Skip to Content

بیره‌وه‌ری: شیعر و دەمانچەی ئاوی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بیره‌وه‌ری: شیعر و دەمانچەی ئاوی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 26, 2020 General, Literature

دوای وەستانی شەڕی ناوخۆ، كوردستان دابەش بوو بەسەر دوو دەڤەر و دوو دەسەڵاتدا. لەهەر بۆنەیەكیاندا ئەدیبەكانیان داوەت دەكرد و دەبوون بە كوڕی نازدار و ڕێزلێگیراوی بۆنەكان. ئەم داوەتكردنە وەك ڕێزگرتنێكی بەخششی ئەدەبی نەبوو، بەڵكو دەسەڵاتەكان وەك مەرامی تایبەتی و خۆدەرخستنێك و جۆرێك تاكتیك، ئەو مەرحەبا و خوانەیان بە ئەدیبەكان ڕەوا دەبینی. بۆ ئەدیبەكانیش جۆرێك ڕێكەوتی تاسەشكێن و ناوازە بوو، یەكتریان تێدا دەبینی و ئاگاداری بەرهەمی یەكتری دەبوون. بەرهەمی تازەی خۆشیان پێشكێش بەیەكتری دەكرد، پەیوەندییەك بەرجەستە دەبوو، پەیوەندیی ئەدەبی. ئا ئەوكات، تا ڕادەیەكی زۆر شارەكان هاتوچۆكردنیان تێدا قەدەغەبوو.
لە بۆنەی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی: (پارتی دیموكراتی كوردستان)دا، كە لە ساڵی 1996 لە مەسیف بەڕێوەچوو، ئەدیبەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك، زۆربەیان داوەتی ئەم بۆنەیە كرابوون. ئەوكات هەولێر لەژێر دەسەڵاتی: (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)دا بوو، ئێمە كۆمەڵێك ئەدیب بووین بانگهێشتی ئەم بۆنەیە كرابووین. گوتیان دەبێ بچنە دەزگای… (ناوەكەیم لەبیر نەماوە)، بەڵام لە شوێنی پارێزگای كۆنی هەولێر و قایمقامیەتی ئێستا بوو، پسووڵەی ڕێپێدانتان پێ بێت، ئینجا بازگە ڕێگاتان پێدەدا بچن، یان نا. بەو پێیەی: (محەمەد موكری) هەم هاوڕێمان بوو، هەم ئەدیبێكی سەدا سەد یەكێتی بوو، لەناو حیزبەكەیدا گوێی لێڕادەگیرا. داوامان لێی كرد كارئاسانییەكمان بۆ بكات. ئێمە: (عەبدوڵڵا سەڕاج، كەمال غەمبار، خاڵە حەمرین، بۆتان جەلال، سامان دزەیی، ئەحمەد حەیران و من). وابزانم: (جەلیل كاكەوەیس)یشمان لەگەڵدابوو، یەكمان گرت و چووین بۆ ئەو دەزگایەی بۆیان دەستنیشان كردبووین و سڵاوی محەمەد موكریشمان پێبوو، كە چووینە ژوورەوە كارەبای ژوورەكەیان بڕی، بۆ ئەوەی گەرما هەراسانمان بكات: (ئەحمەد حەیران و سامان دزەیی) لە پێش پرسگەی دەزگاكەدا دڵیان خورپەی كرد و بێ ئەوەی قسەیەك لەگەڵ ئێمەدا بكەن، كە پێكەوە هاتووین و چ ئەركێكمان بەسەر یەكترەوەیە، بە خشكە ئێمەیان جێ هێشت و گەڕانەوە، كە ئێمە بە دڵشكاوی و دەموچاوێكی تووڕەوە هاتینە دەرەوە لە نزیك دیواربەندی: (گیو موكریانی) چاودێری ئێمەیان دەكرد، ئەگەر ڕێگامان درا لەگەڵمان بێن، ئەگەر ڕێگاشمان نەدرا ئەو ساغ و سەلامەت. نە ئاو شێلوو بووە، نە بەفریش شوێن پێیەكی لەسەردا جێ ماوە. ئەنجام بەرپرسەكە، كە شانی پڕ ئەستێرەی تاریك بوو، ڕێگای پێ نەداین، (كەمال غەمبار) بوێرانە و لۆژیكانە و لەجێی خۆیدا قسەی بۆ بەرپرسەكە كرد و ئەم جۆرە كردەوانەی بە داپڵۆسین و دیكتاتۆریەت و هەڵەشەی هەرزەكارانە لە قەڵەم دا، بەرپرسەكە بەشێوەیەكی ناشایستە وەك ئەوەی هەڵسوكەوت لەگەڵ كۆمەڵێك دەستگێڕی ناو بازاڕ بكات، كە سەرپێچییەكیان كردبێت، ئێمەی بەڕێ كرد. ئەنجام ئەوانی تریش گەڕانەوە و پەرتەیان لێ كرد. كەمال غەمبارم وەك پیاوە گەورەكانی ناو مێژوو، لە خاڵی هەڵوێستدا بینی، وەك مەیدانخوازییەك ڕووی تێ كردم و گوتی: سەركێشی شاعیریەتی لێرەوە دەردەكەوێت، واتە: مەیموون لە هەڵوێستدا بوو بە مرۆڤ. منیش بێ دوودڵی بڕیارم دا بچم و گوتم: چی دەبێت با ببێت، ئەگەر باجی سەریش بێت. لەم ڕووداوەدا لە پاڵ توانای ئەدەبی، ئەوەم بۆ دەركەوت، كەمال غەمبار پیاوی هەڵوێست و ئەدیبێكی بە جەرگ و چاونەترس و واقیعییە و خاوەن قسەی خۆیەتی. ئیدی لەم چركەساتە بەدواوە بووە جێگای هەموو بڕوایەكی من و برا و پشت و پەنام، باشیش لە بیركردنەوەی خۆمان گەیشتم و دەبێت كەسایەتی ئەدەبیمان بەسەر هەموو ئاستەنگێكدا سەر بخەین و گەشەی پێبدەین.
چووینە گەراج و قەمەرەیەكی تایبەتمان گرت. لە بازگەی: (هەولێر – مەسیف)دا ڕێگایان لێگرتین و ئێمەیان گەڕاندەوە. برادەرێكی نزیكی خۆمم لە بازگەكەدا بینی، كە زۆر هۆگری شیعرەكانی من بوو، بەتایبەتی بە دوو شیعرم: (چنگەڕنێی سیپان و هەناسەی شاخ)، كە لە ژمارە (2)ی بڵاوكراوەی (ئاسۆس)، گەلاوێژی 1984دا، بڵاوكراوەتەوە. شیعری: (دابارین)، لە ژمارە (43)ی گۆڤاری (كاروان)، نیسانی 1986دا، بڵاوكراوەتەوە. لە یادی بۆردومانی دە ساڵەی قەڵادزێدا نووسیومە. ئەو برادەرەم شانۆكار و قوتابی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بوو، ناوی (موحسین) بوو، شانۆ و كۆلێژی بەجێ هێشتبوو ببووە چەكدار، شەڕی ناوخۆی دەكرد. بەداخەوە هەر لە هەمان بازگەدا بە تۆپی دوورهاوێژ بووە قوربانی. بەمنی گوت: ئەگەر بە تەنیا دەچیت ڕێگات دەدەم. منیش پیاوەتییەكەم ڕەت كردەوە و پێمگوت: (ئێوە لە خەسڵەتی ڕۆشنبیری داماڵدراون). ئەم وەك بەرپرسەكەی تر هیچ قسەیەكی نابەجێی نەكرد. تەنیا گوتی: لە نیازی خۆتەوە تەماشای خەڵكی دیكە مەكە، ئەدیبەكانیش بەشێكیان سیاسەت دەكەن، منیش زۆر بە ڕاشكاوانە گوتم: من حەز لە هونەری سیاسەت ناكەم و ببڕای ببڕیش وەك پراكتیك بەلایەوە ناچم، بەڵام هەوڵدەدەم جیهانبینیی سیاسیم هەبێت، داهێنان هونەری ڕۆحە، شیعریش ڕۆحی هونەر و مرۆڤە. من حەز لە هونەری شیعر دەكەم و تا ماوم خزمەتكاریم، بەڵام بەڕووی دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی ڕەسمی هەڵدەشاخێم و نابووتی دەكەم. خوێندەوارێكی وردی ئەدەبیات بوو، بە تایبەتی ئەدەبی بارگاویكراو بە سیاسەت و هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە. بەمنی دەگوت: تۆ نەگەشبینی، نەڕەشبینی. منیش دەمگوت: نەگەشبینم، نەڕەشبینم. شیعری من لە پەراوێزی هەردووكیاندا بەڕێوەدەچێت، ئێستاش چەند كتێبێكم، هەردوو بەرگی: (داغستانی من)ی ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: (عەزیز گەردی) و دوو ڕۆمانی: (حسام بەرزنجی)، 1 – زەلیل. 2 – كانگای بەڵا و ڕۆمانی: (دایك)ی مەكسیم گۆركی. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: (كەریمی حسامی) لە كتێبخانەكەیدا مایەوە. ئەو برادەرەم لە ڕێگای شاعیر: (قادر ئیبراهیم مینە)وە ناسی، كە خاوەنی بەهرە و توانایەكی شاراوە بوو، بەداخەوە مەكینەی زاڵمی سیاسەت قادری هاڕی، ئێستا هیچ توانایەكی شیعری تێدا نەماوە، (بەداخەوە). نەچووە بچێت، جارێكی تر ناولەپی خۆی بۆن بكاتەوە و كۆمەڵێك ئەستێرەی تر هەڵداتە ئاسمان.
ئەوەی وەك بیرەوەری لام مایەوە هەر لە گەراج پارەی شوفێرەكەمان دا، كە بە مشتومڕی ئێمە و بازگەی زانی، جوامێرانە ئێمەی هەریەك هێنایەوە پێش ماڵی خۆمان و پارەكەشی بۆ گەڕاندینەوە.
لەوكاتە كورتەی لەگەڵیدا بووین، كاسێتێكی: (حەسەن گەرمیانی) خستبووە سەر موسەجیلەكەی، لەناو دەنگ و ئاواز و ئەدای گۆرانی (كەمەرە شل)دا نقووم ببووم، كە هاتمە خوارەوە سوپاسیم كرد. كاسێتەكەی وەك دیاری پێ بەخشیم، هەوڵم دا لێی وەرنەگرم. گوتی: بازگە دڵی ئێوەی شكاند، تۆش دڵی من مەشكێنە، حەسەن گەرمیانی گۆرانیبێژێكە فۆلكلۆر بە ڕەسەنایەتی فۆلكلۆر دەڵێتەوە و دەگمەنە، لەخۆوە دروست نەبووە. بێ ئەوەی دەسەڵاتێك، یان تیپێكی مۆسیقی، یان كەسێك بەرزی بكاتەوە، بۆ خۆی دەفڕێت و ئاسمانێكە بۆ ئەوەی خەڵكانی تریشی تێدا بفڕێت. لەم بۆنەیەدا بەشێك لە ئەدیبان گەیشتبوون و گۆڤاری تێڕامانیان بەسەردا دابەش كرابوو، لە دانیشتنی ناوخۆیاندا گفتوگۆیەك لەبارەی شیعرێكی من و شیعرێكی: (حەسیب قەرەداخی) لە نێوان: (قەرەداخی و حەمە كەریم عارف) دروست دەبێت، كە لە ژمارە (1)ی گۆڤاری (تێڕامان – ڕامان)، تەممووزی 1996دا، بڵاوكراونەتەوە. شیعرەكەی ئەو بە ناونیشانی: (فەجری عەشق) و شیعرەكەی منیش بە ناونیشانی: (دروودی ئاوێنە).
(حەمە كەریم عارف) لە گفتوگۆكەیدا بەراوردێك لە نێوان هەردوو شیعرەكەدا دەكات. قەرەداخیش دەماری دەگیرێ و بەراوردكردنەكەی پێ قبووڵ ناكرێت. هەڵزەقینەوەی لا دروست دەبێت. وەك: (فەیسەڵ دێهاتی) بۆی گێڕامەوە تانەیەكی ڕاست و چەپیش لە ئەزموونی من و تەواوی لاوان دەدات. لەكاتی گفتوگۆ و هەمان دانیشتندا: (محەمەد عومەر عوسمان) داوا لە: (ع. ح. ب) دەكات گفتوگۆیەكی ئەدەبی بۆ گۆڤاری ڕامان، لەگەڵدا ئەنجام بدات. قەرەداخیش بە: (ع. ح. ب) دەڵێت: (بە تەمومژ و سەرلێشێوان ئاماژە بە شیعرەكەی سەباح بدە). ئەویش لایەنگری بۆچوونەكەی دەبێت و داواكەی بەجێ دەهێنێت. چاوپێكەوتنەكە لە ژمارە (3)ی گۆڤاری ڕامان، 5ی ئەیلوولی 1996دا، بڵاوكراوەتەوە و تێیدا دەڵێت: (شیعرێك من تێینەگەم بە شیعری دانانێم. ئێستە هەر لە ژمارەیەكی ڕاماندا شیعرێكی: (سەباح ڕەنجدەر)م بەرچاوكەوت. لەوانەیە هەیە بڵێ ئەمە چاكترین شیعرە، بەڵام ئەو تەمومژە من لێی تێناگەم، بە مەرجێ ساڵەهای ساڵە شیعر دەنووسم و دەخوێنمەوە.)
یەك لە ئامادەبووان: (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)، كە ڕەخنەگرێكی خاوەن میتۆدە، بەم هەڵسوكەوتە دڵتوند دەبێت و لە خەسڵەتی ڕۆشنبیری دایدەماڵێت، پاش ئەوەی ڕووبەڕوو سەركۆنەی ئەم داوا و بەڵێیەی هەردووكیان دەكات، پێی ڕاگەیاندم: ع. ح. ب هیچ بەرهەمی تۆی نەخوێندووەتەوە، بگرە هەر ناویشتی بەرچاو نەكەوتووە. ئەم لەخانەی ئەدەب دەرچوونەی پێی كراوە، وەك هەڵوێستی داكۆكی و هەڵزەقینەوە و كاردانەوە و دژە دیاردەیەك بوو، بەرانبەر بەراوردكردن و گفتوگۆیەكە. بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆر پەیوەندی بە ڕایەڵ و تانوپۆی شیعرەكە، خۆیەوە هەیە. بوار دەڕەخسێنێ بۆ لێكدانەوە و بەراوردی جیا جیا.
ماوەیەكی بەسەرچوو، لە ڕێكەوتی 16/6/1997دا، لە هەولێر لە هۆڵی میدیادا: (ع. ح. ب) میوانی بۆنەیەكی ئەدەبی بوو، (من و بۆتان جەلال و دانا عەلی سەعید) خۆمان پێی ناساند و وێنەمان لەگەڵدا گرت. ئێستا وێنەكە لە ئەلبوومی مندایە. وەك مەبەست لەگەڵی وەستام و گفتوگۆیەكی كورتمان لەبارەی ئەدەبدا كرد. وەك مەبەست و بە دیاریكراوی ئەوەم لەگەڵدا باس كرد، تەمومژ پێداویستییەكی ئێستێتیكییە و هێزێكی خوڵقێنەرە، هیچ شیعرێكی نەمریش لە تەمومژ خاڵی نییە. ئەوەی تۆ مەبەستتە لێڵییە، لێڵیش لە بایەخی لێكدانەوەی داهێنەرانە دووركەوتووەتەوە. ماكی داهێنان نییە. بابەتی چاوپێكەوتنەكەیم هێنایە پێشەوە و گوتم: مامۆستا لەو چاوپێكەوتنەی لە گۆڤاری ڕاماندا بڵاوكراوەتەوە وەك شاعیرێك ئاماژە بەمن دەدەیت، كەچی من چیرۆك دەنووسم، قەت شیعرم نەنووسیوە. ئەمیش تەزبیحێكی دەنك گەورەی بەدەستەوە بوو، بەدەم پەنجە جووڵاندنەوە ڕووی لەمن وەرگێڕا و بە قووڵایییەكی زۆرەوە گوتی: (ئەی بۆ وایان گوت).
لە ناوەرۆك و جەوهەری خۆیدا دانی پێدانا و لە ڕاستییەكە تەواو دڵنیابووم. منیش بۆچوونی خۆمم بە پاكی و ڕاشكاوانە گوت و گوتم: ئەگەر ئەدەبت باش ناسیبێت، چۆن دەتوانیت مەودایەك وەربگری و بۆچوونێكی جەڵەبی لەم شێوەیە دەرببڕیت. دڵم ئێشاند. (گیانی گیانان: داوای بووردن لەم دڵئێشانە و هەموو دڵئێشانەكان دەكەم.)
ماوەی چەند ساڵێكی بەسەرداچوو لە هەمان گۆڤاردا: (ئازاد عەبدولواحید) چاوپێكەوتنێكی دیكەی لە ژمارە (33)، 5ی ئازاری 1999 لەگەڵدا ئەنجام داوە، لەوێدا دەڵێت: (لە هەولێر (كەریم دەشتی) دەبینم شتی جوانی هەیە، (سەباح ڕەنجدەر) شتی باش دەنووسێ).
ئەی شیعر: چیایەكی چەند هەستی و چەندیش بەر گوللەی كوێر و دەمانچەی ئاوی دراوی. ڕەنگە ڕەخنەگرێك، یان خوێنەرێك وەك شاعیرێكی بە ئەزموون، كە نیو سەدەیە شیعر دەنووسێت، گوێی لێ بگرێت. ڕەنگیشە لە چاوپێكەوتنی دووەمیشیدا منی نەخوێندبێتەوە و بەرهەمی نەناسیبم. تەنیا بۆ پاساودانەوەی بۆچوونی یەكەمی، بۆچوونی دووەمی دابێت، لەبەرئەوەی من بەهەڵەبردنەكەیم زانیوە.
نەناسین و بۆچوون لەبارەی یەكتری دان، مەیدانی كوشتنی یەكترییە. لە كاتێكدا ئەم خاڵە لە ژیانی ئەدەبیی خۆم دەهێنمەوە یاد و ئەوەش دەزانم. ئەو وردە بیرەوەرییانە پەناگەی ڕۆحن و خۆتی تێدا دەبینیت، چۆن ڕۆیشتووی و چۆنیش دانیشتووی. چۆنیش خۆت لە ماوەكاندا دەناسیتەوە. هەقیقەتی ماوەكان چی بوونە بۆ گەشەی ڕۆحیت و خۆلادان لە زمانی دەستەمۆ. بە دیاریكراوی مەبەستمە ئەوە بپرسم: دەبێ هۆی چی بێت كەسێك بچێتە ژێر كاریگەری بۆچوونی كەسێكی دی و خاوەنی پێوەری خۆی نەبێت، یان پێوەر ونكردن چ بارودۆخێكی خنكێنەرە بۆ بۆچوون.
كە پێویستی ئەم نووسینە خرۆشاندمی، بۆ باش ناسینی، تەواوی دیوانەكەیم خوێندەوە، كە ساڵی 2013 بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی لە 850 لاپەڕەی قەوارە گەورەدا چاپی كردووە.
شاعیرێكی زۆر ئاسایییە، بە زمانێكی میللی نووسیویەتی، لە ڕووی شێوازی نووسینیش سادە و خاوە. لە شاعیرانی نەوەی خۆی وەك: دیلان، كامەران موكری، هەردی، كاكەی فەلاح … تاد، لە هەموویان ناكارا و بێكاریگەرترە. قووڵایی بیركردنەوەی كەم تێدایە و تەنكە، ئەگەر لە هەندێك دێڕ و كۆپلەشدا قووڵایی بیركردنەوەشی تێدابێت، كەم لەناو بیركردنەوەكەیدا دەمێنێتەوە و نایگەیەنێتە باری تێڕامان و خۆبینییەكی داهێنەرانە، بەجێی دەهێڵێت.
سەرەتای شیعری: (شەو)ی خاڵێكی ئێستێتیكییە بۆ بەیەكگەیشتنی شیعر و مرۆڤ و دۆخی ئێستێتیكی مرۆڤ لەناو شیعردا، بەڵام لە ناوەڕاستیدا سیاسەت دەهێنێتە ناوە و هەستە ئێستێتیكییەكە لەناو دەبات و دەبێتە (مانا و گواستنەوە)، ئەمەش جۆرێكە لە ناشارەزایی ئێستێتیكای ئەدەبیدا. لە ئەدەبی ئێستێتیكیدا زمان تەنیا مانایە، گواستنەوە نییە.
فریشتەی خەم سەری سوڕماوە ئەمشەو
ئەوەندەی خەم بەم و بەو داوە ئەمشەو
لەبەر لێشاوی تیپی مەینەتیدا
سوپاسی خۆشی شكستی داوە ئەمشەو
من بەو زمانە دەنووسم، كە پێی دەگریێم، لە ڕێگای هەست و هەناسەی قووڵی زمان و (پەرتاو – شەتەحات)ی سۆفییانەوەش نەكەوتمە ژێر كاریگەریی باوخوازی بەشێك لە شیعری كوردییەوە، جیاوازم لە: (ئامانج) و (ئێستێتیكا) و (ئاراستە)دا، شیعری ئاوێتە: جیاوازە لە شیعری قوڕگ. شیعری ئاوێتە پەیوەندییەكی داهێنەرانە لە نێوان زەینی (خوێنەر) و زەینی (نووسەر) دروست دەكات، كەواتە: شێواز و بیركردنەوەم لە نموونە باوخوازەكەی شیعری كوردییەوە نییە. بۆیە پرسی تێنەگەیشتن و تێگەیشتن. ویست و داوایەكە لە شێوازی باوخوازدا. پەیوەندی بە چێژەوە نییە. چێژ، خۆشی لە بە ئاكام گەیشتن وەردەگرێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە (پێكهاتەی نوێ) و (بوون) و (چییەتی)یەوەیە، پێكهاتەی نوێ و بوون و چییەتی، خۆیان ناوەند و تەوەرێكن و بەرەو قووڵاییت دەبەن و لە ناخەوە هەوڵدەدەن دیدی باوخواز و گوێی باوخواز بگۆڕن و ئاگایییەكی ئەندازەییت بدەنێ، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئەم پێكهاتە نوێیە و بوون و چیەتییەوە بكەیت، ڕوانینی بابەت و هێزی جیاوازی دەق لە ڕێگای سۆسەی ڕۆحی زمانەوە ببینیت.
پووشكین فەرموویەتی:
ئەگەر ژین درۆی لەگەڵدا كردی
خەفەت مەچێژە و دڵت نەڕەنجێ.
لەڕۆژی ڕەشا. باوەڕت وابێ،
كە هێندە نابا خەونت دێتەجێ.


دڵ بۆ دواڕۆژ لێدەدا.
ئێستای مرۆڤ خەم و ژانە.
ههرچی هەیە ڕادەبوورێ
ڕابردووش هەمیشە جوانە!
پاشكۆی عێراق: ژمارە (45)، ئهیلوول و تشرینی یەكەمی 1981 ل:16
هێزی نزا لەم شیعرە وەردەگرم و ئەم داوایە لە هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە دەكەم، ئەوەی وەك دوژمنیش هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كردووم من لێی دەبوورم و لەگەڵیدا دەچمە ناو سێبەر و هەتاوی سروشت و بەخششی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە. لەگەڵ هێزی ڕووخێنەری ئەدەبیشدا ناجەنگم، چونكە ئەو بڕوایەم هەیە داهێنەر دەكوژرێت، بەڵام ناڕووخێندرێت. جەنگی ئەوی دی سەبارەت بە داهێنەر، جەنگ نییە. قەواڵەی بەتاڵە.
هەموومان دەڕۆین، تەنیا ژیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، پاش مردنمان ژیان. بە وردی، زۆر بە وردی دەمانبینێت و پارسەنگمان دادەنێت. سەرەتا ئەم بۆچوونەم لە: (ع. ح. ب)دا خوێندەوە، سنوورە فراوانەكانم لا بچووك بوونەوە. هەستم بە غەدرێك كرد، وامزانی دەستم لێ بەرزكراوەتەوە بۆ لێدان، بەڵام ئێستا، بیست ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. نۆزدە ساڵیش بەسەر كۆچی دوایی: (حەسیب قەرەداخی)، شازدە ساڵیش بەسەر كۆچی دوایی: (ع. ح. ب)، تاسەی ئەوە دەكەم، وەك چۆن دەست و دڵت دەكەیت بە چەترێك و بەسەری دڵشكاوێكدا هەڵیدەدەیت، هەم خۆت و هەم دڵشكاوەكە دەچنە ناو سێبەر و هەتاوی سروشت و بەخششی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە. هەزار جار لەوە زیاتر، تاسە لە هەموو هەستەكانم پلدەدا، بەم درەنگی شەوە، ساتەوەختی ئەم نووسینە، بچم دەست بەسەر كێلەكانیان دابهێنم و بە خۆڵی گۆڕەكانیان تەیەمومێك بەجێ بهێنم و شەونوێژێك بكەم. نوێژی شیعر و ئەوپەڕی داهێنان. ئەی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە، بمگەیەنە ئەو بارەی داوای دەكەم.

حوزەیرانی 2016 هەولێر

Previous
Next
Kurdish