Skip to Content

کورتەیەک دەربارەی کتێبی: یادەوەرێکانم لەگەڵ جۆرج تەرابیشی لە وەرگێڕانی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

کورتەیەک دەربارەی کتێبی: یادەوەرێکانم لەگەڵ جۆرج تەرابیشی لە وەرگێڕانی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2023 Books, General

ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

کتێبی ( یادەوەرێکانم لەگەڵ جۆرج تەرابیشی) لەلایەن نووسەرو وەرگێڕ هنرییت عەبودی هاوسەری بیرمەند جۆرج تەرابیشی (١٩٣٩-٢٠١٦) ەوە نووسراوە.

ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا لەلایەن رۆژنامەوان و دیپلۆماتکاری سعودی تورکى ئەلدەخیل ئامادەکراوەو هەر لەسەر داوای ئەویش هنریت عەبودی دەستی بردووە بۆ نووسینەوەی یادەوەرێکانی.
هنرييت عبودی هاوسەری جۆرج تەرابیشی، نووسەرو وەرگێڕ و خاوەنی چەندین کتێب بەزمانەکانی عەرەبی و فەرەنسی، لێرەدا بە زمانێکی باڵای ئەدەبی و پڕ لە سۆز یادەوەرێکانی خۆی لەگەڵ جۆرج تەرابیشی نووسیوەتەوە زۆر وردیش لەسەر زۆرینەی وێستگەکان و خەونە قوڵەکانی تەرابیشی راماندەگرێت. پرسیاری زۆر قوڵ لای خوێنەر جێدەهێڵێت سەبارەت بە خەون و کارەکانی بیرمەندێکی بە بنەچە مەسیحی لە وڵاتێکی زۆرینە ئیسلام دا و ئەو بەرخوردانەی لەگەڵیدا کراوە بە هۆکاری ناوەکەی (جۆرج)!

خوێنەر کە دەڕوانێتە بەرگی کتێبکە پێی وایە ئەم کتێبە قەبارە مام ناوەندیە سەر لەبەری یادەوەری هنریت عەبودییە لەگەڵ تەرابیشی، بەڵام وانییە.
سەرباری نووسینی سەرەتایەک و یادەوەرێکانی (هنرییت عەبودی) و ئەو گفتوگۆیەی (تورکی ئەلدەخیل) سەبارەت بە تەرابیشی لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، هەروەها (د.محەمەد عەبدولموتەڵیب ئەلهۆنی) نووسەر و توێژەری لیبی و (هاشم ساڵح) نووسەرو بیرمەندی سوری، رۆژنامەوان و دیپلۆماتکاری سعودی (تورکى ئەلدەخیل) بەشدارن لە نووسینەوەی ئەم یادەوەرییەدا بە پێی نزیکایەتیان و ئەو پرۆژە رۆشنبیریانەی پێکەوە بەشدار بوونە لە ئەنجامدانی.
بەشێکی تری ئەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ زنجیرە نووسینێکی جۆرج تەرابیشی بەناوی شەش وێستگەی ژیانم، کەدوواین زنجیرە نووسینی تەرابیشییە بە ساڵێک پێش مەرگی.
کۆی نووسین و قسەکانی بەشداربووانی ئەم یادەوەرییە، جەخت لەو هەموو کارە زۆرو زەبەندیەی تەرابیشی دەکەنەوە لەگەڵ ئەو هەموو رێگرییەی لە بوارەکانی ناوەندی رۆشنبیری و زۆرێک لە قەڵەمە ناسراوەکانی دونیای عەرەبی بۆی هاتۆتە پێش بە هۆکاری مەسیحی بوونی بنەماڵەکەی.
رۆژنامەوان سەعید ناشد دەگێڕێتەوە: کاتێک نامەی دکتۆراکەم پێشکەشکرد لە زانکۆی محەمەدی پێنجەم لەمەغرب کە تیایدا باسی عەقڵی عەرەبی لەلای (تەرابیشی) و (محەمەد عابد جابری) کردووەو لە توێژینەوەکەمدا پتر لایەنگری تەرابیشی بوومە، کەچی مامۆستای سەرپەرشتیار بە روومدا تەقییەوەو وتی: ( چۆن لایەنگری جۆرج دەکەیت لە دژی محەمەد!؟)
(د. ئەلهۆنی) دەگێڕێتەوە: رۆژێکیان جۆرج لە کتێبخانەی (ئیبن سینا) لە پاریس، چاوی بە فەیلەسوفی میسری (عەبدولرەحمان بەدەوی) کەوت، کاتێک بەدەوی لە زاری تەرابیشییەوە گوێبیستی ئەوەبوو کە خەریکی کارکردنە لەسەر کەلەپووری ئیسلامی دەکات، پێی وت: ( تۆ مەسیحیت، هەقت چییە بە کەلەپووری ئیسلامییەوە؟!)..
لەم کتێبەدا روبەروی زۆرێکی تری لەو جۆرە هەڵوێستانە دەبینەوە. ئەم شێوەکار و هەڵوێستانە رۆمانی ( نیشتمانی سارا)ی (میران ئەبراهام) ی بیر هێنامەوە لە شوێنێکدا هاوڕێکانی (سالار) ئاوا دەڵێن: ( ئێمەی کورد هەردەم هاوخەمی ئێوەی جولەکەین) ئەم قسەیە زوو زوو لە رۆژنامەوە نوسینەکانی ئەم سەردەمەشدا لە بەرانبەر ئێزیدێکاندا بەکار دەهێنرێت، هەروەک ئەوەی بڵێی یەکێک لە مەرجەکانی کوردبوون موسڵمان بوونە!
ئەلهۆنی لە شوێنێکی تر دەڵێت: ( جۆرج بۆی دەرکەوت ئەو توێکڵی مۆدێرنەیەی بیری دەستەبژێرەکانی داپۆشیبوو، جگە لە توێکڵێکی رووکەش شتێکی دیکە نەبوو، توێکڵێک لە ناواخنیدا نەریتێکی دەشتەکییانەی دڕندەی شاردبووەوە..)
(د. ئەلهۆنی) لە درێژەی باسەکەیدا باس لەو مێژوو تووندو تیژییەی ئیسلام دەکات کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا چ بە شێوەی جەستەیی بووبێت یان زارەکی بەسەر کەمینەی مەسیحێکان و کەمینە ئاینێکانی تردا هاتووە کاتێک لە سەردەمی عوسمانێکاندا مەسیحێکان ناچار دەکران لە رێڕەوی شۆستەکە دووربکەونەوە تا موسڵمانەکان پیایدا بڕۆن.. بۆ ئەو کارە وشەی (طورق) بەکار دەهێنرا.
تەرابیشی کێبووە لە دونیای ئەدەبی و سیاسی کوردی، چۆنمان خوێندۆتەوە و چۆن لێی تێگەشتووین ئەوە باسێکی ترە، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیام هەموو خوێنەرێکی جدی کورد زمان هەڵوێستەیەک دەکات لە بەرانبەر دەرس و تەجرەبەکانی تەرابیشی، چونکە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان هەمان دۆخی داتەپیوی دونیای عەرەبە.

لە کۆتایدا جێگای خۆیەتی بڵێین د. نەوزاد ئەحمەد وەرگێڕانێکی زۆر جوانی بۆ ئەم کتێبە ئەنجام داوە. زمانێک هیچ خۆ تەکلیفکردنێکی کوردایەتی و ناوچەگەرێتی نەکردۆتە بار بەسەر ئەم وەرگێڕانەوە.

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish