 
	ناپەنابەر.. ئالان فەرمان
پەنابەر بونەوەرێکە دەرەنجامی شکستی عەدالەتە، پەنابەری ئەو ساتەوەختە توڕە و ئینهیاڕەیە بڕیاردەدات شەقام و شۆستە و سیاسیەکانیشی بۆ هەتا هەتایە بە شوێنێکی تر بگۆڕێتەوە. پەنابەر ئەو ساتە دروست دەبێ کە هەموو تەفسیرەکانی ژیان لەوەدا بچووک دەبنەوە کە چیتر سەر بە ئێرە و شوێنەکانی نەبیت. کۆچبەر تەنگەبەر و دەریا و هەرێمەکان بە دوودڵی و ترسەوە دەبڕێت تا شوێنێکی سەلامەت بدۆزێتەوە و ببێتە مەخلوقێکی خاوەن ماف، ببێتە شتێک لەمەودوا هەوای عەدالەت و قانون بیناسێتەوە. بە بڕوای ئاگامبن ئەو ساتەی کۆچبەر نیشتمان جێ دیڵێ و دەبێتە پەنابەر لەوێوە دەردەسەرییە گەورەکانی دەست پێدەکات، لەوێوە مرۆڤبوونی بۆ یەکەمجار دەکەوێتە بەر هەڕەشەی ڕاستەقینە کاتێک وەک مرۆڤی بێ ماف و ناهاوڵاتی لەلایەن ئۆردوگاکان و کەمپەکانەوە دەناسێنرێت.
لای (جۆرجیۆ ئاگامبن) کەمپ ساتی حەساس و مێژوویی جیاکردنەوەی مرۆڤی ڕووت و بێ مافە لە هاوڵاتی. هاوڵاتی سەر بە ڕەگەزەکانی قانونە و هەموو مافە سەرەتایی و کۆتاییەکانی هەیە. پەنابەر هێشتا وەرنەگەڕاوەتە سەر هاوڵاتی، هێشتا بونەوەرێکە پلەیەک لە مرۆڤبوون و حساباتەکانی دوورە. هۆمۆساکەر لە دونیای ئاگامبن سیمبولی ئەو لێبوکی گاڵتەجاریەی مرۆڤە، پەنابەر لە کەمپەکاندا نوێنەری ئەو شێوە ڕوخسارەی مرۆڤە کە دەستکردی دونیای مۆدێرنە. لای ئەو کەمپ جیاوازیەکی بنەڕەتی نییە لەگەڵ ئاوشڤیتز و گۆلاکەکانی ڕوسیا. کەمپ دۆخی ئاوارتەیە لەلایەن سۆڤێرنیتەیتەوە دروست کراوە تا ببێتە ڕێسا. ئاگامبن بۆ پێناسەکردنی دۆخی بەشەریەت لە مۆدێرنەدا بۆ پێناسەکەی کارڵ شمیت دەگەرێتەوە دەربارەی(دۆخی سەروەری-سۆڤێرنیتەتیت). شمیت پێی وایە باڵادەستی لەدەرەوەی مەنزومەی یاسایی و دەستوورەوەیە، تاکە هێزە توانای هەبێت دەستوور و یاساکان هەڵپەسێرێت و دۆخی (ئاوارتە) دروست بکات. ئاوارتە چەمکی هەرە گرنگی ئاگامبنە نیشانەی تەجمیدبوونی دەستوور و قانونە مەبەستی دروستکردنی فەزایەکی نادەستووری و پڕ لە عەدەمی قانونی. لێرەشەوە حاکمی موتڵەق و فاناتیکی دروست دەبێ کە بڕیارەکانی دەچنە سەرووی هەموو یاساکانەوە. دۆخی ئاوارتە بە بیانووی گرفتێکی کاتیەوە دروست دەبێ بەڵام لای ئاگامبن ئەو دۆخە کاتی نییە و بۆ هەتا هەتایە دۆخەکە دەبێتە ڕێسا. لە کۆڕۆنا و کەرەنتینەوە بگرە بۆ کەمپەکانی پەنابەران نموونەی دۆخی ئاوارتەن کە سۆڤێرنیتەیت دروستیان دەکات. کەمپەکان کە بەرهەمی دۆخی ئاوارتەن پڕ دەکرێن لە ئینسانی بێ ماف، مرۆڤی بێ شوناس و پلەی سفری حقوق کە بەتەواوی ئەنیماڵیزەکراون.
لای بەختیار دۆخەکە شتێکی ترە. ئەو ئەگەرچی تەبایە لەگەڵ ئاگامبن بەڵام کێشەشی هەیە لەگەڵ زیادەڕەوییەکانی ئاگامبن دەرحەق بە کەمپ. پێی وایە کەمپ ساتی لەدەستدان و کۆتایی ماف نییە هێندەی سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی ماف. کێشەی بەختیار لەگەڵ ئاگامبن لەسەر کەمپ نییە، هێندەی لەسەر لێکچواندن و موبالەغەکانی کەمپە بە کەمپەکانی نازی. پەنابەر لای بەختیار تەنیا سەر بەو تەقسە سیاسی و ئەفسانە پۆلیسیەی دەسەڵات نییە، بەڵکو پەنابەری جۆرێک لە داڕمان و هەرەسهێنانی سیستمی دەروونیشە کە پەنابەر تراژیدیانە ئەو هەستە دەژی. لە ناشوێندا بەختیار جۆرێک پەنابەر کەشف دەکات کە ئاڵۆزترین و تراژیکترین جۆری پەنابەرە. پەنابەرێک سەر بە ناشوێنە و ناتوانێت کۆنکرێتیزە بکرێت. ناشوێن عەدەم نییە بەڵکو هەزارن شوێنن لە سەر تەپوتۆزەکانی واقع کە پەنابەر لەسەر هیچ کامیان ناژییت. پەنابەری ساتی پچڕان و لێکترازانی دەست و قاچە بە شوێنەکانەوە. مرۆڤێک بەدروستی نازانێ لە تاراوگەیە یان لە نیشتمانە. جیاوازی مەنفا و ماڵ بەهێڵێکی بچووکی مەجازیەوە لێککراوەتەوە. ئەوەش عەزابێکە زۆرێک لە پەنابەرانی دونیا توشی
دەبن.
بە بۆچوونی من وێرای ئەو سەرنجە قوڵ و سەرنجراکێشانە لەسەر پەنابەری کە لە ئارێنتەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ئاگامبن و بەختیار و هتد… بەڵام دەبێ تێکستی گەورەشمان هەبێت لەسەر نا-پەنابەر. بەدبەختی ناپەنابەر لە هەموو بەدبەختیەکانی دیکە تراژیکترە. ناپەنابەر هێمایە بۆ مرۆڤێک وێرای ئامادەبوونی هەموو سیفاتەکانی کۆچ بەڵام هێشتا ناتوانێت سەرزەمینەکە بەجێبێڵێت. مرۆڤ لە بێ توانستیدا ناچارە بین بنێ بە پوچی و داگەڕان و ئیبتزالی ماناکانەوە. ناچارە لەگەڵ تەواوی ئەو واقعە درۆزنە و هەرەسی بەها و ئەخلاقەکانی نیشتماندا خۆی بگونجێنێت. ناپەنابەری سامناکترین هەستی غەریبییە بەڵام هەموو کێشەکەی ئەوەیە لە ماڵەوەیە. ناچارە لەگەڵ هەموو توندوتژییە ڕەمزی و ناڕەمزییەکانی دەسەڵاتدا بگونجێت و بەرگە بگرێت. ناپەنابەر ڕەمزیەتی ئەو مرۆڤەیە کە ڤاکلاڤ هاڤێڵ باسی دەکات. لای هاڤێڵ ئەو مرۆڤەی لەژێر چەتری تۆتالیتاردا دەژێت بێ هێزترین جۆری مرۆڤە لە مێژوودا. نموونەکەی سەوزە فرۆشێکە لە دوکانی سەوزەکەی تابلۆی (کرێکارانی دونیا یەک بگرن) هەڵواسیوە. لە جەوهەردا دروشمەکە کێشەدار نییە و بگرە جوانیشە، بەڵام سەوزەفرۆشەکە لەترسی دەسەڵات هەڵیواسیوە.
لێرەوە تەفاهە و پوچی فەزای ژیان بەتەواوی سەردەردەهێنێت.
لە ئێستادا مرۆڤی ئێمە لەهەمان تەفاهەدا غەرق بووە و بەشی زۆری کوردی باشوور ئەو مرۆڤە بەدبەختانەن دەست و لاقیان بە نیشتمانەوە نوساوە و ناتوانن هەڵێن.
ناپەنابەر زۆر لەو پەنابەرە بێ مافترە کە لای ئاگامبن دەیبینین، زۆر لەو پەنابەرە نوقمترە لە ناشوێندا کە لای بەختیار ئامادەیە. ناشوێن بۆ ناپەنابەر بەتەواوی ڤێرچوێل و خەیاڵیە، بەڵام ترسناکتر لەوانە دەژی کە بە واقعی دەژین. نیشتمان بەهەموو فراوانیەکەی بچووک بۆتەوە بۆ وێنەی ئۆردوگایەکی بچووک. ناپەنابەر هاوڵاتییە و بێ مافە. ئەگەر بۆ ئارێنت مەنفا کێشەی شوناس بێت، ناپەنابەر ڕۆژانە لە نیشتمانەوە تف لە شوناس دەکات و ئاوڕیش ناداتەوە. ناپەنابەر بە پاسپۆرتەوە لە نیشتمانەوە ئیحساس بەکەمپ دەکات، غەمگینییەکانی ناپەنابەر مەودایان زۆر درێژتر و بەرینترە لەڕۆحی پەنابەرێتی.
ئەگەر لای بەختیار پەنابەر ئەدەواتێکی سایکۆلۆجی بێ بۆ خاوەن ماڵ تا لەڕێگەیەوە تەماسێکی دەروونی دروستبکات و لەڕێگەی پەنابەرەوە ئیگۆ و نارسیزمەکانی تێربکات، ئەوا بۆ ناپەنابەر هەمان شتە. کوردانی تاروگە هەمیشە لە ڕێگەی ناپەنابەرەوە (ئەو کوردانەی نەیانتوانیوە بگەنە هەمان شوێنگە و پێگەی ئەوان) وێنە نوقستان و ئیشکالیەکانی خۆیان دەچەپێنن. ئەویتری ناپەنابەر پێداویستیێکی ڕۆحی و دەروونییە بۆ ئەوانەی پەنابەرن و دەربازیان بووە. بەردەوام دەڵێن (سەیرکە منیش لە مەعدەنی تۆم بەڵام دەبینی چەند خاوەن مافم). ناپەنابەر ئەو پاریایەیه کە لەناوەوە بەرە دەرەوە دەردەکرێت و ناتوانێت بڕوات. سزای گەورەی ناپەنابەر دەرنەکردن و بەستنەوەیەتی بەزەویەوە، نەک فڕێدان و دەرکردنی. پەنابەر دەرکراوێکە حیکایەتەیەکەی تا ئێرەیە ئایا لەو ماڵەی تازە دۆزیویەتیەوە قبوڵ دەکرێت یاخود نا؟ ئایا دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی مافدار یاخود نا؟ ئایا بەتەواوی دەبێتە هاوڵاتی ئەو سەرزەمینە یان ئەوە یاریێکە تا ناکۆتا دووبارە دەبێتەوە؟ بەڵام ناپەنابەر لە گەشتێکی بەردەوامی ڕەمزی و ئیفترازیدایە بەرەوە شوێن و دەستیشی ناگات. ناپەنابەر کەرتبوونی ڕۆحە لەنیوان خواست و بێدەربەستی هەڵاتن. ڕەنگە ( ئاڕنۆڵد تۆینبی) لەسەر حەق بێ کە گوتی: کۆچبەر بەوانە دەگوترێت کە لە شوێنی خۆیان ناجوڵێن. لای بەختیار تەفسیری ئەو تێکستە بۆ ڕۆحی پەنابەر دەگەرێتەوە کە هەموو دونیا بە شوێنی خۆی دەزانێت. واتا پەنابەر بۆیە ناجوڵێت چونکە هەموو شوێنەکانی دونیا بۆیەک ماڵ یەکسان دەکات، بەو شێوەیەش لە ڕاستیدا پەنابەر ناجوڵێت. بەبڕوای من تێکستەکەی تۆینبی هێندە قسە لەسەر ناپەنابەر و بوحڕانەکانی دەکات هێندە قسە لەسەر پەنابەر و پەنابەرێتی ناکات. نا کۆچبەری دۆخی متبوون و وەستانی ڕۆحێکە وێڕای نەجوڵان و قەتیسبوونی بەڵام زۆر هەستی پەنابەریی دەژیت. ناپەنابەر مەنفیێکە لەماڵەوە دیلە و ناتوانێت بجوڵێت، ناپەنابەر هۆمۆساکەری ماڵ و نیشتمانە بە مانا سیاسیەکەی. مەنفای ترسناک ئەوەیە شوێن نەگۆڕێت بەڵام غەریبە بی. پاریا ئەو ناپەنابەرانەن هەموو هۆیەکانی هەڵاتنیان لەگیرفانە بەڵام هێزێکی تر دەست و قاچیان دیل دەکات و ناهێڵێت ببنە پەنابەر.
ئالان فەرمان


 
			 
			 
			