Skip to Content

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -12-ی کۆتایی… رەسوڵ بەختیار

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -12-ی کۆتایی… رەسوڵ بەختیار

Closed
by حوزه‌یران 25, 2022 General, Literature

هەندێک ئافرەتی بەتەمەن هەن، تا ئێستاش لەژیاندا ماون و باسیان لەوەدەکرد، کە ” هەندێک ژن هەبوون، هەرگیزا و هەرگیز بازنەی دوومیان نەبینی، تەنیا لەبازنەی یەکەمی بەرزدا لەناو ماڵەکانیان سەیری دەشتاییەکانیان دەکرد.
ئەو ئافرەتانە ئێستا نەوەکانیان گەورە بوونە، رۆر جار دەڵێن، لەوەتەی بەرزایی بازنەی چۆڵ بووە، ئەو بەرزاییە بەهەمان شێوەی کۆنی دەرناکەوێ، ئێمە دەمانەوێ رۆژانە پیاسە لەوێدا بکەین، کەچی ئێستا دوور کەوتینەوە، زۆر بەکەمی و بەرێککەوت دەچینە بەرزاییەکانی بازنەی یەکەمی شەقامە بازنەییەکان.
زۆربەی ئەوانەی لەبەرزاییەکانی شەقامە بازنەییەکان بوون، بەئەسڵ خەڵکی شوێنە دوورەکانی ئەم بەرزاییەن، کەچی بەشێکیان نکۆڵی لەئەسڵی خۆیان دەکەن و خۆیان بەنەتەوەیەکی دیکە دەزانن، بەبێ ئەوەی هۆیەکی بنەڕەتی هەبێ، زۆر جاریش خۆیان وادەنێن ئەوان بنەڕەتی ئەو شەقامە بازنەییانەن، هەرچۆنێک بێ دۆخ و رۆژگار زوو زوو کودەتا بەسەر یەکدا دەکا، دووبارە ئەوانە خۆیان دەخیلی خزمە نزیکە و دوورەکانی ئەسڵی ناوچەکان دەکەن.
بابگەڕێنەوە ئەسڵی مەسەلەکە، لەدوای راپەڕین، وەکچۆن زۆر شت گۆڕا بەو شێوەیەش کرانەوە لەزۆربەی شتەکان هاتە ئاراوە، ژنان و کچانیش بەشێوەیەکی دیکە گۆڕانکاری بەسەر ژیانیان هاتە ئارا، وەکچۆن کاتێک زانکۆیان گواستەوە بۆ سێیەم بازنە، گۆڕانکاریەکی گەورە لەسەر ژیانی خەڵک هاتە ئارا، پێیان سەیر بوو کچ و کوڕ لەگەڵ یەکتردا پیاسە دەکەن، لەدوای راپەڕین، زۆرێک لەکچانی یاخی بەمانا چالاکوان و رۆژنامەنووس پەیدابوون، نەک ئەو ئافرەت و کچانی لەهەناوی حزبەکان دەرچووبێ، ئەوانە تەنیا وەک بووکەڵەیەک رێکخرا بوون، تا ژمارەی ئەندامانیان لەنێو حزبەکانیان زۆرتر بکەن.
ئەو کچ و ئافرەتانەی یاخی بوو بوون زۆربەیان لەلایەن برا و کەسەکانیانەوە، بەبیانووی پاراستنی شەرەفیان کوژران، بەشێک لەوانەی لەژیاندا مان، هەندێکیان وازیان هێنا یان چوونە هەندەران، یاخود شوویان کرد، ئەمە وەنەبێکۆتایی پێهاتبێ، بەڵکو لەهەر قۆناغێکدا کچان و ژنانی دیکە دەهاتنە ئارا، ئەمجارەیان بەگوڕ و تینێکی دیکە، بەشێکیان زۆر بەنەزانانە کاریان دەکرد بۆیە زوو زوو لەخشتە دەبران، ناو و ناتۆرێکی دیکەیان بەسەردا دەچەسپاند.
لەلایەکی دیکەوە کچان هەردەم چیرۆکێکی تایبەتیان هەبوو.
بەگاڵتەوە بەهاوڕێیەکەی دەگوت: دەزگیرانەکەت، نا نا خۆشەویستەکەت، لەوانەیە لەم نزیکانە ببێتە دەزگیرانت، ماوەیەکی زۆر بەدواوەم بوو، رۆژێکیان لەرێگەی بازار، هەرچی راز و نیازی هەبوو درکاندی، وشەکانی ئەوەندە بریقەدار بوون، هەموو کچێکی هەرزەی فریوو دەدا.
هەموو ئەو گۆرانییانەی بۆ غەریبی، لەغەربیدا دەگوترێن، تەنیا بۆ چەند ساتێک مێشکت، رووحت، بیرکردنەوەکەت وەک جۆگەلەی ئاودێری، کێڵگەکان ئاو دەدا.
ئاوێک نازانێ بۆ کوێ دەڕوت، بەڵام دەزانی سەرچاوەیەکە بۆ ژیان، بۆیە بەو دەشت و دەرەدا هەنگاو دەهاوێ.
لەبارانێکی زۆر و بەڕێژنە، زۆرجاران ماڵی هەژاران ئاو دەیبا، بەپێی سەرچاوە ئاینییەکان، ئەمە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، یان دەیەوێ، هەرچی بوونەوەر و گیا و گۆڵێک هەبێ ئاوی بدات.
-تۆ پەیوەندییەکم بۆ بدۆزەوە، لەنێوان ئەو قسە باق و بریقانە و ئەو کەسەی باسی لێوە دەکەین.
هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، چەند بابەتێکی لابەلای باسکرد و خواحافیزی کرد.
کاتێک تەنیا مایەوە هەرچی ئەو باس و خواسانەی بوو بوونە یاد، وەک شریتێکی سینەمایی دەهات و دەچوو، لەهەندێک یادەوری هەڵوەستەی دەکرد، بەتایبەت ئەو ساتانەی لەدەرەوەی وڵات لەگەشت دابوو، جوانی و لەنجە و لاری کچەکان دڵی هەموو گەنجێکی دەبرد، کاتێ بەوێدا تێدەپەڕین.
کوڕ و پیاوانیش ئێستا وەک جاران نەماون بەشێک لەوانەی خۆیان بەشاعیر و نووسەر دەزانن بەشێکیان هەردەم لەنێوەندی باڕ و یانەکان کەوتوون.
لەگەڵ پێکی یەکەم دەستی بەقسان کرد، وەک ئەوەی لێن نەگەڕێ کەس قسەیەکی دیکە بکات، قسەکانی وا دەکرد، هیچ بوارێکی نەدەدا کەسیتر قسە بکات، تێگەیشتن لەقسەکانی کەمێک زەحمەت بوو، چونکە لەنێوەندی شەش وشە، چواریان دەیگوت: من…من، بۆیە کەسی دیکە وەڵامی نەدەدایەوە یان قسەی پێ بڕن، چونکە زۆربەی ئەوانەی لەوێ دانیشتبوون، هەمان سوخەتیان هەبوو، تا دەهات قسەکەری یەکەم، قسەکانی بەگوڕتر دەبوو، چونکە لەنیگاکان هەستی بەوە دەکرد، ئەو تەنیا دەیەوێ خۆی قسە بکات، دەیزانی هەمووشیان گاڵتەیان بەقسەکانی دێ، باشبوو، کە دەیویست پێکی دووەم هەڵدا،، یەکسەر یەکێکی دیکە هەڵدایەوە و گوتی:دەزانیت بێتامت کرد و بوار بەکەس نادەیت کەسێکێ دیکە قسە بکات.
لەم کاتەدا هەناسەیەک وەبەر هەموو ئەوانە هاتەوە، کە لەو هۆڵەدا دانیشتبوون، بۆیە دەڵێم هەموو هۆڵەکە، چونکە هەمووان گوێگری ئەو بوون، دەنگی بەپێی ریتمی وتاردانەکەی بەرز دەکردەوە.
یەکێک بەهەمان گوتار ئەو هەڵیدایەوە : تۆ باس لەتەکنیکی چیرۆک و شیعر و رۆمان دەکەیت، کەچی خۆت لە چیرۆک و رۆمان و شیعرەکانت، هیچ کام ئەو تەکنیکەی تیادا نییە، کەچی فیستڤاڵەکان ئێوە دەستنیشان دەکەن بۆ هەڵسەنگاندن.
کابرای یەکەم پێک کاتێک ئەو قسانەی دەبیست، چووەوە نێو خۆی، وەک ئەوەی لەوێدا نەبێ.
ماوەیەک هۆڵەکە بێدەنگ بوو، هەر کەسێک خەریکی خواردنەوەی خۆی بوو، بۆیەش کەسێک نەدەدوا، نەوەک قارەمانێکی دیکە لەو هۆڵەدا پەیدا بێت.
“قارەمان ئەو جۆرە شوێنانە هەر تا کاتژمێرێک بڕ دەکەن”، ئەمە قسەی یەکێک بوو تا لەیەکێک لەمێزەکان دانیشتبوو، ئەو بەچرپەوە، بەگوێی هاوڕێیەکەیدا دەچرپاند، دیار بوو ئەویش داوەتکرابوو، بۆیە زیاتر لەسەری نەڕۆیشت.
لەو بێدەنگییەدا لەناکاو بوو بەهەرا، دوای ئەوەی دوو کەس چەند جوێنێکیان بەیەکتڕدا، چەند پیاوماقووڵێکی یەکێک لەبوارەکان کەوتنە نێوانیان، هەردووکیان لەتەک یەک دانیشاند، پێم سەیر بوو، مەی خوارەکان ئەو جۆرە دەمەقاڵێیەیان لا ئاسایی بوو، ئەگەر بتڕوانییە رووخساریان،هەستت بەوە دەکرد، پێیانخۆشە جوێن بەیەکتڕ دەدەن، بۆیە هەریەک لەلای خۆیەوە منگە منگی دەهات، پێدەچوو ئەو منگە منگە پەیوەندی بەبابەتە رەخنەییەکانەوە هەبێ، کە لەرۆژنامەکاندا سەبارەت بەشیعر بڵاودەکرێتەوە.
لەم کاتەدا کابرا مێوزیکژەنەکە خۆی بەژووردا کرد بینی هەموو بێدەنگن، کەچی ئەو، هاواری کرد، ٔ”گۆڕانی بڵێن وەک ئەوەی دوا ساتە””، دەستی میوزیک ژەنین کرد، بەعودەکەی میوزیکێکی لێدا و هەر بەخۆی شیرین ئەمڕۆ بەهارەی دەگوتەوە”، مەی خۆرەکانیش وەک ئەوەی هیچ نەبوو بێ، لەدوایدا دەیانگوتەوە.
لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم کاتێک زانکۆ گوازرایەوە بازنەی سێیەمی، شەقامە بازنەییەکان، ئەم دەڤەرە جۆش و خرۆشێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی، رژێمیش هەتا دەکات، تەنگی هەڵدەچنی بەخەڵک، قوتابییانی زانکۆ زۆربەیان خەڵکی شەقامە بازنەییەکان نەبوون، بەڵام خۆشەویستیان بۆ بازنەکانی نیشتمان، لەناکاو دەستیان بەخۆپیشاندان کرد، زۆرێک لەکوڕان و کچان کەوتنە زیندانەوە،
ئەم خۆپیشاندانانە وایان لەخەڵک کرد، هەموو تێڕوانینەکانیان سەبارەت بەزانکۆ بگۆڕن، لەبازنەکان بەهەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ قوتابییان هەرچی بیانویستبایە بۆیان دەکردن، پێشتر زۆر بەکەمی خانوویان دەدا بەکرێ، کەچی لەپاش ئەم هەڵوێستەیان لەزۆربەی رووەکان شتەکانیان بۆ دەستەبەر دەکردن، هۆیەک نەما تا هەموو لایەک بەیەکتر ئاشنا بکرێتەوە.
هەر لەو سەردەمە گەڕەکێک بەناوی ناچاری لەپشت بازنەی سێیەم هەبوو، ئەم گەڕەکە لەخەڵکی هەژار و بێدەرتان پێکهاتبوو، هەر یەک لەلای خۆیەوە چەند هۆدە خانوویەکی بەقوڕ دروستکرد بوو، خێزانەکان لەوێدا دەژیان، ماوەیەک بوو شارەوانی لەدەوری ئەو گەڕەکەدا دەسوڕایەوە، بەخەڵکەکەی دەگوت: ئێوە سەرپێچیتان کردووە، هەر کەس بەئارەزووی خۆی خانوو دروست دەکات لەماوەیەکی کەمدا زیاتر لەهەزار خانووی قوڕ دروستکراوە، ئەمە پێچەوانەی یاسای شارەوانی و یاساکانی حکومەتە.
رۆژ بە رۆژ خانووەکان قوڕەکان زۆرتر دەبوو، شارەوانی و دەزگاکانی حکومەت سەریان سوڕما بوو، بەرۆژ ناوچەیەک چۆڵەوانی بوو، بۆ بەیانی، کە دەهاتنەوە زیاتر لەبیست خانووی لێ دروستکراوە، هەروەها خێزانەکانیش تیایدا دەژیان.
ئەم کردەیە رۆژ بەرۆژ پەرەی دەسەند تا بووە گەڕەکێکی گەورەی بازنەی سێیەم.
شارەوانی چەند جارێک ئاگاداری خەڵکەکەی کردەوە تا ئەو خانووانە جێ بهێڵن، تا بڕوخێندرێ، بەڵام کەس گوێڕایەڵی ئەو قسانە نەبوو.
پاش ئەو هەموو کێشە و بینەوبەردەیە، ئەنجوومەنی راپەڕاندن و پارێزگای هەولێر بەشۆفەڵ و گرێدەر و پۆلیسەوە چوونە گەڕەکی ناچاری دەوری ئەو گەڕەکەیاندا و فەرمانیان دەکرد ئەم گەڕەکە بڕووخێندرێ، لەباتی هەر خانوویەک گەڕەکێکی دیکە بەناوی گەڕەکی “حی سەدام” دروست بکرێ، خەڵکی گەڕەک بەکۆی گشتی رازی بوون.
تەنیا یەک کەس ڕازی نەبوو، ئەندامانی ئەنجوومەن و شارەوانی خەڵک زۆر داوایان لێکرد، بەڵام رازی نەبوو، بۆیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئەو خانووە بەتەنیا مایەوە، تا مردیش خانووەکە وەکخۆی مایەوە، کاتێک کۆچی دوایی کرد، ئینجا خانووەکەیان رووخاند.
ئەمەو چەندان کێشەی دیکە لەو سەردەمەدا بوونی هەبوو، زۆربەی ئەو چیرۆک و رووداوانە ونبوون لەچاوان

Previous
Next
Kurdish