شیعر\ ساڵخزان.. کەمال ڕازی
Closed
ئەڵێن ئەم شەو سەری ساڵە
شار چراخانە و خامۆشە
ئەدرێ لەیەک لێوی پیاڵە
چەژنی مەست و بادە نۆشە
بەمن چی گەر ڕازاوەیە
کۆشک و تەلاری ئەم شارە
چرای خۆزگە کوژاوەیە
لای شاعیرێکی بێ چارە
بەتەنها من لەپێکی ژین
ئەنۆشم تاڵیی جودایی
قەڵای خۆڕاگریم چین چین
هەرەس دێنێ بەئەسپایی
کەدوور بم لەبزەو خەندە
بەمن چی شار بەهەشتێ بێ
دڵێک لەسینەدا بەندە
تاکەی چاوەڕێی گەشتێ بێ
چاوەڕوان بووم لەپێکێکا
خەمی دنیام بیرچێتەوە
چاوەڕوانیم بێتەکۆتا
بەفر ئاسا بتوێتەوە
لای خەڵک شەوی یەڵدا بێ
لای من ڕۆژگاریش دەیجوورە
لەئاست دڵۆپێ فرمێسکا
خەمی شاعیر بێ سنوورە
کەمال ڕازی