
” دوێت لەبەرزەخدا “.. رۆژگار خالید
Closed
بەهاوبەشی نووسراوە لەلایەن ” ییت بەنەر ” بە نەتەوە تورک و ” سەلاحەدین دەمیرتاش ” بە نەتەوە کورد .
ئەم ڕۆمانە لەلایەن ” فەرهاد چۆمانی ” وەرگێڕانی کردووە .
- ئەگەرچی هەردوو نووسەر هەرگیز یەکدیان نەبینیوە کەچی هاوفکری یەکدین و دیوە تاریکەکەی مێژووی کۆماری تورکیا دەنووسنەوە .
- ڕۆمانەکە ئەوەندە بەووردی و جوانی نووسراوە تاکۆتایی هیچ خوێنەرێک هەست ناکا کام بەشی ڕۆمانەکە ” ییت بەنەر ” یانیش” سەلاحەددین دەمیرتاش” نووسیوویەتی .
” چەند ووشەیەک “
هەر کەسێک ئەو ڕۆمانە بخوێنێتەوە پێویستە شەرم بکات ببێتە جاسووس یاخود خیانەتکار دژی نەتەوەکەی یاخود خوێنی هاوزمانی خۆی بڕژێنێت .
” لەئێستادا “
لەبەر ئەوەی دیدگایەکی نوێ لەسەر پرسی کورد لەباکوری کوردستان یاخود کۆماری تورکیا دروستبووە ، ئەم خەونە ڕەشە یاخود ئەم مێژووە پڕ لەخەیاڵەی لەگۆڕنا دژی نەتەوەی کورد هەبوو ، چاوەڕێین دیدگایەکی نوێ بۆ ئەو ڕووناکییە بێتەکایەوە یاخود بزانین ئەو قسانە بەکوێ دەگات یانیش کۆمەڵێک قسەن و نابنەکردار وەک قسەی سواو دەمێننەوە .
” ڕوانینی تاکی تورک “
ئەگەرچی دەگەمەنن بەڵام چەندەها تاکی تورک هەبووە لەم سەد ساڵە بەرگریان لە زمان و ناسنامە و جل و بەرگ و کلتور و مافی نەتەوەی کورد کردیە و دژی ئەو فکرەیە بوونە ، هەموو شتێک لەمرۆڤی کورد وەربگرێتەوە و نوقمی عەقلیەتی کۆیلگەرایی و دەستەمۆی فۆڕمی بەتورک ببێت .
لەبەرامبەر دەیان کورد بوونەتە کۆیلە و جاش و خزمەتکار و چەکداری دەوڵەتی تورکیا و لەجیاتی بەرگری لەمافی نەتەوەکەیان بکەن بەزمانی تورکی و بەئاڵای تورکیا و بەجل و بەرگی سەربازی تورکیا بەداخەوە مرۆڤی کوردیان کوشتووە !
” پێشهاتێکی نوێ “
ئەوەی گرنگە بزانرێت دیدگای تاکی تورک چییە لەبارەی پرسی نەتەوەی کورد و تاکی کورد ؟! وە بەپێچەوانەشەوە وە ڕوانینی تاکی کورد چییە لەبارەی دەوڵەتی تورکیا و دەستوور و ئەم مێژووە ڕەشەی تێدا بووە بەقوربانی؟!
لەجیاتی وەڵام بیرخستەوەیەک گرنگە //
دوای ئەو هەموو تاوانە دەرحەق بە نەتەوەی کورد کراوە بۆیە بە ئومێدەوە دەڕوانین و دەبینین سەردەمێک لەپێشمانە ، ئایا تاکی تورک بڕوا دەکات داهاتوویەکی پڕ لەشکۆ و پڕ لەسەروەری هەیەبۆ تاکی کورد لەکۆماری تورکیا ؟!
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لەم مێژووە سەد ساڵەیە بدەینەوە ، ناتوانین باوەڕ بەم شکۆیە بکەین بە لەبیرکردنی ئەم مێژووە تاریکە برینەکانی ساڕێژ نابێت ، لەبیرکردن ناتوانێت خوێنی هەزاران شەهید بگەڕێنێتەوە و ڕوحی هەزاران مرۆڤیش بگەڕێنیتەوە و ئەو وێنەیەش ناسڕێتەوە لە زهنی تاکی کورد دروستبووە لەبارەی هێزی چەکدار و سەرباز و پۆلیس و جەندرمە و میتی تورک هەیە ئەم هێزە چەکداریە بووە بەکابووسێک و وەک شاخێکە پڕە لە ڕق و کینە و دژە ئینسانی .
پێویستمانە ڕوحی ئینسانی تورک بگۆڕێت و نەفرەت لەم مێژووە بکات سەد ساڵە هەیە و گۆڕانکاری گەورە بەسەر هەموو شتێکدا بێت .
_ پێویستە زهنی تاکی کورد بگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ لەتورکیا دروست ببێ .
_ چیتر زوڵم لەبوون و زمان و پێگەی کۆمەڵایەتی و پێگەی کەسی و داهاتووی تاکی کورد نەکرێت .
_ ماف بگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی کورد ڕۆژێکیش بێت هەموو ئەو شتانەی بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە وەک مێژوویەکی پڕ لە ڕق و پڕ لەناشازی بنووسرێتەوە و لەداهاتوودا منداڵی تورکی لەسەر پەروەردە بکرێت هەڵەیەکە یانیش تاوانێکە سەد ساڵە هەبووە بەنێوچەوانی خۆیان و مێژووکەیان .
کڕۆکی بابەتەکە ئەوەیە ئینکاری لەبوونی نەتەوەی کورد کراوە بەمانای ووجودیەتەکەی وەک مرۆڤ و شتێک نەبووە بەناوی نەتەوەی کورد .
هەموو ئەو پرسیار و باسانەی لە ڕۆمانەکەدا نووسراوە نەتەوەی کورد قوربانی بووە وە دەوڵەتی تورکیا بەچاوی دوژمن و بەچاوی تیرۆرست لەکوردی ڕوانیوە !
” سەرەتای ڕۆمانەکە”
لەڕێگەی دوو کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی ” ئایڤاز دەرە ” و کەسێک بەناوی ” سنان ” پیشەکەی پارێزەرە ئاشنا دەبین .
” دواتر دوو کارەکتەری دیکە دێنە نێو دەقەکە “
” جان یوجل ” کوڕی پارێزەر سینانە گەنجێکە وەک هەموو گەنجانی ئێستای دەوڵەتی تورکیا خەریکی ژیانکردنە و بڕوای بەژیانی مۆدێرنە هەیە .
” بەرفین یانیش فاتمە ” کچێکی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت و دواتر دەچێتە وڵاتی تورکیا و دەیەوێت بەشێوەی قاچاخ بچێتە ووڵاتی ئەڵمانیا .
جان و بەرفین دەکەونە پەیوەندی خۆشەویستی بۆ گەشتێک دەچنە ناوچەیەکی کەناراوەکانی باشووری وڵات ئەم ناوچەیە نزیکە لە بنکەیەکی سەربازی، لەپڕ تەقینەوەیەک ڕوودەدا و هەردووکیان تاوانبار دەکرێن گوایە چالاکی تیرۆرستیان کردووە ، ناوچەکەدا وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی لێیە .
” ئایڤاز دەرە ” وەک ژەنەڕاڵێکی خانەنشینکراو بەتەنها دەژیت دوور لە جەنجاڵی ژیان لەناو سروشتی کەناراوەکانی باشووری ووڵات دەژێت ڕووداوەکانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە دەبێتە شاهیدێکی گوناهبار بەسەر ئەو شتانەی ویژدانی هەلاهەلا دەکات و دەیەوێت مێژوو شەن و کەن دەکات .
” سینان ” وەک کوردێکی پارێزەر هەموو شتێک دەگێڕێتەوە لەژیانیدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و بەرگری لەو کەیسانە دەکات زوڵم و ستەمیان لێکراوە لەهەشتاکانی سەدەی بیستەم کاتێک ئایڤاز جەلادێکی بێویژدان بووە و ئەو شەقە لەبیرناکات لەگەنجی بەدەستی ئایڤاز لێیدراوە کاتێک ڕووبەڕووی بۆتەوە .
دوای تەقینەوەکە ” جان یوجل و بەرفین ” تاوانبار دەکرێن ، کەچی لەکۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتێک پێچەوانەوە دەبێتەوە و بەدیار دەکەوێت کەسانێکی دیکە هەن و بکەری تەقینەوەکەن !
پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بخەمەڕوو ئەو ڕۆمانە دووشتی تێپەڕکردوو
- گێڕانەوە و نووسینەوەی مێژووی سەردەمێکی پڕ لە درۆ یانیش بەپاڵەوانیشاندان و سەرشۆڕکردنی سەدان مرۆڤی کورد بووە قوربانی .
- دروستکردنی دونیایەکی خەیاڵی مرۆڤ بکاتە فریشتە و پێی وابێت پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و دونیایی جوانی هەموو شتێک بەدڵ و خەیاڵی خوێنەری بنووسێتەوە .
دەتوانین بڵێین ئەو ڕۆمانە لەسەر ئاستی نەتەوەیی یانیش لەسەر ئاستی ئایینی نەنووسراوە .
بەڵکو دوو مرۆڤی کۆمۆنیست کە بڕوایان بەدادی کۆمەڵایەتی هەیە بەڵام لەدوو سەردەمی جیاواز شتەکان دەکەنە یاداشت ” ئایڤاز دەرە ” دوای ڕووخانی دەوڵەتی تورک و گرتنەدەسەڵات لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە و پیربوونی دەیەوێت بەئاسوودەی بژێت ، ” سینان ” وەک گەنجێک لە قۆناغی خوێندنی زانکۆ دەیانەوێت هەموو مرۆڤێک لە ووڵاتی تورکیا بەبێ جیاکاری لە ئەرک و ماف و یەکسان ببن و بەرگری لەنەتەوەکەی دەکات .
دوای تەمەنێک لەڕشتنی ڕووبارێک لە خوێنی مرۆڤی کورد پرسەکە لەسەر ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی بۆدروست دەبێت ، هەموو دونیا دەنگدانەوەی بەدەوڵەت و دەسەڵاتی تورکیا دەڵێت هەرگیز ئەم کێشەیە بەشەڕ چارەسەر ناکرێت ئەگەرچی هەتاکو ئێستا درێژەی هەیە .
بەتێپەڕبوونی کات و کودەتای سەربازی و گرتنەدەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی تورک و ئەتاتورک دوای سەد ساڵ کۆتایی پێهات .
هەژموونی ئیسلامی سیاسی و لاوازی حزبی نەتەوەی تورک وایکرد هەموو شتێک لەکۆماری تورکیا پێچەوانەوە ببێتەوە .
دوای ڕووداوی تەقینەوەکە و گەڕان بەدوای ” جان یوجل و بەرفین” لەلایەن ” سنانی پارێزەرەوە ” چاوی دەکەوێتەوە بە چاوی ” ئایڤاز دەرە ” ژەنەڕالە جەلادەکەی سەردەمی گەنجی ، بۆ هەردووکیان پەشیمانییەک دێیتە پێش ژەنەڕاڵێکی سەربازی پشت لە ڕابردووی دەوڵەتەکەی دەکات و دەڵێت تاوانەکانی سەدەی بیستەمدا هەرچەندە یاسایی بێت و بە تیرۆر بناسرێت دووربووە لەهەموو بەهایەکی ئینسانی و ئەخلاقی و ئیدارەدانی سەربازی .
هەر ئەوەشە وادەکات کاردانەوەکانی ژەنەڕاڵێکی باڵا چەندە زەحمەت بێت هەست بەتاوان بکات و پێی وایە هەموو شتێک شایەنی ئەوەیە پشتی تێبکەی ، ئەزموونی ژیان فێری دەکات مرۆڤایەتی چەندە گرنگە ، لەژیانی ” سینان ” تەنیاییەک هەیە هەرگیز کۆتایی نایەت، ڕابردوویەک هەیە هەرگیز لەبیرناچێتەوە ، هیلاکییەک هەیە لەناو دەیان چیرۆک و چیرۆکی ژیانیدا دووبارە دەبێتەوە چاوەڕوانییەک هەرگیز کۆتایی نایەت .
پارێزەرێکی ماندوو لەژێر کاریگەریی فیکری کۆمۆنیستی و نادادی ژیان دەیان دەقی بەرگرینامە و پشتگیری لەخەڵکی ستەملێکراو بنووسێتەوە .
ئەو پارێزەرە ململانێی ژیان دەکات و مردنیش ئازیزانی دەبات .
دوورکەوتنەوەی هاوسەری و منداڵەکەی وادەکات خۆزگە بەمردن بخوازێت لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی و هەژاری ناچاری ناکات سەربەرزانە نەژێت .
بۆ ئەوەی مێژووی کورد و کلتوریی کورد و دیدگای کورد بە تورکی نەکرێت .
بەباشی دەزانم دیدگای ” رێبەر ئۆجەلان ” لەسەر کۆتاییهێنان بە ” پرۆسەی پڕ لە ئازار ” لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و داهاتووی کورد لەنێو ڕۆمانەکە دەنگی داوەتەوە بەم شێوەیە دادەڕێژم :
” پرسی سیاسیەت “
شەرم لەخۆم دەکەم چۆن کەشی سیاسی و هۆشی دەوڵەت هەمووانی یەخسیر کردووە چۆن شێوازی بیرکردنەوەمان ئاراستەدەکات کورد یەکسانە بە تیرۆرست ساڵانێکە هەموو ڕۆژێکی خودای لەهەموو کەناڵێکی تەلەفزیۆندا هەموو سیاسییەکان و قەڵەم فرۆشەکان مەگەر لەبەیانی تا ئێوارێ مێشکمان ناکۆڵن؟! ” لاپەڕە 142 ” .
” پرسی شەڕ “
ئەوانەی شەڕ لەگەڵ دڕندەکان دەکەن پێویستە ئاگایان لەوە هەبێت نەبنە دڕندە… درۆیە؟ ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ سەیری بۆشاییەک بکەیت بۆشاییەکەش سەیری تۆ دەکات . ” لاپەڕە 143 ” .
” پرسی دەسەڵات “
بڕوامان بەوەیە ئەوانەی بەچەک دەسەڵات دەگرنە دەسەڵات هەرگیز نابێ وڵات بەڕێوەبەرن چونکە مەیلیان بەلای ئەوەیە بە بەکارهێنانی چەک و هێز حوکمداری بکەن، ئەوانەی فکریان پشت بەچەک دەبەستن بەدڵنیاییەوە هەژاری فکرین . ” لاپەڕە 146 و 147 ” .
” پرسی دادپەروەری “
تا دادپەروەری بەدی نەیەت ئاشتی بەدی نایەت بۆ ئەمەش پێویست دەکات لێپرسینەوە لە هەموو ئەو تاوانانە بکرێت لەڕابردوو ڕوویانداوە ، ئیدی ئەو شتانەی لەکاتە ئاساییەکانیشدا ڕوویاندا نابێ نادیدە بگرین .
” لاپەڕە 165 و 166 ” .
” پرسی ئاشتی و زۆرترین مشتومڕ “
لەدۆخێکی وادا کێ لەگەڵ کێ ئاشت دەبێتەوە؟! لە کامە زەمیندا ؟! چۆن ئەم کۆمەڵگەیە لەداهاتوودا بەئاشتی بەیەکەوە دەژی؟! ” لاپەڕە 167 ” .
” پرسی تاوان “
لەوەتەی لەسەر ئەم خاکەدا ئەو ئامرازی پێی دەگووترێت دەوڵەت هەیە سەرباری هەیە بەردەوام بەرانبەر خەڵک و گەلانیتر تاوانی کردووە بۆ تاکە جارێکیش لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە ، هەرکێ دەوڵەتی دەکەوێتە دەست بەئاسوودەیی و بێپەروا تاوان دەرحەق بەخەڵک دەکات هیچ ئەمان و ئەولەیەک بۆ هاونیشتمانیان نەماوەتەوە . ” لاپەڕە 179 ” .
” پرسی کورد “
ئەم ووڵاتە بەتایبەت دەسەڵاتدارەکانی هەرگیز پاکحسابییەکی ویژدانی ناکەن . ” لاپەڕە 214 “.
” پرسی داهاتوو “
تۆ بلێی ڕۆژێک ئاشتەوایی ئەم مەملەکەتە بگرێتەوە؟
” پرسی کورد”
ئەو دەمەی هێشتا لە باشووری ڕۆژهەڵات لەئەرکدا بووم دەرکم کرد هەوڵماندا ملیۆنان کەس بەچاکی ئاشنای زمان و کلتور و دابونەریت و جوگرافیاکەیان نین لەخۆمان بچوێنین.
هەوڵماندا کوردان بەتورک بکەین .
لەبنەڕەتدا ئەگەر توانیبامان لەمەدا سەرکەتووبین هیچ کێشەیەک نەدەما ، بەڵام ئەوەتا لەسەر جێخەوەکەم هەستام لە بەردەڵانە سەرانسەرەکەی بەردەم پەنجەرە لەو شەپۆڵانەی بەدەم کەفچڕێنەوە هەڵدەستان و دەکشانەوە بۆ دوور دوورانی دوور ڕامام ، ئێ چی دەبوو ئەو کوردانەش ئەو ناسنامە تورکییە ڕۆشنگەر و مۆدێرن و ڕازاوەییان بۆ خۆیان قبووڵ کردبا خراپ دەبوو؟
هەر کوردبوونە چیاییە دواکەوتوو و گوندیان بۆخۆیان هەڵبژارد .
دەوران چەرخا کوردان ڕۆشنگەریی خۆیان داهێنا و ئێمەیان تێپەڕاند و ئێمەش دواکەوتووین .
بۆ نموونە ژمارەی گرتنەدەستی دەسەڵات لە حیزبەکانی ئەواندا لە لایەن ژنانەوە بوونە پەرلەمانتار و شارەدار و چەندین لەئێمە زیاتر بوو .
ئەدی نەیان دەگووت ئەوان گوندەکین و جووتیارن و ئێمەش شارستان و مۆدێرن بووین ؟!
ئەوەتا ئەمەش بۆخۆشم سەختەددانی پێدا دەنێم و قبوولی دەکەم . ” لاپەڕە 220 و 221 ” .
” پرسی خیانەت و خۆفرۆشی “
ژیان لەدیدی ئایڤاز دەرە ژەنەراڵی سەروبەندی کودەتای 12 ئەیلول ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە :
ئەرکی ئێمە ئەوەبوو کوژاندنەوەی دوایین تروسکاییەی لەنێو چاوانیان و لەنێوبردنی پارچەکانی دوایین سەرهەڵدانیان بوو .
ئەمڕۆ دەزانم لە ئەرزی واقیعدا هەرگیز سەرکەتوو نەبووین لەوەی پارچەکانی ئەو سەرهەڵدانە لەنێوبەرین و ئەو گەنجانە یەخسیر بکەین .
لایەنی سەمەرەی ئەمە لەوەدایە هەست بە دڵخۆشییەکی شاراوە دەکەم کە پێچەوانەی ئەوەی ویستمان شکایەوە .
ئەوە ئێمە بوو دۆڕاین ، ئێمە دۆڕاوەکە بووین گەنجینەکان ئەگەر ڕێبازەکەشتانم قبووڵ نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر حەق بوون .
قارەمانی پاسەوانی کۆماری تورکیا بەدەستی خۆمان گۆڕمان بۆ خۆمان هەڵکەند . ” لاپەڕە 36 و 37 . “
” پرسی نیشتمانپەروەری “
ئاژەڵدۆستانی ووڵاتەکەمان هاوشێوەی نیشتمانپەروەرەکانمان کەدێتە سەر قسەکردن هیچ لەخۆیاندا ناهیڵنەوە ، بەڵام دووراودوورن بەبێ ئەوەی زەحمەتێک بەخۆیان بدەن بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسایەتییەک بگرنە ئەستۆ . لاپەڕە 60 ” .
لەکۆتاییدا بەم شێوەیە دەگەمە دەرئەنجامی خوێندنەوەکەم بۆ ڕۆمانەکەی :
وەک ” ئایڤاز دەرە “دەڵێت گەورەترین ناپاکی لەمێژوو بکرێت تێنەگەیشتنە لێی بەم شێوەیە ناپاکی لەداهاتووشدا دەکەیت . ” لاپەڕە 12 ” .
پرسی داهاتووی کورد لەبەردەم چارەنووسێکی نادیارە ئەگەر بابەتەکە ببەسترێتەوە بەپرسی پەرلەمان و دروستکردنی کۆمیسیۆن و باسکردنی کێشەکان بەم شێوەی ئێستا هەیە ، تێدەگەین کێشەی کورد هەرگیز چارەسەر نابێت .