Skip to Content

شیکردنەوەی شیکردنەوەیەک.. غازی حەسەن

شیکردنەوەی شیکردنەوەیەک.. غازی حەسەن

Closed
by January 20, 2022 General, Literature, Slider

مرۆڤ کە بەنێو زماندا شۆڕ دەبێتە، ئینجا دەزانێت خۆی تووشی چ دارستانێکی چڕ و ئاڵۆز و هەزار بەهەزار کردووە، زمان دەریایێکە سەدان جۆر زیندەوەری واتایی و شێواز و دەربڕین و گوزارشت و ئەرک و پراگماتیک و ڕەوانبێژی و مەبەست و لێکدانەوە و هێما و نیشانە و کردە و پەیام و فرەواتایی و دژە واتا و گوتاری.. تاد تێدایە. لەیەک وشەدا کە نووسەر دەیەوێت گوزارشت لەدۆخێکی تایبەت بەپێی دەوروبەرە تایبەتییەکەی بکات، لای خوێنەر ڕەنگە شیکردنەوە و مەبەست و واتای جیاواز دروست بکات، هەندێک جار خوێنەر جوانتر و باشتر لە دەقنووس شتەکان دەبینێت و شیان دەکاتەوە، لەنێو گوتاری دەقی نووسەرەکە گوتارێکی نوێتر بەرهم دەهێنێتەوە، هەندێک جاریش خوێنەر لەچوارچێوەی بیروڕاو وشیکردنەوەکانیدا دەقەکە دەشێوێنێت، بە ئاقارێکی جیاوازیدا دەبات.

لەم ماوەیەدا چەند جارێک ڕۆمانی (شیری مووسا)ی ڕۆماننووس (سابیر ڕەشید)م بەمەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی جووەکانی کوردستان خوێندەوە، لەهەر جارێکدا شتی نوێتر و بیرۆکە و لێکدانەوەی پترم لا دروست بوو، تەنیا هەندێک بابەت و لێکۆڵینەوەشم لەبارەی ڕۆمانەکە خوێندەوە، هەندێکیان دژە بۆچوون و بیروڕا و شیکردنەوەی دژ بەیەکیان تێدا بوو. لەوانە ئایا ڕۆمانەکە مێژووییە، یان نا؟ لەیەک کورتە بابەتدا نووسەرێک لەشیکردنەوەکەیدا لەبوارێک پێی وایە مێژووییە و لەبوارێکی دیکەدا پێی وایە مێژوویی نییە.

لەشیکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، لەکاتێکدا ئەوەی من لە ڕۆمانەکەدا خوێندمەوە و هەستم پێکرد بەکردەوە باسی (پێکەوە نەژیان) لە کوردستان دەکات و گوتاری ڕۆمانەکە گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە کۆمەڵگای کوردستان و بەئیسلامکراوی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پاشایەتی و دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا. نەک هەر ئەوە تەنیا ناوی کارەکتەرەکانیش بە وردی دیقەتیان لێ نەدراوە و لە شیکردنەوە زانستییەکەدا ناوی کارەکتەرێک لەو کارەکتەرانە بەهەڵە بەکار دەهێنێتەوە.
ئەوانەی بڕیار لەبڵاوکردنەوەی بابەتێکی شیکاری وەکو ڕۆمانی(شیری مووسا) دەدەن، پێویستە بەلای کەمەوە ڕۆمانەکەیان خوێندبێتەوە، یان ئاگاداری هەندێک لایەن و بابەت و باسی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە و شێوازی نووسین و گوتاری ڕۆمانەکە بن، ئەگەر نا دوور نییە ئەو شیکردنەوەی لەبارەی ڕۆمانەکە نووسراوە، بەئاراستەیەکی پێچەوانەی مەبەستی نێو ڕۆمانەکەدا بچێت.

وەکو ئاماژەم پێکرد، لەم دۆخەدا مرۆڤ ناچار دەبێت شیرکردنەوە بۆ خودی شیکردنەوەیەک بکات، هەڵەکان و هێلە گشتییەکانی نێو شیکردنەوەکە جارێکی دیکە شیکار بکاتەوە لەپێناو ساخکردنەوەی ئەو هەڵە فکری و بۆچوون و لێکدانەوانەی دەقەکە لە ئاراستەی سەرەکی و بنەڕەتی دوور دەخاتەوە. ئەوەی من لە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) تێگەیشتم و درکم پێی کرد، ڕەخنەگرتنە لەلاوازیی و نەبوونی هەندێک لەبنەماکانی (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، بۆیە جووەکان وەکو پێکهاتەیەکی لەبیرکراوی بڤەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی تووشی ئازاردان و کوشتن و سوکایەتی و دەرکردن و دواتریش ڕاگواستنیان بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراقی لەکۆتایی چلەکانی سەدەی بیستەمدا لە عێراق و کوردستان بەرجەستە کراوە و ڕەگەزنامەیان لێ دەسێنرێتەوە و مولک و ماڵیان (فەرهود) دەکرێت و لەهەندێک بواردا دەکەونە بەر ڕقی دەمارگیریی ئایینی لەلایەن گروپی ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگای عەرەبی و کوردیشدا. ئەمەش ڕێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی بنەمای پێکەوەژیان لاوازە، یان نییە، نەک پێمان وابێت ڕۆمانەکە نموونەیەکی ڕاشکاوی (پێکەوە ژیانە). لەم ڕۆمانەدا جووەکان قوربانی زولمزۆری دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی و دەستڕۆیشتووی بەگ و ئاغاکانی شەقڵاوەن. واتە جووەکان لەبەر جیاوازیی چینایەتی و ئایینی چەوسێنراونەتەوە، نەک رێزلێگیراوی بەیەکەوەژیانێکی یەکسان و ئارام.

ئەرکی هەمیشەیی خوێنەر، خوێندنەوەی هەمەلایەن و شۆڕبوونەوەیە بۆ نێو دێرە ئاڵۆزەکاندا، هەروەها گەڕانە بەدوای واتای نێو واتای پشتیی ڕستەکان و ئاشکراکردنی ئەو شتە نادیارانەی نووسەر وەکو کۆد و هێما و نیشانە و مەبەستی نادیار بەکاری هێناون. هەموو شیکردنەوەیەک شایانی شیکردنەوەی دیکەیە، یان دەکرێت بڵێین ئاساییە، خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی هەر دەقێکی شیکردنەوە و لێکدانەوەی دەقێکی دیاریکراودا، پێویستی بەشیکردنەوەی دیکە، یان لێکدانەوەی پێچەوانەی بیروبۆچوونی نێو دەقی شیکردنەوەکە هەبێت، بەڵام هەڵە تێگەیشتن لە (مەبەست و پەیام و گوتاری) دەق، پێویستە شیکردنەوە سەرلەنوێ هەڵتەکێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

کاتێک (سابیر ڕەشید) وێنەیەکی خەیاڵی لەنێو دەقەکەی خۆی لەبارەی جووەکان و کریستانییەکان لە شەقڵاوە دروست دەکات، ئاغا و پیاوەکانی وەستایێکی کریستیان بە زیندوویی زیندەبەچاڵ دەکەن، چونکە کاریان بۆ ناکات و دواتریش (یۆنان)ی ڕۆشنبیر و هەڵگری فکری چەپخوازیی جوو، لەلایەن ئاغاکانەوە دەکوژرێت، ئەمە نیشانە و هێمایە بۆ ئەوەی (پێکەوەژیان) لە هەرێمی کوردستاندا بەهەر هۆکارێکی (کۆمەڵایەتی – چینایەتی)، یان (سیاسی – ئایینی) بێت لەقەیران دایە، جووەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی دەچەوسێنرێنەوە و لەبەر نەریتی ئایینی سوکایەتیان پێ دەکرێت، تا دەگاتە حالەتی کوشتن لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی. لەکاتێکدا ئەم وێناکردن و ڕوودوانە دروستکراوی خەیاڵی خوودی (سابیر ڕەشید)ن نەک هەقیقەتێکی مێژوویی، کەچی کۆڵان و ژمارەیەک کارەکتەری نێو ڕووداوەکانی شەقڵاوە کارەکتەری هەقیقی و مێژوویین، بەو واتایەی (مێژوو تەوزیفکراوە) لەنێو دەقی ڕۆمانەکەدا.

شیکردنەوەی هەر شیکردنەوەیەک پەیوەستە بەدیدی ڕەخنەگرانەی خوێنەر، ڕەنگە هەر توێژەرێک کاتێک بابەتێک شی دەکاتەوە، لەگۆشەنیگایەکی جیاواز لە نووسەر و خوێنەرەکانی دیکەی دەقەکە، کێشەکان شی بکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا خوێنەری شیکردنەوەکەش دەتوانێت لەگۆشەنیگایەکی جیاوازەوە دەقی شیکردنەوەی دەقی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و بیروباوەڕی جیاوازی لەنێوان خودی (دەقەکە) و (شیکردنەوەکە) دەقەکەی لا دروست ببێت و بابەتەکان بەشێوەیەکی دیکە شی بکاتەوە، کە خاوەنی شیکردنەوە و ڕەخنەگری دەقەکە ڕێی پێ نەبردووە، یان لەڕوانگە و گۆشەنیگایەکی دیکەوە دیقەتی لێداوە.
خوێنەر پەیوەندییەکی فکری و دیدێکی نوێ لەنێوان (نووسەری دەق) و (توێژەر) دروست دەکاتەوە، خوێنەر بەدوای دروستکردنی واتایەکی نوێیە بۆ واتای واتا شیکراوەکان. بەواتایەکی دیکە (نووسەر واتایەکی تایبەتی مەبەستە) و (توێژەر واتایەکی نوێ لەنێو شیکردنەوەکانی بەرهەم دەهێنێت و لەواتای نێو دەقەکە دەڕوانێت) و (خوێنەریش واتایەکی دیکە لەئەنجامی خوێندنەوەی واتاکانی نێو دەقە شیکارییەکە، نەک دەقی ڕۆمانەکە بەرهەم دەهێنێت)، بەم جۆرە پرۆسەی بەرهەمهێنان و شیکردنەوەی واتا بەپێی ژمارە و توانا و وزەی خوێنەرەکان زیاد دەکات، یان دەگۆڕێت و ئاراستەی نوێ دروست دەکەن.

جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر (شیری مووسا)، کە نووسەر مێژووی وەکو کەرەستەیەکی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری مێژوویی لەنێو ڕۆمانەکە بەکارهێناوە، مێژووی تێکەڵی خەیاڵ و خەیاڵاندنیشی لەپێناو وێناکردنێکی هونەریانەی بابەتەکان و ڕووداوەکان بەکارهێناوە، وێناکردنێکی خەیاڵئامێزی بەستراوە بەڕووداوە مێژووییەکانی لەبارەی جووەکان دروستکردووە. گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاشکاوە، یەکەم دەقی ڕۆمانی کوردییە، کە جووەکانی کردۆتە بابەتی سەرەکی و تاکو ئاستێکی بەرز ڕۆماننووس سودی لەبنەما سەرەکییەکانی بەکارهێنانی مێژوو و ئینجا هونەری نووسینی ڕۆمانی سەردەمیانە بەزمانێکی نزیک لەگێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسی وەرگرتووە. ڕۆماننووس لەنێوان هونەری نووسینی ڕۆمان و بابەتە مێژووییەکاندا، کارەکتەر و ڕووداو و شوێن و ناو و کات و بەسەرهاتەکانی هەڵبژاردووە، ئەو بۆ نموونە لەتەنیا گوزارشتێکی کورتدا، کە ئاماژە بە (مەلا عەلی کۆمۆنیست) دەکات، دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمانێک و مێژووێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی و فکری کوردستان، کە ماوەیەک ژمارەیەکی زۆر لە مەلاکانی مزگەوت لە کوردستان پەیوەندییان بە حزبی شیوعی عێراق کردووە، واتە کەسێکی ئایینی و مەلایەکی موسڵمان دەچێتە ڕیزەکانی حزبێکی چەپی مارکسی و چینایەتی. ئەم گوزارشتە، کە تەنیا (چەند وشەیەکە) دەمانگێڕێتەوە بۆ دۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند و هەقیقی لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا. مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی دەق، کارێکی ئاڵۆزە، لەهەمان کاتدا بیرکردنەوە لەدەقی شیکردنەوەی خودی دەقەکە کارێکی ئاڵۆزترە، چونکە هەندێک جار توێژەر ئاراستەی شیکردنەوە بە ئاقارێکدا دەبات، گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێت باش لەمەبەست و گوتار و پەیامی دەقەکە نەگەیشتبێت، یان ئەو بەئاراستەیەکی جیاواز لەخودی دەقەکە شیکردنەوەی بۆ دەقەکە کردبێت، ئەم جۆرە شیکردنەوەیە شیکردنەوەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گرنگی و پایە و بایەخی هەر دەقێکیش لەوەدایە چەندە خوێنەر بەئاگا دەهێنێتەوە، یان خوێنەر وا لێ دەکات پتر و قوڵتر بیر لەنێوەڕۆکی دەقەکە بکاتەوە. لە کردەوەدا ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری گوتارەوەش هەیە.

غازی حەسەن

Previous
Next