ڕێگەی دوور و سەخت و قاقڕی وەرگێڕان
وتووێژی تایبەتی حەوتەنامەی سیروان لەگەڵ وەرگێڕی بوواری فەلسەفە، سەعید کاکی
کاوان محەمەدپوور|
هەر وەک خۆی ڕایەک لە دانیشتنێکدا باسی کرد، “وەختێ بۆ یەکەم جار چاوم بە (مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج) کەوت، بەڕاست لێی تۆقیم!!”، ئەم تۆقان و ترسەی سەعید کاکی ڕەنگە لە نەستی بەکۆمەڵی(ناخود‌گاە جمعی) نووسەر و وەرگێڕی کوردەوە سەرچاوە بگرێت. واتە تۆقان و دڵەڕاوکە لە ڕێگەیەکی “دوور و سەخت و قاقڕ” بەناوی وەرگێڕانی کوردی. ڕەنگە هیچکەس نکۆڵی لەوە نەکا کە وەرگێڕانی-ئەویش وەگێڕانی دەقی فەلسەفی بۆ کوردی- کارێکی لە ڕادەبەدەر دژوارە، نەبوونی بنکە و داموودەزگای شیاو، نەبوونی
پشتیوانی زانستی و پێگەیەک و پێوەرێک بۆ وەرگێڕ کە پشتی پێوە ببەستێ تەنیا سووچێ لەم ڕێگە دژوارەیە.
سەعید کاکی ئەم ڕێگەیەی تا ڕادەیەک برێوە و بە وتەی خۆی وەک (مارکۆپۆلۆ) ئەم سەراوسەری کۆماری جیهانی فەلسەفەی بە چەندین ساڵ پێواوە، لە گەڕانەوەشدا گرینگ‌ترین سەرچاوەی مێژووی فەلسەفەی بە دیاری هێناوە، یان باشترە بڵێن، ئەم سەفەرەی بەزمانی کوردی بۆ ئێمە گێڕاوەتەوە، بەڵام نە لە زمانی خۆیەوە بەڵکوو لە زمانی فەیلەسووفە جیهانییەکانەوە، واتە بە کوردی پێمان دەڵێت: فەیلەسووفە جیهانییەکان چۆن باس لە فەلسەفە و چەمکەکانی دەکەن. ئەم گێڕانەوە و وەرگێڕانەی سەعید کاکی لانیکەم کەمێ لە دڵەڕاوکەی دۆخەکە کەم دەکاتەوە و ئێمە دەتوانین بڵێن سەرچاوەیەکی سەرەکیمان بە کوردی لە فەلسەفەی جیهانی هەیە و پێی دڵخۆش بین و بیکەینە پێگەیەک بۆ نووسین و وەرگێڕانەکانی‌تر، پێوەرێک بۆ ئەندێشە و بەرنامەکانی دواتر و هەوڵ بدەین پرسیاری‌تر لە پێناو بەرسازەکردنی جیهانێکی نوێ لە کۆمەڵگای کوردی‌دا بدۆزینەوە.
سەعید کاکی خەڵکی یەکێ لە گوندە خۆشەکانی شاری (سەقز)ە و ماستەری فەلسەفەی هەیە. چەند ساڵ وەک مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بووە و جگە لە وەرگێڕانی دە بەرگی (مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج)، چەند وەرگێڕانی‌تری لەسەر ئێمانۆیل کانت، فەلسەفەی ئەخلاق و هەروەها فەلسەفەی هاوچەرخ هەیە. یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی سەعید کاکی ماندوونەناسی و بەردەوام بوونییەتی، ئەوەندە “ماندوونەناس” کە ئەگەر لە نزیکەوە بیناسی یان بۆت باس کا چۆن کار دەکا، سەرت سووڕ دەمێنێت!، بەڵام هەرکەزانی تووشی سەرسووڕمان بوویت، خێرا بە قسەیەکی نەستەق و بەدەم پێکەنینەوە، تێتدەگەیەنێ: “لە ڕاستیدا کار کردن وەهایە و ئێمە لەبیرمان چۆتەوە کەواتە سەرسووڕمانی ناوێت”. بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ دۆخی گشتی وەرگێڕانی دەقی فەلسەفی بۆ کوردی و هەروەها وەرگێڕانەکانی بەرێزیان، وتووێژێکمان لە حەوتەنامەی سیروان لەگەڵ ئەم وەرگێڕە ساز کردوە کە دەتوانن لە درێژەدا بیخوێنەوە.
*مێژوو و ڕەوتی وەرگێڕان بۆ کوردی وەک زۆربەی چەمکە ڕۆشنبیرییەکانی کورد، لەسەر خان و سەقامێکی تایبەت نەبووە، واتە خۆی وەرگێڕ بە هەوڵ و تێکۆشانی تاکەکەسی و، بە پشت بەستن بە توانستەکانی تاکییەوە، کاری وەرگێڕانی کردووە. بەڕای بەڕێزتان هۆی نەبوونی وەها ڕەوتێکی سەقامگیر و بەردەوام لەناو کورد-دا دەگەڕێتەوە سەر چی؟
كۆمه‌ڵێك هۆكاری هه‌یه، نه‌بوونی زانكۆ و ناوه‌ندی ئاكادیمیكی و به‌گشتی نه‌بوونی زانسته مرۆییه‌كانه. هێنده به‌های پێ‌نادرێت. وه‌رگێڕان بۆیه بووه به ئیشێكی تاكه‌كه‌سی زۆربه‌ی لقه‌كانی زانسته مرۆییه‌كان بوونیان نییه تا خوێندكاری فه‌لسه‌فه یان بوواره‌كانی دیكه په‌روه‌رده بكات. له وڵاتانی ئێمه هێشتا زانستە مرۆییه‌كان له دایك نه‌بووه، زانكۆش ناوه‌ندێك نییه مه‌عریفه به‌رهه‌م بهێنێت، سه‌یرێكی زانكۆی كه‌مبریج و ئۆكسفۆڕد و زانكۆكانی دیكه بكه جگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی لقه‌كانی زانسته مرۆییه‌كانیان هه‌یه، بۆ خۆشیان داموده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یان هه‌یه و به به‌رده‌وامی كاری لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت.
بۆیه زانكۆ و ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه و سیمینار و گۆڤاری زانستی به‌هێزیان هه‌یه، ته‌مه‌نی هه‌ندێك له گۆڤاره‌كان سه‌دساڵی تێپه‌ڕاندووه! لایه‌نێكی دیكه‌ش ئازادییه، زانسته مرۆییه‌كان پێویستی به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان سه‌ربه‌ستانه بیر بكه‌نه‌وه. بۆنموونه سه‌ده‌ی هه‌ژده به‌م دروشمه‌وه ده‌ستیپێكرد و ئێسته‌ش وته‌یه‌كی مه‌زنه كه‌سێكی وه‌كوو كانت وتبووی (بوێره بیر بكه‌وه). هه‌ر بۆیه له نه‌بوونی ئه‌م گرفتانه‌یه وه‌رگێڕان ده‌بێ به كاری تاكه‌كه‌سی و هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی. ته‌نانه‌ت ناوه‌ندی وه‌ها به‌هێزیش نییه وه‌رگێڕ په‌روه‌رده بكات.
*ئەگەر ئاوڕێک لەم مێژووە پچڕپچڕە بدەینەوە، یەکەم ئەزموونەکانی وەرگێڕانی دەقی فەلسەفی بۆ کوردی دەگاتەوە کەی و زیاتر لەسەر چ پاژێکی فەلسەفە وەستاوە؟
كورد له بواری وه‌رگێڕانی ده‌قی فه‌لسه‌فی، ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه، چل ساڵ تێناپه‌ڕێنێت. له حه‌فتاكانی زاینی د.حه‌مید عه‌زیز مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی له زمانی ئاڵمانییه‌وه كردبوو به كوردی و چه‌ند تێكستێكی فه‌لسه‌فی كانتی كردووه‌ته‌وه به كوردی. له‌م دواییاندا د.محه‌مه‌د كه‌ماڵ ده‌ستی دایه وه‌رگێڕانی زۆربه‌ی ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كان به زمانی كوردی. به‌ڵام كورد ئه‌زموونێكی كرچوكاڵی له بواری وه‌رگێڕانی ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كان بۆ زمانی كوردی هه‌یه.
له لایه‌كی‌تریشەوە كۆمه‌ڵێك ده‌ق كراوه به كوردی وەکوو میتافیزیكی ئه‌رستۆ، كۆماری ئه‌فلاتوون، یان كۆبه‌رهه‌مه‌كانی ئه‌فلاتوون له لایه‌ن ئاوات ئه‌حمه‌د سوڵتان له ئینگلیزییه‌وه كراوه. بوون و كاتی هایدیگه‌ر، بوون و نه‌بووی سارته‌ر، فینۆمینۆلۆجی ڕۆحی هێگڵ، ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی په‌تی و كردەكی كانت له ئاڵمانییه‌وه له لایه‌ن سۆران حه‌مه. ڕه‌وشتی سپینۆزا له ئاڵمانییه‌وه له لایه‌ن شاهۆ عوسمان…… جگه له‌وانەش، حه‌مید عه‌زیز كۆمه‌ڵێ كاری لە زمانی ئاڵمانییه‌وه كردوو به كوردی. هه‌ندێك كاریش له زمانی یۆنانییه‌وه كراوه به كوردی و جگه له‌مانەش له‌زمانی فه‌ڕه‌نسییه‌وه كار كراوه، دۆلۆز و فۆكۆ كاریان كراوه به كوردی. له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه به لێشاو مێژووی فه‌لسه‌فه و سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی له بواری فه‌لسه‌فه له‌م (١٥) ساڵه‌دا له هه‌رێمی كوردستان كراون به كوردی. له بواری فیزیا و زینده‌وه‌رناسی و ڕۆمانه گه‌وره‌كانی دونیا كاری نایاب زۆر كراون به كوردی، به‌هۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سانسۆڕ له‌سه‌ر كتێب نییه، وه‌رگێڕ و نووسه‌ر ئازادن له نووسین و وه‌رگێڕانه‌كانیان.
*ڕەنگە یەکێك لە باسە هەرە سەرکییەکانی وەرگێڕانی فەلسەفە بۆ کوردی، باس لە توانا و توانستی زمانی کوردی بێت. هەر وەک دەزانن بە گشتی دوو بووچوونمان لەم بارەوە هەیە، دەستەیەک دەڵێن فەلسەفە- بە تایبەت لەپاژە مۆدێڕنەکەی-ئەستەم و دژوارە بە کوردی بنووسرێت یان وەرگێڕێتەوە، (لەم دەستەیە هەمانە دەڵێت دژوار نییە بەڵکوو هەر ناکرێت)، دووه‌م دەستە، بە پاڵپشتی زاراوگەل و بن زاراوەکانی کوردی بەپێچەوانەوە بیر دەکەنەوە و دەڵێن بەکار کردنی بەردەوام لەسەر ئەم زمانە وەها کارێک دەرێت. ئێوە خۆتان ئەم باسە چۆن تاوتوێ دەکەن؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره باشتر وایه له ئه‌زموونی گه‌لانی دیكه كه‌ڵكوه‌ربگرین. سه‌رده‌مانێك ئه‌ورووپییه‌كان به زمانی لاتینی و فه‌ڕه‌نسی ده‌یاننووسی، ئاڵمانییه‌كان به عه‌یبه‌یان ده‌زانی به‌زمانی خۆیان بنووسن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زمانی كوردی توانای وه‌رگێڕانی ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كانی نییه، زیاتر خۆ ده‌ربازكردن له به‌رپرسیارییه له ئاستی زمانی كوردی. ته‌مه‌ڵی و خۆ دزینه‌وه له كاری وه‌رگێڕان وه‌های كردووه بڵێن زمانی كوردی توانای نییه. زمان ده‌سكردی مرۆڤه، زمانی ڕه‌ها و كامڵ بوونی نییه.
زمان به بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام گه‌شه ده‌كات. زمانێك کە جگه له هه‌ندێك شێعر و حه‌قایه‌ت تێنه‌په‌ڕیوه و له بازنه‌یه‌كی داخراو به بێ داهێنان ده‌سووڕێته‌وه، چۆن ده‌توانێ خاوه‌نی داهێنان بێت. زمانی كوردی ده‌توانێ له پتانسییەلە‌كەی خۆی كه‌ڵكوه‌ربگرێت. زمانی كوردی به هۆی ئه‌وه‌ی كه بن زاراوه‌ی زۆره، گه‌ر له سۆرانی‌دا كه‌می بێنیت، ده‌توانێ له كرمانجی ژوور و خوارو كه‌ڵک وە‌ربگرێت. وه‌رگێڕان جگه له‌وه‌ی كه پێویستی به باكگراوه‌ندی زانستی هه‌یه، ئه‌زموونی به‌رده‌وامیشه. هه‌ندێك چه‌مك و ده‌سته وشه هه‌یه له زمانه‌كانی دیكه، ئه‌زموونی ئه‌وانه و تایبه‌ت به‌وانه، زۆر جار وه‌رگێڕ ناتوانێ وشه به وه‌شه بیگوازێته‌وه، پێویسته به بێ ده‌سكاری بیگوازێنه‌وه ناو زمانی خۆمان و دواتر شه‌رحی بكه‌ین، به‌مه ده‌وترێت قه‌رزكردنی وشه له زمانی یه‌كه‌م بۆ زمانی مه‌به‌ست. زۆر جاریش ده‌كرێ به شێوه‌ی تێگه‌یشتنی وه‌رگێڕان بكه‌ین. لێره‌دا وه‌رگێڕ زیاتر له گه‌شتیارێك ده‌چێت کە ده‌یه‌وێ دوو كولتووری نامۆ له یه‌كتر، پێكه‌وه بناسێنێت. هاوشێوه‌ی ماركۆپۆلۆیه!.
*ئەو باسە بە ئێمە دەڵێت وەرگێڕان یەکێك لە گرینگ‌ترین باسەکانە بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ پرسیارگەلی جیهانی، بەڵام بەتەنیا وەرگێڕان ناتوانێ شوێنگەی ئێمە (وەکوو کورد) لە ئەندێشەی جیهانیدا دیاری بکا. بەڕای ئێوە چۆن دەتوانین ئەم ئەندێشەیەی لە لایەن وەرگێڕانەوە بۆ ئێمە دێت، لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی ڕۆشنبیریمان ڕێکی خەین و لانیکەم لە هەوڵی دەرکەوتێکی نوێ بۆ خۆمان بین؟ دەرکەوتەیەک کە گشت پاژەکانی زانستە مرۆییەکان بگرێتەوە؟ واتە پێویستمان بەچی هەیە تا سیاسەت و فەلسەفە و ماف و زانست و پرسیاری نوێ بەرهەم بێنین؟
پرسیاره‌كه بڕێك ئاڵۆزه، من له چه‌مكی ئه‌ندێشه‌ی جیهانی تێناگه‌م! وه‌رگێڕ یان نووسه‌ر پێویست به‌وه ناكات بیر له ئه‌ندێشه‌ی جیهانی بكاته‌وه.
زۆربه‌ی ده‌قه زانستییه‌كانی دونیا به ئینگلیزی ده‌نووسرێت، باشتر وایه كورد هه‌وڵی ئه‌وه بدات سه‌د ساڵ كاری وه‌رگێڕان بكات، بۆ دەو‌ڵه‌مه‌ندكردنی مه‌عریفه‌ی خۆی به‌زمانی ئینگلیزیش بنووسێت. به هۆی فره‌لایه‌نی پرسیارەکە، وه‌ڵامدانه‌وه‌شی بە چڕوپڕی گه‌لێك زه‌حمه‌ته. به لۆجیكی شیكاری پرسیاره‌كه لێك بده‌ینه‌وه پرسیاری یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ پرسیاری كۆتایی یه‌كناگرێته‌وه. ئێمه ده‌بێ تا ئه‌و جێگه‌ی ده‌كرێت وه‌رگێڕان و نووسه‌رانێك په‌روه‌رده بكه‌ین، زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌كانی دونیا فێر بكرێن و به نووسین و وه‌رگێڕان زمانه‌كه‌ی خۆیان دەو‌ڵه‌مه‌ند بكه‌ن. ئه‌م كاره كاتبه‌ره. زۆربه‌ی ئه‌م كارانه له ڕێگه‌ی ناوه‌ندی ئاكادیمیكی زانستییه‌وه ده‌كرێت، بتوانێ له‌گه‌ڵ زانكۆ گه‌وره‌كانی دونیا په‌یوه‌ندی ساز بكات و بتوانێ له ئه‌زموونی ئه‌وان كه‌ڵكوه‌ربگرێت. له بواری زانست و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیات و…… ئه‌رووپییەکان ئه‌زموونێكی (٢٥٠٠) ساڵه‌یان هه‌یه و زیاتر له چه‌ندین زمانی زانستی‌یان هه‌یه. به‌ڵام ئێمه ئه‌و ئه‌زموونه‌مان نییه، سه‌دان ساڵی ده‌وێ! هه‌مووی ئه‌مانه به سیسته‌م ده‌كرێت و به هه‌وڵی تاكه كه‌سی ناكرێت!.
*با بێینەسەر ئەزموونەکانی بەڕێزتان لەسەر وەگێڕان، ئێوە جیا لەکاری بەنرخی (مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج) و چەند کتێبی تر، لە هەوڵی تەرجەمەی (مێژووی فەلسه‌فە)ی کاپلستۆن بوون، ئەوەندەی بیرم بێت، چەند بەرگیشتان لێ تەرجەمە کردەوە. کاپلستۆن جیا لە فەیلەسووف، قەشەیەکی کاتۆلیک بووە و بە گوێرەی کارناسان ڕواڵەتی ئاینی بەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکەیەوە دیارە، بەڵام (مێژووی فەلسفەی ڕاتلێج) وەها نییە. ئایا بۆ وەگێڕانی کوردی وەهای بۆناچن کە کارەکەی کاپلستۆن سانا و ساکارتر بێت؟ ئەگەر دەکرێ جیاوازی وەرگێڕانی ئەم دووانەمان بۆ باس بکەن.
ئه‌م پرسیاره ڕێك په‌یوه‌ندی به كاره‌كه‌ی منه‌وه هه‌یه و وه‌كوو پرسیاری پێشوو نییه، كاری تیمێكی شاره‌زایه وه‌ڵامی ئەوەی پێشوو بدەنه‌وه!.
كاتێك بکالریۆس(لیسانس) بووم عاشقی مێژووی فه‌لسه‌فه بووم، لام وابوو مێژوو بۆ ئێمه و به‌تایبه‌تی مێژووی فه‌لسه‌فه ڕێگه‌یه‌كه بۆ ده‌سپێكی بیركردنه‌وه و ناساندنی مێشكه گه‌وره‌كانی مێژوو، ئەوەی کە بە چ شێوازێك بیریانكردووه‌ته‌وه و كولتوورسازبوون و كۆمه‌ڵگایەکی عه‌قڵانییان ساز كردووه. مێژووی فه‌لسه‌فه چۆنیه‌تی پرسیاره‌كان و كێشه‌ی فه‌یلەسووفه‌كانمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه و پرسیارمان بۆ ساز ده‌كات. بۆچی ئێمه بیرمان نه‌كردۆ‌تەوە؟ كێشه‌كانی ئێمه چییه؟. من به‌م شێوه‌یه مێژووی فه‌لسه‌فه‌م خوێندووه‌ته‌وه. مێژووی فه‌لسه‌فه‌كان زۆر و زه‌وه‌نده‌ن و هه‌ركامیان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، له بیرمان نه‌چێ مێژووی فه‌لسه‌فه لقێك له فه‌لسه‌فه‌یه و زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا فه‌لسه‌فه‌كه‌یان به هێز ده‌خوێنرێت.
له پێشدا (مێژووی فه‌لسه‌فه)ی ڕاسل-م خوێنده‌وه، کتێبەکە زمانێكی ساده و خۆشی هه‌یه، به‌ڵام زۆر زانستی نییه، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ڕاسل زۆر كه‌سی به فه‌یله‌سووف نه‌زانیوه و داوه‌رییه‌كی باشی نه‌كردووه. چونكه ڕاسل سه‌ربه ئه‌تۆمیزمی لۆجیكییه، وه‌كوو لقێك له فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری،ئەو کەسانی وەک شۆپنهاوێر و هایدیگه‌ری به فه‌یله‌سووف نه‌زانیوه! دواتر (مێژووی فه‌لسه‌فه)ی مسته‌فا مه‌له‌كیان-م خوێنده‌وه، ئه‌ویش زۆر زانستی نه‌بوو، تەنیا لا‌په‌ڕه‌یه‌كی له‌سه‌ر هیگڵ نووسیبوو!!، هەڵبەت بۆ سه‌رچاوه‌ناسی و شیكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك فه‌یله‌سووف باش بوو، به‌ڵام به گشتی ئاستی نزمه. دواتر (مێژووی فه‌لسه‌فه)ی ئیم‌یل بره‌یه-م خوێنده‌وه، مێژووی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسه‌ییه و زۆر به باشی نووسراوه و به پێی سه‌ده نووسراوه و دوو به‌رگی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانه، به‌رگێكی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاسته و سه‌ده‌ی ١٧ و ١٨ و ١٩ و ٢٠ له لایه‌ن كه‌سانی زۆر پسپۆر كراوه به فارسی. خوێنه‌ر ده‌توانێ سوودی لێ وه‌ربگرێت. بره‌ییه(Émile Bréhier) بۆ خۆی فه‌یله‌سووف بووه و مێژووی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زانستی نووسیوه. له دونیای ئینگلیزی زمان مێژووی فه‌لسه‌فه به شێوازی جۆربه‌جۆر نووسراون.
مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م یان مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی نوێ…، به‌ڵام له ناو مێژوو فه‌لسه‌فه‌كان ئه‌وه‌ی ناوبانگی ده‌ركرده‌وه (مێژووی فه‌لسه‌فه)ی فریدریك كاپلستۆنه له (١١) به‌رگدا كۆكراوه‌ته‌وه. كاپلستۆن له لایه‌ن کڵێساوە ڕاده‌سپێردرێت مێژووێك بنووسێت بۆ ئه‌وه‌ی قشه‌كان ئاگایان له زانست و مه‌عریفه‌ی سه‌رده‌می خۆیان بێت و له مه‌عریفه دوور نه‌كه‌ونه‌وه. ئەم مێژووە له ئێران‌دا، له نۆ به‌رگدا بڵاو كراوه‌ته‌وه. به‌رگی (١٠) زۆر ده‌مێكه‌یه كراوه به فارسی و له بازاڕدا نه‌ماوه، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه وایان ده‌زانی هه‌ر ئه‌م نۆ به‌رگه‌یه!.
من له وه‌ختی خۆیدا ئه‌و ده‌به‌رگه‌م هه‌موو ساڵێك جارێك ده‌خوێنده‌وه هه‌ندێك له به‌رگه‌كانم له‌گه‌ڵ ئینگلیزییه‌كه‌ی به‌راورد ده‌كرد. كه‌سانی شاره‌زا وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌وه. بیست ساڵی پێچوو كراوه به فارسی!، تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وه‌یه، چڕوپڕتر له بره‌ییه و مێژووه‌كانی دیكه نووسراوه و دیاره كاپلستۆن زانیاری قووڵی لەسەر مێژووی فه‌لسه‌فه بووه. گه‌ر سه‌رنجی بده‌یت ده‌زانی كاپلستۆن به‌رگێكی بۆ یۆنان ته‌رخانكردووه! به‌ڵام دوو به‌رگی له‌سه‌ر سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست نووسیوه، ئەمەی فه‌لسه‌فه نییه و لاهووته[تیۆلۆجییه].
به‌رگی (٤، ٥، ٦، ٨) زۆر به باشی نووسراوه و قووڵ نووسیویه‌تی، بەشی (کانت)ەکەی تایبه‌ت نوووسیوه و سه‌رچاوه ناسییه‌كی به پێزی هه‌یه و دیاره زۆری پێوه‌ی ماندوو بووه. به‌ڵام به‌رگه‌كانی دیكه‌ی هێنده به چڕوپڕی نه‌نووسیوه، فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵمان و یۆنان و فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخه‌كه‌ی چڕ‌وپڕ نین. له به‌رگی (٨) بێرتراند ڕەسڵی به باشی لێكداوه‌ته‌وه و ڕاسڵ خۆی دانیپێدا ناوه.
من دوای چه‌ندین جار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووانه سه‌رنجی تێبینییه‌كانم ده‌دا، ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گر بوون یان ئه‌وه‌ی دواتر كاپلستۆن خۆی باسی ده‌كات. له پێشه‌كی به‌رگی یەک (فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان و ڕۆم) كاپلستۆن ده‌ڵێ، “نووسه‌ر ده‌بێت بۆ نووسینی فه‌لسه‌فه بیروبۆچوونی خۆشی ده‌رببڕێت”، بۆیه پرسیاره‌كان له‌م مێژووی فه‌لسه‌فانه‌دا، پرسیاری فه‌لسه‌فی نین، زیاتر پرسیاری كه‌سێكی ئایینیه!. زیاتر كه‌ڵكه‌ڵه و دڵه‌ڕاوكێی خۆیه‌تی وه‌كوو قشه‌یه‌ك نه‌ك فه‌یله‌سووفێك، بۆیه پرسیاره ئایینه‌كانی ئه‌و سێبه‌ر به‌سه‌ر پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌کێشێت و زۆرجار له ته‌وه‌ره فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌رباز ده‌بێت و ده‌ق به لاڕێدا ده‌بات. دواتر كاپلستۆن دان به‌م هه‌ڵه‌یه‌ی خۆی ده‌نێت و ده‌ڵێ “نووسه‌ر نابێ بۆچوونی خۆی له نووسراوه‌كاندا به‌كار بێنێت”.
جگه له‌م مێژووانه، كۆمه‌ڵێك مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی دیكه هه‌یه کە بەشێوازی بابه‌تی نووسراون، واتە له بابه‌ته‌كانه‌وه ده‌چنه ناو مێژووی فه‌لسه‌فه، یه‌كێكیان (مێژووی فه‌لسه‌فه)ی كه‌مبریجه، کە زۆر تایبه‌ته. مه‌به‌ست له بابه‌تی ئه‌وه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیان به‌م شێوه‌یه نووسراوە، ئاكار، لۆجیك، سیاسه‌ت، هونه‌ر، تیۆرییناسین، میتافیزیك له یۆنان و به‌م شێوه‌یه سه‌ده‌كانی دیكه‌یان لێكداوه‌ته‌وه و مێژووی فه‌لسه‌فه له نووسینی ئانتۆنی كێنی به شێوه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی كەمبریج نووسراوه، بابه‌ت پێوه‌ره و فه‌یله‌سووف پێوه‌ر نییه.
بینه‌وه سه‌ر مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی كاپلستۆن! كاتێك ده‌ستم دایه مێژووی فه‌لسه‌فه‌كه بڕیار بوو وه‌كوو گرێبه‌ستێك له لایه‌ن زانكۆی سه‌لاحه‌دین(هەولێر) وه‌ریبگێڕمه‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش مامۆستا (ڕێبوار سیوه‌یلی) ده‌سپێشخه‌ر بوو، لە ڕاستیدا پێشنیاره‌كه له لایه‌ن ئه‌وەوە بوو. به‌ڵام هه‌ندێك له مامۆستاكان پشتگیری‌یان نه‌كرد!. له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رقاڵی وانه وتنه‌وه بووم، سه‌رچاوه‌كانم زۆربه‌یان خوێندبوو و ده‌مزانی كامه سه‌رچاوه بۆ وه‌رگێڕان باشه. مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی ڕاتلێج له‌و كاته‌دا دوو به‌رگی له لایه‌ن ده‌زگای چشمه كرابوو به فارسی. دواتر ده‌زگای حێكمه‌ت ده‌ستیانكرد به وه‌رگێڕانی. من هه‌ر دوو وه‌رگێڕانه‌كانم هه‌بوو و ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ئینگلیزییه‌كه‌شی له‌به‌رده‌ستدا بوو. كاتێك به‌رگی (١٠)ی ڕاتلێج كرا به فارسی خوێندمه‌وه و به باشم زانی بیكه‌مه‌وه به كوردی.
تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م مێژووانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ مێژووه‌كانی دیكه ئه‌وه بوو له ساڵی (١٩٨٠) ده‌سكرابوو به نووسینی و به شێوه‌ی تیمی كاری له‌سه‌ر كرابوو. دووبه‌رگی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان بوو و هه‌ر به‌رگێكی لانیكه‌م لەلایەن ده كه‌سایه‌تی شاره‌زا و و پسپۆڕی یۆنانی نووسراوه و نووسراوه‌كان له لایه‌ن دوو ئیدیۆری سه‌ره‌كی زنجیره‌كه هه‌ڵه‌چنی كراوه و هه‌ركامیان بۆ خۆیان فه‌یله‌سووفن و خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می فه‌لسه‌فی نایابن، ئه‌و دوو ئیدیتۆره، (شانكه‌ر) فه‌یله‌سووفی زانست و (پاركینسۆن) پسپۆڕی فه‌لسه‌فه‌ی سپینۆزا و نووسه‌ری ئینسكلۆپیدیای فه‌لسه‌فه‌یه. ئه‌م نووسراوانه له كۆتایدا له لایه‌ن هه‌ڵه‌چنی سه‌ره‌كی و به‌ناویی ئه‌و پێشه‌كی بۆ نووسراوه.
هه‌ڵه‌چنی سه‌ره‌كی به‌رگی یه‌كه‌م (سی.سی تایلۆر)، پڕۆفیسۆری خانه‌نشینی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان له ئۆكسفۆڕده. جگه له‌وه‌ش پێشه‌كی بۆ هه‌موو به‌رگه‌كان نووسراوه و به پێچه‌وانه‌ی مێژووه‌كانی دیكه بۆ هه‌ر به‌رگێك كۆڕۆنۆلۆجی دانراوه و هه‌موو ڕووداوه‌كانی ئه‌و سه‌ده‌یه بە كورتی تۆماركراوه!. جگه له‌وه‌ش بۆ هه‌موو به‌رگه‌كان فه‌رهه‌نگۆكی شیكارانه‌ی فه‌لسه‌فی دانراوه. شێوازی نووسینه‌كانیش وه‌هایه هه‌ر نووسه‌رێك له ناو ده‌قه‌كانی یۆنان به لێكدانه‌وه له بۆچوونی فه‌یله‌سووفه‌كان، بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه به‌راورد كردووه. خوێنه‌ر تێده‌گه‌یه‌نێ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوون، ئه‌رستۆ، كانت، هیۆم، هایدیگه‌ر. چی ده‌ڵێین و پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كانینا چی بووه، كامه شوێن له‌م فه‌لسه‌فانه كۆن و كامه نوێیه و كامه پرسیاری فه‌لسه‌فی ماوه‌ی به‌سه‌رچووه. ئه‌م مێژووانه له چەشنی خۆیاندا بێ‌وێنه‌ن و له ماوه‌ی چوار ساڵدا هێنامەوە سەر زمانی كوردی.
مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی كاپلستۆن بۆ خوێندكارێكی ساڵی یه‌كه‌می فه‌لسه‌فه باشه، به‌ڵام ڕاتلێچ جگه له‌وه‌ی كه نوێیه، زۆربه‌ی فێرگه و ڕێبازه‌كانی سه‌ده‌ی بسته‌می به چڕوپڕی لێكداوه‌ته‌وه کە له سەرده‌می كاپلستۆن ناو نه‌بوون. له دوای كاپلستۆن فه‌لسه‌فه گۆڕانكارییه‌كی قووڵی به‌سه‌ردا هاتووه و بابه‌ته‌كانیش گۆڕدراون و ته‌نانه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ی باشتریشی له‌سه‌ر كراوه. دووبه‌رگی ڕاتلێج له‌سه‌ر یۆنانه، به‌رگێكی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاسته، به‌رگێكی عه‌قڵخوازی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه، به‌رگێكی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌زموونی و ڕۆشنگه‌رییه. به‌رگی ئایدیالیزمیی ئاڵمانییه‌كه‌ی زۆر تایبه‌ته و زانستی‌تر له به‌رگی (٧) كاپلستۆن نووسراوه. به‌رگی حه‌وته‌می ڕاتلێج سه‌ده‌ی نۆزده‌ی باشتر لێكداوه‌ته‌وه. له نایابترین به‌رگه‌كانی واته به‌رگی (٨) فه‌لسه‌فه‌ی قاڕه‌یی، له دونیای ئینگلیزی زماندا بێوێنه‌یه. به‌رگی (٩) و (١٠) هه‌موو فه‌یله‌سووف و ڕێبازه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌می لێكداوه‌ته‌وه. له‌م زنجیره‌یه‌دا سێ به‌رگ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ ته‌رخانكراوه، به‌ڵام كاپلستۆن به‌رگێكه. تایبه‌تمه‌ندی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی ڕاتلج له‌وه‌دایه، بۆ هه‌ر به‌رگێك به‌شێك بۆ زانست ته‌رخانكراوه، وردتر و قووڵتر و زانستییانه‌تر له مێژووه‌كانی دیكه نووسراوه.
- بەڕاستی کارێکی قورس و بەهێزە، دیارە وەرگێڕانی وەها کارێک بۆ کوردی دژواری و شەونەخوونی تایبەتی دەوێت!. لە وەرگێڕانی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج، خۆتان وشەکانتان بە کوردی دادەرژت یان لە وەرگێڕانەکانی‌تریش کەڵکتان گرتوە؟ زیاتر مەبەستم چۆنییەتی پرۆسەی وەرگێڕان لای بەرێزتانە.
من له كاردا به ته‌واوه‌تی پڕاگماتیستم، به‌رده‌وام كار ده‌كه‌م، هه‌ست ده‌كه‌م بۆ مردن كات زۆر! ئه‌زموونی وانه وتنه‌م بوو و ده‌قه وه‌رگێڕاوه‌كانم ده‌خوێنده‌وه و جگه له‌وه‌ش حه‌مید عه‌زیز و محه‌مه‌د كه‌ماڵ و كه‌سانی دیكه‌ش كاری فه‌لسه‌فییان بوو و وه‌كوو سه‌رچاوه به‌كارم ده‌هێنا و پشتم به‌ستبوو به‌وان و له زۆر شوێنیش‌دا خۆم وشه‌م داتاشیوه.
وه‌رگێڕ به‌ردوام وشه‌ی نوێ دێنێته ناو زمان و ئەوە شتێكی ئاساییه. وه‌رگێڕانی من به‌م شێوازه بوو، جگه له ئه‌زموونی مامۆستایه‌تی و هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له بوواری فه‌لسه‌فەدا، بۆ وەگێڕانی ئەم کارە، ده‌قی وه‌رگێڕدراوی فارسی دەزگای (حكمت) و (چشمه)م له‌به‌رده‌ستدا بوو و سه‌رچاوه ئینگلیزییه‌كه‌شم به‌كارهێناوه. هه‌ر به‌رگێكم له سێ مانگ و نیو كردووه‌ته‌وه به كوردی و دراوه به هه‌ڵه‌چن و دواتر دیزاینه‌ر كاری له‌سه‌ر كردووه. ڕۆژێ زیاتر له ده سه‌عاتی بێ‌وچان وه‌رگێڕانم كردووه. هیچ ئێش و كارێكم نه‌بووه جگه له وه‌رگێڕانی ئه‌م ده به‌رگه نه‌بێت. زۆر جار بۆ تێگه‌یشتن له بابه‌تێك له باوكگراوه‌ندی خوێندی خۆم و سه‌رچاوه‌كانی زانكۆ كه‌ڵكم وه‌رگرتووه و جاری وه‌ها هه‌بووه هه‌ندێك له چه‌مكه‌كان نامۆ بوون ناردوومه بۆ مامۆستاكان و به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌كانی ئه‌وان چه‌مكه‌كانم داناوه‌ته‌وه.
له ڕۆژهه‌ڵات كه‌سی وه‌هام نه‌ده‌ناسی زاڵ بێ به‌سه‌ر زمانی كوردی و كاری جدی له بواری فه‌لسه‌فه به كوردی هه‌بێت! كه‌سانێكه پاڵپشتی كاره‌كه بوون، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا ده‌زگای جه‌ماڵ عیرفان به تایبه‌تی د.ته‌ها ڕه‌سووڵ زۆر پشتگیری كردم، دواتر د. محه‌مه‌د كه‌ماڵ له ته‌واوه‌ی ئه‌م به‌رگانه یارمه‌تیده‌رم بوو بۆ وه‌رگێڕانی ده‌سته‌وشه فه‌لسه‌فییه‌كان و وشه لاتینییه‌كان. له به‌رگی ده و فه‌لسه‌فه‌ی زمان. د. به‌ختیار سه‌جادی زۆر یارمه‌تیده‌ر بوو. سپاسی هه‌موویان ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها ، كاك هاوار نه‌سره‌دین هه‌ڵه‌چنی به‌رگه‌كان و باخان ئه‌حمه‌د بۆ رێنووسی كوردی یارمه‌تیده‌رم بوون و سپاسی هه‌موویان ده‌كه‌م. - باسی ئەوەتان کرد کە ئەزموونی وانە وتنەوەی فەلسەفە لە زانکۆ سەلاحه‌دینی هەولێرتان هەیە، ئایا بە شێوەی ئاکادیمی بەرنامە و پرۆگرامێک بۆ وەرگێڕانی دەقی فەلسەفەی بۆ کوردی لەم زانکۆیە یان بە گشتی زانکۆکانی هەرێم هەیە؟
نه به‌داخه‌وه زمانی كوردی ئه‌زموونێكی وه‌های بۆ بوواری فه‌لسه‌فه نه‌ڕه‌خساوندوە، به‌داخه‌وه پلان و به‌رنامه‌یان نییه! زۆربه‌شیان نازانن فه‌لسه‌فه به‌ری به كوێوه‌یه!. ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یان كه‌سانی دلسۆزی تێدایه، گرنگی به كاری فه‌لسه‌فی ده‌ده‌ن، له زانکۆکانی ڕانییه و هه‌ولێر فه‌لسەفه هه‌یه، به‌ڵام مامۆستای پسپۆڕ كه‌مه کە هەم زاڵ بێ به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا و هەم زمانی كوردی بەباشی بزانێ! كێشه‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه، فه‌لسه‌فه ده‌بێ له ناوه‌ندی و دوو ناوه‌ندی[ده‌بیرستان] بخوێنرێت.
له ته‌واوی خوێندنگه‌كانی دونیا جگه له‌م وڵاته دواكه‌وتووانه‌ی ده‌ورووبه‌ر نه‌بێ فه‌لسه‌فه به پلانداڕێژراو له خوێندنگه‌كان ده‌خوێنرێت و كتێبی باش و گۆڤاری تایبه‌تیان هه‌یه. گه‌ر سه‌یرێكی (ئایكۆن بوك) هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ فه‌لسه‌فه[چاپی شیرازه هه‌ندێكی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه]) بكه‌یت، زیاتر له دووسه‌د سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ منداڵانی ته‌مه‌ن (٨) ساڵ تاكوو مێرمنداڵی (١٥) ساڵان هه‌یه. نوسه‌ره‌كانیشیان مامۆستای ناوه‌ندین کە ئه‌م كتێبانه‌یان نووسیووه. به پێی هه‌ر ته‌مه‌نێك دونیایه‌ك كتێب و سه‌رچاوه‌یان هه‌یه. ته‌نانه‌ت سه‌یری كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست بكه‌یت هێنده كه‌ڵكه‌كه بوومیمه‌عریفه‌یان هه‌یه،بە (٣٠٠) ساڵی دیكه ناتوانین بیكه‌ینه‌وه به كوردی!. ئێمه زۆر له دواین!. به هه‌ندێك حیكایه‌ت و شێعری سه‌ره‌تایی زمان گه‌شه ناكات. ده‌بێت ته‌واوی بوواره‌كانی مه‌عریفه پێكه‌وه گه‌شه بكات. به داخه‌وه جگه له هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و كه‌سانی دڵسۆز نه‌بێت كه‌س كار ناكات. ئێمه خەوتووین و زەمانی زۆری ده‌وێ له‌م خه‌وه قورسه ڕاچڵه‌كێین.
*وەکوو دواین پرسیار، پێشنیاری بەڕێزتان بۆ باشکردنی دۆخی وەگێڕان بە تایبەت وەرگێڕانی فەلسەفی چییە؟
كرانه‌وه‌ی به‌شی فه‌لسه‌فه به زمانی كوردی، به‌كارهێنانی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر له بوواری فه‌لسه‌فه و زمانی كوردی، جگه له‌وه‌ش ناوه‌ندێك بكرێته‌وه بۆ كار له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كان بۆ زمانی كوردی، ئه‌مه‌ش سه‌رمایه‌ی گه‌وره‌ی ده‌وێ. ئه‌مه ڕێگه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه، ئه‌گینا هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كان ده‌مێنێته‌وه!.