Skip to Content

کچەکەی نەجیب مەحفوز خۆشحاڵە بە گرنگیدان بە کتێبەکانی باوکی بە زمانی کوردی

کچەکەی نەجیب مەحفوز خۆشحاڵە بە گرنگیدان بە کتێبەکانی باوکی بە زمانی کوردی

Closed
by ئازار 16, 2021 Literature

لەمیانی پێشکەشکردنی کتێبی ” نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا” لە نووسینی نووسەرو وەرگێڕ” ئەردەڵان عەبدوڵڵا” لەلایەن دکتۆر یاسین رەئوف، نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قاهیرە،  هودا نەجیب کچی نووسەری ناوداری میسری و جیهانی نەجیب مەحفوز،خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەشكردنی کتێبەکە دەربڕیی و هەروەها سوپاسی ئەردەڵان عەبدوڵڵا نووسەری کتێبەکەی کرد، بۆ گرنگیدان بە کارو بەرهەمەکانی باوکی و نووسینی ئەم کتێبە. لەهەمانکاتیشدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، بۆئەوەی کە کتێبەکانی باوکی بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. راشیدەگەیەنێت، حەزدەکات سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.  میدیای میسریش گرنگی بەم هەواڵە دەدات و بە گرنگییەوە وتەکانی کچەکەی نەجیب مەحفوز  بڵاودەکاتەوە.

خۆشحاڵە بە کتێبەکە

رۆژی دووشەممە 8.3.2021 لە یەکێک لە هۆتێلەکانی قاهیرەی پایتەختی میسر، دکتۆر یاسین رەئووف، کتێبی ” نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا” لە نووسینی نووسەرو وەرگێڕ” ئەردەڵان عەبدوڵڵا ”  پێشکەشی هودا نەجیب، کچی نووسەری مەزنی جیهان و میسری نەجیب مەحفوز کرد.

هودا نەجیب رایگەیاند: زۆر خۆشحاڵم بەم کتێبە و  سووپاسی نووسەرەکەش دەکەم بۆ نووسینی ئەم کتێبە لەبارەی کارو بەرهەمەکانی باوکمەوە. پاشان رایگەیاند: گرنگیدان بە کتێبەکانی باوکم و وەرگێڕانی بۆسەر زمانی کوردی، مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ من. وتیشی: گرنگیدان بە کتێبەکانی باوکم لەلایەن نووسەران و وەرگێرانی کوردەوە، گوزارشت لە هەستی جوان و  رۆشنبیریی گەورەی  براکانم لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

مێژووی کوردی و میسر

هەرو لەو دیدارەدا  دکتۆر یاسین، باسی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی میسر و کوردی کرد، باسی کۆمەڵێک نووسەرو بیرمەندان و سیاسەتمەداری میسری بەرەچەڵەک کوردی کرد، کە رۆڵیان لە مێژووی سیاسی و فەرهەنگی میسردا هەبووە، لەوانە ” محەمەد عەلی باشا، ئەحمەد شەوقی و عەباس مەحمود عەقاد و بنەماڵەی بەدرخان” ئەویش خۆشحاڵی بەو مێژووە جوانەی نێوان گەلی کورد و میسر راگەیاندووە.

خۆشحاڵە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات

دواتر دکتۆر یاسین  بانگهێشتی تایبەتی کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش خۆشحاڵی خۆی دەربڕییووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەتای کۆرۆرناوە ناتوانێت، هیواخوازە لەپاش کۆتایی هاتنی ئەم پەتایە، بتوانێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

میدیای میسری گرنگی بە سەردانەکە داوە

لەناو میدیای میسریشدا گرنگی باشیان بەم هەواڵە داوە، لەمبارەیەوە سایتی ” الخبر الیوم” راپۆرتێکی درێژی لەمبارەیەوە ئامادەکردووەو تێیدا باسی ئەوەی کردووە کە کچەکەی نەجیب مەحفوز خۆشحاڵی خۆی بۆ پێشكەشکردنی ئەم کتێبە دەربڕیوەو سوپاسی نووسەرەکەی کردووەو هەروەها سوپاسی  تەواوی ئەو نووسەرو وەرگێڕە کوردانە دەکات،  کە گرنگی بە کاروبەرهەمەکانی باوکی دەدەن.

جێگەی ئاماژەیە کتێبی ” نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا” لە نووسینی ئەردەڵان عەبدوڵڵا ” لەلایەن ناوەندی سارا چاپکراوە.   ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی لەبارەی کارو بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز، ئەمەش یەکەمین کتێبە بە زمانی کوردی لە بارەی کارو بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە میسرییە.

 لەم کتێبەدا نووسەر  باسی ژیان و شێوازی نووسین و فکری نەجیب مەحفوز کردووە. هەروەها کاریگەرییەکانی ” دایکی، قاهیرە، میسر، فکری چەپ، ئیخوان موسلمین، حزبی وەفد، رژێمی پاشایەتی و سەربازی” بەسەرییەوە خستۆتە  ڕوو.  جگە لەوەش باسی شانۆگەرییەکانی، کورتە چیرۆکەکانی، فیلمە سینەماییەکانی دەکات. لە کۆتاییشدا خوێندنەوەو رانان بۆ 12 رۆمانی نەجیب مەحفوز کردووە کە ئەوانیش ” اولاد حارتنا، سکریة ، بین القصرین، قصر الشوق،حضرة المحترم، السراب، زقاق المدق. اللص و الکلاب، الطریق،الکرنک، القشتمر.”

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish