
ناسنامه … ده‌ق: مارف عومه‌ر گوڵا …ڕه‌خنه: عه‌لی شێخ عومه‌ر
له زمانی باڵدار ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێلانه‌كه‌ی لێ ڕووخابێ.. حاڵی ده‌بم
له گریانی مناڵ ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌مكی دایكی به یه‌كجاری لێ بڕا بێ
حاڵی ده‌بم
له هاژه‌ی باو بۆران ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به سه‌ر كولبه‌ی ئاوارانا تێ بپه‌رێ
حاڵیی ده‌بم
ئاخر چی بكه‌م
كه نینۆكم به‌گژ په‌نجه‌كانما بچێت
كه ددانم له ده‌م و لێو یاخی ده‌بێ
كه برژانگم به ناو چاوما ده‌شكێته‌وه
نازانم بۆ داده‌نیشم ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ؟
ئیتر بۆمبا بارانی ئه‌م دڵه‌م مه‌كه‌ن
با ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستیم
له شه‌وی ساماڵ و گه‌شما لێم نه‌تۆرێ
قیبلهنۆمایهكم هه‌بێ له دڵمایه
با رێگه‌ی خۆم لێ نه‌گۆرێ
- * *
گه‌رمیانی بۆ بارانی تینووی دڵمیان سووتاند
من نه‌مردم
كوێستانی به هۆبه و هاوار ڕاهاتووم یان گڕتێبه‌ردا
هه‌ر نه‌مردم
كه یه‌كه‌م جار نیشتیمانم له‌ت له‌ت كرا
ئه‌و ڕۆژه بۆ من نه‌مردم
یه‌كه‌م گوندی وڵاته‌كه‌م وێرانكرا
خۆزگه ئه‌و ڕۆژ ده‌مردم
بێ نیشتیمان بچمه هه‌ر كوێ
له دووره‌وه گشت په‌نجه‌ره‌و
ده‌رگایه‌كم لێ داده‌خه‌ن
ئا ااا خ
نیوه شه‌و له شیرینی خه‌ودا ده‌رم ده‌كه‌ن
11 /1987 بناری قهندیلچهمكی ئهنتولۆژیاو دۆزی ناسنامه
ڕه‌خنه: عه‌لی شێخ عومه‌ر
شیعر گه‌ر وه‌ك په‌یامێك لادن بێت له جیهانی ڕیالیزمی، به‌شێك بێت له فێگهرهكانی ئیستاتیكا، ئه‌وا له ئاست كه‌م وكوری دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، جیهانێكی فانتازی له نامۆبوون فه‌راهه‌مده‌كات، ده‌رگایه‌ك به ڕووی حه‌زو خوازهكانیدا ده‌كاته‌وه، بۆ گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كانی بۆشاییه‌ك له ناو نه‌ست و خه‌ونه‌كانیدا پڕده‌كاته‌وه، پاژێك له ئه‌زموونه‌كانی پێ خهنیدهكات، شاعیر له ڕیگای كێشانی وێنه‌ی شیعرییه‌وه ده‌توانێ ئاماژه به ناكۆكی بدات، گوزارشت له هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكدا بكات، داكۆكی له‌و ده‌نگه نزم و به‌رزانه بكات كه هه‌ست ده‌ورژێنێ، به دوایی خۆیدا پرسیار به‌جێده‌هێڵێت، پاشینه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ڵمژین و په‌خشكردن ده‌كاته جێكه‌وتی ده‌ركه‌وته‌كانی نووسین، به جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان، به‌دواچوون و داگه‌ڕان، پۆلینكردنی هه‌سته‌كان، به‌دوایی خۆیدا ده‌هێنێ، به ڕاشكاوی له پیاده‌رۆی گێڕانه‌وه‌دا سنوور و ڕیتم و جیهانی هۆنراوه، ڕه‌هه‌نده‌كانی مانا و گووتاری شیعری دیاریده‌كات، شاعیر ده‌توانێ مه‌به‌سته‌كانی له نێو شیعردا نیشان بدات، “ئه‌ی شیعر ئه‌گه‌ر دونیا نیشان ناداداتهوه، ئه‌گه‌ر جیهان پانتاییه‌كی وه‌ده‌رنراوه له شیعر، شاعیر(خودی قسه‌كه‌ر) چۆن و به‌چ شوناسێكه‌وه ده‌چێته ناو ئه‌و ئه‌زمونه‌و لێیدێته ده‌ره‌وه”1، “شیعری ناسنامه”2، یه‌كێكه له شیعره جوانه‌كانی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیر، ئه‌م هۆنراوه‌وه‌یه له ساڵی 1987ی ز دا نووسیوه، به‌رایی هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه ده‌منخاته به‌ر دیدگای داوایه‌ك، وشه‌یه‌كه داوایه‌كه به به‌رته‌قای جیهانێ قورسه، داوایه‌كی فره ڕه‌هه‌نده، هه‌ڵگری چه‌ندها خواستی جیاوازه، تراژیدیایی ده‌نگێكه له كانگای ناخه‌وه دێ، داوایی جیابوونه‌وه له‌وی تر یان له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌كات، مادام جیابوونه‌وه سه‌رتای بوونه، بوونیش هه‌ڵگری ناسنامه‌یه، دوالیزمه‌ی بوون وناسنامه، هه‌بوونی یه‌كێكیان سه‌لماندنی ئه‌وی تریانه، ڕاساندنی یه‌كێكیان، په‌نجه نۆمایه بۆ ناسینی ئه‌ویتر، ناسنامه چه‌ند هاوشێوه‌بوون له ئامێزده‌گرێت ئه‌وه‌نده‌ش ده‌ركه‌وته‌كانی جیاوازی بوون ئاشكراده‌كات، ناسنامه لێره‌دا له ڕێگای به‌رامبه‌ره‌وه به به‌راوورد له‌نێو جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، سنووری خۆی ده‌كێشێت، درێژه به گه‌شه‌پێدانی خۆیده‌دات، دابڕان ڕه‌تده‌كاته‌وه، ئیمێڵ دۆركایم گووته‌نی “شوناس له ڕێگه‌ی نه‌شونماكردنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێكدێت”3، له ئاستێكی دیكه‌دا ناسنامه یان شوناس پرسیارێكه ڕووبه‌ڕووی وهرگردهبێتهوه، له شوێن خۆیدا ڕایده‌گرێت، ئه‌گه‌ری گه‌ڕان و خۆدۆزینه‌وه به دوایی خۆیدا ده‌هێنێ، دۆزینه‌وه‌ی خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن له نێوان شاعیر‌و وه‌رگر، له پهرچهڤهكردنی خه‌مه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ، شاعیر ده‌توانێ له ڕێگای خه‌مه‌كانییه‌وه تێبگات، ئاوێزانی گرنگی شیعرهكهیمان بكات هاوسمان ده‌ڵێت “گرنگی شیعر خۆی ڕێكخستنی خه‌مه‌كانی جیهانه”4، ئاراسته‌كردنی وه‌رگر و به‌شداریكردنی له كرانه‌وه‌ی ده‌ق له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی ههڵكراندنی مانادا، هه‌وڵێكی ئاوێته‌بوونه، گه‌یشتنه به مانای چه‌مكه‌كانی خه‌م و نه‌هامه‌تی، پێشهاته‌كانی خه‌م ته‌نیا نییه له نێوان پێكهاته‌ی ده‌ق و خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگردا، به‌ڵكو له نێو كرده‌ی په‌یوه‌ستبوون و یه‌كبووندا، به‌شدارێكی ئه‌كتیڤه له نووسینه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌ق و گرێدانی ناو ده‌قه به ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، به‌م ئاقاره‌شدا، ده‌ق خۆی له ده‌سه‌ڵاتی تاكه كه‌سی ڕزگارده‌كات، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن له‌ته‌ك وه‌رگردا مسۆگه‌رده‌كات، به‌مه‌ش هه‌نگاوی داگهڕانێك، نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌قه شیعرییه‌كه‌دا مهیسهردهكات، له به‌راییه‌وه ئه‌مه به‌شێكه له كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری “ناسنامه”
ناسنامه
له زمانی باڵدار ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێلانه‌كه‌ی لێ ڕووخابێ.. حاڵی ده‌بم
له گریانی مناڵ ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌مكی دایكی به یه‌كجاری لێ بڕا بێ
حاڵی ده‌بم
له هاژه‌ی باو بۆران ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به سه‌ر كولبه‌ی ئاوارانا تێ بپه‌رێ
حاڵیی ده‌بم
شاعیر له ڕێگای زمانه‌وه له دووتۆی گرته‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌ستێ به كێشانی وێنه‌یه‌ك، كه ده‌بێته بنه‌ما بۆ جوڵاندنی وێنه‌كانی دیكه‌ی هۆنراوه‌كه، شاعیر به تواناوه ڕه‌نگی هه‌سته‌كانی په‌خشده‌كات، تێیڕاده‌مێنێ و گوێ قۆڵاغیان ده‌بێت، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، وه‌ك ئهلتهرناتیڤیًَ ده‌توانێ هه‌ستی بینین بكاته هه‌ستی بیستن، ئه‌م ئاڵوگۆره لهخورا نه‌هاتووه، به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی ئاماژه‌دار، كاردانه‌وه‌ی كرده‌یه‌كی نه‌ویستراو و نه‌گونجاوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاعیر نكۆڵی ناكات له به‌كارهێنانی زمانێكی بازنه‌یی تا به‌رده‌وامی بدات به لێكدانه‌وه‌ی تێڕامانێك كه به كاره‌ساته‌وه بارگاوی كراوه، به‌مه‌ش ده‌توانێ جیاوازی له پرینسیپه‌كانی مانای شیعریدا دروستبكات، وێنه‌و ستایلێكی جیاواز فه‌راهه‌مبكات، هه‌ر له چه‌مكه‌كانی خه‌مه‌وه هه‌تا گه‌یاندنی مه‌به‌ست له ڕاییكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ نیشتیمان‌دا، به مانا فراوانه‌كه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ بژێویدا دروستده‌كات، ته‌نگه‌ژه‌ی بوون و ناسنامه تێدا دیسپلێن ده‌كات، نه‌بوونی زمانی له‌یه‌كگه‌یشتن بانگه‌شه‌یه‌كه، فاكتهریًكی به‌هێزی جوڵه‌پێكردنی هه‌سته به‌رانبه‌ر به ئه‌وی تر، زمان وه‌ك په‌یامێك واتای جیاوازی ده‌گه‌یه‌نێ، مانای جیاواز ده‌به‌خشێت، پشت تێكردنی له دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ، لابردنی زمان، گۆڕینی بۆ زمانی وێنه، یه‌قدانه‌وه‌ی هه‌ستێكی دركپێكراوه له نێو نه‌ستی شاعیردا لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاشنا‌و ته‌با وه‌رده‌گرێت، هاوشێوه‌بوونێك، خه‌مێك، له جیاوازی زمان، له جیاوازی مرۆڤ و باڵنده گه‌وره‌تر به یه‌كه‌وه گرێده‌دات، له وێنه‌یه‌كدا كۆییان ده‌كاته‌وه، جیاوازی ناكات له دابه‌شكردنی خه‌مه‌كان، له كێشانی ئه‌و وێنانه‌ی كه له زاكیره‌دا فۆرماتناكرێ، له سكێچی وێنه‌ی شیعریدا، درككردن به نه‌هامه‌تی، یه‌كبوونی زمانی خه‌م، گواستنه‌وه‌ی كاره‌سات، خۆی له ناوه‌خندا كۆدیتایه، هه‌ڵگری په‌یامێكه، كار له‌سه‌ر ڕۆنان و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌كات، شاعیر له كاتی ئاسایی‌دا، تێناپه‌رێ تا دیار هه‌وێنی نادیار بگرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌موو نادیارێك به دیارێك ده‌ستنیشان ده‌كات، نا دیارێكیش ره‌تده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش به پێی تێزی هیگڵیی “هه‌موو دیاریكردنێك نهفیكردنیشه”5، به‌ڵام كاتێ له هاوكێشه‌ی كۆتاییدا، ده‌بینین سڕینه‌وه‌ی ناسنامه، هه‌ڕه‌شه مانه‌وه و ته‌نگه‌ژه‌ی بوونی به دواوه دێت، شاعیر له ڕێگای پهرچهڤهكردنی خه‌م و ئازاره‌كانیه‌وه به‌وه‌ی له زمانی خه‌م ده‌گات، هه‌ستی تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون له‌گه‌ڵیاندا دابه‌شده‌كات، به زمانی خه‌م، تراژیدیای شكست له سێ ئاستی وێنه‌دا تۆمارده‌كات، ئاستی یه‌كه‌م: هه‌ڵكه‌ندنی پێگه‌و وێرانكردنی شوێنه، سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌یه، له نێوبردنی مۆرك و سه‌قامگیریه، به ده‌رئه‌نجام په‌رته‌وازه‌ی و ئاواره‌یی ده‌خاته‌ڕوو، ئاستی دووه‌م: ته‌واوكه‌ری پاژی یه‌كه‌مه به زه‌وتكردن و وه‌ستاندنی هۆیه‌كانی بژێوی ژیانه‌وه به‌نده، ڕاده‌ستبوونی نه‌وه‌كان و ئایندهی نیشتیمانی دایكه بۆ مردنێكی له‌سه‌رخۆوه وێناكراوه، سڕینه‌وه‌ی ناو ناسنامه‌یه، له ئاستی سێهه‌مدا: باو باران وه‌ك كۆدێك به‌كارهێنراوه، په‌یامێكه بۆ دڵڕه‌قی، به‌كارخستنی هێزێكی كوێری سروشت، ئاوێته‌كردنی هێزی سروشت، توانه‌وه‌ی له‌نێو زوڵم زۆری هێزی سته‌مكاران، به‌ده‌رخستنی جۆرێكه له دیوه نه‌رێنییه‌كه‌ی ژیان، پیاده‌كردنی ئه‌و دیوه قێزوهنهی ڕامیاریه، كه له كرده‌ی داگیركارییدا وشك وته‌ڕ به یه‌كه‌وه ده‌سووتێنێ، جگه له زمانی چه‌ك و به‌رژه‌وه‌ندی، له زمانی تر حاڵی نابن، نه جریكهی باڵنده له كاتی وێرانكردنی هێلانه، نه گریانی ساوایه‌ك بۆ شیری دایك كرده‌ی وه‌ستانیان ڕاناگرێت، له سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی كرده‌ی دابڕان‌دا درێغی ناكه‌ن له‌وه‌ی ، باڵنده له هێلانه، ساوا له مه‌مكی دایكی، سێڤیڵ له ماڵ و حاڵیان بكه‌ن، گه‌ر له گۆشه‌یه‌كی گشتگیرییه‌وه داگه‌ڕانی بۆ بكه‌ین، له نێوان هه‌ر یه‌ك له هێلانه و مه‌مك وه‌ك خوازه لێكچواندنێك هه‌یه، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، به نیشتیمان هه‌ژماركراوه، هه‌ریه‌ك له باڵنده‌و ساوا و هاووڵاتی، هه‌ر سێكیان بێ جیاوازی له ئه‌نجامگیریدا، ده‌چنه خانه‌ی بێ لانه‌وه، یان ئاواره‌وه، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ، له فه‌رهه‌نگی ڕامیاری داگیركردندا، هه‌ر له باڵنده‌وه بیگره تا ساوا، ئینجا هاووڵاتی بێ گوناه، چۆن له ژێر ناسنامه‌ی یاساكانی ده‌وڵتدا، بێ جیاوازی ده‌چه‌وسێنه‌وه، چۆن به به‌رچاوی جیهانه‌وه، به ئاشكرا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌و دابڕانی ناسنامه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، باڵنده به ناسنامه‌ی هێلانه‌وه، ساوا به ناسنامه‌ی مه‌مكی دایكییه‌وه، سیڤیڵ به ناسنامه‌ی ماڵ و خاكه‌وه، گرێدانی ئه‌م ڕووداوانه به دیارده‌كانی سرووشته‌وه، وه‌ك هاژه‌و باوبارانهوه، ڕێپێدانێكی شه‌رعییه به ئاسایی كردنه‌وه‌و به سروشتكردنی دۆخكه، كه له سیسته‌می جیهانیدا به پیاده‌كردنی دروشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ده‌ناسرێت، مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزێ، له نه‌خشه‌ی جوگرافیادا چه‌سپاندن و وێناكردنی سنووره‌كان ، به هێڵی سوور كێشراون، ئه‌مه‌ش به مانای وه‌ستان و چه‌قین و تێنه‌په‌رین دێت، ئه‌م دۆگمابوونهو پیرۆزكردنه‌ی سنوور، به هیچ ڕێسا و پێوانه‌یه‌ك ناچێته ژێر ڕكێفی هیچ یاسایه‌كی مرۆیی، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر بۆ پاراستنی سنووری خۆی، ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات، گشت ڕێگایه‌كی نامرۆیی بگرێته به‌ر، هه‌ر له كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ری و به دیلگرتن و ..هتد، له هه‌مان كاتدا، له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئه‌و مافه گه‌ر به ههرهمهكیش بێت، له باڵنده‌یه‌ك یان له غه‌ریزه‌یه‌كی سروشتی ساوایه‌ك قه‌ده‌غه ده‌كات، داكۆكی له سنووری غه‌ریزه‌كانی مانه‌وه به‌شێكه له ناسنامه، جا ئه‌و بوونه‌وه‌ر هه‌ر چیی بێت، گه‌ر باڵنده بێت یان ساوا یان مرۆڤی كامڵ، هه‌ر ڕۆحه مافی ژیانێ ئاسووده‌یان هه‌یه ، بێگومان وشه‌ی باڵنده، یان ساوا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك، یان پێوه‌رێك به‌كارهێنراوه، تا له‌و رێگایه‌وه بهرتسكردنهوهی ماف و قه‌واره‌ی ئازادییه‌كان بخاته ڕوو، ئه‌و مافه سروشتیانه چه‌ند بچووك و بێ بههاشبن، له پاراستنی شوێندا لای ده‌سه‌ڵات مانای یاخیبوون به ده‌سته‌وه ده‌دات، گه‌ر پێدراوه‌كانی شوێن، هۆكارێك بن بۆ سه‌قامگیری و پاراستنی سنوور و ناسنامه، ئه‌وا ده‌رهاویشته‌كانی له‌قكردنی شوێن به ناچاری ناشوێن به‌رهه‌مده‌هێنن، سنووره‌كانی ناسنامه كاڵده‌كه‌نه‌وه، دیارده‌كانی ئاواره‌بوون تۆخ ده‌كه‌نه‌وه، ساڵ له دوای ساڵ دیارده‌كانی ئاواره‌بوون زیاتر ده‌كه‌ن، ده‌بنه زۆرینه، دیارده‌ی زۆرینه به مانا باوه‌كه‌ی، هه‌میشه قه‌واره‌ی ئاسایی بوون و نۆرماڵبوون وه‌رده‌گرێت، پێچه‌وانه‌ی كه‌مینه‌یه كه خۆی له تایبه‌تمه‌ندیدا ده‌بینێت، له‌م باره‌دا تراژیدیای جیابوونه‌وه‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه ، درزێك له خه‌سڵه‌تی گۆڕینی ناسنامه‌دا فه‌راهه‌مده‌كات، جگه له هێمای كه‌سایه‌تی، هێمای نه‌ته‌وایه‌تیش هه‌ڵده‌گرێت، جیابوونه‌وه‌ی به‌زۆره‌ملێ، هه‌ڵكه‌ندن له زێد‌و نیشتیمان، دابڕانه له شوێن، له ڕابردوو، له شارستانییه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناشوێن، بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێ، هه‌وڵدانه بۆ زه‌وتكردنی ناسنامه، ئاواره‌بوونه، مێژوو له قۆناغێكی شكستدا، چۆن ده‌یه‌وێت ناسنامه‌مان لێ زه‌وتبكات، به هه‌مان شێوه‌ش ده‌یه‌وێت زه‌وییمان لێ بسێنێ، ئه‌مه‌ش كاتێ ئایدولۆژیایی ناسیۆنالیزمی توندره‌و، ڕاسیزم ده‌رده‌كه‌وێت، گه‌شه‌ده‌كات، ته‌نیا خۆی ده‌بینێت، ئاواره به‌رهه‌مده‌هێنێ، به‌رهه‌مهێنانی ئاواره‌بوون، چه‌كێكه نه‌یاره‌كانی پێدهترسێنێ، هه‌م قه‌ره‌بووی گومانێك ده‌كات ته‌نگه‌ژه‌ی ناسنامه‌ی خۆی پێ ده‌شارێته‌و، ڕووخساری ئاواره، ده‌نگێكه له گوێی ڕاسیزم دا، سه‌دای تاوانێكی گه‌وره ده‌كات، داوای گێڕانه‌وه‌ی مافێكی ڕهوادهكات، داوای ناسنامهدهكات، كه هێمای شوێن و نه‌ته‌وه‌یه، دابه‌شبوونی ناسنامه و ده‌نگی ئاواره له نێوان خه‌می ئێستای ئاماده‌و خه‌ونی ڕابردووی بهرهنگاریبوون، كه‌سێكی ئه‌رێنی له فیداكاری و كه‌سێكی نه‌رێنی له ڕاده‌ستبوون به چاره‌نووسێكی نادیار فۆرمۆڵه‌ده‌كات، پرسێك زه‌ق ده‌كاته‌وه، چیبكه‌ن باشه، چۆن بیر له ناسنامه نه‌كه‌نه‌وه، بیر له تێكچوونی په‌یوه‌ندی به شوێن و زێد نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌ی سنوور، ناكرێت بیر له سنوور نه‌كه‌ینه‌وه، سنوور دنیایی دابه‌شكردووه بۆ نیشتیمان و نانیشتیمان، بۆ ناسنامه‌و ئاواره، شوێن و ناشوێن، بوون و نه‌بوون، ده‌نگ و بێده‌نگی، بۆ زمان و نازمان، بۆ ماف و بێ ماف، مارف عومه‌ر گوڵ وه‌ك ماف په‌روه‌رێك، شاعیر‌و یاساناسێك، چاك ده‌زانێت له چ ده‌رگایه‌ك ده‌دات، چیی ده‌بیستێت، به چ زمانێك ده‌دوێت، چۆن له زمانی باڵنده، مناڵی ساوا، له ڕهشمالًی ئاواره‌كان حاڵی ده‌بێت، به‌رگه ده‌گرێت خه‌میان له‌گه‌ڵدا دابه‌شده‌كات، چۆن له‌تكردنی سه‌قامگیری پارادۆكسێ بهرهمدههێنێ، ئاواره‌یی و ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌می لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌رامبه‌ر به شوێن سروشتییه له ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌مه‌وه داكۆكی له ناسنامه و له دیاریكردن سنووربكات، وه‌ك ئه‌مه‌گ مێژوویه‌كی ڕووناك تۆماربكات، زۆردار به گومان و به قه‌یرانی ناسنامه‌وه، سروشتییه داكۆكی له مرۆڤ و ناسنامه‌كه‌ی نه‌كات، ڕق وكینه له ده‌رگا قێزوهنهكهی مێژووه‌وه، ئاینده‌یه‌كی تاریك له دنیایی ڕامیاریدا تۆمارده‌كات.
ئاخر چی بكه‌م
كه نینۆكم به‌گژ په‌نجه‌كانما بچێت
كه ددانم له ده‌م و لێو یاخی ده‌بێ
كه برژانگم به ناو چاوما ده‌شكێته‌وه
نازانم بۆ داده‌نیشم ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ؟
ئیتر بۆمبا بارانی ئه‌م دڵه‌م مه‌كه‌ن
با ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستیم
له شه‌وی ساماڵ و گه‌شما لێم نه‌تۆرێ
قیبلهنۆمایهكم هه‌بێ له دڵمایه
با رێگه‌ی خۆم لێ نه‌گۆرێ
شاعیر له پهرهگرافهكانی سه‌ره‌تایی شیعره‌كه‌یه‌وه، چه‌مكی تێگه‌یشتنی باو له ژێر هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تیدا، حاڵیبوونی خۆی به‌یانده‌كات، به‌ڵام لێره‌دا به پێچه‌وانه‌وه، “نازانم” ده‌كاته ده‌سكه‌لای خۆی، به دیوێكدا ڕاده‌ستبوونی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، نازانێت چییبكات، چۆن ڤیزه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی وه‌رگرت، لێی دانیشت، نازانێت چییبكات، ڤێگهری ئه‌م ئاراسته‌یه چیی بوو ده‌نگ و هه‌ڵوێستی شاعیری گۆڕی، له‌پشت هه‌ر ده‌قێكی ئاشكرای هۆنراوه‌دا، ده‌قێكی شاراوه هه‌یه، له بنه‌رتدا په‌یوه‌ندییه‌كی دیالێكتی له نیوان ده‌قی گوتراو و ده‌قی شاراوه‌دا هه‌یه، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێك ده‌قێكی نادیاری له‌پشته، سێبه‌ره‌كه‌ی وێزه‌ی خوێنه‌ر به‌رنادات، به‌مه‌ش بوونی جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كه‌ی بۆ چه‌ند ده‌نگێكی جیاواز پۆلین ده‌كات، ڕوونی ئایدیافۆن به ئاشكرا دیاره، چۆن گوزارشت لهخۆیدهكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات، ڕه‌وتی هۆنراوه‌كه به شێوازی به دواییهكداهاتن دا گه‌شونما بكات، جیاوازی دروستبكات، پاشینه و زه‌مینه‌ی كێشانی وێنه لێره‌دا، پته‌وكردنی پێكهاته‌ی مشت‌ومڕ و ململانی له نێوان گشت و به‌شدایه، ئه‌م ململانیه ئاسایی نییه، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ ڕه‌هه‌ندی جیاوازه به‌وه‌ی له ناو خۆدایه، هه‌وێنی ڕووداوێك نییه، پاشینه‌ی نه‌بێت، ڕێساكانی گه‌مه‌كردن تێدا نادیاره، بریاردان ده‌رباره‌ی تێزه‌كانی دژواره، به‌وه‌ی كرده‌ی هه‌ر جوڵه‌یه‌ك، لێكدانه‌وه‌یه‌ك، بریار وه‌رگرتن هه‌ر لایه‌كیان، به دژایه‌تی خۆی و ئه‌وه‌ی تر ده‌وه‌ستێته‌وه، مێمڵایهتی هه‌ر لایه‌كیان، مێمڵایهتییهكه خۆی ده‌گرێته‌وه، به هه‌ردوو سه‌ر زیانه‌كان بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، شه‌ری دوانه‌ی من و ئه‌وه، خود و بابه‌ته، تاك و كۆیه، په‌نابردن بۆ خودئاگایی ئاوێته‌كردنی له ناو خه‌یاڵدا، بایهخدانێكه له ناو وێنه‌و فه‌رهه‌نگی شیعریدا، ڕیاڵ ده‌شكێنێ و پێگه‌یه‌كی ناته‌با به‌رجه‌سته‌ده‌كات، له بنیادی درامادا خاڵی وهڕگهڕانه، له نیًوان من و ئه‌ودا، خود و بابه‌تدا، لێكترزانی ده‌نگه، لهیهكنهگیشتنه، له ڕێره‌وی گشتیدا، ته‌وه‌ری ئه‌م ناله‌بارییه گۆڕان و كاره‌سات دروستده‌كات، ئاراسته‌ی ده‌نگه‌كان به لایه‌كی تردا ده‌بات، گه‌ر به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی ئاسایی باوی زماوانییهوه بێت، بۆ نموونه دوانه‌ی (په‌نجه‌و نینۆك، ده‌م ولێوو دان، چاو و برژانگ) گه‌ر ته‌واوكه‌ری یه‌ك نه‌بن، ده‌بێ هاوكارو ئاشنای یه‌كبن، به‌ڵام ڕێبازی پاساو هێنانه‌وه، مۆتیڤه له‌سه‌ر ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندی شاعیر به ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، كاتێ له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا ناشكێت، به به‌شێكی خۆی ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی شاعیر چاوه‌روانی نه‌ده‌كرد ئه‌وه بوو كه ڕوویدا، به‌شێك له جه‌سته‌ی خۆی دژی خۆی بوه‌ستێت، ململانی له ته‌كدا بكات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند لادانه له زمان و مانای باو، جێی پرسیاره، له ڕووی میكانیزمی جوولًه و فهسلهژهوه پاردۆكسێ فه‌راهه‌مده‌كات، به‌ڵام به هه‌مان ڕاده‌ش نزیكبوونه‌وه‌یه له زمانی شیعری، زمانی شیعری چه‌ند له زمانی باو دووركه‌وێته‌وه له خودی شیعر نزیك ده‌بێته‌وه، ده‌ق كاتێ ده‌توانێت به ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت كه پێوه‌ره هونه‌رییه باوه‌كان بشكێنێت به گووته‌ی ئایزه‌ر ” ئه‌ده‌بی به‌تاڵ و بۆش ده‌بێت گه‌ر هاتوو خۆی به شته باوه‌كانه‌وه به‌سته‌وه كه پێشتر هه‌بوون”6 بۆیه گه‌ر له گۆشه‌نیگای ته‌رزی ڕیزكردنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌وه به‌دواچوونێك له ڕسته‌كاندا بكه‌ین، ده‌بینین پێچه‌وانه‌یه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ی به‌شێكی جه‌سته ڕیزكراوه، شێوازی ئه‌م ڕیزكردنه ههرمهكی نییه، له‌خۆرا نه‌هاتووه، شاعیر له وێنه‌یه‌كدا هاوشێوه‌بوونێك له نێوان به‌شێك له جه‌سته‌ی خۆی به بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی جه‌سته‌ی كوردی هه‌ژمارده‌كات، شاعیر له وێنه‌كه‌ی ناخی خۆیدا جه‌سته‌ی وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی جه‌سته‌ی بزوتنه‌وه‌ی كوردی به‌رجه‌سته‌ده‌كات، مێژووییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، چۆن ره‌گه‌زه‌كانی جوڵاندنه‌وه‌ی تووشی قه‌یران هاتووه، چۆنیش له نێو تاكه‌كانیدا به پێچه‌وانه‌ی ویسته‌كان ده‌جوڵێته‌وه، پاژ له دوای پاژ له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه یه‌قده‌داته‌وه، هاوپێچ ئهنهلۆگێك له‌ته‌ك ڕووداوه نه‌ویستراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا فه‌راهه‌م ده‌كات، گه‌ر په‌نجه بنه‌مایه‌ك بێت بۆ جوڵاندنهوهو ئاماژه‌پێكردنی مه‌به‌ستێك، نینۆك دهرهاویشتهیهكه خراوه‌ته سه‌ر په‌نجه، میكانیزمی ئیشكردنه‌كه‌ی ئاراسته‌یه‌كی سروشتییه له ناوه‌وه گه‌شه‌ده‌كات بۆ ده‌ره‌وه، به‌ڵام كرده‌ی به‌گژاچوونه‌وه وه‌ك هێمایه‌كی دژه سروشت ئاماژه‌ی بۆ كراوه، هه‌ڵبه‌ت به‌بێ فشاری هێزێكی ده‌ره‌كی محاڵه ئه‌م كرده‌یه پێچه‌وانه بكرێته‌وه، ئاراسته له ده‌ره‌وه بگۆڕێت بۆ ناوه‌وه خۆی، خۆی بخوات، ئه‌م بگژاچوونه و خۆخۆرییه له جه‌سته‌ی كوردبووندا، تا كۆی بڕده‌كات، تا كه‌ی له ژێر فشاری ده‌ره‌كیدا دژ به‌یه‌ك كارده‌كه‌ن، كار به‌وه‌نده‌وه ناوه‌ستێت، شاعیر له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه به‌شێكی تر له جه‌سته ده‌خاته ڕوو وه‌ك گشت باس له ده‌م و لێو ده‌كات، یاخی بوونی دان له ده‌م ولێو ده‌رخه‌ی ته‌شه‌ری به‌شه له گشت، تێكدانی ڕووكاره جوانه‌كانی ناسنامه‌ی جه‌سته‌یه، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ڕیزی كه‌ره‌سته‌كانی گه‌یاندن و گفتوگۆدا یهكنایهتهوه، قسه و گووتار دروست ناكه‌ن، دوا شتی ئه‌و ڕیزبه‌ندییه ئاوه‌ژووه، شاعیر دێته سه‌ر ئه‌ندامی چاو واتا بینین و تیڕوانین، برژانگ وه‌ك به‌شێك له‌بری ئه‌وه‌ی وێنا‌و دیده ڕوونكاته‌وه و رێكیبخات، كه‌چی ڕۆڵی تێكده‌ر ده‌بینێ، به‌ناویدا ده‌شكێته‌وه، ده‌یه‌وێت كوێری بكات، چاو جگه له‌وه‌ی قیبله‌نومای جه‌سته‌یه ڕێگایه‌كه بۆ بیركردنه‌وه و تێڕامان و هه‌ڵسه‌نگاندن، جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته، نه‌گونجاندنی په‌نجه و ده‌م ولێوو چاو له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی نینۆك و دان و برژانگ ، گه‌ر به دیوێكی فراوانتر دهگهڕانی بۆ بكه‌ین، ده‌كرێ جێكه‌وتی ئه‌م هه‌ڵوێسته درامییه، به ئاشكرا وێنه‌ی شقڵێكی ڕامیاری تێدا بشۆینه‌وه، به‌پشتبه‌ستن به ساڵی نووسینی شیعره‌كه، به دووری نازانین، كاریگه‌ری به‌شێك له شه‌ری برا كوژی له‌سه‌ر بێت، باس له به‌گژاچوونی برا به‌رامبه‌ر به برا ده‌كات، جه‌سته له بری گونجاندن و یه‌كبووندا چۆن له نێو دژهوابوونێكدا، له‌نێو هاوكێشه سیاسیه‌كاندا، ڕێره‌وه دروسته‌كان ده‌شكێننه‌وه، جێكه‌وتی چ نووشستیهكی پر ئازار له ویژدان و جه‌سته‌و ناسنامه‌ی شاعیردا ده‌روێنن، بوون به چ كاره‌ساتێك درز ده‌خاته نێو ناسنامه‌وه تا ده‌سته‌وسان به دیارییه‌وه دا‌نیشێت، هیچت پێنه‌كرێت، شاعیر جه‌سته وه‌ك یادخهرهوهیهك ده‌كاته‌وه، پێدراوه‌كانی جیهانی ده‌ره‌وه، مێژووی سه‌رده‌مێكی ناله‌باری شۆرشی شاخ له نێو ناخی خۆیدا ده‌بینێ، به‌سه‌ر نیشته‌مه‌نی ئه‌و خه‌ونانه ده‌چێته‌وه كه متمانه‌ی ته‌واوی پێی هه‌بوو، خۆی تێدا ده‌بینی و بوونی ده‌سه‌لماند، له‌پڕ به كرده‌ی دژاوهبوونێك، به‌راووردێك، نغرۆ ده‌بن و ده‌بنه دژ، ئه‌مه‌ش تووشی شۆكیدهكات، كلیلی تێڕامانێك ده‌رگای حیرسێك ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی تاكه ده‌نگ دابه‌ش ده‌كات، ده‌نگی ناوه‌وه‌یه، هێزه‌كه‌یه‌تی، كه له‌م قۆناغه‌دا شوێنی هه‌ڵبژاردنی تێدا نه‌ماوه، ڕێڕه‌وه‌كه ئاوهژووبووهتهوه، ئه‌ژیندای به‌رده‌ست وه‌ك له پێشتر شاعیر له ڕیزبه‌ندییه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه له به‌شێك له خواره‌وه‌ی جه‌سته‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌جوڵێ، واتا یه‌كه‌مجار جووڵه‌پێكردن، دوای گفتوگۆ، ئینجا تێڕامان و بینینه، له كاتێكدا به لۆژیك و به ڕیزبه‌ندی جه‌سته ده‌بوو له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕبێته‌وه، واتا پێش هه‌موو شتێك ده‌بوو تێڕوانین و بیركردنه‌وه بێت، ئینجا گفتوگۆ‌و دیالۆگ، له كۆتاییدا فرمانی جووڵه‌پێكردن بێت، پرسیاری مارف عومه‌ر گوڵی شاعیر پرسیاری ناچارییه، ده‌ڵێت (نازانم بۆ)*، ئایا له نه‌زانینه، یان هۆكاری بژێوی و ئابوورییه، یان ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوورن، فوبیاو له‌نێوچوون، خۆراگری و ناسنامه، مانه‌وه كارێكی واده‌كه‌ن، هه‌میشه بزاوتی كوردی ڕێگای پێچه‌وانه بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تایه كه ده‌یووت “حاڵی نابم”، لێره‌ش به هه‌مان شێوه چۆن له سه‌ره‌تادا خه‌مه‌كان كۆیانی ده‌كرده‌وه، ئێستاش له دواجاردا ئاواش له جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كه ده‌بنه‌وه، شاعیر ده‌رگایه‌كی دیكه ده‌كاته‌وه پرسیار ده‌كات، ده‌ڵێت “چیبكه‌م”!، واتا ئه‌گه‌ری ڕێگای تر هه‌یه بیگرێته‌به‌ر، گه‌ڕان به دوایی ڕێگایه‌كی دیكه‌دا ده‌ربازبوونه له واته‌واته‌ی نێو خود، له پێكهاته‌كانی ماڵی شیعرییدا ته‌واوكه‌رێكی هه‌ستیارییه میلان كۆندێرا له شوێنێكدا ده‌نووسێت “هه‌ستی تاكه كه‌سی له سه‌ر بنه‌مای یاده‌وه‌ری دامه‌زراوه یاده‌وه‌ری خۆی له سه‌ر بنه‌مای زمان ڕاده‌وه‌ستێ”، ئه‌وه ئه‌زموون و یاده‌وه‌رییه واده‌كات شاعیر پێداچوونه‌وه بكات، ئه‌وه جیاوازی پێدراوه‌كانی فاكته پرسیاری نوێ فۆرمۆڵه‌ده‌كات و به‌راوردی لێده‌كه‌وێته‌وه، سۆراغی وه‌ڵامی نوێ ده‌كه‌ن، سه‌رنج بده‌ن چۆن له قۆناغی یه‌كه‌مدا، شاعیر به دوای دیاریكردن و دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه وێڵه، له قۆناغی دووهه‌مدا چۆن وه‌رچه‌رخانێ ڕووده‌دات به ئه‌گه‌ری ونبوون و درزتێكه‌وتنی ناسنامه چۆن له گه‌ڵ قۆناغی یه‌كه‌مدا پارادۆكس فه‌راهه‌مده‌كات، له نێوان دۆزینه‌وه و ونبووندا به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی دڵنیایی به ڕاشكاوی له‌سه‌ر ته‌وه‌ری ترس و دڵهڕاوكییدا ده‌خولێته‌وه، په‌یوه‌ندی شاعیر به یاده‌وه‌رییه‌كانیه‌وه گرێده‌دات، كه ڕووماڵی ئاوه‌زی كردوه ڕه‌نگ و ڕووی گرتووه، له نێو ئه‌م گێژنهدا، شاعیر له‌ودیو په‌رده‌ی ئه‌زموونه‌وه داكۆكی له خۆیده‌كات، ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ئاشكراده‌كات، ده‌نگی خۆشه‌ویستی به‌رزده‌كاته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دڵ چیتر نایه‌ویت په‌رت بكرێت گه‌ر پێشتر شاعیر له ڕیچكه‌ی دڵه‌وه خه‌مه‌كانی دابهشكردبێت، له ئێستادا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك، هێزێك ده‌خاته به‌ریان و كۆیانده‌كاته‌وه، كۆكردنه‌وه‌ی داتاكانی هه‌ست وهڕگهرانیان له خاڵێكدا، سه‌رتاپای هاوكێشه‌كه له ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌سته‌وه ده‌گۆڕێت بۆ پرینسیپه‌كانی خۆشه‌ویستی، ده‌روشانه‌وه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستییه، جوانییه‌كی تر ده‌خاته نێو هه‌ستی هاوبه‌ش وگرێدانی به بوونه‌وه، به ڕێگای هاوبه‌شه‌وه، وێنه كێشانی زه‌مینه‌یه‌كی دیار، یان شه‌وێكی ساماڵ ئه‌و هێزه‌یه كه یارمه‌تی شاعیر ده‌دات ئاوڕ له ڕابردوو نه‌داته‌وه، خۆی به به‌شێك له‌و دونیایه بزانێت، كه چاوێك ده‌نووقێنێ به یه‌قینه‌وه له ئاوێته‌بووندا چاوێكی گه‌شتر بكاته‌وه، چاوێك به‌شێك نا، سه‌رجه‌م ڕه‌نگه‌كان له‌خۆبگرێ، هیچ ڕه‌نگێ نه‌تۆرێنێ، بیرۆكه‌ی بینین و نه‌بینین، گه‌ڕانه‌وه‌و لێبوردن، دینه‌مۆی ئه‌و چالاكهیهیه كه هێز ده‌داته شاعیر، په‌یام و په‌یوه‌ندی ئه‌و و نیشتیمان پته‌وده‌كات، له هه‌مان كاتدا ته‌شه‌ره‌یه‌كه له‌وانه‌ی سوود له ناكۆكیه‌كان ده‌بینن، به قازانجی خۆیان ده‌یشكێننه‌وه، قیبله‌نومای دڵ ده‌توانێ ئاراسته‌ی قازانج به‌لای خۆیدا بشكێنێته‌وه، خۆی لێنهگۆڕی، ئاوڕدانه‌وه‌ی بۆ دڵ تهواوكۆیی خهیاڵێیكه، له ڕوونیدا ساماڵی عه‌شقێكه، پاشه‌ڕۆژ له نێویدا ده‌دروشێته‌وه، دڵنیای بۆ خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ڕۆشنده‌كاته‌وه، چیتر تاریكی ناتوانێ ڕێگای لێبگۆڕی، له لایه‌كی دیكه‌وه، كاتێ شاعیر له كات و شوێنی نوێ‌دا پێكهاته‌ی وێنه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، ئاوێته‌یان ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له نێوان دڵ و بۆمبابارانكردن كه لێكه‌وتی گرته‌یه‌كی پڕ توندوتیژی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی له لایه‌ك، ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستی له شه‌وی ساماڵدا، له لایه‌كه‌ی تره كه گرته‌یه‌كه ته‌ژییه به هێمنی، به وێنه‌یه‌كی ڕۆمانسیانه‌ی سروشت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی، ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه، ئه‌م دژهوابوونهی گرته‌كان، ئاوێته‌بوونیان واده‌كات ده‌قی هۆنراوه خۆی له‌نێو خۆیدا، پرسیاره‌كان له ڕێگای قیبله‌نوما ئاراسته‌ی دڵ بكات، به‌ڵام پرسیار نه‌كردن له چۆنییه‌تی فۆڕمگهرایی شیعر و ڕێپێوانی خودی، وێنه‌ی ده‌قی و ئاسته‌كانی گووتار، ناوهخنێكمان بۆ ئاشكراده‌كات، وێنای شیعری ته‌نیا وه‌چه‌ی وشه نییه، به‌ڵكو وشه‌كان ده‌بنه ده‌روازه بۆ وێنه، ده‌بنه ده‌روازه بۆ تێگڕانێ زیاتر، پێداگری شاعیر له به‌كارخستنی ئامرازه‌كانی هه‌ست، هۆبینییه له پێشخستن و دابه‌شكردنی هه‌ر سێ ئامرازه هه‌ستییه‌كانی ده‌ره‌وه، كه پێشتر ئاماژه‌مان پێیدا، مه‌به‌ست له سێ ئامرازه‌كان، هه‌سته‌كانی به‌ركه‌وتن و جووڵه له په‌نجه‌و نینۆك، ده‌م و لێو له ده‌نگ و تامكردن، بینین و ڕوانین له چاو و برژانگ، سه‌رجه‌م ئه‌م سێ ئامرازه دهركییه بهبهرتهقای هه‌ستێكی ڕیشه‌یی ناوه‌وه نابن، كه له دڵدا به دیارده‌كه‌وێت، له سهراییهوه ساتێ شاعیر به‌سه‌ر ئامرازه‌كانی ئه‌و سێ هه‌سته‌ی ده‌ره‌وه تێده‌په‌ڕی، ڤیزه‌ی پهڕینهوكهی پرسیاری” نازانم بۆ” بوو، وه‌لێ له ئێستادا ده‌رهاویشته‌كانی وه‌ڵامی بۆ ڕوونبووه‌وه، ئه‌وه‌ی وه‌ڵام ده‌دۆزێته‌وه، ڕێگای پرسیار ده‌گۆڕێ دڵه، كه دڵ گۆڕا هه‌سته‌كانی به‌ركه‌وتن، ڕیتمی ده‌نگ و قسه‌كردن، بینین و تێڕوانینیش ده‌گۆڕێ، ئه‌وه ناوه‌وه‌یه، دڵه، گۆڕانكاری دروستده‌كات، تا له خۆجێیدا گۆڕانكاری نه‌بێت له ده‌ره‌وه ناتوانێت ڕووداو دروستكات، قۆناغ ببڕێت، گه‌ر پارادۆكس نه‌بێت، هه‌میشه دیارده‌كانی ده‌ره‌وه ده‌بێ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ناوه‌وه بن، ده‌بێ ناسنامه‌ی دڵ هه‌ڵگرن، چۆن ساماڵ ناسنامه‌ی ئه‌ستێره، قیبله‌نوما ناسنامه‌ی ڕێگا هه‌ڵده‌گرێ، چۆن ئه‌ستێره دڵی ساماڵه، قیبله‌نوما هی ڕێگایه، نه لێیدهتۆڕی نه لێیدهگۆڕێت، داواكه‌ی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیر له هاوزمانه‌كانی، له خاڵێكدا وه‌ك خه‌مه‌كانی له دوو هه‌ستیی باس نه‌كراودا كۆییاندهكاتهوه، هه‌ستی بیستن گوێگرتن له ده‌نگی دڵ، گۆیڕایه‌ڵی ده‌نگی دڵ بن، تا چیتر هه‌ست به بۆنی خیانه‌ت نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ربینی گشت خیانه‌تێ له بۆمباكردن و كاولكردنی دڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات، جه‌سته كهناردهخات، مێشك ده‌شێوێنێت، ڕێگا ده‌گۆڕێ، شوێن و پێگه‌ی ناسنامه‌و بوون له‌ق ده‌كات، له قۆناغی سێهه‌مدا جارێكی تر شاعیر ده‌توانێ له‌نگه‌ربگرێ له ڕێگای خۆشه‌ویستییه‌وه ناسنامه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه، پارادۆكسی نوێ بخاته ڕووه تاڵه‌كه‌ی ده‌ركردن.
گه‌رمیانی بۆ بارانی تینووی دڵمیان سووتاند
من نه‌مردم
كوێستانی به هۆبه و هاوار ڕاهاتووم یان گڕتێبه‌ردا
هه‌ر نه‌مردم
كه یه‌كه‌م جار نیشتیمانم له‌ت له‌ت كرا
ئه‌و ڕۆژه بۆ من نه‌مردم
یه‌كه‌م گوندی وڵاته‌كه‌م وێرانكرا
خۆزگه ئه‌و ڕۆژ ده‌مردم
بێ نیشتیمان بچمه هه‌ر كوێ
له دووره‌وه گشت په‌نجه‌ره‌و
ده‌رگایه‌كم لێ داده‌خه‌ن
ئا ااا خ
نیوه شه‌و له شیرینی خه‌ودا ده‌رم ده‌كه‌ن
خۆشه‌ویستی وه‌ك نموونه‌یه‌كی په‌تی، په‌یوه‌ندییه‌كی زیندووه له ئاوێته‌بوون، توانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی خوده له قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌دا، ئه‌وین ئاوێنه‌یه‌كی بێ غه‌ش و غه‌له، مرۆڤ ده‌توانێ خۆی له نێو ئه‌وانی تردا ببینێ، خه‌مه‌كانی به‌رامبه‌ری تێدا خۆش‌بووێت، وه‌ك له سه‌ره‌تاوه گوتمان، ئه‌وه سیحر‌و زمانی خۆشه‌ویستییه، خه‌م و ئازاره‌كان كۆده‌كاته‌وه، خۆی پێ جوانده‌كات، ئه‌وه ده‌نگی خۆشه‌ویستی ڕه‌هایه هێزوو توانای له ژیانه‌وه وه‌رگرتووه، پرسیاری مردن پێشێڵ ده‌كات، ئه‌وه سیحر‌و ته‌لیسمی خۆشه‌ویستییه مه‌ودای شوێنه‌كان ناهێڵێت، و گه‌رمیان و كوێستان له ژێر یه‌ك چه‌تردا كۆده‌كاته‌وه، ئازاره‌كان كاڵده‌كاته‌وه، شاعیر جگه له دابه‌شكردنی زمانی خه‌م و ئازار قایل نابێ چێژ له په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی دا دابه‌شبكات، خۆشه‌ویستی دابه‌شبوون و كه‌مكردنه‌وه قه‌بوڵ ناكات، كانت ده‌ڵێت “به‌رگه‌ی ئه‌وه ناگرم چێژه‌كانم دابه‌ش بكه‌م”7، خه‌مه‌كانی گه‌رمیان و كوێستان، خاكه له یاده‌وه‌ری دڵدا ده‌رمانی گیانه، هه‌میشه شاعیر دڵی واڵایه بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستییه، كه سه‌رجه‌م هه‌بوونه‌كانی سروشتی پێكه‌وه په‌یوه‌ستكردوه، هه‌ر ئه‌م پهیوهستكردنهشه نه‌مری به نیشتیمان به‌خشیوه، داكۆكی لێده‌كات، شاعیر له چوار وێنه‌دا چه‌مكی مردن به‌سه‌رده‌كاته‌وه، كه ده‌ڵێت نه‌مردم، نه‌مردنی شاعیر هێزی له نه‌مردنی نیشتمانه‌وه وه‌رگرتووه، كه‌سایه‌تی شاعیر به ڕه‌هه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه، پاژی ئه‌و ئه‌زموونه زیندووانه‌یه كه ناسنامه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه، وێنه‌یه‌كی بێ له‌كه‌یه له درێژه‌پێدانی خه‌بات كه له سه‌ر داكهوتهكاندا به‌دی ده‌كه‌ین، شاعیر زیره‌كانه توانیویه‌تی سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه به كۆتاییهكهیهوه گرێبدات و قفڵیبكات، بۆ دواجار پارادۆكسێ ئه‌نجامبدات، وه‌ك ده‌بینین ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه‌دا وه‌ك بێ لایه‌نێك، ته‌نیا سه‌رپێی له ده‌رووی سۆزێكه‌وه ده‌یوت “حاڵی ده‌بم”، هه‌نووكه به‌رانبه‌ر به گه‌وره‌ی كاره‌ساته‌كان سامناكی ڕووداوه‌كان، به‌هێزو به‌های ئه‌وینه‌وه ، ئه‌م به‌رگه‌ی گرتووه و نه‌مردووه، سه‌رسامه چۆن به‌رگه‌ی نههامهتێهك ده‌گرێ به‌و جۆره كوشنده و كاریگه‌ر بێت، هه‌ڕه‌شه بێت له سه‌ر ئاینده‌و مانه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ی له دوایه ئیراده‌ی خۆشه‌ویستی مرۆڤه به‌رانبه‌ر به سته‌م و ئه‌و هێزه نه‌خوازراوانه، كه له وێرانكردندا جیاوازی ناكات له نێو گه‌رمیان و كوێستان، له سووتان و گرتێبهردان، مامڵه‌ی شاعیر له‌ته‌ك ڕووداوه‌كان، ئه‌نگیزه‌ی ناوه‌وه‌ی خوده، به‌ستراوه به چاره‌نووسه‌وه، وه‌ك سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه مامڵهیهكی تاكه كه‌سی نییه، تا ڕۆڵی نه‌رێنی بگێڕێ و بڵێت “حاڵی بووم”، له‌م قۆناغه مامڵه به‌رهه‌مهێنه‌ره و پاڵ به وێنه‌ی شیعریی یه‌كه‌می هۆنراوه‌كه‌وه ده‌نێ، هه‌ڵوێستی دروست وه‌رده‌گرێت، به ئه‌جیندایه‌كی نیشتیمانی قه‌ره‌بووی بۆ ده‌كاته‌وه، متمانه‌ی پاكبوونه‌وه‌ی بۆ دابین ده‌كات، گرته‌كان فراوانتردهكات مانای سه‌راپاگیری پێده‌به‌خشێت، له خه‌می تاكه كه‌سییه‌وه ده‌یگۆڕێت بۆ خه‌می نیشتیمان، هه‌ڵبه‌ت ئیستاتیكای وێنه پابه‌نده به به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه‌كانی گه‌یاندن و مه‌وداكانی نزیككردنه‌وه یان دووركه‌وتنه‌وه‌ی مانا له وێناكردنی ره‌گه‌زه‌كانی گونجاندن و ئه‌گه‌ربینی هاودژه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، گه‌رمیان و كوێستان له فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانیدا دوو پێگه‌ی هاودژن، یه‌كه‌م چاوه‌ڕێبوونی گه‌رمیان بۆ باران گه‌ر له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی به ئاو و بارانه‌وه هه‌بێت، ئاماژه‌یه به چینی پاڵه‌و جوتیار، به خه‌ڵكی گوندنشین، كه بژێوییان له‌سه‌ر بارانه، دووهه‌م كوێستان به هۆبه‌و هاوار به‌مانای ژیانی كۆچه‌ری دێ، چینی سێهه‌م خه‌ڵكی شار ده‌گرێته‌وه، زیاتر چینی برجوازی بچوك خوێنده‌وار ده‌گرێته‌وه، به‌م گشتگیرییه، شاعیر سه‌رتاپای پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان له په‌یوه‌ندییه‌كدا ئاوێتهدهكات به یه‌ك چاره‌نووسه‌وه گرێیان ده‌دات، ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو قۆناغه ده‌شكێنی له بۆته‌ی یه‌ك خه‌مدا كۆیانده‌كاته‌وه، چینی سێهه‌می شارنشینه، خوێنده‌واره، له شاردا نه گه‌رمیان ده‌مێنی نه كوێستان، له ژێر یه‌ك ناسنامه‌دا، یه‌ك ڕههندی نه‌ته‌وایه‌تیدا، ده‌چه‌وسێنه‌وه، به یه‌ك چاره‌نووسه‌وه ده‌لكێن، چینی شار خه‌م هه‌ڵگری هه‌ردوو چینی گوندنشین و كۆچه‌ره، ئه‌میان به بێده‌نگی له چاوه‌ڕوانی باران دا، ئه‌ویان به كێشه‌ی هۆبه‌و گواستنه‌وه‌و هاواری بێ شوێنی، هاوكات سێبه‌ری ئه‌م دۆخه له‌سه‌ر شارنشین دا ڕه‌نگده‌داته‌وه، بگێڕێره‌وه خۆی له ده‌نگی شاعیردا به‌دی ده‌كات، له یه‌كه‌مدا، لێكه‌وته‌ی تینووبوون بۆ ژیان و ئاوادانی، وه‌ك جێكه‌وتێ دڵی شاعیر ده‌سووتێنن، له دووهه‌مدا هۆبه و ڕاهاتنی ڕه‌وكردنی گه‌رمیان كوێستان، گڕتێبه‌ردان له‌وێدا، گڕتێبه‌ردان به جه‌سته‌ی شاعیره‌و گرێده‌دات، كه له شاردا خۆی ده‌نوێنێ، ده‌نگی شاعیر هه‌ست به تاوان و ئازارێكی سه‌ختی ئه‌نتۆلۆژی ده‌كات، ئازارێك مردنیش ئه‌و ڕووه‌ی نییه ئاوڕی لێ بداته‌وه، نه‌كات، نه سووربوون، نه ڕۆژ، نه خۆزگه له ئاست هه‌ستكردنی ئه‌و تاوانه‌دا نییه، به مردنیش فریای ناكه‌وێت، له چوار گرته‌ی جیاوازدا له دۆخی شكستبووندا له ده‌رگای مردن ده‌دات، ده‌رگای لێ ناكرێته‌وه، مردن واتا ته‌واو بوون، به‌ڵام ئه‌م ماوه به هه‌ستی مانه‌وه یه‌خه‌ی مردن ده‌گرێ، پێده‌چێت مردن ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت، شۆڕش دژ به سیسته‌می دۆگما و مردن ده‌كرێت، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، وه‌ك پێشتر گووتمان ئه‌وه‌ی ئه‌م، واتا شاعیر چاوه‌رێی نه‌بوو ڕوویدا، گه‌ر هه‌ستی مردنی هه‌بوایه، چوار جار پرسیاری له مردن نه‌ده‌كرد، بۆ نایباته‌وه، درككردن به هه‌ستێكی ئاوهانه، ژیان هیچ، مردنیش ناپاكی له‌ته‌كدا بكات، تۆ بمێنیت، یان مایته‌وه، له یه‌كه‌مدا نه‌بوویته ئه‌و بارانه‌ی خه‌ونی جوتیار به‌دی بێنی، دیسانه‌وه له دووهه‌میشدا هه‌ر نه‌بوویت به‌و لانه‌یه هۆبه‌ی ڕهوندهكان بپارێزی، به بیانووی هه‌بوونی به‌رگری له ناسنامه و له مانه‌وه، له یه‌كه‌مدا گه‌رمیان و گونده‌كانی سووتێنران و كاولبوون، له دووهه‌میشدا گڕبه‌ردرا له هۆبه‌و ڕهشماڵكانی كوێستان، ئێوه شۆڕشتان كرد، ده‌سه‌ڵاتیش له بیانوو ده‌گه‌را، خه‌ڵكی گه‌رمیان و كوێستانیش وه‌ك یه‌ك باجه‌كه‌یاندا، نه‌مانی گونده‌كان له نه‌مانی چاوه‌ڕوانی و له نه‌مانی خه‌وندا یهقیداوهتهوه، له ئاستی ناوخۆدا دابه‌شبوونی جه‌سته‌ی كوردی لێكهوتهوه، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا خه‌مێكی قورس‌تر كۆمانده‌كاته‌وه، خه‌ڵات ئاسا به‌سه‌ر چوار ووڵاتدا دابه‌شكراوین، هه‌موو ڕۆژێ، گشت ساتێ، باجی كوردبوونمان ده‌ده‌ین، بۆ كوێ برۆین، گه‌ر كوردبوون ماڵێ بێت، گوندنشین په‌نجه‌ره‌كه‌ی بێت، دهوارنشینیش ده‌رگاكه‌ی بێت، تۆی شارنیشینیش تێشووی خه‌مێكی ئه‌زه‌لیت له ههگبهنابێت، له ڕۆژێكی ره‌شدا، هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌كی سپیت، له ناوه‌وه وێرانه، له دونیای ده‌ره‌وه‌شدا، له دونیاشدا، چ كاره‌ساتێكه كه‌س به‌ده‌نگته‌وه نایه، درێژ كردنه‌وه و پچركردن و له‌تكردنی وشه‌ی ئااااخ هاواركردن و به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌یه، هێزه له ئینساندا، له‌تكردنی له چوار برگهدا، یهكتاخستنی ناڵه‌و ژانوژۆی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه، ده‌نگ و سه‌دای یاخی بوونێكه له ناخه‌وه سه‌رده‌كات، چوار سنووری به ناهه‌ق دابه‌شكراو تێكده‌شكێنێ، بێده‌نگی دونیای ده‌ره‌وه‌ش ڕیسوا ده‌كات “یاخیبوون كاتێك ڕووده‌دات كه مرۆڤی یاخی هه‌ستبكات له شوێنێك به جۆرێك له جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه”8، ئه‌م ده‌نگه پچڕه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی یاخیبوونی خه‌مه‌كانی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیره له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، چۆن له نیوه شه‌ودا واتا هێشتا نیوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه، هیوایه‌ك هه‌یه، له مردن ڕِزگاری بكه‌ن ده‌ریكه‌ن له خه‌وی مردن به‌ئاگابێته‌وه، خه‌و ئه‌وه‌یه پێینهگهیت، له چوار گرته‌دا له چوار پارچه‌دا نه‌یتوانی پێیبگات، بێگومان وه‌رگر كاتێ هاوژینی ئه‌م ده‌قه شیعرییه ده‌بێت كه كاره‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه، به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ له ئاسۆی چاوه‌ڕوانی نزیك بێته‌وه، گه‌ر نا وه‌رگر ده‌بی ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌ك فه‌راهه‌مبكات كه گونجاو بێت له‌ته‌ك زه‌مه‌نی نووسینی مێژووی ده‌قه شیعرییه‌كه، دوا شت شاعیر به گێڕانه‌وه‌ی شیعرێكی كورت، توانی ده‌نگی خۆی بخاته پاڵ ده‌نگی “ته‌ڵعه‌ت تاهیر”ی شاعیر، یان به پێچه‌وانه‌وه ته‌ڵعه‌ت تاهیر له ئێستادا ده‌توانێ ئه‌و له دێره شیعریه‌كه‌یدا به‌دیبكات كه ده‌ڵێت”ئه‌وانه‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكێكی خه‌مباربوون ده‌زانن….. كاره‌ساتی گه‌وره پێویستی به گێڕانه‌وه‌ی درێژ نییه”
سه‌رچاوه:
1ـ به‌ختیار عه‌لی ـ له دیاره‌و بۆ نادیارـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی یه‌ك ـ ئه‌ندێشه بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه ـ سلێمانی ـ ساڵ 2011 ـ لاپه‌ڕه 85
2ـ مارف عومه‌ر گوڵ ـ شاییه‌كی نهێنی ـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی یه‌ك ـ له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای رۆشنبیری جه‌مال عیرفان ـ سلێمانی ـ ساڵ 2015 ـ لاپه‌ڕه 43
3 ـ عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی ـ هیشام تاهیر به‌رزنجی ـ چاپخانه‌ی تاران ـ چاپی یه‌ك ـ سلێمانی ـ ساڵ 2018 ـ لاپه‌ڕه 17
4 ـ سی ـ دی لویس ـ الصوره الشعریه ـ ترجمه د. احمد نصیف الجنابی ـ مالك میری ـ سلمان حسن ابراهیم ـ دار الرشید للنشرـ منشورات وزاره الپقافه والاعلام ـ الگبعه الاولی سنه 1982 ـ ص 38
5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ سێوی سێهه‌م ـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی ـ ئه‌ندێشه بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه ـ سلێمانی ـ ساڵ ـ لاپه‌ڕه 66
6 ـ د. یادگار له‌تیف شاره‌زووری ـ تیۆره‌كانی وه‌رگرتن ـ چاپخانه‌ی حه‌مدی ـ له بڵاوكراوه‌كانی شانزه‌مین ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ ـ سلێمانی ـ ساڵ 2012 ـ لاپه‌ڕه 45
*به‌دیوی ناوه‌وه له داهاتوودا گهرانهوهیهكمان بۆ ئه‌م پرسیاره ده‌بێ
7 ـ دونیس هولیر ـ گۆڤاری شیعرـ ژماره 7 ـ ناوی گووتارـ نارۆین خاڵی سه‌ره‌تا ـ وه‌رگێڕانی له فه‌ره‌نسییه‌وه ـ شه‌هید كهڵۆسی ـ سلێمانی ـ ساڵ 2018 ـ لاپه‌ڕه 106
8 ـ ئارام سدیق ـ گۆڤاری شیعرـ ژماره 3 ـ ناوی گووتارـ شیعری یاخیبوونی ساخته له ئه‌زموونی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د دا ـ سلێمانی ـ ساڵ 2017 ـ لاپه‌ڕه 65