Skip to Content

“من بووم.. نەک شێرزاد حەسەن”.. نووسینی: دکتۆر شێرکۆ کرمانج

“من بووم.. نەک شێرزاد حەسەن”.. نووسینی: دکتۆر شێرکۆ کرمانج

Closed
by December 21, 2021 General, Opinion

وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بە تایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانووس‌و نوسەر و مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتوونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سووکایەتی کردووە و گوتوویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک ‘شێرزاد’ گوتوویەتی بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە توێژینەوەیەکی دکتۆر “شێرکۆ کرمانج”ە. (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن کە من خاوەنیم،نەک خودی ‘شێرزاد’ بۆ خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت.

لە بەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوە و بابەت ‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتوونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعش-دروستکەر بێت، هەر بۆ نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نموونەیەک دەخەمە ڕوو. دواتر، لە دەرفەتێکدا کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی “داعشیزم”ە، واتە عەقڵییەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردوون، ئەگینا ئەو کاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدا بوو داعش وەک ڕێکخراوێک بوونی نەبوو.

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا وا چاکە پێناسەی عەقڵییەتی داعش یان داعشیزم بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی ‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نییە؛ بەڵکو لە ڕێباز و ئامراز و دەرکەوتەدایە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵییەتی “داعش” تێگەیشتنێکی تاکڕەوانە و ڕەهاییگەرییانەیە بۆ هەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوە و ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەوانی داعشگەرا، ئەگینا لەناو دەبرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەر ئەوەی هەقیقەتەکانی ئەوان، مەبەستم عەقڵ داعشئاساکانە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌ و لە دەرەوەی گومان و پرسیار و ڕەخنەن، هەر کەس‌ و لایەنێک لێیان نزیک ببێتەوە، دەبێت سزا بدرێن و سەریان پەلبدرێت.

بە کورتی، ئیسلامیزم/ داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆژییە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسانی وەک (سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی) جێگیر بووە،‎‎‏ ڕێکخراوێکی وەک (‏ئیخوان موسلیمون) یان بزووتنەوەیەکی (داعش) ئاسا بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بە خوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدگایەیە کە دین‌ و سیاسەت لێکتری جیا ناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالق)ێک، لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژ و ڕۆژوو، بەڵكو وەک ئایدیۆلۆژیا و سەرچاوە ‌و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌ و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بە واتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە”و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ئابوورییەکانیش.

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من باوەڕ ناکەم من و کاک ‘شێرزاد’یش پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌ و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نییە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانە و پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردووە کە لە پشت سەرهەڵدانی “داعش” و “داعشیزم”دایە، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌ و لە جوگرافیا و شوێنەکانی دیکەدا.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نووسینی ئەم بابەتە ڕێسا و ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتووە؛ چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نییە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.

با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتە بابەتە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە چەند نموونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەمەوە، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت، وا بێت یان نا..گرفتێکم نییە!

+نمونەی یەکەم:

لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی (٢٠١١) و لە لاپەڕە (٤٠)دا، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: “شاندێکی کریستیانەکانی هەرێمی “نەجران” هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ)، ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی سەبارەت بە ئایینی ئیسلام، پێیفەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا.. خۆتان ئامادە بکەن جەنگێک کە لەگەڵ ئێوەدا بەرپای دەکەین” لە پەراوێزدا (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).

ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نموونەیە؛ بەڵکو بۆ هەموو نموونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نییە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات؟ بە کورتی‌ و بە ڕاشکاوی دەپرسم، ئەم دەقە “داعش” دروست نەکات، ئیدی نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات؟ ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە: یان سەرانەی/باجی “کرستیان-بوونیان” بدەن؛ یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌ و بیانکوژین.
لە (٢٠١٤)دا کاتێک داعش هات‌ و دەشتی “نەینەوا”ی داگیرکرد، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ “کریستیانەکان” کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار ببوون لە قوتابخانەکانی کوردستان.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی (٢٠١٥)ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:
یەکەمیان: ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی( ٢٠١٢ )ەوە، چ بە نووسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌ و چاپەمەنییەکان سازکران‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی “یۆنیسکۆ”، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌ و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بە ڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان ‌و سەدان نا؛ بەڵکو هەزاران پەیام ‌و چیرۆک‌ و گوزارشت و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن، بەڵام هێندە کرچ‌ و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌ و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆیان ناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌ و دژە پێکەوەژیان‌ و پەراوێزخستن ‌و بە کەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆیان دەگرن.

نموونەی دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکەدا خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردووە.

وەک لە سەرەتادا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێکدا بە خستنەڕووی نموونەیەک دەمەوێت ڕاستیی “داعشدروستکەری” کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمە ڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە( ٢٠١٢ ) تا ( ٢٠١٥ ) ئیشم لەسەر کردوون، ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە “ئوسترالیا” و لێرە لەبەر دەستم نین، بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نموونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.

———————————————–

“پرۆفایل”

  • شێرکۆ کرمانج: دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی “ساوس”/ ئوسترالیا تەواوکردوە. نووسەری کتێبی “شوناس ‌و نیشتیمان لە عێراق”ە، کە بە ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و کوردی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ کتێبی “بە سیاسییکردنی ئیسلام” کە دوو چاپی بە کوردی بڵابۆتەوە. شێرکۆ دەیان توێژینەوەی له‌سه‌ر پرسی کورد و پۆلەتیکی عێراق ‌و فیکری سیاسی ئیسلام بە ئینگلیزی لە جۆرناڵە ئەکادیمییەکان بڵاوکردۆتەوە و بەبەردەوامیش لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بابەت‌ و توێژینەوە بڵاودەکاتەوە. شێرکۆ چوار ساڵ مامۆستا بوو لە زانکۆی “ئوتارا” لە مالیزیا، پێش ئەویش توێژەری پۆست دکتۆرا بوو لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا. لە (٢٠١٠) بۆ ماوەی هەژدە/ ١٨ مانگ گەڕایەوە کوردستان ‌‌و وەک بەڕێوەبەری تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کاری دەکرد و لە “زانکۆی سەلاحەدین” دەرسی دەگوتەوە. ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسۆرە و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی شارقە لە ئیمارات.
Previous
Next