Skip to Content

دەقی تەمەن / ٣٤.. ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن / ٣٤.. ناڵە حەسەن

Closed
by شوبات 11, 2023 General, Poems


١
لە شەوێکی خامۆش
خامۆش وەک خەوتنی
ژێر کەپرەکانی مردن
بە شازادەیەکی ڕووتی
نێو کۆشکە شووشەبەندەکانی شیعرم گوت / ئەی شازادە
تۆ دەتوانی لەسەر جەستەی خۆت لە خاچم دەی
ئەویش گوتی / ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
من دەمێکە لەسەر جەستەی خۆم لەخاچم داوی
بەڵام حەیف / کەتا ئێستا پێت نەزانیوە …!
٢
ئاوێنە تاریکەکانی شەوم شکاندن
چونکە وێنەکانی تۆیان تەلخ
پێشان دەدا
ئێستا من
لەناو ئاوێنەکانی خۆرەتاودا
سەیری تۆ دەکەم
لەوێدا
سەماو جوانییەکانی ڕوخسارت
کتومت وەک خۆیان دەردەکەون
٣
خاڵخاڵۆکە خاڵنەخشینەکەی خەونەکانم
لەنێو لەپی دەستەکانت خەوتووە
پەنجەرەکانی دڵت مەکەرەوە بۆ ڕەشەبا و
نینۆکەکانیشت
بە ڕەنگەکانی نیو تابلۆکانی مردن ڕەنگ مەکە
لێگەڕێ با
خاڵخاڵۆکەی خەونەکانم / خەون
بە دونیایەکیتر و
بە ژیانێکی تر و
بە زەمەنێکی زێڕینی ڕووناکەوە ببینێ
٤
من کەسێکم
بە چەندین هەوراز و نشێو تێپەڕیوم
بەسەرپشتی شەپۆلەکان بازمداوە و
بەنێو خەرەندە چڕەکانی ئایدیۆلۆژیاکاندا
چوومەتە خوارەوە
لەنێو چوارچێوەیەکی دیوار ئەستوور
بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ ماومەتەوە
لەوێدا بێئاگا لە خۆم
بە قووڵایی سییەکانم
قومم لە جگەرەی دۆگمایی داوە
هەمیشەش / تابلۆی نائومێدییەکانم
بە درەختی تەنیشت ڕێگاگان هەڵواسیوە
جارجارەش خۆم داوەتە
بەر بارانی عەبەسییەت و وجودییەت
بەڵام بەوە دڵخۆش و دڵفرازم کە
بۆ تەنها جارێک و چرکەیەکیش
پەنجەکانم بە تەنییە ڕەشەکەی
دەورەی مەنجەڵە گەورەکەی
دانووی ڕەشبینی ڕەشنەکردووە
دەستم لە چارۆگەی خەونەکانم و
لە پشدێنی ژیان بەرنەداوە …!
٥
وەک گۆزەیەکی بەر باران
پڕم لە بێدەنگی
بێدەنگیم پڕە لە گەردەلوول
گەردەلوولی عەشقم
پڕە لە پشکۆ
پشکۆی خەونەکانیشم
ئاوسن بە تۆ …!

٦
چ خەیاڵێکی کوشندە و مەرگئامێزە
کاتێک لە نیشتیمانی من
فریشتەکان دەبن بە شەیتان و
شەیتانەکانیش بە فریشتە
منیش وەک شاعیرێکی نەفرەت لێکراو و
وەک ئادەمێکی لە بەهەشت دەرکراو
دەبێ تائەبەد
غوربەت بکەم بە ماڵی هەمیشەییم و
هەر لەوێشدا سەر بنێمەوە
٧
بۆ بینینی ڕووناکی لە درزێکەوە
تەمەنێک لە نێو
شەوەزەنگە تاریکەکان ماومەتەوە
بە گلۆرە و داوە ڕەنگاوڕەنگەکانی عەشق
دەیەها مافووری ڕەنگینم بۆت نەخشاندووە
تا بەنەرمی بەسەریا بڕۆیت و
ژیانیش لەگەڵ لەنجەو لارت
جوانتر و ئیرۆسیانەتر بدرەوشێتەوە
٨
وەتەرەکانی دڵم
هێندە گۆرانی
بۆ مرۆڤە بەشمەینەتیەکان و
عاشقە نامورادەکان پێ ژەنراوە
وەک دارتەلی کارەبای گەرەکەکەمان ماندووە
ماندوو ماندوو ماندوو
ناوە ناوەش بە شریخەیەکی شێتانەوە شۆت دەکات و
کەسێکیش نییە بیت چاکی بکاتەوە
هێندە نەبێ جاروبار
کۆڵارەی دەستی منداڵە پێخاوسەکان و
کۆترە شینکە کێوییەکان
بە ئارامی لەسەری دەنیشنەوە …!
٩
من ناتوانم لە هیچ شوێنێ ئۆقرە بگرم
هەر دەبێ / بڕۆم و برۆم و بڕۆم
چونکە / لە هەوڵەکانم بەو هاوکێشەیە گەیشتم
پڕم لەتۆ و بەتاڵبوومەوە لە خۆم … !
١٠
جوانیت لە چێژی ئەو دەقە شیعرییانە دەچێت
کە / سەرکەشانە و سەرچڵانە سەرمەستم دەکەن
شیرینی گوفت و ڕوخساریشت
لە هەنگوینەکەی لای خۆمان
ئەی شێتۆکە نیگا شەبەنگییەکەی نێو شەوەکانی خەیاڵم
١١
هێندە گوتم
تۆ لەنێو قووڵایی دڵم دای
تا / قافی قووڵایی و دالی دڵم
بوون بە دوو پیتە تۆخەکانی
ئەو مرۆڤە ( ق ە ل ە ن د ە ر )ە ی
ئێستا لەنێو قووڵاییەکانی
دۆزەخی عەشق دا دەسووتێ …!
١٢
غەریبی
وەک کاغەزێکیی گەچراو وایە
فڕێدرابێتە سەر گوفەکەکانی ژیان
من لەسەر ڕووی ئەم کاغەزە گەچراوانە
هەمیشە /
وێنە شێواوەکانی خۆم دەبینمەوە
١٣
هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە
کە ڕۆژێک دێ
ژەنگی تیشکەکانی ڕووناکی
لەنیو چاوەکانم کۆدەبنەوە و
خۆڵەمێشی خەونە خەنەییەکانیشم
بیناییم لێڵ دەکەن
هەور هەموو جەستە وشکهەڵاتووەکەم دادەپۆشێ و
خۆرەتاویش لەودیو جەستەی ئەستێرە ڕەشەکانەوە
خۆی لێم دەشارێتەوە

١٤
ژیان هێندە ناشیرین بووە
من لە هێماکانی تاریکی
ڕۆشنتر تێدەگەم
ئەو شاعیرەشم ماوەیەکە
بە ڕێنووسە ڕەش ڕەشەکانی
تاریکی دەنووسم
بۆیە / هەرکاتێک منت لێ ونبوو
لەنیو تاریکایی هەورە ڕەشەکان و
لەنێو سێبەرەکانی خۆت دا
بەدوای مندا بگەرێ …!
١٥
لەنێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم دا
بەدوای فۆرمێکی تردا دەگەڕێم بۆ عەشق
کە لە ژێر ڕۆشنایی مانیفێستێکی شین
بەختەوەری گالیسکەیەک بێت بۆ ژیان و
ژیانیش شکۆفەیەکی پرشنگی بێت بۆ جوانی
کات بە هێلێکی بازنەیی نەسووڕێتەوە و
خەونیش لەنێو دەفتەرێکی نارنجی
بە قەڵەمی ئاگر بنووسرێتەوە
مرۆڤەکان ( شاعیرانە بژین ) و
شیعریش
بۆ خۆرەتاو خۆی رووت بکاتەوە
گەردوونیش وەک زەردەخەنەی
سەر ڕوخساری گوڵەگەنم
سەمفۆنیایەکی نوێ بێت بۆ خۆشەویستی …!

                                                    بەفرانباری ٢٠٢٣

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish