
خوێندنەوەم بۆ ڕۆمانی (سەمای سەما).. نووسینی: سروە مستەفا
چەند هونەرە نووسەر وەت لێ بکا لەگەڵ کەسایەتیی ڕۆمانەکەیدا بژیت، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا گەورە بوون و سەفەر کردنی و دەرچوون لە فێرگە و بڕوانامە هێنانەوە و تەنانەت پسپۆڕی و ئیش کردنیشی، بێ وەی وەستانێک وەڕسی بتگرێ.
(سەما) ڕەمزی هەموو ئافرەتێکی سەرکوت کراوە. (سەما)ی خاوەن خەون و پەیامی خۆی، کە پێی وابوو بە کۆششێکی باو و ئاسایی دەگاتە مەرامەکانی، کەچی هیواکەی وردە وردە گۆڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرامبەربوون و دواییش بۆ قەزیەیەک کە دەبوو گیانی بۆ بەخت بکات.
لەو ڕۆمانەدا هەست بە هاوسازیی کات (تزامن) ی ڕووداوەکانی نێو ماڵباتی کەسایەتییەکان دەکەین ، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نەوەتەکان و مێژووی پڕ لە جۆش و خرۆشی کوردستان و تێهەڵکێش کردنی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەوسای ناوچەکە کە نووسەر ئاوێزانی خەیاڵی سەرکەشی خۆی کردوون، کە ئەوەش ڕێپێدراوە لە هونەری ڕۆماننووسیدا.
(سەما) کچێکە مونتەڵیق ، ژیاندۆست!..
لە ئاسمانی خەباتدا بە باڵی خەونەکانی لە باڵەفڕکەی دەدا. ئەو خودی ڕاستەقینەی خۆی لە وڵاتی بێگاناندا دۆزییەوە! کەچی لە زێدی خۆیدا هەمووان خەریکی قرتاندنی باڵەکانی بوون!
نووسەر هێندە بە وردی دەچێتە نێو ناخی پاڵەوانەکەمان (سەما) کە گومان دەکەم قەڵەمی پیاوانەی وەها زۆر بن؛ کە بتوانن بەو شێوە لەسەر ئەو مەسەلە ناسکانە بنووسن.
(سەما) لە گەشتی جێبەجێ کردنی پەیامی خۆیدا ،ئەوەی بە خەیاڵی نەدەهات، بەسەریدا هات . ئەو لەکێ دەیزانی ئەو هەموو ناشرینی و چڵێسییەی بۆ حەشار دراوە؟! لەکێ دەیزانی هەنگاوە دڵسۆزەکانی ڕەنگە بەرەو فەتارەتی ببەن؟!
ئەو لە کۆتاییدا تەمەنێکی بەهەدەرچووی بۆ مایەوە. ئەو دەیویست بیرۆکە سەلبییەکان تێک بشکێنێ کەچی ئەو ویستەی بەسەر خۆیدا پێچەوانە شکایەوە. ئەو پێی وەبوو کە ئازادیی نیشتیمان لە ئازادیی تاکەکانیدایە، بۆیە لەخۆیدا بیرۆکەکانی خۆی بەرجەستە دەکرد. بە ئاشکرا نمایشی ئازادییەکانی خۆی دەکرد، تاکو قوتابییەکانیشی چاوی لێ بکەن. ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە باوەڕێکی ڕەهای بە مافی خۆی هەبوو لە نیشاندانی بیروباوەڕەکانی بەجۆرێک کە لەگەڵ گوفتار و کردارەکانی تێک بکاتەوە.
بەلای (سەما)ەوە ئازادی چەمکێکە قابیلی لەتلەتبوون نییە. پەپوولەی گیانی (سەما) بەدەوری پەروانەی هیوای سەربەخۆییدا وێڵ بوو.تەنانەت لەکاتی بەندکردنیشیدا تەمای بوو سەرلەنوێ لەدایک ببێتەوە. کەچی خەونەکانی وەک ئەفسانە وابوون! ئاواتەکانی وەک مۆتەکە وابوون!
ئەو کە خەریکی پلان دانان بوو بۆوەی ڕێگە بۆ خەونەکانی خۆش بکات؛ کۆت و پێوەندی لە دەوروبەرەوە بۆ ساز دەکرا، کە دەیویست بەشدارییە کاراکانی لە کۆمەڵگادا نابینا بگرێت.
ئەو دوای ساڵانێکی غەریبی هاتەوە نێو کەسانێک کە چاوپۆشییان دەکرد لە هەموو توانا مرۆییەکانی، وەک دەڵێن لە ماڵی خۆی بێگانه خۆی!
هاتەوە ژینگەیەک کە تێیدا لایەنی فێرکاری و دەروونی و هزری و سەربەستی و خۆشەویستی، هیچ بەها و ئیعتیبارێکی نەبوو. ئەو خەونی لە بازنە بچکۆڵانەکەی خۆی فراوانتر بوو. نووسەریش لە دووتوێی ڕووداوەکاندا تەفروتوونابوونی خەونەکانی بۆمان گێڕایەوە، کە چۆن وەک گەڵای پاییز وەرین. نووسەر بە کۆتایێکی (داخراو)ی هێجگار شۆکهێن بۆ خوێنەر، ڕۆمانەکەی قفڵ داوە!
دەتوانم بڵێم بێ ڕەحمانە ناخی خوێنەری بە غەدری ئەو چارەنووسە ڕاچڵەکاندووە! ئەوە نییە نووسەر لەو ڕۆمانەدا مجەڕڕەد یاری بە دەستەواژەکان بکات و مێشکی خوێنەر بە گەمانی وشەکانی جەنجاڵ بکات.. نەخێر! نووسەر باش دەزانێت دەیەوێت چی بگەیەنێت .ئەو هەستەت پێ دەدات کە خاوەنی قەزیەی خۆیەتی! هەڵگری خەمی میللەتی خۆیەتی و درک بە کون و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگەکەی دەکات. ئەو هێزی قەڵەم و هونەر دەزانێت، کە بۆی ھەیە چ گۆڕانکارییێک بکات و چ وەرچەرخانێک بێنێتە كايەوە.
نووسەر هێندە شەفافانە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆمانەکەدا کردووە تا ئەو ڕادەی کە ماهییەتی پەیام و ئاڕاستە هزرییەکانی لەنێو ڕستە و بیرۆکەکاندا پەی پێ دەبرێت و تەنانەت لە گفت و گۆکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
نووسەر لە بەرامبەر کاراکتەرەکانیدا بێ لایەنیی خۆی وەکو حیکایەتخوانێکیش ناشارێتەوە.
جوان هەست بەوە دەکەی کە چاوێکی هەر بەئاگایە و کە ڕەنگە ئەگەر وردتر کاری لەسەر ئەو لایەنە کردبایە، بەپێزتر بووایە.
(سەما) کچێکە جیاواز بیر دەکاتەوە، جیاواز دەژی. زۆر باوەڕی بە ئازادی هەیە. ئەو هەر کە هاتبووە نێو ژیانەوە، کێشمەکێشی خۆی پێ بوو. لەگەڵ خۆیدا شەڕی بوون و نەبوونی خۆی هێنابووە ئاراوە.
ئەو داستانێکی ماندوویی و شەکەتیی بوو. ئەو سەرەتا (ئەو)ێکی بێ بوون بوو که هەر لە خێزانەکەی خۆیەوە کار لەسەر داپڵۆسین و بچووک کردنەوەی کرابوو! خاوەنی باب و برایەک بوو که دەیانویست ببن بە داڕێژەری ژیانی و پلانێکی بەدڵی خۆیانی وای بۆ بنووسنەوە کە هەموو حەرەکات و سەکەناتێکی ئاڕاستەکراو بێت. ئەو هەموو هەناسە و چپەیەکی تەفسیری بۆ دەکرا و لێک دەدرایەوە. هەمیشە لەژێر زەڕەبینی ئەواندابوو و ناخییان شی دەکردەوە و تێستییان بۆ دەکرد..
بەڵام وردە وردە ئەو کچەمان (سەما) گەورە بوو! خۆی ناسی (بە مانا فەلسەفییەکەی). بووە خاوەنی دید و ئایدیا و زانستی خۆی، تا ئەو ڕادەی وەك مامۆستایەکی زانکۆ لەگەڵ قوتابییەکانیدا گفت و گۆی وجودی بخولقێنێت!
وەک لە ل٩٩ دا ئاماژە بە بیردۆزی تەقینەوەی زەبەلاح کراوە. نووسەر زۆر جوان مۆخی تاکەکانی خوێندۆتەوە لە کۆمەڵگا ئایینییەکاندا. بە تابیەتیش ئەو عەقڵییەتەی کە هەموو شتێک بە ئایینەکەی خۆی دەپێوێت و بەراوردی دەکات.ئەگەر بکرێ ناوی بنێین گرێی دینداری کە مەسەلە زانستییەکان بە چۆنیەتیی تێگەیشتنی خۆی لە ئایین دەبەستێتەوە.بێ ئاگا لەوەی کە ئەگەر تێ ورد بینەوە، بونیادی زانست لەسەر بنەمای گومانە، نەک یەقینی موتڵەق (ڕەنگە ئەو قسەیە زانستی بیرکاری نەگرێتەوە). ئەسڵەن زانست هەمیشە وەک کایەیەکی عیلمانی (بە واتا نەشێواوەکەی) کاری خۆی دەکات و ئەوە ئایینە لە ئەسڵدا فرەوانترە و وەکو ڕۆحانییەتێک دەبێت زانستیش گۆش بکات. دەکرێت زانست و ئایین یەکتر تەواو بکەن بەڵام زانستی عەلمانیی پوخت بە موجەڕڕەدی ئیشی خۆی کردووە و دەقە ئایینییەکانی نەکردۆتە پێوەری بەڵگە زانستیەکانی.ئەوەش ئایین لە دوو ئیشکالییەت دەپارێزێت. یەکەمیان تەفسیری سنووردارکراو و ئامادە، بەو مانایەی کە دەقە ئایینییەکان بە باڵای بیردۆزە زانستییەکان ببڕن و بیانگونجێنن..
(سەما)ش پێمان دەڵێت: ڕەنگە بەیانی بیردۆزی تر بێتە کایەوە، مادەم زانست لەسەر بنەمای گریمانە بونیاد نراوە و دژی بەپیرۆزکردنە،کە ئەوەش ئیشکالییەتی دووەمە!
دەزانم ئەمانە باسێکن هەستیاریی دینی دەوروژێنن، بەڵام پێم وایە نووسەریش هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنە کردووە. وەک ئەوەی بڵێت: هەموومان هەمان سروشت دەبینین، کەچی جیاوازییەکە لەنێوان هزرمەندی و شێوازی ڕوانین و خوێندنەوەی شتەکان دایە..
لەو ڕۆمانەدا (ترس) وەک تێمایەکی کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکان دەجووڵێنێت. ترس ئەو دەردە کوشندەیە کە قوربانی دروست دەکات.
کە تاسان و داخورپان دێنێتە کایەوە. بۆیه لامان نامۆ نییە کە دایکی (سەما) بەس بە دیتنی (ڕەها)ی دەستەخوشکی کچەکەی بەربێتەوە و تووشی دڵەکپی ببێت. ئەو ترس و بیمێکی زۆری بەرامبەر هاوسەری خۆی لە هەناویدا گل داوەتەوە. هەر ترسە ئەو دەهێنێ و دەبات و کاردانەوەکانی دیاری دەکات.
ترس بەرامبەر خالقی مەزنیش ئەگەری ئەوەی هەیە کەسانێک بەلاڕێیدا ببەن و لە بەرژەوەندیی تاکەکان بدات ئەگەر تەهزیب نەکرێت و پۆزەتیڤانە نەکرێتە کردار و بەرجەستە نەکرێت. وەک ئەوەی هەمیشە تاقمێک هەیە ئەگەر بۆیان بڕەخسێت بەناوی (امر بالمعروف و نهي عن المنکر) لەپێناوی (خۆف)ی خوادا شیرازەی ئارامی تێک دەدەن.
مەگەر هەر ترس نەبوو کە (ساوێن)ی خوشکی (سەما)ی وا لێ کردبوو ، تەواو دەستەوەستان بێت لە بەرامبەر هەژموونی باوک و برای! ئیدی کێشەی (سەما) لەگەڵ دایک و خوشکەکەی بوو، نەوەک لەگەڵ باوک و برای. لێرەدا ڕێک وتە ناودارەکەی ئایکۆنی ئازاد کردنی کۆیلەکان لە مێژوودا (هاریێت تەبمەن) مان بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێت: زەحمەتترین قۆناغ لە ڕزگار کردنی کۆیلەکاندا ئەوە بوو که بەندەیەک ڕازی بکەی بەوەی کە ئەو بەندە نییە.
دایک و خوشکی (سەما) هێندە ژێردەستییان ژنەوتبوو تا تێکەڵی خوێنیان ببوو! بۆیە دیارترین کێشەی ئازادکرنی تاکەکان، تەسلیم بوونی خودی بەندییەکانە بە واقیعەوە، تا ئەو ڕادەی کە (ساوێن) نەک ھەر مننەتی بە هەوڵەکانی (سەما)ی خوشکی نەبوو بۆ ڕزگار کردنی، بەڵکو قەرداریشی دەکردەوە و نەخۆشیی دایکی کردبووە ئەستۆی ئەوەوە، لەوکاتەی کە (گوڵخاتر)ی پلکی (سەما) بایی ئەوەندە هەڵوێستەکەی دڵنەوایی تێدابوو کە پێی وەبوو (سەما) بە ناردنی (ڕەها) بۆ لای دایکی، بە هەلەپەل بووە و بەس!
نووسەر لێرەدا هۆشیارانە هەڵوێستێکی دروست کردووە، تا خوێنەرانیش وەک پەیامگرێکی پاسیڤ نەبن و ڕای خۆیان بونیاد بنێن، بە داکۆکی کردن بێت یاخود سەرزەنشت کردن، چونکە هەڵبەت هەندێک بابەت هەن ڕای جیاواز لەخۆیاندا هەڵ دەگرن.
نووسەر ڕێک دەزانێ ئەو کۆمەڵگایە کوێی دێشێت و ناماقووڵییەکانی چین. وەزیفەی بۆ هەر کاراکتەرێک داناوە تاکو خزمەت بە پەیامەکەی بکات.
ئاشکراشە بەگشتی ئێستاکە ئەو نەزڕەی بە کەم زانینە بەرامبەر بە ئافرەت کەمتر بۆتەوە، وەک دەرهاوێشتەکی حەتمیی گۆڕانکاری و پێداویستییەکانی ژیان. بەڵام ئایا دیدی کۆمەڵگە بەرامبەر خودی ئافرەت تا چ ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە؟ ئایا بەچاوی ڕێز و ئینساڤ تەمەشا دەکرێ؟ کێ هەیە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا لایەنێک یان مەشهەدێک یان چەند کەسێکی نزیک یان دووری خۆی بیر نەکەوتبێتەوە؟ کە دوور نییە نووسەریش لە نیتاقی ژیانی خۆیدا لە بینینی پەیوەندیی لاسەنگی نێر و مێدا بێ بەری نەبووبێت. ڕۆمانەکە ئاماژەی قووڵی تێدایە، بۆ نموونە لە ل١٧٣ دا کە دەڵێت: هەر لە بۆقی ئەو ئاوە دەچوو کە پەیتا پەیتا ئاوەکەیان بۆ هێنابووە کوڵاندن و… هتد .ئەوەش دەمانباتەوە بیردۆزی کوڵاندنی بۆقەکان ( Boiling frog theory)… چوون (سەما)ش وردە وردە ڕاهات لە کڵپەسەندنی خۆی، تا لە پەل و پۆ کەوت و تەنانەت نەیتوانی پازێک بۆ دەرەوەی ئاوە کوڵاوەکە بدات. بۆچی؟ چونکە ئەمێستاکە بێ غایەت بێ تاقەت بووە. ئەو وزەی خۆی هەموو لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ئاوە گەرمەکە سەرف کرد. ئەو ئەگەر بیتوانیبایە ئەو ساتە دەستنیشان بکات کە لێوەی بڕیاری بازدان بدات، نەدەگەیشتە ئەو دۆخە. کەڵەکە بوونی ئەو هەموو داخ کردنەی سەرەتا، ئاماژە بوو بۆ سووتانێکی گەورەتر. بەڵام هەستی پێ نەکرد تا بوو بە پیرێکی لاو.. ئەگەر زووتر ئاڕاستەی خۆی گۆڕیبا! ئەگەر هەنگاوی دیکەی هەڵێنایە بەڵکو ژیان فورسەتێکی تری پێ بەخشیبایە. بەڵکو بگەیشتبایە کەناری ئارامی!هەر لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانەوە دەڵێین: ئازادکردنی وەتەن ئاسانە بەڵام پاراستنی ئەو ئازادییە تێکۆشانێکی ڕۆژانەی دەوێت! تۆ بڵێی ئەو دەستەواژەیە بەسەر تاکەکانیشدا جێ بەجێ ببێت projection؟! ئەی ئەوە نییە (سەما) سەدایەک بوو لە ئازادی، ئێستا بوو بە بێ دەنگی و کپی؟!
. سەرەڕای ئەوەش هەر لە ناخماندا زیندوو دەمێنێتەوە. لەگەڵیدا ژیاین. لەکاتی هیوا و کۆڵنەدانی. لەکاتی بێ هیوایی و خەمی شەوانی! ئەوەتا نووسەر هەستی منداڵیی ئەومان بۆ دەگوازێتەوە کە بە فیترەت غەریبی بۆ دایکی خۆی هەڵساوە. لە بەرامەریشدا بێ فەخفەخە و بێ فەلسەفە شعووری دایکیمان بۆ بەیان دەکات، دایکێک بە جەرگی خۆی تا بڵێی کولافەیە! ڕاستە (سەمای سەما) کۆتاییەکی داخراوی هەیە بەڵام هەر خوێنەر لە مەراقدا دەهێلێتەوە. ئاخۆ ژیانی خێزانەکەی پاش چارەنووسی ئەو چی بووبێ؟! ئاخۆ لەنێوان پەشیمانی و ئازاردا چۆن تلابنەوە؟! ئاخۆ ئەو کۆمەڵگەیەی ملی لەبەر ملی ئەو نابوو تاچ ڕادەیەک بەرپرسیارێتی ئەو دەرەنجامەیان هەڵگرتبێت؟! شێوەی پاڵەوانەکانی ئەو ڕۆمانە (لە ڕەها و گۆستاڤەوە بترازێ) هیچیان وەسف نەکراون.. دیارە نووسەر ویستوویەتی تان و پۆی ئەو لایەنە (شێوە و سیمای کەسەکان) بە نەزانراوی بهێلێتەوە تاکو خەیاڵی خوێنەری تێدا بەشدار بێت.
ماوەتەوە بڵێم ناوی کارەکتەرەکان بە وردی و بە عینایەت هەڵبژێرراون. بۆ نموونە: ئەوەتا پێشمەرگەیە و ناوی (هەڵۆ)یە. لە ل١٨١ (ژینا) دەردەکەوێت، دیارە هەڵبژاردنی ئەو ناوەش هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەو ژینایەی کە لە لایەن زۆرانێکەوە وەک سیمبۆلی ئازادیخوازی دەبینرێت.
لە کۆتاییشدا ناوونیشانی (سەمای سەما) کە بیرۆکەی ڕۆمانەکەی پوخت کردۆتەوە! (سەما) بەدرێژایی هێلی ڕووداوەکاندا زەماوەندی کەیفسازی و خەمئاوازیی خۆی گێڕاوە! ڕێک شیعرەکەی ئەبوونەواسمان بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت:
لا تحسبوا رقصي بينكم طربا *** فالطير يرقص مذبوحا من الألم.
(سەما) وتەی خۆی گەیاند و ڕۆیشت، بەڵام ئایا سەدایەکەی تا کوێ بڕ دەکا؟!
ئەوە نازانم بەڵام دەزانم کە ڕاگوزەرێکی ئاسایی نابێت بە دەروونی هەموو ئەوانەی دەیخوێننەوە… جا چ کۆک بن لەگەڵی چ ناکۆک!
نووسینی: سروە مستەفا