Skip to Content

وشەی (مێرمنداڵ) و دووسەرنج.. سەدیق سەعید ڕواندزی

وشەی (مێرمنداڵ) و دووسەرنج.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئازار 11, 2023 General, Opinion

سەرنجی یەکەم:
بە ڕێکەوت، چونکە من تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناهێنم و پانتای شوێنی خوێنەوە و نووسینی من، تەنها کتێب و بڵاوکراوەکانە، لە والی هاوڕێیەکی نووسەر پرسیارێکم کەوتە بەرچاو ئەویش ئەوە بوو، کە ئەم هاوڕێیەم نووسیویەتی:
( دەشێ وشەی مێر منداڵان بۆ ڕەگەزی کچ بە کاربێت؟) لە پەراوێزی پرسیارەکەشییەوە، سەدان کۆمێنت، بە ناو ڕوونکردنەوەی زمانەوانی و شڕۆڤەیی نووسرابوون، کەهەندێکییان هەر پەیوەندیان بە زمان و دەلالەتی فەرهەنگی زمانەوە نەبوون. بێگومان زمانی کوردی لە زمانە وردوو ئاڵۆز و هاوکات دەوڵەمەندەکانە، لەو زمانانەیە، کە بۆ هەر بارێکی زمانەوانی، ئاماژەیەکی واتای هەیە، کە ئەمەش دەوڵەمەندی ئەو زمانە دەگەیێنێت. گەر بە وردی بچینە نێو وردەکارییە واتایەکانی زمانی کوردی، ئەوا بڕوا ناکەم زمانێک هەبێت بە عەرەبی و ئینگلیزیشەوە، هێندەی زمانی کوردی دەوڵەمەند بێت، بەڵام کە زمانی ئێمە لە دواوەی زمانی ئەوانە، ئەوا مانای وانیە زمانی ئەوان لە هی ئێمە پرێفێکترە، بەڵکو ئێمە وەک ئەوان دەوڵەت نین بۆیە زمانەکەشمان داگیر کراوە. سەرنج بدەن، لە زمانی کوردیدا زۆرجار کە بەفر دەبارێت دەگوترێت:( کڕێوەی لێ دێت/ شڕێوەی لێ دێت/ کەڕاسیسەی لێ دێت/ پلووکە بەفری لێ دێت÷) هەموو ئەمانە، بۆیەک باری دیاریکراون ئەویش بەفر بارینە، لە زمانی ئینگلیزی و فارسیدا ئەمە وردەکاریە سرووشتی و فیزیکییانە نییە، بۆیە زمانی کوردی لە زمانە دەوڵەمەندەکانە ، کە بەئاستەم گرفتێکی زمانەوانی بۆ دروست دەبێت. وشەی (مێرمنداڵ) بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بۆ ڕەگەزی کچ بەکار بێت، چونکە لە وشەکەدا، ئاماژە واتاییەکان دەلالەت لە مەدلوولێکی واتایی دەکەن کە تایبەتە بە ڕەگەزی نێر. وشەی (مێر) بە مانای ( زیخ، پیاو، لێهاتوو، ئازا، جەنگاوەر، جەربەزە ) و گەلێک واتای دیکەش دێت. هەموو ئەمانەش پەیوەستن بە شوناسی پیاو بوونەوە. هەڵبەتە کە دەگوترێت (مێر منداڵ) مانای ئەوە نییە ئەو منداڵە لەو تەمەنەدا، وەک شێر بێت، یان زیخ وجوامێر بێت، بەڵکو ئاماژەکانی پەیوەستن بە داهاتوو، واتا نەوەی داهاتووە، پیاوی داهاتووە. بارێکی دیکەمان هەیە، کاتێ مێرمنداڵان کەمێک هەڕاشتر دەبن، لە زمانی کوردی پێیان دەگوترێت:_ ( توغیان) واتا کەسێک دەتوانێت بووەستێت و ئامادە ساز بێت، بۆیە وشەی مێرمنداڵان، هەردوو ڕەگەزەکە ناگرێتەوە، لە بەرانبەر ئەو تەمەنە و ئەو پێگەیشتنە بایۆلۆژیەی کوڕان بۆ هەمان قۆناغ بۆ کچ (عازەب) بەکار دێت، واتا کچەکە عازەب بووە و هێشتا نە منداڵی جێهێشتووە بە تەواوەتی، نە بۆتە ئافرەتێکی تەواویش. بێگومان گەرچی لە ڕووی فیزیکییەوە بۆ هەریەک لەو قۆناغانەی ژیان تەمەنێک دیاریکراوە، بەڵام لە ئاستە کۆمەڵایەتی و جەستەییەکەدا، ئێمە ناوی دیکە لەو قۆناغانە دەنێین. بە پێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، هەتا تەمەنی هەژدە ساڵی هەر قۆناغی منداڵییە و مافە سیاسی و دەستوورییەکان لە شێوەی دەنگدان و هەڵبژاردن نایان گرێتەوە واتا هەر منداڵن، بەڵام لە نێوان ئەو ماوە زەمەنییەدا، ناونانی دیکە بۆ تەمەنی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی باسمان کرد. کەواتا مێر منداڵ بۆ ڕەگەزی کچ بە شێوەیەکی ڕەها بەکار نایەت.

سەرنجی دووەم:
مامۆستا عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی، لە میانەی وتارێکیدا کە باسی ڕۆمان دەکات لە بارەی کتێبێک بۆ منداڵان ، نووسیویەتی:( دەکرێ وشەی مێر لە منداڵ بکرێتەوەو تەنها بنووسرێت ڕۆمان بۆمنداڵان) . بێگومان وشەی مێر کە ناوە، دەتوانرێت لە ڕووی ڕێزمانییەوە جیا بکرێتەوە لە منداڵ کە ئەویش ناوێکی سادەیە، بەڵام لە ڕووی واتایەوە (مێرمنداڵ) وشەیەکی لێکدراوەو بە سەریەکەوە واتا دەگەیەنێت و بە جیاکردنەوەیان هەمان واتای ڕاستەقینە و بونیادی خۆی نامێنێت. لێرەوەش کە ئێمە دەڵێین مێرمنداڵان ئەوا مەبەستمان منداڵ و مێر نییە بە جیا، بەڵکومەبەست (مێرمنداڵە) بە سەریەکەوە وەک دەستەواژەیەکی فەرهەنگی و واتاییەوە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، بە بڕوای من، ناونانی ڕۆمان بۆ منداڵان دروست نییە، چونکە هزری منداڵ، هێشتا لەو ئاستەدا نییە ڕۆمان وەربگرێت و بخوێنێتەوە، کە ژانرێکی ئاڵۆز و قورسە و وەک شیعر و چیڕۆکی منداڵان نییە. ڕۆمان بەو پێیەی ڕووداوەکان و کەسایەتییەکانی زۆرترن و پانتایی ڕووداوەکانی فراوانترە، ئەمەش هزری منداڵ تا ڕادەیەک ماندوو دەکات، بە تایبەتیش لەو فۆناغەی دەکەوێتە نێوان شەش ساڵی بۆ دوانزە ساڵی. بۆیە گونجاوترە بنووسرێت:( ڕۆمان بۆ مێرمنداڵان) نەک (ڕۆمان بۆ منداڵان) وەک ئەوەی نووسەر دەیڵێت. چونکە دەشێ ڕووداوەکانی ڕۆمانێک، کە بۆ تەمەنی مێرمنداڵان نووسراوە، بە ئاسانی بگونجێت لەگەڵ ڕادەی هوشیاریی و پێگەیشتنی هزریی مێرمنداڵەکە، بە پێچەوانەی منداڵ کە ڕەنگە هێشتا گەشەی هزریی و هوشیاری فۆرمۆلە نەبووبێت.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish