Skip to Content

یەکریزی ناو ماڵی کوردایەتی بە قازانجی کێ یە…؟ … موزەفەر عەبدوڵا

یەکریزی ناو ماڵی کوردایەتی بە قازانجی کێ یە…؟ … موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by ته‌مموز 9, 2018 General

یەکڕیزی ناو ماڵی کوردو کوردایەتی لە چەند ساڵی ڕابردوە تا ئێستا،بە تایبەتی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ،و دەسپێکی بەناو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنو پێکهێنانی حکومەتی عیراقەوە، هەمیشە بۆتە ستراتیژو دروشمێکی سیاسی و ،جێگای پرسوڕاو گرێکوێرەیەکی حزبەکانی کوردایەتی و سەرکردەکانیان.بەڵام ئەم ستراتیژو دروشمە هیچ کات وەک ئەم دەورانەی هەڵبژاردنو سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نەبوتە گرێگوێرەیەکی گەورەی بەردەمیان کە بەردەوام شینو ڕۆڕۆیانەو فرمێسکی بۆ دەڕێژن هەر وەک لە ڕاگەیاندنو لێدوانەکانیانەو دیارە .بە تایبەتی بەیانەکانی هەر ٣ لایەنی سەرکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا بڵاویان کردۆتەوە.هەرچەند پارتی و یەکێتی بە پێی قسەکانیان دەڵێن بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێککەوتون لەسەر هەندێک خاڵی هاوبەش بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە دەسەڵات لە بەغدا تا لەسەر بنەمای سیاسەتی توافقو توازنوشەراکەت ڕێککەونەوەو بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی نویداو دەستیان نەبڕیت لە دزی و گەندەڵیو سەرکوتی جەماوەر.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەم یەکڕیزی یەی ناو ماڵی کوردایەتی بە قازانجی کێ یە وا سەرانی ئەم حزبانە بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای هەمو خەڵکی کوردستانەوە شەو و ڕۆژ شینو ڕۆڕۆیانەو فرمێسکی بۆ دەڕێژن…؟

ئەگەر لە گۆشە نیگای بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانو توێژە ستەمدیدەو بێبەشەکانەوە، لە مامۆستایانو کارمەندانو بێکارانو کەم دەرامەدو خەڵکی ئاوارەو ..هتد ڕاوسەرنجێک لەم ستراتیژو دروشمە سیاسی یە بدەین کە سەرانی کوردایەتی شینو ڕۆڕۆیانە بۆیان تا ناوەڕۆکەکەی ڕۆشنکەینەوە ئەوە بەسە ئاماژە بە چەند ڕاستی یەک بدەین لەوانە:
یەکەم ڕاستی : چینایەتی بونی کۆمەڵگای کوردستانە لەسەر بنەمای ئابوری و کۆمەڵایەتی وسیاسی و فکری و کەلتوری وەک هەمو کۆمەڵگاکانی دونیا بەسەر دوو چینی بۆرژوازی سەرمایەداری باڵا دەستی سیاسی و کرێکاری کرێ گرتەو توێژی کەم دەرامەدی وەک کارمەندو مامۆستاو دەسفۆرشو بیکارو هەژارو برسی ژیردەستو جەوساوە.
چینی باڵادەست کە کەمایەتی یەکی کەمو خاوەنی دەسەڵاتو هەمو سەروەتو سامانی سەر زەوی و ژێر زەوین بێ ئەوەی کاری بەرهەمێن بکەنو ماندو ببنو ئارەق بڕێژن.چینی چەوساوەش کە زۆرایەتین و جگە لە هەرزان فرۆشی هێزی کارو کاری تاقەت پڕوکێن ،یاخود دەسفرۆشی و بێکاریو مەمرەو مەژی خاوەنی هیچ شتێکی تر نین تا پێی بژین. هەر کەسێک ئەم ڕاستی یە نەبینێت و نوکولی لێ بکات ئەوە ئینسانیەتی لە ژێر پرسیاردایە.

دووەم ڕاستی : ئەم چینی بۆرژوا دەسەڵاتدارە کە لە شێوەو ڕەوتو دەستەوتاقمی قەومی وئیسلامی و خێڵەکی و بنەماڵەییی، کە ناوی حزبی سیاسییان لە خۆیان ناوەو نزیک بە سی ساڵە بە زۆرو هێزی چەکی میلیشایی خۆیان سەپاندوە بەرژوەندیان ئەوەندە جیاوازە لەگەڵ زۆرایەتی جەماوەریدا کە بەراورد ناکرێت لەگەڵ بەرژەوەندی هاوبەش .بۆیە ئەمانە نوێنەری زۆرایەتی جەماوەر نین و ناکەن نە لە بەناو حکومەتی هەرێم و نە لەبەناو حکومەتی فیدرالی بەغدا ئەگەر چی بەناوی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکو پەرلەمانەوەن.
سێهەم ڕاستی : ئەم دەستەوتاقمانە بەناوی چارەنوسو بەرژەوەندی هاوبەشی قەومی –ناسیونالیزم و کوردایەتی – نیشتیمانیو نەتەوەیی باڵاو گشتی یەوە بە هاوکاری ریزێک لە نوسەرو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی و مێژوونوس و نوسەرو شاعیرو..هتد بەشێکی زۆر لە جەماوەری کرێکارو ستەمدیدەو هەژارو نەدارو بێدەرەتانیان توشی خۆشخەیاڵی کردوەو کردویانن بە پاسەوانی خۆیانو بە موچەیەکی کەمو پاروە نانێک ناچاریان کردون ببنە هێزی چەکداریانو دەسەڵاتی ئەوانە بپارێزن .

ئەوانەی ئەم راستیانەش وەک ئێمە دەزانن لەناو جەماوەر بە تایبەتی هەڵسوڕاوانی سیاسی و لایەنو ڕێکخراوە چەپو کۆمۆنیستەکان و دژی دەسەڵاتی ئەم تاقمانەن ئەوە بەناوی دوژمنی ناوخۆو دوژمنی کوردو کوردسستانو دژی بەرژوەندی گشتی یەوە بە هیزی چەک سەرکوتیان دەکەن.دەیانو سەدان بەڵگەی زیندو هەن لەسەر سەرکوتو کوشتنو تیرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوس و ئازادیخوازو یەکسانیخواز.

چوارەم:ئەم دەستەو تاقمە دەسەڵاتدارە لەم سی ساڵەی دەسەڵاتیان سەرەتا ترین پێویستی ئینسانییان بۆ ئەم زۆرایەتی خەڵکە دابین نەکردوە لە ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری یەکانەوە بگرە تا پاراستنی ئەمنو ئاساییشو مافو ئازادی یە سیاسی یەکان.تەنانەت خەڵک بە گشتی لەم سی ساڵەدا هەمیشە لە ژێر هەڕەشەو شەڕی نێوان خۆیان و ڕژێمەکانی ناوچەکەدا بونە.وە هەر لە سایەی دەسەڵاتی ئەمانەدایە کە زیاتر لە ملیونێک کەس توشی ژیانی ئاوارەیی پەنابەری بونە زۆریانیش بونەتە قوربانیو گیانیان لەدەستداوە.
ئەمانەو چەندین خاڵی ڕاستی تر دەکرێت ئاماژەی پێ بدرێت کە ئەم شیوەنو ڕۆڕۆو فرمێسک ڕشتنەی ئەمانە بۆ یەکریزی ناو ماڵی کوردو کوردایەتیو پاراستنی بەرژەوەندی باڵاو گشتی خەڵکی کوردستانەوە هیچ پەیوەستی نی یە بە زۆرایەتی خەڵکی بێ بەشو هەژارەوە.
بەڵام ئەوەی ئەم یەکڕیزیە بۆ دەستەبەر نابێت بۆیان ،کە ئاوا لایان گرینگەو شینی بۆ دەکەن سەرەڕای هەوڵەکانیان ، ئیتر ئەوە پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری ئەم جوڵانەوەیەی چینی بۆرژوازی کوردەوە.

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە چینی بۆرژوازی کوردو جولانەوەکەی ،جا خۆیان با هەر ناوێکی پیرۆزو ئەفسانەیی لێبنێن ، لەگەڵ گەشەکردنی لانی کەم لە نیو سەدەی ڕابردوەوە ماکی نایەکگرتویو پاشەوپاشگەرانەوەو گەندەڵی و بێ ئاسویی و دەستەپاچەیی و بەمەش دژی ئازادی و یەکسانی و پێشکەوتنخوازی هەڵگرتوە. هەر وەک جوڵانەوەی بۆرژوا ناسیونالیزمی عەرەبی – عروبە-کە هەرگیز بە تەواوی ستراتیژو دروشمی ئوممە عەرەبی یە واحیدەیان بۆ بەدی نەهات. تەنانەت ئەمانە زۆر دواکەوتوترو نایەکگرتوترو کۆنەپەرستانە تریشن لەوان.

بۆیە جەماوەری کرێکارو بێ بەشو ستەمدیدە نابێت هیچ خۆشخەیاڵی و چاوەڕوانی یەکیان لە یەک ڕیزی ناو ماڵی کوردایەتیو دەسەڵاتەکەیان هەبێت .بەڵکو پێویستە بەرامبەر ئەو ستراتیژو دروشمەی ئەوان هەوڵی یەکریزیو یەکگرتویی ناو ماڵی چینایەتی خۆیان بدەن لەهەمو ڕویەکی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی حزبی و جەماوەری یەوە.

٨-٧-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress