Skip to Content

ئازادی بەخـشین نییە و مافی هـەمـوو مرۆڤـێکە.. رەزا شـوان

ئازادی بەخـشین نییە و مافی هـەمـوو مرۆڤـێکە.. رەزا شـوان

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 21, 2023 General, Opinion

زاراوەی ئـازادی لە رەچەڵـەکـدا بۆ وشەی (لـیـتەر)ی لاتـینی دەگـەڕێتـەوە. کە واتـای تـوانـای مـرۆڤ بـۆ جـووڵەکـردن و کـردار و ئەنجـامـدانی هـەر کارێـک، بە کەمتریـن سنووردارکـردن دەگـەیەنێـت.
ئازادی پـیرۆزتـریـن و جوانـترین وشەیە، تەنیا وشەیەکی سەرپێی ناو فەرهـەنگ نییە، بەڵکـو کـردارە ئـینجا وتـەیە. ئـازادی لە پێـویستریـن پێـویستیـیەکانی مـرۆڤ و هەمـوو گیانلەبەرەکانە. ئازادی و ژیـان یەکـن. سەرەکیترین و یەکەمین کۆڵەکەی ژیان ئازادییە.
ئازادی لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤـدا لەدایک دەبێت. بەنـرختریـن شتە لە بـوونـدا، بەڵکو ژیـان بەبێ ئازادی هـیچ نـرخـێکی نییە. بۆیە نرخی ئازادی زۆر گرانە. ئازادیش نادرێت بەڵکو وەردەگـیرێـت. (ڤـیکـتۆر هـۆگـۆ) دەڵێـت:” ئـازادی بـۆ مـرۆڤ نایـەتە خـوارەوە، پێویستە مـرۆڤ بـۆی سەربکەوێـت”.
چەنـدیـن راپـەڕیـن و شـۆڕش و جەنـگ، لە پـێـناوی ئازادیـدا هەڵگـیرسان. بە ملیۆنان ئازادیخـواز لە پێناوی ئازادیـدا، گـیانیان بەخـشی، چونـکە هـیچ کەس و هـیچ گـەلـێکی ماف و ئازادی داگیرکراو، هەرگیز دەست لە ئازادی و لە سـەربەخۆیی و لە مافـەکانیان هەڵـناگرن و سازشیان لەسەر ناکەن. لە پێناویانـدا سەرسەخـتانە خەبات دەکەن و رۆح و گیان و ژیانی خۆیان دەبەخـشن. چەنـدین هـۆزانڤـان و چـیرۆکنووس و رۆمـاننووس و شـانـۆنـووس، جـوانـتریـن هـۆنـراوە و شـاکـارتـریـن چـیرۆک و رۆمـان و شانـۆیـان دەربـارەی ئـازادی نووسـیون. چەنـدین هـونەرمەنـدی شـێوەکار، جـوانـترین تابـلـۆیـان دەربـارەی ئازادی کـێشاون. چەنـدیـن کـەڵە مـوزیکـژەن، پارچـە موزیکـیان دەربـارەی ئـازادی ژەنیـون. چـەنـدیـن سـروودچـڕی دەنـگخـۆش، سـروودی ئـازادیـیـان چـڕیـون. هـۆزانـڤـانی نەتـەوەییمان، رەوانشاد (فـایـق بێـکەس) دەڵـێت:
داری ئـازادی بە خوێـن ئـاو نەدرێ قـەت بەرنـاگـرێ
سـەربـەخــــۆیی بێ فــیـداکـاری ئەبــەد سـەرنـاگـرێ
ئازادی پێویستییەکی کەرامەت و شکۆمەندی و ئابڕومەندیی مرۆڤە، بەشێکی سەرەکییە لە ژیانی خۆشی و بەخـتەوەری. (گـانـدی) دەڵێـت:”ئـازادی رۆح و هەناسەی مـرۆڤـە”. (تـۆسیدیـدس) دەڵێـت:”مـرۆڤی ئـازاد مـرۆڤـێکی دڵخـۆشـە، نهـێـنی ئازادیـش ئازاییـە”.
بە کـورتی پێـویـستی مـرۆڤ بۆ ئـازادی، لە پێـویـستیـیەکانی مـرۆڤ بـۆ هـەوای پاک و خـۆراکی بـاش و ئـاوی شـیـریـن و خـەوی خـۆش کەمـتر نیـیە.
ناشکرێت ئازادی رەها و بەرەڵایی بێت. رێکنەخرێت و ئاراستە نەکرێت و لێپێچینەوەی نەبێـت. چونکە ئازادی تاک لەوێـدا کۆتـایی دێت، کە پێـشـێلی ئازادی کەسانی تر بکات.

جیاوازییەکی زۆر لە را و بۆچـوون، لە نێـوان بیرمەنـدان و بیرکەرەوەکـاندا، دەربارەی دیاریکردنی پێناسەیەکی گشتی بۆ ئازادی هەیە. هەیانە دەڵێت: ئازادی نەبوونی پێوەندە. هەنـدێـکی کەیان: وا دەبـیـنن کە ئـازادی توانای مـرۆڤـە لە کارکردنی ئەوەی دەیەوێـت. یان ئـازادی توانای بـڕیـاردانە لە لایەن خۆمـانەوە. ئـێـمە ئازادیـن لە بـیرکـردنەوە و لە دەربـڕینی بیـروڕاکانـمان. ئازادیـن لە هەڵـبژاردنی رێـگای ژیـانمان و لە دروستکـردنی ژیانی ناوازەمـان. هەربۆیە دەتوانین لەگەڵ هەرکەسێک کە بمانەوێت پەیوەندی بکەین. هەندێکی کەش دەڵێن: ئازادی نەبوونی رقە. ئەمانە و چەندین پێناسەی تری بۆ کراوە.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، ئازادی دەربـڕین یا ئازادی گوزارشتکردنە.
ئازادی رادەربـڕیـن و بیروڕا، مافـێکی بنەڕەتـییە و یەکـێکە لە مافـە هەرە گـرنگەکانی هـەمـوو مـرۆڤـێک. بەبـێ بـوونی ئـەم مـافـە، هـەمـوو مـافـەکـانی تـر لە مەتـرسـیـدان.
مافی ئازادی دەربـڕیـن، پەیوەستە بە شکـۆمەندی و بە کەرامەتی مـرۆڤە. رەخـساندنی دەرفەتە لەبەردەم هەر مرۆڤێکدس، بەپێی ئەقـڵ و لـۆژیکی خـۆی بیربکاتەوە و ژیانی رێکـبخات. بە ئازادانە و ئازایانە بیـروڕا و بۆچـوونەکانی ناخی خـۆی دەربـڕێت و ئەو پەیـامەی دەیەوێـت لە رێی قـسەکـردن و نووسـینەوە، بە کەسـانی تـری بـگەیەنێـت.

ئازادی دەربـڕین، بەردی بناغـەی دیموکـراتیە و پێگەیەکی باڵای جیهـانیی لە مافەکانی مرۆڤـدا هەیە. هەمـوو کەسێک مافی ئەوەی هـەیە، کە بە ئەوپـەڕی ئازادییەوە و بەبێ سانسۆر و رێگری و تەنگپێهەڵچنین و هەڕەشەکردن و چاوسوورکردنەوە و تۆقانـدن و تـرس، بەبی چاودێری و دەستێوەردانی دەسەڵاتی گشتی و سزای یاسایی، بەبێ گوێدانە سنوورەکان. را و بۆچـوون و وەرگـرتـن و گەیانـدنی زانیـاری و بیـرۆکە و گەلێ مـافی تری هـەیە. چ بە شێوەی گوزارشتی زارەکی بێـت، یان بە نووسـراو بێـت، یان لە رێی میـدیـا و راگەیـانـدن و سـایتـە ئەلـیکـترۆنییـەکـان، یـان لە رێی بـڵاوکـراوە و گـۆڤـار و پەرتـووکی چاپکـراوەوە بێـت. یا بە شێوەی هـونەر وەک کـێشانی تابـلۆ و کاریکاتێر یا بە هەر هـۆکارێکی دڵخوازی خۆیەوە بێـت. بە مەرجـێک پێشـێلی ئازادییـەکانی کەسانی تـر نەکات و سووکـایەتی بە داب و نەریت و بە بەهـا پیـرۆزە کۆمـەڵایەتییەکان نەکات.
لـۆژیکی بنچینەیی ئازادی دەربڕیـن و گوزارشتکـردن ئەوەیە، پێویستە ئامرازێک بێت بۆ باشترکردن و پێشکەوتن و داهێنان و دۆزینەوەی فۆرمێکی راستی لە رێگەی دیدی جیاوازەوە. گەر پەیڕەوی ئەم لۆژیکە نەکرێت، دەشێت ئازادی دەربـڕین بە پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانی مافەکانی مـرۆڤەوەبێت، لە ئـازادی و شکـۆمەنـدی و یەکـسانی.
(کـۆڵـن وڵـن) دەڵێـت:”ئـازادی وێـرانکارییە، ئەگـەر بێـتو زانسـتی و هەسـتکـردن بە بەرپـرسیارێـتی لەگەڵـدا نەبێـت”.
بۆ دیسـپلـین و کۆنترۆڵکـردنی مافی ئازادی دەربـڕین و بە دروستی بەکارهـێنانی ئەم پابەندبـوونـانە پێویستن:
١ـ پێویستە پارێزگاری لە ماف و ئازادی و ئابڕوومەنـدی و شکۆمەنـدی و کەرامەتی کەسـانی تر بکـرێـت و رێـگـانەدرێـت بە زڕانـدنی نـاوبـانـگـیان و زیـان گـەیـانـدن بە ژیـانیان و بە پێگەی کۆمـەڵایەتی و ئەدەبیـیان.
٢ـ لێکۆڵینەوەی بابەتییانە و راستگۆیی و هەستکـردن بە ئەرک و بە بەرپـرسیارێتی.
٣ـ دوورکەوتنـەوە لە هـانـدانی رق و تـاوان و لە کاری قـێـزەوەن و لە پـۆرنـۆگـرافی.
٤ـ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و بەهـاکان و پیرۆزییەکانی کۆمـەڵ رەوشتە گشتییەکان.
٥ـ پاریـزگاریکـردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و لەناوبـانگی گـەلی کوردمـان و لە خاک و لە ئـاڵای کوردسـتانمان و لە شـیرازەی سیستەمی گشتتی.
مافی ئازادی دەربـڕین، لەڕێی چەنـدیـن هـۆکاری تایبەت بە مافەکانی مـرۆڤ، لەژێـر سایەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا زامنکراوە. لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یکگرتووکانەوە دان بەم مافەدا نـراوە، وەکو مافێکی بنەڕەتی مـرۆڤ، لە بەنـدی (١٩) ی جاڕنامەی جیهانیی مافـەکانی مـرۆڤـدا چەسپاوە. ئەمەش دەقی ئـەو بەنـدەیـە:
“هەموو مرۆڤـێک مافی ئازادی بیـروڕا و ئازادی دەربڕینی هـەیە. هەموو مرۆڤـێک ئـازادە بەبـێ دەسـتـێـوەردان، لە هـەڵـبژاردنی بیـروڕا و گـەڕان بـە دوای زانیـاری و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بـیروڕا بەبێ گرنگیدان بە سنووری جوگرافی”.
ئازادی جـۆری زۆرە. ئازادی تاکەکەسی بـریتیە لە ئازادی قسەکـردن و گوزارشکـردن لە را و بۆچوونەکانی ناخی کەسییەکان، ئازادی دەنگـدان و خۆبەربـژیکـردن و ئازادی شـوێنی ژیـان و نیشتەجـێبوون، ئـازادی کارکـردن.
ئازادی رادەربـڕین، لە رەهەنـدی کۆمەڵایەتیـدا، ئامـرازێـکە بۆ ئاڵـوگـۆڕی بیـرۆکە و زانیاری لە نێوان مرۆڤەکاندا و پەیوەنـدی جەماوەری. مافی هەرکەسیێکە کە هەوڵی گەیـانـدنی بیروڕا و بۆچوونەکانی بە کەسانی دیـکە بدات. هەروەهـا مافی وەرگـرتنی بۆچـوون و هـەواڵی لە کەسانی دیکە هـەیە. ئازادی قـسەکردن و رەخنەگرتـن لەسەر مەسەلە تایبەتی و گـشتی و کۆمەڵایـەتی و کولـتـووری و سیاسی و ئابـوورییـەکان و لەسەر بەڕێـوبـردنی دەسەڵات و گەنـدەڵـییەکان و…، بۆ سـوودی گـشـتی.
زۆر بەداخـەوە تا ئەمـڕۆش، لە زۆر لە دەوڵـەتـانی جیهـانـدا، بە هەرچـوار دەوڵـەتە داگـیرکەرە دڕنـدەکانی کوردستانیـشەوە. لە سایـەی دەسـەڵاتی دیکـتاتـۆری و رژیـمە کـۆنەپەرسـت و رەگەزپەرسـت و سەرکـوتکەر و دەمکـورتکەرەکانـدا، مـافی ئازادی دەربـڕیـن، بە زەقی و بە رەقی پێـشـێلکـراون و لەژێـر هـەڕەشـەدان یا هەر بوونیان نیـیە. بە هـەزاران ئازادیـخـواز و دیمـوکراتـیخـواز، بە تـاوانی داواکاردنی ئـازادی و دەربـڕینی ئازادی و دیمـوکـراتی خـراونـەتە زینـدانەوە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress