Skip to Content

دەچمەوە منداڵیم … سەلام عومەر

دەچمەوە منداڵیم … سەلام عومەر

Closed
by ئه‌یلول 22, 2019 General, Poems

لە دەرگای منداڵیم دەدەم
کەس نایا لێم بکاتەوە
حیکایەتی ئەو رۆژانەم
لێهەڵدەڕژێ و….
کەس نایا بۆم کۆکاتەوە
٭٭٭٭٭٭
حەمەی ئایشێ بەوێدادێ
دەڵێ فانۆسی شارەکەم خەرابوەو
شانۆ روناک ناکاتەوە
لە وەستا جەلال دەگەڕێم
بەڵکو بێ و بۆم چاکاتەوە
٭٭٭٭٭٭
لە دەرگای منداڵیم دەدەم
تاوێکی باش دەیکوتم
نا هیچ کەس لێم ناکاتەوە
عەزیز سەلیم بەوێدادێ
فڵچەیەکی بەدەستەوە
زۆر دڵنیام دەچێ
ناوی سەر کێلەکەی خۆی
تۆخکاتەوە.
٭٭٭٭٭
لێیدەدەم و دەدەمەوە
ئاخر دایکیشم نەماوە
بێ و دەرگاکەم لێبکاتەوە
شێواوی شاعیر دەبینم
بەبۆڵەبۆڵ
بەرەو رانیە دەچێتەوە
دەڵێ کەس نییە لەرابردووی شیعرەکانم و
کولەمەرگیم پێچێتەوە
٭٭٭٭٭
ناوەستم و هەر دەیکوتم
تا چاوی شار
لێی دەوەرێ دڵۆپە ئەشکێ
هەر لێی دەدەم
یا دەستی من
یا دەرگای منداڵیم دەشکێ.

Previous
Next
Kurdish