Skip to Content

شیعرو زانستی جوانیناسی … سۆران محەمەد

شیعرو زانستی جوانیناسی … سۆران محەمەد

Closed
by ئه‌یلول 13, 2020 General, Literature

شیعرو زانستی جوانیناسی (جماليات)
Aesthetics


هەروەك چۆن گوتراوە جوانیناسی (ئیستاتیك) بەشێکە لە بەشە جۆراوجۆرو سەرەکیەکانی شیعر، وەك دەلالەت، ئاماژە، وێنە، زمانی وێناندن، لێکچوواندن، خوازە، بەرجەستەکردن، درکە، بابەت، سیمبوڵ، جیاکاریی، پێداگریی، تۆن، سەروا، زمان، چنین… هتد
ئەوا بەگشتی سەبارەت جوانیناسی دەتوانین بڵێین بەشێکە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفە، بەڵام وەك زانستێکی سەربەخۆ نەناسرا تا ئەو کاتەی فەیلەسوف بومجارتین ١٧١٤-١٧٦٢ لە دوا پەڕتوکیدا (رامانە فەلسەفییەکان) راستەوخۆ ئاماژەی بەم زاراوەیە داوە، کاتێك لە چییەتی شیعر دەدوا و لەوێدا جیاکاریی کرد لە نێوان زانستی جوانیناسی و سەراپا مەعریفەکانی تر، لێرەوە زاراوەی ئیستاتیکای داڕشت، لە هەمان کاتیشدا رای ئەوتۆش هەن کە جوانیناسی وەك لقێك لە فەلسەفەی مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و جوانی و هونەرو سەلیقەدا لێکئەدەنەوەو پێناسە دەکەن.
بەشێوەیەکی زانستی دەتوانین بڵێین کە جوانیناسی بریتییە لە دیراسەکردنی هەستەکی و بەهای سۆزداریی، هەر لەمبارەدا (هاربۆرت ریدا) دەڵێت: جوانیناسی یەکێتی پەیوەندییە شێوەییەکانە لە نێوان شتەکاندا کە لەلایەن هەستەکانمانەوە درکی پێدەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێكدا هیگڵ لەمەڕ جوانیناسی دەڵێت: ئەو پەرییە ناسراوەیە لە زۆر شوێندا ڕێکەوتی دەکەین، هەرچی (جۆن دیوی) یە وای دەبینێت دەتوانرێت جوانیناسی فەراهەم بێت لە ڕێی درك و سەلیقەوە بۆ جۆرو لقی زانستە هونەریەکان .
بیردۆزەکانی جوانیناسی کەشفی ئەوە دەکەن کە ئێمە وەك چۆن کاردانەوەمان دەبێت سەبارەت ئەزموون و شتە بەرهەستەکان، هەتا بتوانین شیکاری ئەوە بکەین کە بە چی بڵێین جوانە و بە چیش بڵێین ناشرینە. لەبەر ئەوەی ئەم ئەزموونەش زیاتر هەستەکییە وەك لەوەی بیردۆزیی بێت، ئەوا ئەستەمە قاڵبێکی کۆنکریتی بۆ دابڕێژرێت و بە ئاسانی بخرێتە نێو چوارچێوەی زمانەوە، بۆ وێنە دەتوانین بە دیمەنێکی ئێوارەی خۆراوابوون یان تابلۆیەکی قەشەنگ بڵێین جوانە، بەڵام ئاسان نییە بڵێین چی وای لە ئێمە کرد ئەو بڕیارە بدەین.
تا بشتوانین ئەزموونی جوانیناسی شیکار بکەین ئەوا دەبێت بزانین کە چۆن بیردۆزە جوانیناسیەکانی هونەر هەوڵیان داوە دەستنیشانی جۆرە جیاوازەکانی ئەزموونی هەستەکی هەر هونەرێکمان بۆ بکەن و ئا بەم ڕێگایەش بۆمان وێنا بکەن، هەر لەم دیدگایەشەوەیە دەگوترێت جوانیناسیەکانی هەستەکانی مرۆڤ جیاوازن، بۆ نموونە جوانیناسینەکانی بینین وەك هی بیستن یان بینین و خەیاڵ و خوێندنەوە نیە..
ئا لێرەدا بیری وتەیەکی شاعیرێكی پیرە قەڵاتم دەکەوێتەوەو کە لە نەوەدەکاندا سەبارەت بەشێك لە ئەزموونی شیعری خۆی پێی گوتم: چاوەڕوانی چ شیعرێکی رۆمانسی و وەسفئامێزی دولبەر و قژی زه‌ردو چاوی شین لە شیعرەکانم دەکەن؟ لە کاتێکدا من ژیانم لەگەڵ بۆڵبڕین و ئاسن و بورغودا بەسەر بردبێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو جیهانە جیاوازانە هەر یەك لە قەدەر عەشق و موعانات و رەهەندە جیاوازەکانیان پڕن لە جوانی کەشفنەکراو، کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی جوانیناسیش دابەشی چەند بەشێك بکەین، لەوانە ئەو بەشە باوەی خوێنەرێکی سادە بۆ نموونە لە وەسفی دیمه‌نێکی رازاوه‌ی به‌هاردا یان باڵای شۆخێکدا بەری دەکەوێت، یان ئەو بەشە تایبەت و نەدۆزراوەیەی لە هەر ڕشتەو بوارو ساتە وەختێکی تایبەتدا شاعیر لەژیاندا لەگەڵی دەژی و دەتوانێت لە دەقێکی نوێدا ئاشنامان بکات پێیان، بەڵام مەرجیش نییە هەموومان بە هەمان ئاستی سەلیقەو بینینی شاعیر مامەڵەی لەگەڵ بکەین و چێژی لێ ببینین، هۆکەشی رەنگە بگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی دنیابینی و ئەزموون و خه‌م و پەرێشانییەکانی هەر یەك لە ئێمە.
بگره‌ جارانێکی زۆریش ده‌کرێت له‌ ناو ناشیرینیدا جوانی بدۆزرێته‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ناو جوانیدا ناشیرینی بوونی هه‌بێت، هه‌روه‌ك شاعیری ناوداری فه‌ره‌نسی شارڵ بۆدلێر له‌ هه‌ندێك له‌ ده‌قه‌کانیدا که‌شفی ئه‌م دوالیزمه‌ ده‌کات و پارادۆکسه‌کانیان ده‌نووسێته‌وه.
‌ئەمە وێڕای ئەوەی لای بەشێکی تری رەخنەنووسان ئەو بەشەی ئیستاتیکا زیاتر جێی لێوردبوونەوەی پێویستە کە تا ئێستا کەشف نەکراوەو شاعیرو ئەدیبی داهێنەر بە هەست و رامانی ورد دەیانووسێتەوەو ئەفراندنیان تێدا دەکات، ئەو بەشە پەنهانەی جوانی کە هەموو چاوەکان نایبینن، مەگەر چاوی دڵ و هۆش و هەستی ئەدیبێك درکیان پێبکات و لەم ڕێگەیەشەوە بتوانێت ئاوێزانی دەقەکانی بکات و نوێبوونەوە بە کارەکانی ببەخشێت، وەك چۆن هەندێك جوانی نەژاکاو لە بەها بەرزەکاندا دەیبیننەوە، بەشێکی تر لە توخم و ساتە گەردوونییە تایبەتیەکاندا دەیبیننەوە کە رامان و ساکان و داهێنان بە دوای خۆیاندا دەهێنن. ئیتر ئەوە دەکەوێتەوە سەر ستایڵی ئەفرێنەر ئەدیب کە بزانێت و بتوانێت چۆن بە تەکنیکێکی ناوازەو جیاواز پەخشیان بکات,، هەر وەك چۆن لە زۆربەی رەگەزە جۆراوجۆرەکانی بووندا جۆرێك لە فەلسەفەی جوانی هەیە کە ئەرکی ئەدیبی داهێنەرە لێیان وردبێتەوەو بیاندۆزێتەوە.

سۆران محەمەد

Previous
Next
Kurdish