Skip to Content

لەپەراوێزی ژیانئاوایی (مزەفەر ئەلنەواب)ی لەمەنفا ژیاودا!… عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەپەراوێزی ژیانئاوایی (مزەفەر ئەلنەواب)ی لەمەنفا ژیاودا!… عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 25, 2022 General, Opinion

لە بیستی ئایاری ٢٠٢٢. عێراق یەکێک لە بەناوبانگترین شاعیرەکانی خۆی لەدەستدا. مزەفەر عەبدولمەجید ئەلنەواب لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا، گەرچی ماوەیەک بوو بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند، وەلێ ساڵەهای ساڵیش بوو بەدەست ستەم و چەوسانەوەی ڕژێمی سەرمایەدارییەوە ناڵەی دەگەیشتە گوێی هەموو خوێنەرێکی عەرەب زمان و تەنانەت غەیرە عەرەب زمانیش، لە نەخۆشخانەیەکی ئەلشاریقە لە وڵاتی ئیمارات، بۆ هەمیشە دڵی لەلێدان کەوت. مردنی ئەم شاعیرە دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە. دوای مردنی؛ تەرمی ئەم شاعیرە لەمەنفا ژیاوەدا؛ بە فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتی عێراق لە ئیماراتەوە بەرەو بەغداد هێنرایەوە. ئەم شاعیرە سیاسی و جواننووسە؛ دژ بە دەسەڵاتە ستەمکارەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەب، نووسەری هەژدە کتێب لەشیعر و ڕەخنە، لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری بەغداد لە خانەوادەیەکی ئەرستۆکراتی شیعەی بە ئەسڵ هیندی لەدایکبووە. مزەفەر زانکۆی بەغدا تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا و دواییش لە ساڵی ١٩٥٥ لە مامۆستایی دەردەکرێت و سێ ساڵ بێکار دەبێت. هەر لە زانکۆ پەیوەست دەبێت بەڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقییەوە و لەسەردەمی پاشایەتی و دوای کودەتای بەعسییەکانیش چەندینجار تووشی ئەشکەنجە و زیندانی بۆتەوە. دوای کودەتا سەربازییەکەی قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ وەزارەتی پەروەدە و فێرکردن دەبێت بە موفەتیش. لەساڵی ١٩٦٣، لەگەرمەی لێدان و قەڵاچۆکردنی شیوعییەکانی عێراق لەسەر دەستی بەعسییە فاشیستەکان، دەچێتە ئێران و دەیەوێت بڕوات بۆ یەکێتیی سۆڤییەت، بەڵام دەزگای (ساواک)ی ئێرانی دەیگرێت و دوای ئازار و ئەشکەنجە دەدرێتەوە بە عێراق و حکومەتی عێراقیش سزای لە سێدارەدانی بۆ دەبڕێتەوە و دوایش سزاکەی دەگۆڕێت بۆ زیندانی ئەبەدی و دواجار لەزیندانی حیللە دەگیرسێتەوە. هەر لەو زیندانە لەڕێی هەڵکەندی تونێڵکەوە ڕا دەکات و ماوەی ساڵێک لە ناوچە زۆنگاوەکانی عێراقدا دەژێت و خەریکی بەرپاکردنی خەباتی چەکداری دەبێت بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی عێراق. پاشان لەساڵی ١٩٦٩ جارێکی تر دەگەڕێتەوە بواری پەروەردە و فێرکردن و دەبێتەوە مامۆستا و ئینجا عێراق جێدێڵێت و لە بەشێک لە پایتەختەکانی وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی ژیان دەگوزەرێنێت. ساڵی ١٩٨١ لە هەوڵێکی کوشتن لە وڵاتی یۆنان ڕزگاری دەبێت. شایانی باسە مزەفەر ئەلنەواب دوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی، هیچ ڕەگەزنامەیەکی تری نەبوو و تەنها بەپشتیوانی حکومەتی لیبیا کە دۆکیومێنتیکی فەرمی بۆ دابین کردبوو و سەفەر و هاتووچۆی پێدەکرد. ساڵی ١٩٩٦ لە (دار القنبر) یەکەمین کۆبەرهەمی ئەم شاعیرە هەمیشە ئاوارەیە چاپ و بڵاوبۆوە.

مزەفەر ئەلنەواب، کە ڕەخنەی ئەدەبی عەرەبی بە جیڤارای شیعری عەرەبی و ئایکۆنی شیعری عەرەبی و بە شاعیری هەژاران و شۆڕشگێڕ ناوزەدی دەکات، یەکێک بوو لەو شاعیرە دەگمەنانەی کە بە وشە بەگژ ستەم و دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی دەوەستایەوە و زمانێکی جیاواز لە زمانی باوی نێو بزووتنەوەی شیعری میللیی عێراقی بەکار هێنا و ئەوەش بوو بە شوناسی شیعر ئەو. بەڵام هەرگیز نەبووە شوناسی شۆڕشگێڕبوونی شیعرەکانی. چونکە شیعر کاتێک شۆڕشگێرە؛ کە دژ بە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری بنووسرێت و ئەو جیهانبینییەی تیا ڕەنگبداتەوە، ئەوسا ئەو شیعرە دەبێتە هەڵگری ئەو شوناسە شۆڕشگێڕییە. ئەلنەواب لە گشتییەتی خۆیدا؛ شاعیرێکی نەتەوەپەروەری عەرەب بوو نەک چینایەتی. مزەفەر گەرچی بێلایەن نەبوو لە کێشەی خەڵک و بەتایبەتی لە شۆڕشی ٢٠١٩ ی عێراق کە بە شیعری ئاگراوی پشتیوانی ئەو شۆڕشەی کرد، بەڵام ئەم بەشداریکردنە نە تینوێتی شۆڕشی شکاند و نەتوانی مزەفەر بگوازێتەوە ئاستێکی چینایەتی ڕوونتری کۆمەڵایەتی. کێشەی مزەفەری شاعیر وەکو كێشەی زۆرێک لە هەڵسوڕاوە سیاسییەکانی ئەودەمەی عێراق ئەوە بوو کە ڕێبازی )خەباتی چینایەتی بۆ سۆشیالیزم( لەژێر دروشم و سێبەری نەتەوەپەروەرییەکی تێکەڵ بە پۆپۆلیزمدا ڕەنگرێژ کرابوو. مزەفەر دڵسۆز بوو، ئەو دڵسۆزی وشە و شیعر و بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتە ناسیونالیست و شۆڤینییەکانی عەرەب بوو، بەڵام هەرگیز ئەو ڕەخنەیەی کە دەبوو بیگرتایە ؛ نەیگرت. ئەو سەرکردەی عەرەبەکان تا ئاستی (گەواد) دێنێتە خوارەوە، بەڵام هەرگیز پێی نەوتن ئێوە پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی بۆرژوازین لەدژی کرێکارانی عەرەب و عێراق. ئەمە ئەو خەوشە گەورەیەیە بە شوناسی شیعرەکانی مزەفەر نەوابەوە. ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە دەبوو مزەفەر نەواب بیگرتایە و ئیشی لەسەر بکردایە و بیکردایە بە بناغەیەی ڕەخنەی سیاسی – چینایەتی خۆی دژ بە سەرمایەداری. لێرەوە شوناسی مزەفەر ئەلنەواب دووچاری تەڵخی دەبێت و خۆشی لەو ڕێچکە شۆڕشگێڕە دوور دەکەوێتەوە کەبڕیار بوو لەسەری بێت.

ئەم تێگەیشتنە بۆ کەسانێکی سادە و نەخوێندەوار ڕەنگە کە هۆشیاری سیاسی – چینایەتییان لەئاستێکی نزمدایە، ببێتە عوزرێک بۆیان، بەڵام بۆ ئەلنەواب هیچ تۆلۆرانسێک لەئارادا نابێت، چونکە ئەلنەواب جگە لە پاشخانە ئەدەبییەکەی، جگەلەوەی کەسێکی سیاسی و کادیرێکی باڵای حیزبی شیوعی عێراقیش بوو و تەنانەت وەک خۆشی هەمیشە دەیوت من شیوعیم ، خوێندەوارێکی سەردەمەکەی خۆشی بوو و ئاشنابوو بە کتێبەکانی مارکس و ئەنگڵس و لینین.
ئەلنەواب تا لە ژیاندا بوو ستەمی لێکرا و ئازار درا. بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەردەبەدەر و ئاوارە بوو. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەوڵدرا بۆ گەڕانەوەی ئەم شاعیرە و تەنانەت بەهەزاران ئیمزاش کۆکرایەوە بۆ گەڕانەوەی، ئەویش لەساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە بۆ عێراق؛ ڕێک لەگەڵ وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەعێراق. چونکە پێیوابوو ناگەڕێتەوە بۆ عێراقێک کە لەژێر دەست و پۆستاڵی داگیرکاردا بێت، تا ئێرە هەقی دەدەینێ، بەڵام ئەی دوای ئەو مێژووە خۆ عێراق لەژێر دەست و پۆستاڵی داگیرکاری ئێران و تورکیا نەبوو؟ ئەی تا ساتی مردنی ئەم شاعیرە ئەمریکا هەر ژمارەیەکی قورسی نێو گۆرەپانی سیاسی عێراق نییە؟
گەرچی ئەلنەواب بەڕێزێکی زۆر و شایستەوە هێنرایەوە و بردرایە بەردەم بارەگای یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق و لەوێشەوە بۆ زێدی خۆی تا لە تەنیشت دایکی بنێژرێت،. بەڵام بەداخەوە لەدوای مردنی ئەلنەواب جارێکی تر ئازار دەدرێت. ئاخر ئەو شاعیرە ساڵانێکی زۆر و تا مردیش، دژ بە دەسەڵاتی حکومەتە ستەمکارەکانی عێراق بوو. چونکە لەژێر ئاڵای ناسیونالیستی عێراقدا، ئەلنەواب زیندانیکرا و ئەشکەنجەدرا. لەهەمووشی ناخۆشتر کاتێک بەخاک دەسپێردرێت؛ ئاڵای عێراقی ناسیونالیستی و تائیفی و مەزهەبی کۆنەپەرست دەدرێت بەسەر گۆڕەکەیدا. لەکۆتاییدا جێی ئاماژەیە کە مزەفەر ئەلنەواب هەر بەتەنها شاعیرێکی جواننووس و هەستناسک نەبوو، ئەو جگە لە نووسینی شیعر و ڕەخنە، سیاسیش بوو و هەروەها هونەرمەندێکی شێوەکار و دەنگخۆشێکی بەبەهرەش بوو. دوا قسەم ئەوەیە؛ بە مردنی ئەلنەواب ئەوەندەی زیان لە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی کەوت، یەک لە سەدی ئەوە زیان بە بزووتنەوەی کرێکاری عێراق و بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمۆنیستییەکەی نەکەوت!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئایاری ٢٠٢٢

تێبینی : بۆ زانیارییەکانی نێو ئەم کورتە نووسینە سوودم لە گەلێ سایت و پەیجی عەرەبی وەرگرتووە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish