڵی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌دوێ؟
قسه‌كردن له چه‌مكی (رێكخستن) له رووی زمانه‌وه چه‌سپان و دڵنیایی ده‌گه‌یه‌نێت، به دیوێكی دیكه ده‌شێ چه‌مكی رێكخستن به‌و مانایه بێت، كه هه‌ر یه‌ك له ئێمه به عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه به دوای رێسا و یاساكانی زمانه‌وه بین، هه‌ر یه‌ك له ئێمه له سه‌ر مێژوو و شێوه‌ی تایبه‌تی (خۆی) قسان ده‌كات…
ئه‌گه‌ر چه‌مكی رێكخستن قسه‌كردن بێ له سه‌ر شتی تایبه‌تی و شێوه‌ی تایبه‌تی ئه‌و شیعره‌ی كه دوایی هاتووه! ئه‌وه چه‌مكی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆسانه دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه تێیدا مانای چه‌سپاو ئاماده خۆی به‌سه‌ر شیمانه‌یی ئێستا و ئێستای زیندوودا ده‌سه‌پێنێت، وه‌ك چۆن دژ به هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه، كه پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه، كه‌واته به‌شێك له خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له سه‌ره‌تا و كۆتایی نه‌زانراوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت! وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندی به رووه جیاوازه‌كانی مانا و رووه جیاوازه‌كانی رێكخستن و خوێنه‌ری جیاوازه‌وه هه‌یه… هه‌ر چۆنێ بێت هه‌میشه كار و (ده‌قی ئه‌ده‌بی) ته‌جاوزی ده‌ست بۆ بردنه تیۆرییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئایا تیۆره ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌رك ده‌كه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته ئه‌و پرسیاره وه‌رامی ناوه‌كی خۆی هه‌یه، كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به داهێنانه‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا رێبازه ئه‌ده‌بییه‌كان به‌رهه‌مهێنه‌رن و پانتاییه‌كی مه‌عریفی به‌رفره‌وانیان هه‌یه و مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كار و ده‌قی ئه‌ده‌بی و خوێنه‌ری جیاوازدا ده‌كه‌ن…
به گشتی زمان وه‌ك بابه‌تی حه‌قیقی و كرده‌یی هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، له كۆی ئه‌و هاوگونجانه‌دا ده‌توانم ئاماژه به (سێ هێل) له شاعیرانی شیعری نوێی كوردی باشور و دوای راپه‌ڕین و به‌شێك له شیعری كوردستانی رۆژهه‌ڵات بده‌م، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆلینكردنه جگه له گریمانه‌كردن شتێكی دیكه بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشت به تیۆرێكی دیاریكراوی ئه‌ده‌بی ببه‌ستێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی چه‌مكی (داهێنان) وه‌ك بنه‌مای قسه‌كانم بۆ به‌راوردكردنی ئه‌و پۆلینكردن و به‌دواداچوونه به كار بهێنم؟!
هێلی یه‌كه‌م
به گشتی (هێلی یه‌كه‌م) كۆی ئه‌و شاعیرانه ده‌گرێته‌وه، كه بڕوایان به ده‌ست بۆ بردنی مانای ئاماده هه‌یه، له میانی مانا نوێیه‌كان و له ده‌ره‌وه‌ی مانای رووت و ره‌هادا! وه‌ك چۆن هه‌وڵده‌ده‌ن له رێكخستنی ماناوه هاوسه‌نگی نێوان (ئاستی گوزارشتكردن و ریتمی رسته) له لایه‌ك و (ریتمی وشه و مانای چه‌سپاو) له لایه‌كی دیكه بپارێزن، یان زمان شێوه‌ی ئاسۆیی بپارێزن، واته هاوسه‌نگی نێوان خود و گوتراو له توێی زمان و مێژووی مانادا بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی جوانی شیعر و جوانی ئاماده به یه‌كه‌وه بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه پارێزگاری له ره‌سه‌نایه‌تی و یاسا و رێساكانی زمان و جوانی ئاماده ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه پێیانوایه به پله‌ی یه‌كه‌م شیعری جوان په‌یوه‌ندی به ئاكاری جوان و وشه‌ی جوان و گوتراوی جوان و خه‌یاڵی جوان و مانای ره‌وان و ریتمی ره‌وانه‌وه هه‌یه… هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ونه نێوان مشتومڕی گوتن و ماناوه! بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای خوده‌وه به گوتراو بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای عه‌قڵه‌وه به مانا بگه‌ن، واته له رێگای مێژووی گوتراوه‌وه به مانای ئاماده بگه‌ن، له رێگای كۆی مانا و گوتراوه‌وه به جوانی و خه‌یاڵی شیعری بگه‌ن، له رێگای تێگه‌یشتنه‌وه به ده‌لاله‌ته نوێیه‌كانی مانا بگه‌ن، به دیوه‌كه‌ی دیكه لای هه‌موو ئه‌وانه حه‌قیقه‌تی مانا هه‌میشه له ئاماده‌یی ئێستای مانادایه، به‌و مانایه‌ش رۆشنایی مانا له رۆشنایی ئێستای مانا دانه‌بڕاوه، له‌وێشه‌وه رێگا بۆ حه‌قیقه‌تی ئاماده خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێ…
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزی خۆیان له مانای ئاماده و رێكخستنی خوددا ده‌بیننه‌وه، پرسیار له‌وه ناكه‌ن عه‌قڵ، گوتراو بونیاد ده‌نێت، یان گوتراو، عه‌قڵ دروست ده‌كات؟! پرسیار له تێگه‌یشتن و مانا ناكه‌ن، پرسیار له جیاوازی و دنیابینی جیاواز ناكه‌ن، پرسیار ناكه‌ن وشه‌ی شیعریی چۆن دروست ده‌بێت، جیاوازی له نێوان ره‌وانی و راهاتن و شیمانه‌یی چییه؟!
هێلی دووه‌م
(هێلی دووه‌م) زۆربه‌یان له‌سه‌ر بڕوابوون به نائاگامه‌ندی (نه‌ست) و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خود له یه‌كه‌وه نزیكن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه كه گه‌ڕانه‌وه بۆ نائاگامه‌ندی و نه‌ست گه‌ڕانه‌وه بێ بۆ (فرۆید) به‌ڵكو به‌و مانایه كه نائاگامه‌ندی و نه‌ست پێش زمان ده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن لای (لاكان) جێگای گفتوگۆیه… له‌وێوه شاعیرانی هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی (دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له نێوان وشه و وشه، وشه و مرۆڤ، وشه و دنیا) ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ی ستوونی به زمان ده‌به‌خشن، ئه‌وه‌ش جێكه‌وته‌ی وشه و په‌یوه‌ندییه‌كانی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌خاته نێو گه‌شه‌كردنی وشه و گه‌شه‌كردنی ناوكۆییه‌وه، وه‌ك چۆن به‌شێكی زۆر له شاعیرانی هێلی دووه‌م خۆیان به (كۆتایی نه‌زانراو) ده‌سپێرن، خۆیان به (دنیابینی جیاوازی مرۆیی)ه‌وه ده‌سپێرن، به پله‌ی یه‌كه‌م میكانیزمی خه‌یاڵ به بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن، له رێگای یاخی بوونی مه‌عریفییه‌وه هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی شیمانه‌یی شیعری و كه‌شفكردنی جوانی و په‌یوه‌ندییه كراوه‌كانی ژیان ده‌ده‌ن، هیچ سنورێك بۆ مانا و جوانی و چێژ قبوڵ ناكه‌ن، هه‌موو سنوردانانێك بۆ توانای له بننه‌هاتووی مرۆڤ ره‌تده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ جیاوازی مانا ده‌ڕه‌خسێنن، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ته‌ماشاكردنی دنیا به كراوه‌یی جێده‌هێڵن، به دیوه‌كه‌ی دیكه هه‌موو ئه‌وانه رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی دابمه‌زرێنێ…
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزی خۆیان له نائاگامه‌ندی و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه، به‌ڵام پرسیار له باره‌ی بنه‌ما جیاوازه‌كانی مه‌عریفه و ئاستی كلتور و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌ویدیكه‌ی مرۆڤایه‌تی… وه‌ڵام ناده‌نه‌وه، قسه‌كردنی جیاوازی ئه‌ویدیكه له باره‌ی عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و درككردن فه‌رامۆش ده‌كه‌ن!
هێلی سێیه‌م
(هێلی سێیه‌م) ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هێلی یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه، (هه‌موو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی مانا و رێكخستنی خود ره‌تده‌كه‌نه‌وه)، (هه‌موو یاسا و رێساكانی زمان و ره‌سه‌نایه‌تی ره‌شده‌كه‌نه‌وه) به‌و مانایه‌ش ته‌واوی رابردووی مرۆڤایه‌تی به ئاوڕدانه‌وه بۆ میتافیزیكا داده‌نێن! هه‌موو بایه‌خی نائاگامه‌ندی و نه‌ست له لایه‌ك و پێشخستنی ناوكۆیی له لایه‌كی دیكه به خه‌می خۆیان نازانن، (هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی فیكر و مه‌عریفه وه‌لا ده‌نێن) بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای نیشانه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییه‌وه، تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان مانای باو تێكبشكێنن و بگه‌نه كورتبڕی، شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای په‌یوه‌ندی رێكنه‌خراوه‌وه گوزارشتكردنێكی یاخی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی گه‌شه پێبده‌ن، وه‌ك ریزۆم له نێو زماندا بیر له زمان ده‌كه‌نه‌وه، له رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه به جوانی له‌ناكاو و له رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه به مانای نائاماده و ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر ده‌گه‌ن، به گشتی هه‌مووان به پله‌ی یه‌كه‌م رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شیمانه‌یی بدوێت…
واته هێزی خۆیان له تێكشكاندنی مانا و كورتبڕی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی نیشانه و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بیننه‌وه، لای ئه‌وان شیعر ده‌نگه، به‌ڵام ئه‌سڵ و ده‌ق له ناوچووه! بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه نه‌گونجان و بێ مانایی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی ناخولقێنێ، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری جۆرێك له یاخی بوونیش بێت، مه‌رج نییه هه‌میشه یاخی بوون جوانی كه‌شف بكات، ئه‌گه‌رچی یاخی بوون بێت به رووی باودا، بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كۆی فیكری مرۆڤایه‌تی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، بیر له به‌های په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستی و هاڕمۆنی و سۆزی مرۆییانه ناكه‌نه‌وه، چاره‌نووسی بێ یاده‌وه‌ریین.
هێلی یه‌كه‌م
له نێوان (گوتن / مانا)دا
وشه یان هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی زمانه‌وانی له دوو بنه‌ما پێكهاتووه و له یه‌ك جیا نابنه‌وه، ئه‌ویش گوتن و مانایه! مانا و گوتراویش له مشتومڕی جیاوازی خۆیان ناكه‌ون. گوتن رووه مه‌تریاله‌كه‌ی مانایه، ماناش رووه هه‌ستییه‌كه‌ی گوتن پێكده‌هێنێ.
مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، مانا و گوتن په‌یوه‌ندی به هه‌ڵنانی به‌های هونه‌ری ده‌ربڕینه‌وه هه‌یه، به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌های هونه‌ری ده‌ربڕینیش تێگه‌یشتن ده‌ینه‌خشێنێ؟! چه‌مكی تێگه‌یشتن هه‌میشه پشت به فاكته حه‌قیقییه مرۆییه‌كان ده‌به‌ستێت. به‌های تێگه‌یشتن له شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌وه نزیكمان ده‌كاته‌وه!
له باره‌ی ئه‌و مشتومڕه‌وه هه‌ندێك پێیانوایه پێشخستنی گوتن به‌سه‌ر مانادا جوانی و پوختی و پته‌وی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌های ئه‌ده‌بی به‌رزتر نیشان ده‌دات، شێوازی هونه‌ری جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌میشه داڕشتنی ئه‌ده‌بی و حه‌قیقه‌تی ده‌ربڕین به پوختی و پته‌وی و گوتنی جوانه‌وه په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه به مانا ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه به مانای جوان و پته‌و و روون و حه‌قیقی ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه به ریتمی جوانی ده‌ربڕین ده‌گه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ر ده‌به‌ستن، پاڵنه‌ری ده‌روونی، سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی…
هه‌ندێكی دیكه له ره‌خنه‌گران له مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، پێیانوایه جوانی گوتن و جوانی مانا له به‌یه‌كه‌وه بوونیاندایه، پێكه‌وه ئاسته به‌رزه‌كانی ره‌وانبێژی ده‌نوسنه‌وه و ته‌رازووییه‌ك بۆ به‌های هونه‌ری ده‌سازێنن، پێیانوایه شیعر له رێگای ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌بوونه‌یان باڵا ده‌كات و له لێكترازانیشیان نزمی ده‌نوێنێ، گوتنی جوان، جوانی مانای لێده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك چۆن گوتنی ناشیرین مانای دزێو به‌رهه‌م ده‌هێنێ! ره‌وانی مانا ریتمی ره‌وانی لێده‌كه‌وێته‌وه و ناڕه‌وانی ته‌مومژ…
ئه‌و پێكه‌وه بوونه ئه‌گه‌رچی له یه‌كێتی و ئاوێته‌بوونی گوتن و مانا نزیكه، به‌ڵام جیاوازی خۆیان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له یه‌كێتی گوتن و مانادا، گوتن جه‌سته‌یه و مانا رۆح، جه‌سته و رۆح لێكجیابوونه‌وه‌یان مه‌حاڵه… لایه‌نگرانی یه‌كێتی و ئاوێته‌بوونی گوتن و مانا، پێیانوایه هه‌موو گوتنێكی جوان، مانای جوانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، گوتنی پته‌و، راستی مانا ده‌نوێنێ… هه‌ڵبه‌ته پێچه‌وانه‌ش راسته! ده‌توانم بڵێم هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له باره‌ی یه‌كێتی گوتن و ماناوه ده‌كرێت، به‌های یه‌كبوونی شێوه و ناوه‌ڕۆكمان بیر ده‌خاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی گوتن فۆڕم بێ و مانا فیكر…
به‌شێكی دیكه له ره‌خنه‌گران له مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، به‌رگری له چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌ن و پێیانوایه نهێنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به وڕووژانی یه‌كێك به سه‌ر ئه‌ویدیكه‌وه نییه، به‌ڵكو رێسا و یاسای زمانه‌وانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و ده‌كه‌وێته نێوان پرنسیب و رێبازی تایبه‌ت به زانستی زمان و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه… دواجار هه‌میشه پرۆسه‌ی رێكخستن په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌گه‌یه‌نێت…
به‌مجۆره ده‌توانم بڵێم هه‌ندێك له‌و شاعیرانه‌ی شیعری نوێی كوردی (كه من ناویان به هێلی یه‌كه‌م ده‌به‌م) هه‌وڵده‌ده‌ن له رێكخستندا په‌یوه‌ندی نوێ و به‌رفره‌وان له نێوان مانا و مانا، جوانی و مانا، ریتم و ناوكۆیی دروست بكه‌ن، زۆربه‌یان دوای وشه‌ی شیعریی و رسته‌ی شیعریی و ریتمی ناوكۆیی ده‌كه‌ون! هه‌ندێكیان لادانی مانا به وڕوژانی هه‌ستییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، به‌ڵام به گشتی له پێناو مانه‌وه له سه‌ر رێكخستنی (مانا/ جوانی)ی چه‌سپاو و ئاماده، له سه‌ر (شیعری دنیایی) كار ده‌كه‌ن. بۆ نموونه ده‌توانم وێڕای كۆمه‌ڵێك جیاوازی و وێڕای مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، ده‌شێ بۆ دیاریكردنی (هێلی یه‌كه‌م) چوار نموونه‌تان پێ‌بناسێنم:
نموونه‌ی یه‌كه‌م
نموونه‌ی یه‌كه‌م له شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه (جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كه‌نه‌وه) جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌روونی و سیاسی موتوربه ده‌كه‌ن، په‌رده له‌سه‌ر گوتنی حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، له‌وانه: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله حوسێنی…
نموونه‌ی دووه‌م
به‌ڵام نموونه‌ی دووه‌م، له (هێلی یه‌كه‌م)دا له نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایی له خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه، بۆ چه‌سپاندنی بیرۆكه‌ی تێگه‌یشتن له‌سه‌ر خودی تێگه‌یشتن، بۆ (چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا) بۆ گواستنه‌وه له حیكایه‌تێكه‌وه بۆ گه‌یشتن به ریتمی حیكایه‌تێكی دیكه، به مانایه‌كی دیكه رێگاكانی گوتراو تاقی ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌روونی خۆیان بگه‌ن، یان هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه له فه‌زایه‌كی شیعری دووباره ده‌كه‌نه‌وه، فه‌زایه‌ك كه له‌گه‌ڵ هۆشیاری شیعری و ریتمی شیعری دێته‌وه، فه‌زایه‌ك كه ده‌كه‌وێته نێوان پرنسیب و زمانی شیعری و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه… نموونه‌ی دووه‌م له چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا، وێڕای جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتی، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانی، چۆمان هه‌ردی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، فه‌ره‌یدوونی ئه‌رشه‌دی…
نموونه‌ی سێیه‌م
نموونه‌ی سێیه‌می (هێلی یه‌كه‌م)ی شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه هێزی گوزارشتكردن و هه‌ستی لیریكی و وڕووژانی سۆز به كه‌ره‌سه‌ی باڵایی جوانی و ره‌وانی و ناسكی داده‌نێن، هه‌وڵده‌ده‌ن ریتمێكی ده‌روونی و مرۆڤدۆستی له بیركردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ردا بچێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌زای چێژ و ژیاندۆستی فره‌وانتر نیشان بده‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌رگای خه‌یاڵێكی نزیك له سیحر بۆ مرۆڤایه‌تی واڵا بكه‌ن، شاعیرانی (یه‌كێتی گوتن و مانای گوتن) شاعیرانی نموونه‌ی سێیه‌م، جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێته‌ی ریتمی بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تی گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تی نه‌گوتن ده‌كه‌ن… له نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجی، به‌ختیار عه‌لی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئیسماعیل به‌رزنجی، هیوا قادر…
نموونه‌ی چواره‌م
نموونه‌ی چواره‌م، له (هێلی یه‌كه‌م)، شاعیرانی چێژی (گوتن به‌سه‌ر مانادا)، جه‌سته به سه‌ر ناوه‌ڕۆكدا زاڵ ده‌كه‌ن، له رێگای چێژی گوتنه‌وه خۆیان له مانا ده‌خشێنن، ئه‌و شاعیرانه‌ی جه‌سته‌گه‌رایی و چێژی ئیرۆتیكی و ئاگامه‌ندی سۆزداری پێشده‌خه‌ن، به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وانه نییه، كه ئیرۆتیكا و وڕووژانی سێكسی تێكه‌ڵ به یه‌ك ده‌كه‌ن؟! به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه، كه دنیا له دوو دیدی جیاوازی نێر و مێدا ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان له به بازاڕكردنی هه‌ست و بێنرخكردنی جه‌سته و حه‌زی رووت ده‌پارێزن، هه‌میشه حه‌قیقه‌تی چه‌پێنراو پێش حه‌قیقه‌تی گوتراو ده‌خه‌ن، هه‌میشه چێژی گوتنی نه‌گوتراو پێش ده‌خه‌ن و پێیانوایه ئه‌وه چێژی گوتنی نه‌گوتراوه چێژی مانای لێده‌كه‌وێته‌وه، هه‌میشه جوانی جه‌سته و ریتمی جه‌سته له مانای كرچ و كاڵ ده‌پارێن، هه‌میشه پێیانوایه ئه‌وه گوتنی جوانه، شێوازی هونه‌ری جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌وه گوتنی جوانه، ریتمی جوان و چێژ ده‌نه‌خشێنێ… نموونه‌ی شاعیرانی گوتن به‌سه‌ر مانادا، قوبادی جه‌لی زاده، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه، ژوان ئاواره…
شاعیرانی جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی
ده‌توانم بڵێم نموونه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ی (جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كه‌نه‌وه)، ئه‌و شاعیرانه‌ی جوانی گوتن و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی كۆیان ده‌كاته‌وه و گوتن و ریتمی تێگه‌یشتن به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كه‌نه‌وه! هه‌میشه هێزی شیعری له گوتن و په‌یامی شیعریدا هه‌ڵده‌گرنه‌وه، له رێگای جوانگوتنه‌وه له مێژووی مانا نزیك ده‌بنه‌وه، پارێزگاری له جوانی گوتن و مانای ئاماده ده‌كه‌ن، به‌های ئه‌ده‌بی له گوتنی جوان و ریتمی مانادا ده‌بیننه‌وه…
ده‌توانم بڵێم دالی حه‌قیقی لای (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) تێكه‌ڵكردنی هه‌ستی تاكگه‌رایی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه! به‌ڵام هێزی شیعری لای (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) له ره‌وانی ریتمی گوتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی شیعری ره‌خنه‌كاریدا خۆی ده‌بینێته‌وه! جیاوازی نێوان (شێركۆ بێكه‌س) و (ره‌فیق سابیر) له ته‌ماشاكردنی ژیان و ته‌ماشاكردنی نه‌ته‌وه وه‌ك بابه‌تی سه‌ره‌كی شیعریدا خۆی ده‌بینێته‌وه، شێركۆ بێكه‌س كۆی مێژووی نه‌ته‌وه و حیكایه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه و ژانوژواری نه‌ته‌وه وه‌ك بنه‌مای شیعری به‌كار ده‌هێنێت… به‌ڵام ره‌فیق سابیر گۆشه‌یه‌ك له زامه قووڵه‌كانی نه‌ته‌وه و خه‌مه بچوكه‌كانی نه‌ته‌وه وه‌ك بنه‌مای شیعر چاو لێده‌كات، له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه حیكایه‌ته‌كانی تاكی كوردی ده‌گێڕێته‌وه… جیاوازی نێوان (مه‌له‌كشا) و (ژیلا حوسێنی) جیاوازی په‌یامگه‌رایی و سۆزگه‌راییه، جیاوازی نێوان ماناگه‌ری و ئاوازگه‌راییه، جیاوازی نێوان شۆڕشگه‌رایی و ده‌روونگه‌راییه… به گشتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و هێله رێچكه‌یان گرتووه، كه (مێژووی وشه به پته‌وی مانا)وه ده‌لكێنن، گوتن و ریتم موتوربه‌ی رووداوی مێژوویی، ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی ده‌كه‌ن، بیر له به‌دوایه‌كداهاتن و كۆتاییه‌كانی داله گشتییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه… به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و هێله جیا ده‌كاته‌وه هێزی تاكگه‌راییه… ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌و هێله جیا ده‌كاته‌وه شیعرییه‌تی دروشمگه‌راییه….
(ره‌فیق سابیر) له لاوكی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڵێت:
با كه‌ژاوه‌ی له گوڵ بێت
یان له په‌لكه زێڕینه
زه‌ماوه‌ندی خوێن ده‌گرێت
ئه‌مشه‌و پاشای ئه‌ڤینه.
شاعیرانی جێگیركردنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا
نموونه‌ی دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه هه‌میشه بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه وشه‌یه‌ك به‌رجه‌سته بكه‌ن، گوتنێك بخه‌نه‌وه، كه ته‌واو ته‌عبیر له ناخی ئه‌وان بكات، شاعیرانی (چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا) گوزارشتكردنی وشه و خود، ریتم و تێگه‌یشتن… پێیانوایه هه‌موو گوتنێكی خودگه‌رایی جگه له‌وه‌ی هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته، هه‌ڵگری به‌های چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا، ریتم و تێگه‌یشتنه، ئه‌وه هێزی سه‌پاوی خودگه‌راییه، هۆشیاری و پته‌وی مانا و ساغڵه‌می مانای له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، جوانی بیركردنه‌وه ته‌عبیر له‌گوتنی جوان ده‌كات… به‌ڵام جیاوازی (حه‌مه عومه‌ر عوسمان) جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ، له هێزی لیریكییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت! هه‌وێنی شیعری حه‌مه عومه‌ر عوسمان خه‌مه تایبه‌تییه‌كانه، بێ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی خه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بكات!
به‌و مانایه‌ش نموونه‌ی دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ن، كه گوتن و مانا به جێگیربوونی شیعرگه‌رایی و خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییه‌وه ده‌لكێنن، فۆڕم و ناوه‌ڕۆك به یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كه‌ن، دالی حه‌قیقی لای ئه‌وان به هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی خه‌مه تایبه‌ت و گشتییه‌كانه… بڕوانه: رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی له شیعری، تا كۆتایی هه‌ڵبێ… كوژانه‌وه‌ی ژنێك به ته‌نهایی..!! ده‌ڵێت:
من خه‌ونه‌كانم شلوێ بووه له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی…
وا چاكه په‌پووله، كه ده‌روێشی نووره، چرا بكوژێ،
چونكه ته‌ریقه‌تی چرا،
مه‌رگی په‌پووله‌یه له كۆتایی…
وا چاكه شه‌مشه‌مه‌كوێره له تونێلی نوته‌كا،
تاریكی ڕاو بنێ…
چونكه له‌نوونی نوته‌كا ده‌زووله‌یه‌ك مۆمی نووستوو،
مه‌رگی شه‌مشه‌مه‌یه له كۆتایی…!!
سلێمانی 29/9/2009
شاعیرانی یه‌كێتی گوتن و یه‌كێتی مانا
نموونه‌ی سێیه‌م، ئه‌و كۆمه‌ڵه شاعیره‌ی له ئاگامه‌ندی ده‌روونییه‌وه هه‌ستی لیریكی و سۆزی شیعری به ویستی یه‌كێتی گوتن و ده‌روونه‌وه گرێ ده‌ده‌ن و ویستی گوتن به خۆشه‌ویستی مانا و چێژه‌وه ده‌لكێنن، شاعیرانی (یه‌كێتی گوتن و یه‌كێتی مانا) پێمانده‌ڵێن جه‌وهه‌ری ئاگامه‌ندی به گوتنی جوان و ماناكانی خۆشه‌ویستییه‌وه به‌نده، تایبه‌تمه‌ندی جوانی مرۆڤ له ژیاندۆستییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، مرۆڤ ده‌ژی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌كێتی گوتن و ماناوه بنێت… شاعیرانی جوانی گوتن و جوانی مانا، پێیانوایه ئه‌وه وشه‌ی شیعرییه هه‌ستی شیعری ده‌به‌خشێت، بایه‌خ به وشه‌ی شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری ده‌ده‌ن، به‌های هونه‌ری شیعر له ئاوێته‌بوونی هه‌ستی وشه و ویستی مانا و ریتمی تێگه‌شتندا هه‌ڵده‌گرنه‌وه، هه‌ڵبژاردنی دالی حه‌قیقی لای ئه‌وان له سۆز و جوانی و ته‌ماشاكردنی خه‌مه كه‌سییه‌كانی ژیاندایه… بونیادی شیعری (به‌ختیار عه‌لی) و (دلشاد عه‌بدوڵڵا) له هێزی گوزارشتكردن و قووڵی دنیابینیدا ده‌رده‌كه‌وێت… به‌ڵام ده‌توانم بڵێم (جه‌لال به‌رزنجی) و (هیوا قادر) هه‌ر یه‌ك به ره‌نگ و دنیابینی و هه‌ستی شیعری و مه‌عریفه‌ی شیعری تایبه‌تی خۆیه‌وه، هه‌وڵی گرتنی حیكایه‌ته بچوكه‌كانی ژیان ده‌ده‌ن! هێزی جه‌لال به‌رزنجی له هه‌ستی شیعریدایه، هێزی هیوا قادر له هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای شیعریدا ده‌رده‌كه‌وێت… كه‌چی جیاوازی نێوان (ئیسماعیل به‌رزنجی) و (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) له چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان ریتم و مانادا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئیسماعیل به‌رزنجی خه‌می مانا پێش ده‌خات و له پشت هه‌موو شیعرێكی بونیادێكی حیكایی ده‌نه‌خشێنێ! دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی له خه‌می ریتمدایه و شیعر له سه‌ما نزیك ده‌كاته‌وه…
بڕوانه ئیسماعیل به‌رزنجی ده‌ڵێت:
ژن و پیاوێكی چاخی به‌ردین بووین
به گژ و گیا عه‌وره‌تی خۆمان داده‌پۆشی
له بنیاده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی ته‌نیشتمان ده‌ترساین
له شه‌ڕێك سه‌رده‌كه‌وتین و
له چواران ده‌ماندۆڕاند
حه‌سره‌تمان ده‌كرۆشت و
بێزاریمان هه‌ڵده‌مژی
له ناكاو به‌كۆڵێ یه‌ئسی وجودییانه‌وه
تێكده‌ئاڵاین
(په‌ست، وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتمان- كۆمه‌ڵه شیعر، ئیسماعیل به‌رزنجی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2007، ل30-31)
شاعیرانی چێژی گوتن به‌سه‌ر چێژی مانادا
هه‌ندێك له شاعیرانی چێژی گوتن (زاڵكردنی گوتن به‌سه‌ر مانادا)، نموونه‌ی چواره‌م، شاعیرانی جه‌سته‌ناسی و جوتبوونی رۆحی و جه‌سته‌یی، هه‌ندێك له شاعیرانی چۆنێتی ئه‌زموونكردنی ژیان و ئازادی و چێژی ژیان، شاعیرانی هه‌ڵگیرسانی گوتن و ئیرۆتیكا و گوتن و خۆشبه‌ختی، ئه‌و شاعیرانه‌ی كه جوانگوتن و ئیرۆتیكا و ژیاندۆستی پێش ده‌خه‌ن… پێیانوایه ئه‌وه پێشخستنی جوانی گوتن و ریتمی گوتنه ره‌هه‌ندێكی جوان به مانا و ره‌هه‌ندێكی مه‌عریفی قووڵتر و جوانتر به ژیان و ده‌لاله‌تی جیاواز ده‌دات، ئه‌وه پێشخستنی باڵایی گوتنه ماناكانی نێوان نێر و مێ، جه‌سته و رۆح جوانتر نیشان ده‌دات… پێیانوایه به‌های شیعرگه‌رایی به پێشخستنی ئاسته به‌رزه‌كانی جوانی گوتن و ئاگامه‌ندی تێگه‌یشتن و چێژی ژیانه‌وه ده‌لكێ، به‌های مرۆڤ، به‌های ژیان له به‌یه‌كگه‌یشتنی جوانی نێر و مێدا ده‌بوژێته‌وه، جوانی مرۆڤایه‌تی له به‌هاكانی مرۆڤدا خۆی ده‌بینێته‌وه، چێژی ژیان له هاوگونجانی جیاوازییه‌كاندایه، هه‌میشه هه‌وڵی ته‌واو یه‌كبوونی تێگه‌یشتن و ئاگامه‌ندی، جوانی و چێژ، جه‌سته و رۆح… ده‌ده‌ن! دڵسۆز حه‌مه له به‌شێك له قه‌سیده (وێنه‌كانی ژنێتی)دا ده‌ڵێت:
له ماڵێكدا
ستیان له‌به‌ر ناكه‌م
به‌پێی په‌تی ده‌سوڕێمه‌وه
بۆیه هه‌ر ده‌رگای ماڵم ترازا
دوو كه‌روێشكی سپی بچووك
له پێڵاوه‌كانمه‌وه راده‌كه‌ن
دوو كۆتری سپیش له ملی بلوزه‌كه‌م
ده‌ده‌ن له شه‌قه‌ی باڵ و
له ماڵه‌كه‌مدا دێن ده‌چن.
سایتی ده‌نگه‌كان، دڵسۆز حه‌مه، فێبریوه‌ری ٢٠١٢.
هێلی دووه‌م
كه‌شفكردن/ دامه‌زراندن
شاعیرانی (هێلی دووه‌م) له شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه ده‌كه‌ونه به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان)… به گشتی ئه‌و شاعیرانه نایانه‌وێ خۆیان بسه‌پێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن شیمانه‌یی شیعری بنوێنن، له نێوان كه‌شفكردن و دامه‌زراندن، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی چێژی شیعری ده‌ده‌ن، له نێوان راڤه‌كردن و به‌جێهێنان، جوانی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، له نێوان رێكه‌وت و یه‌قین، هه‌وڵی بونیادنانی شیعرییه‌ت ده‌ده‌ن و رێگا بۆ بیروڕای جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و مه‌عریفه‌ی جیاواز خۆش ده‌كه‌ن!
شاعیرانی هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له نێوان وشه و وشه، وشه و مرۆڤ، وشه و دنیا، هه‌وڵی به ده‌ستهێنانی ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌ده‌ن، به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی ناوكۆیی ده‌خه‌نه نێو گه‌شه‌كردنی زمان و ئاستی شیعرییه‌تی زمان و په‌یوه‌ندییه ده‌لالییه‌كانه‌وه، وه‌ك چۆن پرۆسه‌ی نوسینی شیعری به داڕژان وكۆتایی نه‌زانراوه‌وه ده‌سپێرن، بونیادی شیعری به دنیابینی جیاواز و چێژی جیاواز و ریتمی جیاوازی ژیانه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، هێزی خه‌یاڵ به بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن…
هه‌ندێكیان له رێگای لادانی مانای وشه و گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی باوی شیعری هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی مانا و رووه جیاوازه‌كانی جوانی و ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌ق ده‌ده‌ن، نموونه: به‌رۆژ ئاكره‌یی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، هێرۆ كورده… هه‌ندێكیان له رێگای راڤه‌كردن و روانینی مه‌عریفییه‌وه چێژ به‌رهه‌م ده‌هێنن، نموونه: هاشم سه‌راج، ره‌زا عه‌لی پوور… به‌ڵام هه‌ندێكیان له رێگای لادانی چێژه‌وه هه‌وڵی وڕوژانی هه‌ست و خرۆشانی چه‌پێنراوه‌كان ده‌ده‌ن، به مانایه‌كی دیكه تێگه‌یشتنی چێژ وه‌ك بنه‌مای راڤه‌كردنی هه‌ست و خرۆشانی چه‌پێنراوه‌كان ده‌نوسنه‌وه، بۆ نموونه: زانا خه‌لیل، لازۆ… هه‌ندێكیان له رێگای گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی حیكایه‌ته‌وه هه‌وڵی وڕوژانی تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنێكی دیكه بۆ تێگه‌یشتن ده‌سازێنن، بۆ نموونه: ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی… (هه‌ڵبه‌ته هه‌ر هه‌موویان به كۆمه‌ڵێ جیاوازییه‌وه).
شاعیرانی (هێلی دووه‌م) كۆمه‌ڵێ ئه‌گه‌ر بۆ تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن ده‌ڕه‌خسێنن، كۆمه‌ڵێ ئه‌گه‌ر بۆ چێژ به كراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه، كۆمه‌ڵێ ئه‌گه‌ر بۆ گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ده‌خه‌نه روو… كه‌مێكیان قسه‌كردنی جیاواز له باره‌ی مانا و تێگه‌یشتن، راڤه‌كردن و چێژ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن! وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان ئاستی گوزارشتكردن له ئاڕاسته‌كردنی ئیرۆتیكادا كورت ده‌كه‌نه‌وه… نموونه‌ی شاعیرانی هێلی دووه‌م به كۆمه‌ڵێ جیاوازییه‌وه پێكهاتووه له: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یی، ره‌زا عه‌لی پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده…
وه‌ك گوتمان خه‌یاڵ و كه‌شفكردن سه‌ره‌تا و كۆتایی زانراوی نییه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌یاڵ و كه‌شفكردن رووه جیاوازه‌كانی مانا و رووه جیاوازه‌كانی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ده‌كاته‌وه… وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی نێوان وشه و وشه، وشه و مرۆڤ، وشه و دنیا له به‌دواداچوون و گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی سه‌رده‌مه‌وه به ده‌ست دێت، مه‌عریفه و خه‌یاڵ و چێژ له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زمان و تێگه‌یشتنی ژیانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، به‌ڵام شیمانه‌یی شیعری، شیمانه‌ییه‌كی مه‌رجداره به شیعرییه‌ته‌وه، شیمانه‌یی شیعری نه نكۆڵیكردنه، نه جه‌ختكردن، وه‌ك چۆن خۆی له شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆی هێلی سێیه‌میش جیا ده‌كاته‌وه، چونكه شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ مه‌رج نییه به‌ره‌و شیعرییه‌ت بچێت، ده‌شێ به‌ره‌و هیچ شتێ نه‌بێ و نه‌هلیستییه‌ت به‌رهه‌م بهێنێ، وه‌ك به دیوه‌كه‌ی دیكه ده‌شێ به‌ره‌و جه‌ختكردنی شیعرییه‌ت بێته‌وه! هه‌ڵبه‌ته ده‌ستنیشانكردنی نێوان شیمانه‌یی مه‌رجدار و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ خاڵی جیابوونه‌وه‌ی هێلی دووه‌مه له سێیه‌م.
زانا خه‌لیل له به‌شێك له شیعری (ژیان له ناو كۆتاییه‌كاندا) ده‌ڵێت:
كۆتایی به خۆت بهێنه
وه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژه كۆتاییت پێهاتبێ
له ناو كۆتاییه‌كان ژیانێ بژی
وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆتاییت پێ نایه
براده‌ره ئه‌سمه‌ره‌كانم ده‌ڵێن
ئاوا كۆتاییت به خۆت هێناوه
وه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژه دنیا كۆتایی پێهاتبێ
براده‌ره كۆتایی پێهاتووه‌كانم ده‌ڵێن
بۆ هێنده له ناو كۆتاییه‌كاندا ده‌ژی
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز كۆتاییت پێنێ
له كۆمه‌ڵه شیعری “چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌ماوه، بۆ هاتنه ژووره‌وه” له بڵاوكراوه‌كانی گروپی كلتوری و هونه‌ری هاڤی، 2012، هه‌ولێر، ل10.
هێلی سێیه‌م
یاخیبوون و جیاوازی
(هێلی سێیه‌م) له رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ر و تێكشكاندنی په‌یوه‌ندییه باوه‌كان و له سه‌ر بنه‌مای هاوشێوه‌یی ده‌نگی و دووباره‌كردنه‌وه‌وه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به نیشانه (sign- یان ئاماژه) سه‌ربه‌خۆكانی شیعریی ده‌گه‌ن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه شتێك بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی به هیچ شتێك نه‌گات، نه‌ك به مانای سڕبوونی فیكر و ده‌لاله‌ت، به‌ڵكو ده‌شێ هه‌ر سڕبوونی ده‌لاله‌تیش نه‌بێ، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت تێیدا گاڵته‌جارانه و درۆزنانه بكه‌وێته‌وه…
له نێو (فۆرمالیسته‌كانی رووس- شكلۆفسكی) پێیوایه زمانی شیعری زمانێكه مانا ره‌تده‌كاته‌وه. شاعیرانی هێلی سێیه‌م له رێگای وڕێنه‌وه، شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، له رێگای شیمانه‌ییه‌وه شیمانه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه… ئاوڕ له‌وه‌ش ده‌ده‌نه‌وه كه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شیمانه‌ییدا لۆجیكی مانای ته‌قلیدی بۆ ده‌رككردن دادمان نادات، چونكه جیهان به‌و جۆره‌ی (ئه‌مڕۆ) هه‌یه، ملكه‌چی رێكخستن و پۆلینكردن نابێت، شیعر به‌و جۆره‌ی ئه‌وان وێنای ده‌كه‌ن بۆ (گوتن و مانا، دۆزینه‌وه و دامه‌زراندن) سه‌ر شۆڕ ناكات، هیچ رێگایه‌كی دیكه‌مان نییه، جگه له‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌وانه بین، كه به گوێره‌ی “گوتن” و “مانا”، “دۆزینه‌وه” و “دامه‌زراندن” له شیعر ده‌ڕوانێت، مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ش لای (هێلی سێیه‌م) رزگاركردنی شیعر نییه، به‌ڵكو ئاڕاسته‌كردنی فیكره به‌ره‌و چه‌مكێكی تازه، كه به گوێره‌ی ده‌ربڕینی خۆی نه “شیعره” و نه “په‌خشان”… به‌ڵكو نیشانه‌یه، به‌ڵكو ریزۆمه، به‌ڵكو ده‌نگێكی فره ره‌هه‌نده، كه هه‌زاران ده‌نگی له‌خۆ گرتووه…
لای به‌شێكی زۆر له شاعیرانی هێلی سێیه‌م ده‌قی شیعری به پله‌ی یه‌كه‌م بونیادێكی ده‌نگی هه‌یه! ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ (جاكۆبسون) و فۆرمالیسته‌كانی رووس، كه پێیانوابوو شیعر له سه‌ر بنه‌مای هاوشێوه‌یی و دووباره‌كردنه‌وه كار ده‌كات… شیعر بونیادێكی ده‌نگی هه‌یه، بۆ نموونه لای به‌شێك له شاعیرانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه ده‌كه‌ونه به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) و زۆر جوانیش له ده‌قه‌كانی (شوعه‌یب میرزایی)دا ده‌بینرێت… به‌ڵام لای هه‌ندێ له شاعیرانی هێلی سێیه‌م، به شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وانتر شیعر به ده‌نگێكی فره ره‌هه‌ند داده‌نێن، نه رابردووی هه‌یه، نه بڕوای به داهاتوو هه‌یه، چاره‌نووسی بێ یاده‌وه‌رییه…
شیعر ده‌نگێكی فره ره‌هه‌نده له هێلكاری ده‌چێت، نه‌ك نه‌خشه‌ی له‌به‌ر گیراو، جوگرافیایه، نه‌ك مێژوو، گه‌شت و كۆچه، نه‌ك مانه‌وه و نیشته‌جێبوون… هه‌موو ئه‌و قسانه بۆ (دۆلۆز) و مانا دۆلۆزییه‌كه‌ی ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه، كه هه‌موو ئه‌وانه به ریزۆم داده‌نێت، ریزۆم ئه‌وه‌یه له نێو شته‌كاندا بیر له شته‌كان بكاته‌وه، شیعریش لای هه‌ندێ له شاعیرانی هێلی سێیه‌م ئه‌وه‌یه له نێو زماندا بیر له زمان بكاته‌وه… به‌شێك له شاعیرانی هێلی سێیه‌م بڕوایان به ره‌گ نییه، به‌ڵكو بڕوایان به ره‌گه تۆڕه، بڕوایان به پنت نییه، به‌ڵكو بڕوایان به هێله… له‌و شاعیرانه‌ش نموونه‌ی (ساڵح سوزه‌نی) و به‌شێك له شاعیرانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و به‌شێك له ئه‌زموونی (یوونسی ره‌زایی)… هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن له رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه به جوانی و له رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه به مانای نائاماده بگه‌ن… بۆ نموونه سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال… هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن وێناكردنی باو بۆ مانا سه‌ره‌وژێر بكه‌ن و بگه‌نه كورتبڕی و له‌وێوه شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ بۆ شیعر فه‌راهه‌م بكه‌ن… بۆ نموونه: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف و …
من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له راڤه‌كردنی نیشانه و سه‌رچاوه‌كانی نیشانه‌وه به بابه‌تی نیشانه و ئاماژه‌كانی نیشانه و جیاوازییه‌كانی بگه‌م… چونكه نیشانه‌كان رێگایان بۆ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ خۆش كردووه و مرۆڤ به ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه نیشانه‌كانن له ژیانی رۆژانه‌ماندا كۆی ئه‌و مانایانه‌مان پێده‌به‌خشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ردوون پێشنیاری كردوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیستم ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئێمه‌ش به جیاوازییه‌كانی خۆمانه‌وه ده‌نازین و خۆمان به خاوه‌نی نیشانه شیمانییه‌كان داده‌نێین، ئه‌گه‌رچی له‌و باره‌وه نیشانه زمانییه‌كان ته‌نیا نیین، به‌ڵام بایه‌خی خۆیان هه‌یه، بۆ نموونه لای محه‌مه‌د باوه‌كر…
كه‌واته زمان به پله‌ی یه‌كه‌م به سیستمی سیمیاییه‌وه (semiotics) به‌نده، كه توانای له‌خۆگرتنی هه‌موو سیستمه جۆراوجۆره‌كانی نیشانه‌ی هه‌یه، لێره‌دا گوزارشتكردن له زمان، گوزارشتكردنه له به‌یه‌كه‌وه‌گه‌یاندن… (پێرس) پێیوایه بونیادنانی تیۆری سیمیۆلۆجی به گشتی كار بۆ نیشانه‌كان ده‌كات، نیشانه شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ نیشانه زمانه‌وانییه‌كان یه‌كه‌م شوێن نییه.
شیعر هیچ له‌وانه به هه‌ند هه‌ڵناگرێ، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیبداعییه و ئیبداعیش سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌یه‌نێت و شتگه‌رایی قبوڵ نییه! ده‌مه‌وێ بڵێم زمان له سیمیاییدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه هه‌موو ئه‌و سیستمانه‌ش له‌خۆ بگرێ كه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گوزارشت له خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ی ئه‌بستراكتین و هه‌ر ته‌نها ئاماژه به ده‌لاله‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن و له زمانێكدا ده‌توێنه‌وه كه گوزارشت له‌وان ده‌كات و ئه‌وان له‌خۆ ده‌گرێت! به مانایه‌كی دیكه زمان لای هه‌ندێكیان ریشه‌یان ده‌چێته‌وه سه‌ر بێمانایی، ریشه‌یان ده‌چێته‌وه سه‌ر پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی دال، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ی شیعره‌كه پێشكه‌شی ده‌كات، په‌سه‌ندكردنی ئه‌و په‌یامه‌یه كه له لایه‌ن خوێنه‌ر/ وه‌رگره‌وه دروست ده‌بێ، ئه‌و په‌یامه له نێوان وه‌رگر و شاعیره‌وه رووبه‌ری بڕێك له‌و گومان و گریمانه‌یه كه به‌رانبه‌ر ئه‌و واقیعه دروست ده‌بێت، كه شیعره‌كه ده‌چێته ناوییه‌وه، كه وه‌رگر و شاعیر ده‌چنه ناوییه‌وه، هه‌موو ئه‌وه‌ش روو له‌خۆبوونێكه كه كورت ناكرێته‌وه بۆ هیچ شتێك، ئه‌و رازه بنه‌ڕه‌تییه نوستوه هه‌میشه به شێوه‌یه‌كی رووله‌خۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه بنچینه‌ییه‌ی نێوان كه‌سه‌كانی نێو واقیعێكی دیاریكراو راده‌گه‌یه‌نێت… (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی 1952- 2005) له به‌شێك له قه‌سیده‌ی (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ده‌ڵێت:
سه قه‌بری لێده‌دا
ئه‌فسانه‌ش غار ده‌داته دره‌ختی
په‌لك به كرێ
بزنی ناو ژووره‌كه‌م له سه‌رمایه
باڵنده گۆشتی به‌ردا
ئه‌فسانه غار ده‌دا
زه‌وی لای راستی شكا
لكه هه‌نجیری پاش كۆران
تای ردێنی من
سه به‌له‌می هێسكی برد
ئاو شكا
به‌له‌م رۆیی
ردێن له ناو كاولان
لا سییه‌كم كه‌ونه دیوار
خۆڵی پشتان به‌رد
قڕێژی نه‌خۆشان گیا
ژنی زگ پڕ باران
له‌شكر
له
مووی
بن
كه‌وشان
له كۆمه‌ڵه شیعری (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ساڵی 1990.
دۆخی شاعیرانی شه‌پۆلی سێیه‌م په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به دۆخێك هه‌یه، كه وه‌ك (بۆدریار) ده‌ڵێ له جیاتی كاڵا نیشانه به‌رهه‌م ده‌هێنێ! دۆخێك كه چیتر كاڵا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كان نییه، به‌ڵكو زنجیره‌یه‌كی ناكۆتایی بێ ئامانجه! هه‌ر كالایه‌ك نیشانه‌یه بۆ كالایه‌كی دیكه، به‌دیلێكی به‌تاڵه بۆ كاڵایه‌كی دیكه، دالێكه بۆ دالێكی دیكه و مه‌دلول له‌ناوچووه… ئه‌سڵ و ده‌ق له ناوچووه، نیشانه شوێنی گرتۆته‌وه، ئێمه له جیهانی نیشانه‌دا ده‌ژین، له جیهانێكدا ده‌ژین زانیاری زۆره، به‌ڵام مانا كه‌مترین ئاماده‌یی هه‌یه، ئێمه له جیهانێكدا ده‌ژین وه‌ك بۆدریار ده‌ڵێت ئیتر نیشانه‌كان بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاریكراو، بۆ سه‌رچاوه‌ی مانا ناگه‌ڕێنه‌وه، پۆشاك و ریكلام و چیتر سه‌رچاوه‌ی ماناییان نییه… به‌شێك له نموونه‌ی شاعیرانی هێلی سێیه‌م، وێڕای جیاوازییان: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نی، شوعه‌یب میرزایی…
به كورتی:
له شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه ده‌كه‌ونه به‌ر شه‌پۆلی حجم و شه‌پۆلی زمان… بونیادی ده‌لالی ده‌لاله‌ت له به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌تی -حه‌قیقی و شیمانه‌یی- ده‌كات، حه‌قیقه‌ت ته‌واوی ئه‌و راستییه‌یه، كه وردبینیكراوه. به‌ڵام شیمانه‌یی ئه‌وه نییه كه خۆی ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه، كه هه‌ڵبژاردن ده‌خاته پێشه‌وه، شیمانه‌یش به دوو جۆر قسه‌ی لێكراوه، یه‌كه‌میان شیمانه‌یی نوسه‌ر، دووه‌میان شیمانه‌یی ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر… هه‌موو ئه‌وه‌ش رێكخستنی مانای چه‌سپاو و كه‌شفكردنی مانای نائاماده و خه‌یاڵی نوسه‌ر و مانای نائاماده و خه‌یاڵی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز دێنێته به‌رهه‌م…
رێكخستنی مانای چه‌سپاو و ئاماده په‌یوه‌ندی به زمانی فه‌رهه‌نگیدایه و له‌وێوه به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه، كه پێیوایه مانای ئاماده و چه‌سپاو جگه له یارییه‌كی پاشكۆئامێزی ناوه‌كی شتێكی دیكه نییه. به‌ڵام مانای نائاماده له ده‌لاله‌تی مانای خه‌یاڵكراوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ی گوتار پێكبهێنێت. بۆ به ده‌ستهێنانی مانای ئاماده و كه‌شفكردنی مانای نائاماده و خه‌یاڵی پێویستمان به پرۆسه‌ی دانان و به‌یادهێنانه‌وه و رێكخستن هه‌یه.
چه‌مكی رێكخستن له رووی زمانه‌وه چه‌سپان و دڵنیایی ده‌گه‌یه‌نێت. چه‌مكی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی رێكخستن و به‌یادهێنانه‌وه دژ ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه له چه‌مكی رێكخستندا مانای چه‌سپاو و ئاماده خۆی به‌سه‌ر شیمانه‌یی ئێستا و ئێستای زیندوودا ده‌سه‌پێت. به‌ڵام خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له سه‌ره‌تا و كۆتایی نه‌زانراوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به‌شێكی دیكه‌ی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن په‌یوه‌ندی به رووه جیاوازه‌كانی مانا و ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه هه‌یه… له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه سێ هێل له شاعیرانی دوای راپه‌ڕین و شیعری نوێی كوردی باشور و به‌شێك له شیعری كوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستنیشان ده‌كه‌م: هێلی یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه ده‌گرێته‌وه، كه هه‌وڵده‌ده‌ن له رێكخستنی ماناوه هاوسه‌نگی نێوان ئاستی گوزارشتكردن و ریتمی رسته له لایه‌ك و ریتمی وشه و مانای ئاماده له لایه‌كی دیكه بپارێزن، هه‌وڵده‌ده‌ن شێوه‌ی ئاسۆیی زمان بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی جوانی شیعر و جوانی ئاماده به یه‌كه‌وه بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه رێگا بۆ حه‌قیقه‌ت خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێ… به كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له مانای ئاماده و رێكخستنی خوددا ده‌بیننه‌وه.
چوار نموونه‌تان له هێلی یه‌كه‌م پێده‌ناسێنم: نموونه‌ی یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه‌ن كه جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌روونی و سیاسی موتوربه ده‌كه‌ن، په‌رده له‌سه‌ر گوتنی حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، له‌وانه: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله حوسێنی…
نموونه‌ی دووه‌م، له نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایی له خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه، بیر له چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌نه‌وه، بۆ گواستنه‌وه له حیكایه‌تێكه‌وه بۆ گه‌یشتن به ریتمی حیكایه‌تێكی دیكه … نموونه‌كان وێڕای جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتی، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانی، چۆمان هه‌ردی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، فه‌ره‌یدوونی ئه‌رشه‌دی…
نموونه‌ی سێیه‌می شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه هێزی گوزارشتكردن و هه‌ستی لیریكی و وڕووژانی سۆز به كه‌ره‌سه‌ی به‌رزی جوانی و ره‌وانی و ناسكی داده‌نێن. شاعیرانی یه‌كێتی گوتن و مانای گوتن جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێته‌ی ریتمی بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تی گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تی نه‌گوتن ده‌كه‌ن… له نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجی، به‌ختیار عه‌لی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئیسماعیل به‌رزنجی، هیوا قادر…
نموونه‌ی چواره‌م، نموونه‌ی گوتن به‌سه‌ر مانادا، ئه‌و شاعیرانه‌ی جه‌سته‌گه‌رایی و چێژی ئیرۆتیكی و ئاگامه‌ندی سۆزداری پێشده‌خه‌ن. نموونه: قوبادی جه‌لی زاده، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه، ژوان ئاواره…
هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له نێوان وشه و وشه، وشه و مرۆڤ، وشه و دنیا ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ی ستوونی به زمان ده‌به‌خشن، خۆیان به كۆتایی نه‌زانراو ده‌سپێرن، خۆیان به دنیابینی جیاوازی نوسینه‌وه ده‌سپێرن، میكانیزمی خه‌یاڵ به بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن. هه‌موو ئه‌وانه رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بكات… به كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له نائاگامه‌ندی و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه: نموونه‌ی شاعیرانی هێلی دووه‌م به كۆمه‌ڵێ جیاوازییه‌وه پێكهاتووه له: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یی، ره‌زا عه‌لی پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده…
هێلی سێیه‌م ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هێلی یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی مانا و رێكخستن ره‌تده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو یاسا و رێساكانی زمان و ره‌سه‌نایه‌تی ره‌شده‌كه‌نه‌وه! هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی فیكر و مه‌عریفه وه‌لا ده‌نێن، وه‌ك ریزۆم له نێوان زماندا بیر له زمان ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای نیشانه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییه‌وه، تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان مانای باو تێكبشكێنن و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، گوزارشتكردنێكی یاخی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز دابمه‌زرێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه به جوانی له‌ناكاو و له رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه به مانای نائاماده و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز بگه‌ن، رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شیمانه‌یی بدوێت، چاره‌نووسی بێ یاده‌وه‌ریین… لای شاعیرانی هێلی سێیه‌م ئه‌سڵ و ده‌ق له ناوچووه، نیشانه شوێنی گرتۆته‌وه، به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گوزارشت له خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ی ئه‌بستراكتین… به كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له تێكشكاندنی مانا و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ و بێ سه‌رچاوه‌یی و به‌رهه‌مهێنانی نیشانه و كورتبڕیدا ده‌بیننه‌وه… نموونه‌ی شاعیران: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نی، شوعه‌یب میرزایی…