ماركس و لینین و پرسی هه‌ره‌وه‌زی.. سەلام عەبدوڵڵا
(1)
سێ كوچكه‌ی كاری شیوعی و چه‌پ بریتیه له(حزب، سه‌ندیكا و كاری هه‌ره‌وه‌زی)، به‌ڵام له هیچ یه‌كیان بره‌ومان نیه. لێره تێڕوانینی ماركس، ئه‌نگلس، لینین و سۆسیالیسته‌كانیتر ده‌خه‌ینه‌روو سه‌باره‌ت به كاری هه‌ره‌وه‌زی.
كاری هه‌ره‌وه‌زی پێش و له سه‌رده‌می ماركس و لینین تا ئێستا(قۆناغی سه‌رمایه‌داری جیهانگیر)، بووه به پرسی مێژوویی و مۆدێلی نوێی مرۆڤایه‌تی دژ به سه‌رمایه‌داری له به‌رزترین قۆناغی(ئیمپریالیزم). به‌داخه‌وه پاش نزیكه تێپه‌ڕبوونی 6 ساڵ له كاری شه‌وو رۆژمان بۆ سه‌رخستنی بیر، كار، چالاكی، په‌یوه‌ندی و كلتووری هه‌ره‌وه‌زی به هه‌موو هه‌ڵه و نوقسانی و ژێركه‌وتن و سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به‌ڵام هێشتا له هه‌نگاوی یه‌كه‌مین و نه‌مانتوانی له ناو شاری خانه‌قین هه‌نگاوی دووهه‌م دابنێین و له ئاستی شاره‌كان كاری تیئۆری و عه‌مه‌لی له‌باره‌یه‌وه ئه‌نجامنه‌درا.
ئه‌توانم بڵێم(هه‌وڵه‌كانمان سه‌رنه‌كه‌وت) و هۆكاره‌كان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نموونه بۆ: 1- په‌راوێزخستنی له ئاستی په‌روه‌رده‌و راگه‌یاندن. 2- خۆدزینه‌وه له‌م ئه‌ركه. 3- بایه‌خدان به كار و چالاكی سازشكردن. 4- ده‌یان كادر خۆی ته‌رخانكردووه بۆ كاری رێكخراوه‌كانی(كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی)و راگه‌یاندنی”سه‌ربه‌خۆ”. 5- كه‌سانی نه‌زان و بێ ئاگا و دووڕوو و فێڵباز له هه‌ڵویستی ماركس و لینین و ئه‌وانیتر له‌ناو شیوعی و چه‌پ رۆڵی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی خراپتر له دوژمن گێڕا. جیڤارا ناهه‌قی نه‌بوو وتی:(9 فیشه‌ك بۆ خيانه‌تكارانی ناوخۆ و فیشه‌كێك بۆ دوژمن)! 6- چه‌پی فره‌بێژ و قسه‌ز له مه‌كته‌بیه‌كان وشه‌یه‌كیان له‌باره‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی نه‌دۆڕاند.
به‌م نووسینه دووباره ئه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ڵویستی دامه‌زرێنه‌رانی بیری شیوعی:
كاری هه‌ره‌وه‌زی شێوازی جۆربه‌جۆری به خۆی گرتووه و له‌وانه بۆ نموونه:
ڤیلی شپیله له گفتوگۆیه‌دا ده‌ڵێ: (یه‌كێتی هه‌ره‌وه‌زی جیهانی له 233 رێكخراو پێكهاتووه‌و له 89وڵات و تێیاندا 800ملیون ئه‌ندام یه‌كیان گرتووه. حكومه‌تی لۆلا د‌س سیلڤیا له سه‌رۆكایه‌تی رابردوویدا له ئه‌رژه‌نتین داوای(ئابووری هاوپشتی)كرد كه 20 هه‌زار كارگه ده‌گرێته‌وه. له ئۆروپاشدا له باسكتله‌ند له ئه‌سپانیا و(ئیمیلیا رۆماگنا) له ئیتالیا 4000هه‌ره‌وه‌زی. وێنه‌ی لیبڕالی نوێ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی بۆ مرۆڤ به‌ده‌وری موڵكایه‌تی ده‌سووڕێت، به‌ده‌وری پاره…(-هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی لیبڕالیزمی نوێی سه‌رمایه‌داریه- ئه‌مه ناوی كۆڕێكیه بۆ نموونه).
له‌پاڵ ئه‌و ئه‌زمونانه، ئه‌زموونی حكومه‌تی هه‌ره‌وه‌زی كوبا، فێنزه‌ویلا و پۆلیڤیا و چه‌ندین وڵات و ئه‌زموونیتر به رۆژئاوایشه‌وه. سه‌رمایه‌داری بووه به سه‌رچاوه‌ی تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی و ئیتر ده‌بێ به بچووكترین هه‌نگاو، بیر له ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كه‌ی بكه‌ینه‌وه.
ڤیلی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا:(عه‌داڵه‌تیش چه‌ند ئاستێكی هه‌یه، ماركس تاوانباری سۆسیالدیموكراتی كرد به‌وه‌ی كه ئه‌وان ته‌نها بایه‌خ به دابه‌شكردنی قازانجی به‌رهمهێنان ده‌ده‌ن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه خودی مه‌رجه‌كانی به‌رهه‌مهێنان دادپه‌روه‌رانه بكرێت– واته زاڵ ببین به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری- تا ئابووری بكه‌ین به موڵكایه‌تی هه‌ره‌وه‌زی مرۆڤی كارگه‌ر).
هه‌ر له‌و كاته‌وه، هه‌ره‌وه‌زی شوێنی ململانێی رابه‌رانی سۆسیالیست بووه: هه‌ڵویستی سیاسی ماركس دژی لاسال له‌باره‌ی پره‌نسیپ و پراكسیسی هه‌ره‌وه‌زی بوو. له‌باره‌یه‌وه لاسال ده‌یویست هه‌ره‌وه‌زییه‌كان یارمه‌تی پاره و قه‌رز له حكومه‌ت وه‌ربگرن و ماركس دژی وه‌رگرتنی پاره بوو له حكومه‌ته‌كه‌ی بیسمارك و ده‌یویست به‌رێوبردنی هه‌ره‌وه‌زییه‌كان له‌لایه‌ن خۆدی كرێكارانه‌وه رێك‌بخرێن.
ئێستا و له رابردوو ماركسیسته‌كانی زۆرێك له وڵاتان پێیان وایه كه كاری هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك دورگه‌یه‌كه له‌ناو ده‌ریای سه‌رمایه‌داری و هه‌روا بۆ په‌ره‌دان به خه‌باتی چینایه‌تی. چه‌وساوه‌كانی كوردستانیش وه‌ك چه‌وساوه‌كانیتری دنیا بنه‌مایه‌كی عه‌مه‌لی گه‌وره‌مان هه‌یه له كاری هه‌ره‌وه‌زی، به‌ڵام كاری جددی له‌سه‌ری ناكرێت و له ئاستیدا هه‌ر ئه‌ڵێی بتین و له‌بریدا خه‌ریك كار و چالاكی لاوه‌كین كه بستێك نامانباته پێشه‌وه.
ماركس له 1850 تا كۆچیدواییی له 1883 په‌یوه‌ندی هه‌بوو له‌گه‌ل سه‌ندیكا كرێكارییه‌كانی به‌ریتانیا و به‌رێگه‌یانه‌وه له‌گه‌ل بزووتنه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زی و بڕوای وابوو كه كرێكاران نابێ چاوه‌ڕوانی رۆژی دوای شۆڕش ببن كه رۆژێك له رۆژان پێشدێت یان نایه‌ت. به‌ڵام لێره ته‌سبیحی سه‌دویه‌ك به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و سه‌ردانی ئه‌م باره‌گا و ئه‌و باره‌گا ده‌كه‌ن وئوستادانه ئه‌رك و كاتی خه‌بات و تێكۆشان به فیڕۆده‌ده‌ن.
ماركس له هه‌ركوێ په‌یوه‌ندی له گه‌ل كرێكاران هه‌بوایه پێی وابوو هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك، هه‌ر هه‌وڵێكی سه‌ربه‌خۆی كرێكاران له‌باره‌ی ئابووری و یارمه‌تیدانی خۆ به‌خۆیی هه‌بوایه، پێشوازی لێده‌كرد، چونكه ئاوی خێرخوازی بۆرژوازی ده‌بڕی، به‌ڵام به‌داخه‌وه لێره پێچه‌وانه‌كه‌ی په‌یڕه‌و ده‌كرێت: ده‌بینین هاوڕێی شیوعی هه‌یه كار بۆ رێكخراوی خێرخواز یان به مانای خێرخوازی و”كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی” ده‌كه‌ن!
ماركس له 1860 رۆڵی سه‌ره‌كی بینی له ئینترناسیونالی یه‌كه‌م و له دیكۆمێنته فه‌رمێكاندا بزووتنه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زی به به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری زانیوه كه مانای مێژوویی خۆیی هه‌یه و ته‌نانه‌ت به(فۆرمی گواستنه‌وه له شیوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بۆ شیوعی)ده‌زانی.
ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له‌لای ماركس: بۆ یه‌كه‌مینجاره له كارگه هه‌ره‌وه‌زییه‌كان بۆ ناكۆكی له‌نێوان سه‌رمایه و كار لابرا، گه‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاریش بێت وه‌ك شێوه، كرێكار ده‌بێته سه‌رمایه‌داری خۆی.
كارگه هه‌ره‌وه‌زییه‌كان درووستكه‌ری سه‌رده‌من، چونكه ئه‌و به‌ڵگه‌یه به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن كه سه‌رمایه‌دار وه‌ك به‌رپرسی به‌رهه‌مهێنان پێویست نیه، هه‌ر وه‌ك چۆن بۆ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان بۆ سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی پێویست نین، چونكه وه‌ك گه‌نه ده‌رده‌كه‌ون.
له ساڵی 1864 ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمه‌ڵه‌ی جیهانی كرێكاران وه‌ك خه‌ڵاتكردنێك، نووسیویه‌تی: بزووتنه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك سه‌ركه‌وتنی ئابووری سیاسی كارگه‌رانه به‌سه‌ر ئابووری سیاسی بۆرژوازی. ته‌نانه‌ت وه‌ك سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر له سه‌ركه‌وتنی دیاریكردنی یاسایی كاتی كاركردن له به‌ریتانیا-10 سه‌عات كاركردن له رۆژێك ساڵی 1847-.
هه‌روا له هه‌مان نووسیندا: نابێ له به‌های ئه‌م ئه‌زموونه گه‌وره‌یه كه‌مبكرێته‌وه.
بەهۆی هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی بەرهەمهێنان، کۆمپانیا پیشەسازییەکان به هاوبه‌شی ڕێکخرا و، بە ڕاستی”، نەک بە ئارگیومێنتە تیئۆرییەکان، پێشتر سەلماندوویانە کە بەرهەمهێنان له‌سه‌ر ئاستێكی گه‌وره بەردەوام ده‌بێت و بە هەنگاو لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی مۆدێرن بەبێ بوونی چینی(ئوستاکان)، چینێك له-
دەستەکان- مه‌به‌ستی كرێكارانه-” جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش بۆ یەکەمینجاره سەلمێندرا کە کاری كرێگرته، وەک کاری کۆیلە و کۆیلایەتی لەبەردەمیدا تەنها کاتییە و فۆڕمی کۆمەڵایەتی ژێردەستە له‌ناوده‌چێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی كرێكاراندا به فۆرمی كاركردنی دوارۆژ.
مارکس ستایشی پێشەنگ و داڕێژەرانی “سیستەمی هه‌ره‌وه‌زی” لە به‌ریتانیا وه‌ك ڕۆبەرت ئۆین و ئەو بەرهەمهێنەر و چاکسازیخوازه کۆمەڵایەتی و سۆسیالیسته یۆتۆبیاكانی كرد.
(ئێمە بزووتنەوەی هه‌ره‌وه‌زی وەک یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا ده‌ناسین…ئه‌م سیستەمه زاڵمه كه به‌رهه‌مهێنه‌ری هەژاری و ژێردەستەکردنی کاره لە سایه‌ی سەرمایە، دەتوانرێت به سه‌ركه‌وتنی سیستەمی كۆمه‌ڵه‌ی بەرهەمهێنەرانی ئازاد و یەکسان سه‌ركوت بكرێت).
له كۆنگره‌ی سۆسیالیزمی جیهانی له كۆپنهاگن، لینین له وتارێكیدا باسی هه‌ره‌وه‌زی بۆ كۆمیته‌ی پرسی هه‌ره‌وه‌زییه‌كان ده‌خاته روو. له خاڵی یه‌ك و دووی پڕۆژه‌ی حزبه‌كه‌ی هاتووه: 1- كۆمه‌ڵه پڕۆلیتارییه‌كانی به‌كاربردن دۆخی چینی كرێكار باشتر ده‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن نێوه‌ندگیره بازرگانه‌كانه‌وه به هه‌موو شێوه و مۆدێله‌كانیه‌وه، به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه(…). 2- گرنگی ئه‌م كۆمه‌ڵانه له پێناوی خه‌باتی جه‌ماوه‌رانه‌ی پڕۆلیتاریادا ده‌كرێت گه‌وره‌تر بێت. به پتشیوانیكردنی كرێكاران له‌سه‌ره‌وه‌ختی مانگرتنه‌كاندا، له سه‌ره‌وه‌ختی كورتهێنان و ته‌نگه‌ژه‌كاندا، له سه‌ره‌وه‌ختی وه‌دووركه‌وتنه سیاسییه‌كان…هتد.
مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م شارستانییه‌تی نوێیه، واته شارستانیه‌تی هه‌ره‌وه‌زی ئازاد، چونكه سه‌رمایه‌داری چه‌نده بیه‌وێت خۆی”نوێ”بكاته‌وه، هه‌ر به سرووشتی مرۆڤخۆری خۆی بۆ نموونه سرووشتی(زێده‌بایی و كێبركێ) دیسان مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ باری جه‌نگ و تیرۆر و سته‌مكاری، هه‌روه‌ك چۆن له مێژووی 200 ساڵدا ئه‌نجامی داوه. سه‌ركه‌وتنی چه‌پ له وڵاتانی كیشوه‌ری سوور(ئه‌مریكای لاتین) و گه‌شه‌كردنی هه‌ره‌وه‌زییه‌كان له‌ناو خودی وڵاتانی ئۆروپاش پاش رووخانی یه‌كێتی سۆڤێت دیسان ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماند كه مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز ده‌ست له هیوا و ئامانجی خۆی بۆ بنیاتنانی دنیای ئاشتی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادی هه‌ڵناگرێت.
دنیابینی ماركس له (سه‌رمایه): (كۆمه‌ڵه‌ی مرۆڤی ئازاد كه به ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش كارده‌كه‌ن و هێزی تاكی كارگه‌ران به هووشیاری خۆیان وه‌ك هێزی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌رده‌به‌ن MEW23و92)، خه‌یاڵ نیه و
شیوعییه‌ت، واته(به‌رهه‌مهێنانی گشتی هه‌ره‌وه‌زییه‌كانه كه تێدا هه‌موو هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی گه‌ل به‌گوێره‌ی پلانێكی هاوبه‌ش رێكده‌خرێت- جه‌نگی ناوخۆ له فه‌ره‌نسا، جلدی17، 343).
ئێمه له‌به‌رده‌م دووریانی رێگای هوشیاری و پێگه‌یاندنی مرۆڤی هه‌ره‌وه‌زی بۆ ئیمڕۆ و دوارۆژ و رێگای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماوه‌ر به درووشمی درۆزنانه‌ی (ئازادی…دیموكراسی…مه‌ده‌نیه‌ت) كه له‌دواییدا هه‌ر سته‌مكاری و گه‌نده‌ڵی و چه‌وسانه‌وه‌یان لێ سه‌وزده‌بێت. به‌داخه‌وه گه‌نجینه‌ی مێژوویی گه‌وره‌مان هه‌یه له كوردستان سه‌باره‌ت به كاری هه‌ره‌وه‌زی، به‌ڵام تاقه یه‌ك كتێب شك نابه‌م له‌باره‌یه‌وه نووسرابێت.
لینین له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێ: (كۆنگره‌ی كۆپنهاگن نیشانه‌ی قۆناغی پێشكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریه كه تێدا ده‌ستی كردووه به راكێشانی هه‌ره‌وه‌زییه پرۆلیتارییه‌كان به ئاراسته‌ی خه‌باتی چینایه‌تی….)
له‌ماوه‌ی 6 ساڵدا و پێشتریش هه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌دراوه كه هه‌ر زوو به‌هۆی نه‌زانی و ناهوشیاری له ئه‌ده‌بی ماركسی، فه‌شه‌لیان پێهێنا. زۆر هه‌وڵدرا بۆ ئه‌وه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی له شاره‌كانیتریش جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام دیسان له‌به‌ر هه‌مان هۆ و هۆكاریتریش له‌لایه‌ن حزب و گروپ و كه‌سانی شیوعی و ماركسیست، پشتگوێخرا(ئه‌و كه‌سانه هیچ له‌بارن له بواری هوشیاری و كلتووری هه‌ره‌وه‌زی). كه‌سانی به‌تاڵ هه‌بوو هه‌ر زوو بوون به رێگر له‌به‌رده‌م خه‌بات بۆ یه‌كریزی سته‌ملێكراوه‌كانی بازاڕی ئازادی سه‌رمایه و، چونكه رتمی ته‌مه‌ڵی، بێ ئومێدی، بێباكی، وتی وتیان ده‌شێوێنی و ده‌یانخاته به‌رده‌م ئه‌ركی چینایه‌تی رۆژانه.
له‌به‌ر مه‌زنی هه‌ره‌وه‌زی، پاش 13 ساڵ دووباره وتاری(ده‌رباره‌ی هه‌ره‌وه‌زی)ده‌نووسێت. له‌م وتاره گومانه‌كه‌ی هاوڕێ لینین پێشی 100ساڵ، ئێستا له كوردستان هاته‌دی. لینین ده‌ڵێ: (به بڕوای من گرنگی پێویست به هه‌ره‌وه‌زی ناده‌ین. گومانم هه‌یه هه‌مووان به گوه‌ێره‌ی پێویست له‌وه تێبگه‌ن كه هه‌ره‌وه‌زی بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه.).
هه‌روا ده‌نووسێت: >>ته‌نها << ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ره دانیشتوان>> هوشیار<< بكه‌ینه‌وه ده‌رباره‌ی سووده‌كانی به‌شداریكردن له هه‌ره‌وه‌زییه‌كاندا….ته‌نها هێنده به‌سه بۆ گه‌یشتن به سۆسیالیزم، به‌ڵام ئه‌م >>ته‌نها <<یه پێویستی به شۆڕشێكی سه‌رانسه‌ریه ، پێویستی به قۆناغێكه له په‌ره‌سه‌ندنی كلتووری له‌ناو ته‌واوی جه‌ماوه‌ردا، بۆیه باشتر وایه كه‌متر فه‌لسه‌فه‌ی لێ بده‌ین)
ئایا ناكرێ ئێمه له‌بری(باس و هه‌وڵی گاڵته‌جاڕی یه‌كڕیزی و سازش له‌گه‌ل سته‌مكاران) له ئێستاوه هوشیاری وكلتووری كار و چالاكی هه‌ره‌وه‌زی له‌ناو كۆمه‌ڵگه به‌هێزبكه‌ین؟ به‌راستی سه‌خت و یوتوبیه؟!
پرۆفیسۆر و نووسه‌ر(ئیلما فاته‌ر) له وتاری(هه‌ره‌وه‌زی و ژیانی باش-Buen vivir-) ده‌ڵێ:(یوتوبیای راسته‌قیه)به‌مانای ئیرنست بلوخ- ئه‌و كاته ده‌بێته سۆسیالیزمی سه‌ده‌ی 21، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زی ئێستاماندا له‌گه‌ل ئابووری هاوپشتی و(ژیانی باش) پێكه‌وه گرێبده‌ین، ئه‌وجا ده‌توانین ئه‌ڵته‌رناتیڤی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوومان بكه‌ین به‌جێی متمانه وبۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر ئیمڕۆ ئۆڤه‌ری گونجاومان له‌به‌رده‌سته بۆ گه‌شه‌پێدانی.
له‌م وتاره هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك هاوكاری خۆبه‌خۆی هاوجه‌م، به(مناڵی ده‌ستكورتی) ناوده‌بات و ئاماژه به بۆچوونێكی ڤیلی براند ده‌كات له كتێبه‌كه‌ی(هه‌واڵه‌كان له ئه‌ڵمانیاوه)ساڵی 1946: كاتێ ده‌وڵه‌مه‌ندبووین نه‌مانوویست ببین به سۆسیالیست. ئێسستا ناچارین ببین.
براند بوو به “سۆسیالیست”، به‌ڵام وه‌ك ره‌وتی سۆسیالیزمی نێوده‌و‌ڵتی(سۆسیالدیموكرات)خیانه‌تیان كرد له سۆسیالیزم و كرێكاران و بوون به نه‌وكه‌ری بۆرژوا. ئابووری هاوپشتی بۆ به‌رگریكردن له كه‌رامه‌تی مرۆڤی زه‌لیل و توڕه. ئه‌مه زه‌مینه‌ی بۆ هه‌ره‌وه‌زی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 21 ره‌خساند وه‌ك ئه‌نجامی راسته‌وخۆی سه‌رده‌می حكومه‌تی مونعم و سیاسه‌تی توندڕه‌وی لیبڕالیزمی نوێ و رووتكردنه‌وه خه‌ڵكی هه‌ژار و ئیتر(به‌دۆلاركردنی) ئابووری په‌كیكه‌وت(…).
ئه‌وه هه‌ر ئه‌رژه‌نتین نیه، ده‌یان وڵاتیتریش به‌هه‌مان شێوه به جه‌نگی سه‌ربازی داگیركردن و ئابووری و بازرگانی به‌سه‌ریان سه‌پێنرا:
به‌هه‌مان شێوه، لیژنه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی رووبه‌ڕووی هه‌ژاری خه‌ڵك بووه‌وه: پیره‌ژنی بێ كه‌س و لانه‌واز، باوكێكی بێكار و نه‌خۆش له‌گه‌ل كوڕێكی 12 ساڵانه پێویستیان به ده‌رمان، خۆراك، كرێی خانوو، خانوو، جلوبه‌رگ، قوتابخانه، كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی، خه‌رجی نه‌شته‌رگه‌ری، كرێی هاتوچووی كچان بۆ قوتابخانه، خوێندكاری بێ ده‌رماڵه، قوتابخانه‌ی وێران…هتد.
ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه و كاری راگه‌یاندن یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سوپایه‌ك له نووسه‌ر و تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانی حكومه‌ت به‌س نه‌كه‌ین به ره‌خنه له پێناو ره‌خنه و فره‌بێژی و گه‌مژاندنی خه‌ڵك و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و عه‌قڵییه‌تی سازشكاری و له جیاتیان به‌دیلێكی رووسووری عه‌مه‌لی به پشتبه‌سستن به هوشیار و ئیراده و ویژدانی خۆمان دژ به باڵاده‌ستی لیبڕالیزمی نوێ و لێكه‌وته ترسناكه‌كانی پێشكه‌ش بكه‌ین.
له‌و بڕوایه بووین به‌ر به ره‌شبینی و بێزاری ده‌گرین و به‌مه ئومید به رۆژێكی باشتر ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ خه‌ڵك. به‌داخه‌وه سووپایه‌ك له نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌وانه‌ی خۆیان به رۆشنبیر و چه‌پ ده‌زانن(تاك و ته‌رایان نه‌بێت) رۆڵی بێده‌نگی و په‌راوێزخستنیان هه‌ڵبژارد و به‌مه(به خوشیاری یان به ناهوشیاری) خزمه‌تیان به سته‌مكاری كرد و ئه‌زموونه‌كه‌مان سنووری خانه‌قینی نه‌به‌زاند. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا:
هه‌رچۆن زۆر ئامراز و بیر‌و بۆچوونی سه‌رده‌می كوێلایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌داریش به زمان و شێوه‌ی كار و كات و ئامرازه‌كانی چوونه ناو مۆزه‌خانه‌ی مێژوو، به‌هه‌مان شێوه، ده‌كرێ(شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان، نرخ، پاره و بازاڕ) بۆ ئه‌به‌د بخرێنه ناو زبڵخانه‌ی مۆزه‌خانه‌كان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م، ته‌نها پێویستیمان به‌وه هه‌یه ده‌ستبكه‌ین به كار و چالاكی بۆ بیری هه‌ره‌وه‌زی به چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌و بیكه‌ین به ناوه‌ندی ئه‌ركه رۆشنبیری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و سیاسیه‌كانمان.
——————-
سه‌رچاوه‌ی بۆچوونه‌كانی ماركس:
1-Karl Marx, Inauguraladresse der Internationalen Arbeiterassoziation, in: MEW Bd. 16, S. 11f.
2- Karl Marx, Instruktionen für die Delegierten des Provisorischen Zentralrats zu den einzelnen Fragen,in: MEW Bd. 16, S. 195.
3- Vgl. Franz Oppenheimer, Die Siedlungsgenossenschaft. Versuch einer positiven Überwindung des Kommunismus durch Lösung des Genossenschaftsproblems und der Agrarfrage, Leipzig 1896.
4 -Karl Marx, Inauguraladresse, in: MEW Bd. 16, S. 11
- 5 Karl Marx, Instruktionen, in: MEW Bd. 16, S. 195f.
6- Vgl. Karl Renner, Sozialismus, Arbeiterschaft und Genossenschaft. Skizze einer ökonomischen Theoriedes Genossenschaftswesens, Wien 1931.
7- Karl Marx, Das Kapital. Kritik der politischen Ökonomie, Dritter Band, in: MEW Bd. 25, S. 45
8- Karl Marx, ebd.
9- Karl Marx, Das Kapital. Kritik der politischen Ökonomie, Dritter Band, in: MEW Bd. 25, S. 400.
10- Siehe Karl Marx, Das Kapital. Kritik der politischen Ökonomie, Dritter Band, in: MEW Bd. 25, S. 401f.
11- Karl Marx, ebd