(شیعر له پێناو _هیچ_ دا)… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
_له نێوان شیعری دوێنێ و ئه‌مڕۆ سه‌رنجێك_ ….
به‌درێژایی مێژووی شیعر وه‌ك ژانرێك له ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌میشه شیعرهه‌ڵگری ناوه‌ڕۆك‌و گوتارێك بووه،كه له شێوه‌ی په‌یامێكی سیاسی یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی، گوزارشتی لێكراوه.ئه‌زمووی شیعری ئێمه له قۆناغی كلاسیكه‌وه تاكوشیعری ئازاد كه له گۆرانی شاعیره‌وه ده‌ست پێده‌كات‌و ئیدی كێش‌و قافیه له شیعردا نامێنێت‌و فۆڕمێكی ئازاد وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره بووه. شاعیرانی ئێمه گه‌رچی ده‌رچووی هیچ نێوه‌ندێكی ئه‌كادیمی‌و مه‌عریفی نه‌بووینه، بگره ده‌رچووی ته‌كیه خانه‌قاو مزگه‌وته‌كان بووینه، به‌ڵام به‌رده‌وام دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌و په‌یامێكییان پێبووه به ئامانجی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگا. به شێك له شاعیرانی ئێمه به هۆی ئه‌و ڕۆشنبیرییه ئایینییه‌وه،خاوه‌نی پاشخانێكی فه‌رهه‌نگی‌و كلتووری بوونه، كه ئه‌مه‌ش له ده‌قه‌كانیان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. بیرمه‌ندی دیاری كورد كۆچكردوو مسعود محمد، له باره‌ی ناڵییه‌وه ده‌ڵێت:( یه‌ك دێڕ شیعری ئه‌و شاعیره، ڕه‌نگه زه‌مه‌نێكی درێژی بووێت تاكو بتوانین ڕاڤه‌ی بكه‌ین). چونكه ده‌قه‌كانی زۆرتر له مانایه‌ك‌و پتر له یه‌ك گوزارشتكردن له خۆ ده‌گرن.
بۆیه ده‌بینین له ڕه‌خنه گره كۆن‌و ئه‌كادیمییانی ئێستاشدا، ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی له شیعری كلاسیكی ده‌كۆڵنه‌وه‌و ڕاڤه‌ی ده‌كه‌ن. چونكه ئه‌و ده‌قانه هه‌ڵگری گوتار‌و مه‌دلولی شیعری بووینه. شاعیرانی ئێمه،له چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌ی تیایدا ژیاون، شیعریان نووسیوه‌و كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه‌كان‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و وابه‌سته بوونه‌ی ده‌قی شیعری بو دیارده‌كانی بوون‌و ژیانی مرۆڤه‌وه، ڕه‌نگه له مانا‌و فۆڕمی شیعره‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك كه‌مكربێته‌وه‌و زۆرتر دروشم‌و گوتاری واقیعیانه له شیعره‌كاندا ببینین، به‌ڵام له پاڵ ئه‌مه‌شدا،ئه‌و ده‌قانه هه‌ڵگری دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌وپه‌یامێك بوونه. واته شیعرله پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه هاوكات مانفێستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌شه، به ئامانجی هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وهاتنه‌وه به گژئه‌قڵی دواكه‌وتوویی‌وترادیسیۆن خوازانه. شیعر لای ئه‌و شاعیرانه‌ی ئێمه، دیدێك بووه بۆ بینینی دیارده‌كانی كۆمه‌لگه‌و هوشیار كردنه‌وه‌ی تاك. شیعری ئه‌و قۆناغانه هه‌ر ته‌نها ده‌قێكی ئاسایی ئه‌ده‌بی نه‌بووه، به‌ڵكو میتۆدێكیش بووه بۆ ڕوانین له ژیان‌و ده‌وروبه‌رو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سۆسیۆلۆژییه‌وه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چه‌ندین وێنه‌ی شیعری جوان‌و گوزارشتكردنی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوان،له‌و ده‌قانه‌دا ده‌بینین، كه توانای شاعیران‌و دنیابینی شیعریانه‌یان ده‌رده‌خات. بۆنموونه: ناڵی دووسه‌د ساڵ زیاتر به‌رله ئه‌مڕۆ له شیعرێكیدا ده‌ڵێت:
له ترسی ته‌ڵعه‌تت ڕۆژ هه‌ر وه‌كو شێت
به‌ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات‌و كه‌وته كێوان.
شاعیر وه‌سفی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێك ده‌كات، كه ڕووی ئه‌وه‌نده گه‌ش وجوان بووه، خۆر له ترسی ڕووی ئه‌و شێت بووه‌و كه‌وتۆته كێوان. له نێوان خۆر‌و‌و ڕووی یاردا، كه هه‌ردووكییان دروستكراوی په‌روه‌ردیگارن‌و خۆر سه‌رچاوه‌ی وزه‌و گه‌رمییه‌كی یه‌ك جار به‌تینه، كه مرۆڤ ناتوانێت، له به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت، كه‌چی ئه‌و خۆره گه‌وره‌یه،هێنده بچووك ده‌بێته‌وه‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ی گه‌رمی‌و ڕووناككردنه‌وه‌ی نامینێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی له به‌رامبه‌ر ڕووی كه‌سێكدا، بوونی نامێنێت. ڕووی ئه‌و كه‌سه خاوه‌نی جازبیه‌تێكی وابووه، زۆر به هێزتر له جازبییه‌ی دیارده سرووشتییه‌كانی گه‌ردوون. ناڵی به چه‌ند وشه‌یه‌كی ساده‌وبه ده‌ربڕینێكی ساكار، جوانترین و پڕ چێژترین وێنه‌ی شیعری خوڵقاندووه. خوێنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕانه، كه‌به‌شێكن له شیعرێكی درێژ‌و له‌لایه‌ن (قادر زیره‌ك)ی نه‌مره‌وه كراوه به گۆرانی، له پاڵ ماناكه‌ی چیّژی خوێنه‌وه‌ش به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. خوێنه‌ر كه ئه‌و ده‌قه ده‌خوێنێته‌وه، زه‌مه‌ن له بیر ده‌كات. به‌و مانایه‌ی واهه‌ست ده‌كات شیعرێك ده‌خوێنێته‌وه، كه له ئێستادا نووسراوه. له به‌رامبه ئه‌مه‌دا، نموونه له شیعرێكی ئێستا وه‌رده‌گرین، نه‌ك بۆ به‌راورد كردن، نه‌ك بۆ هاوتا كردنی شاعیره‌كان به یه‌كتری، كه ئه‌مه كارێكی نه‌كرده‌ییه، به‌ڵكۆ بۆ ناساندنی به شێكی زۆری ناوه‌ڕۆكی شیعری ئێستا و نه‌وه‌ی ئێستا، كه له‌وانه‌یه ده‌نگی داهێنه‌رانه‌شیان تێدا بێت. لێره‌وه‌ش نموونه له یه‌ك شیعری( رامیارمحمود) دێنینه‌وه. ئه‌و شاعیره له دێڕه شیعرێكیدا ده‌ڵێت:
خودایه هێنده بێزارم
خه‌ریكه گو له ده‌م‌و قینگم دێته ده‌رێ..
ئه‌م ده‌ربڕینانه، كه به‌ده‌رن له هه‌موو جۆره ئاماژه‌یه‌كی واتایی، نه‌ك ناچنه خانه‌ی شیعره‌وه به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌ی زمانی گشتی‌و ئاسایی نێوان مرۆڤه‌كانیشه. بیرمان نه‌چێت له قسه كردن‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له نێوان وشه‌كاندا هه‌یه‌و دواجار له ڕسته‌یه‌كدا مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن. به‌ڵام ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی ڕامیار محمود، ناچێته خانه‌ی هیچ جۆره پۆڵێنكردنێكی وشه‌و ماناوه. چونكه نه یه‌كێتی بابه‌تی نێوان وشه‌كان‌و نه وێنه‌ی هونه‌ری‌و نه‌هیچ چێژ‌و ئستاتیكایه‌كی شیعریشی تێدایه. ته‌نها ڕێزكردنی چه‌ند وشه‌یه‌كی به‌دوا یه‌كتری داهاتووه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌لاله‌تێكی شیعری بگه‌یه‌نن. ئاخر شیعر داهێنانه، گوتار‌و مانا‌و په‌یامه، ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه، له پێناو هیچدان. باله‌وانه‌ش هه‌مووی بگه‌ڕێین، بابپرسین مرۆڤ كه بێزاربوو، گو له ده‌می دێته ده‌ر؟ بێزاری‌و ته‌نهایی زۆرجارده‌بنه پاڵنه‌ری سایكۆلۆژی‌و هزری و كه داهێنان دروست ده‌كه‌ن. مرۆڤ كه بێزاربوو، نابێ بكروزێته‌وه، نابێ هێنده زه‌لیل بێت گو له ده‌می بێته ده‌ر، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ یاخی بێت‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و دۆخ‌و هه‌ڵومه‌رجه بدات، كه بێزاریان كردووه.
نابێ ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ و چاوه‌ڕوان بێت بڕشێته‌وه‌و گوله ده‌می بێته ده‌ر. ئێستا ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بۆ مانای شیعر‌و په‌یامی شیعر بگه‌ڕێت، له‌و جۆره ده‌قانه به چی ده‌گات؟ جگه له هیچ؟ ئه‌مانه نووسین نین، به‌ڵكو ڕێزكردنی كۆمه ڵێك وشه‌ی بێ مانایه، كه خوێنه‌ر له شیعر ده‌تۆرێنن. بێگومان وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له شیعری شاعیرانی دوێنێ، واته له قۆناغه‌كانی شیعری كوردی له كلاسیزمه‌وه، تاكو ریالیزم‌و شیعری ئازاد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه، تاكو كۆتایی هه‌فتاكانیش و سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین، شیعری كوردی په‌یامێكی هه‌بووه. سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی. شاعیرانی ئێمه به شێك بوونه له تراژیدیای خاك‌و مرۆڤی كورد‌و به شیعر هه‌وڵی به گژهاتنه‌وه‌یان داوه،بۆ هه‌موو ئه‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هزریانه‌ی وه‌ك نۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌شێك بوونه له پاشخانی فیكری‌و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگای كوردی.ڕه‌خنه گرتنی دیارده‌كان‌و هوشیاركردنه‌وه‌ی تاك، له ڕێی گوتاری ئه‌و شیعرانه‌وه كه ئاراسته‌ی تاكییان كردووه، مه‌به‌ستییان بووه كۆمه‌ڵكه له دواكه‌وتوویی رزگاربكه‌ن‌و تاك هوشیار بێته‌وه. ئه‌مه سیمایه‌كی سه‌ره‌كییه له شیعری كوردیدا.
بێكه‌س له ڕێی شیعره‌كانییه‌وه، هه‌وڵی یه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه ده‌دات‌و ڕه‌خنه له ئه‌قڵی لاهوتی تاكه‌كان ده‌گرێت‌وداوا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات، چاو له پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوا بكات.داوای لابردنی په‌چه‌ی شه‌رم له ژنی كوردده‌كات. قانح دیدگایه‌كی مرۆڤدۆستی هه‌یه‌و به‌شیعر هه‌وڵی یه‌كسانی‌و دادپه‌روه‌ری مرۆڤه‌كان ده‌دات‌و به گژ ئه‌قڵی بۆرژوازی‌وسه‌رمایه‌داری دادێته‌وه. گۆران وه‌سفی جوانییه‌كانی سرووشت‌و ژن ده‌كات. شێخ ڕه‌زا به شیعر هه‌جوی پیاوانی ئایینی ده‌كات. شێركۆبێكه‌س كوردبوون‌و شانازیكرن به كوردبوون، ده‌كاته شوناسی نه‌ته‌وه‌یی تاكه‌كان. زێوه‌رباس له‌خوێندن‌و خوێنده‌واری ده‌كات. ئه‌مانه‌و ده‌یان نموونه‌ی تر، كه شاعیرانی كورد له ڕابردوودا، له ڕێی گوتاری شیعرییه‌وه، هه‌وڵی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاوهوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانیان پێداوه‌و شیعر ئه‌و كاتانه هه‌ڵگری ده‌لاله‌تێك‌و ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی بووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی له به‌شێكی زۆری گوتاری شیعری ئێستامان بڕوانین، ده‌بینین هه‌ڵگری هیچ په‌یام‌و ئاماژه‌یه‌ك نییه.
ڕاسته له نێوان شیعری دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌و شیعر له ئێستادا، هه‌ڵگری گوتارێكی خودگه‌راییه‌وبه‌شێكه له ئه‌زموونی تاكانه‌ی شاعیر, به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی شیعره‌كان، له بڕی بابه‌ت له خود ده‌دوێن. ئه‌مه‌ش وایكردووه، كه زۆر جار شیعر هێنده ساده‌و لاواز بێته‌وه، تاڕاده‌ی ده‌ربڕینی چه‌ند ڕسته‌یه‌ك، بێ هه‌موو چێژ‌وشیعریه‌تێك. به‌شێك له شاعیرانی ئێستا، شیعر وه‌ك نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونه تایبه‌تییه‌كانی ژیانی خۆیان ده‌بینن، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌نه گوتارێك له شیعردا، له ژێر ناوی شیعری نوێ‌وخودگه‌رایی‌و چه‌ندین ناونیشانی تر. له كاتێكدا، شیعری ئێستا ئه‌گه‌ر وه‌ك شیعری ساڵانی بیسته‌كان، ڕۆلی هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان‌و ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاش نه‌بینێ، به‌ڵام ده‌بێ ده‌قێكی ئستاتیكی بێت‌و چیّژی خوێنه‌وه، له ڕووی شیعریه‌ت‌و وێنه‌ی هونه‌ری، به خوێنه‌ر ببه‌خشێ.زۆربه‌ی شیعره‌كانی ئێستا،چیّژی خوێنه‌وه به خوێنه‌ر نابه‌خشن‌و هه‌ندێكییان ته‌نها قسه ڕێزكردنێكی بێ ماناونابابه‌تییه. بۆیه ده‌بینین، خوێنه‌ری شیعر به به‌راورد له گه‌ڵ خوێنه‌رانی ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب،یه‌كجار كه‌مبۆته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆمان‌و چیڕۆك ده‌خوێنرێنه‌وه، ئه‌وه‌نده شیعرنا. لێره‌دا، ئاماژه بۆ ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌ین، كه ئه‌ویش ده‌قێكی( ڕۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی‌و پێشه‌وا كاكه‌یی)ه‌و به‌هاوبه‌شی نووسیویانه‌و له ژماره (3)ی گۆڤاری (باران) بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌و دووكه‌سه‌له سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن:-
قرژال نیوه‌ڕۆیان ده‌عوه‌تی كیسه‌ڵ بوو…
به‌س هێنده به‌خاوخلیچكی چێشتی حازرده‌كرد..
ده‌بوو به عه‌سر..
له‌داخی گه‌رما قارچكی ده‌كرد به كه‌پر..
بێگومان، ده‌سپێك له سه‌ره‌تای هه‌ر ده‌قێكدا، گرنگی‌و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه بۆ سه‌رنج ِراكێشانی خوێنه‌ر‌وبه‌رده‌وامبوونی له خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا. زۆر جارناونیشان یاخود ده‌سپێكی ده‌قێك،سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێ. به‌شێكیشیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، چیّژی خوێنه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون له خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌كوژن. ئه‌م چه‌ند دێڕانه،نه‌ك هه‌رچێژ به خوێنه‌ری شیعر نابه‌خشن، بگره ناچنه خانه‌ی قسه‌كردنی ئاساییشه‌وه. وشه‌كان له‌و كۆپڵه به‌ناو شیعریه‌دا، نه په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه‌و نه‌یه‌كێتی بابه‌تییانه‌ی نێوان وشه‌كان هه‌یه. ئه‌مه وێرای نه‌بوونی هیچ جۆره مانا‌و مه‌دلولێكی شیعریش. خوێنه‌ر له به‌رده‌م چه‌ند وشه‌یه‌كی ئاسایی دایه،كه كۆكردنه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی چه‌ند ڕسته‌یه‌كدا، هیچ مانایه‌ك ناگه‌یه‌نن.ده‌عوه‌تی قرژال بۆ كیسه‌ڵ چییه؟ عه‌سر‌و كه‌پر چ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی‌و شیعریان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه؟ گرفته‌كه له‌وه‌نییه ئه‌وانه باسی ئاژه‌ل ده‌كه‌ن، گرفته‌كه ئه‌وه‌یه نه‌یانتوانیوه هیچ مانایه‌كی بابه‌تی‌و مه‌دلولێكی شیعری بده‌نه پاڵ وشه‌كان. بۆنموونه: ڕۆمانی (كێڵگه‌ی ئاژه‌له‌كان)ی (جۆرج ئۆرێل) سه‌رجه‌می كاره‌كته‌ره‌كانی گیانه‌وه‌رانن، به‌ڵام جۆرج ئۆرێل له‌و ڕۆمانه‌ی ڕه‌خنه له شۆرش و شۆڕگێڕان ده‌گرێت. به‌ڵام له‌و كۆپڵه شیعریه‌دا، هیچ مه‌دلولێكی شیعری‌و مانایی نه‌دراوه‌ته پاڵا وشه‌كان. سه‌ره‌تاییترین ئاماژه‌ی هه‌ر ده‌ربڕین‌و ڕسته‌سازییه‌ك، گه‌یاندنی مانایه به به‌رامبه‌ر. ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی وشه‌كان به یه‌كترییه‌وه.
به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌و چه‌ند په‌راگرافه‌دا، خوێنه‌ر به‌به‌ر هیچ مانایه‌ك ناكه‌وێت. له‌وه شۆخیتریش هه‌ردوو شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی شیعره‌كه‌یان ڕاستكه‌نه‌وه، هاتوونه وشه‌ی(كه‌پر)و(عه‌سر)یان چونكه هاوكێش‌و قافییه‌ن، هاوتای یه‌كتری كردۆته‌وه. ئه‌م دوو وشه‌یه، ته‌نها له ڕووی كێش‌و قافییه‌وه له یه‌كترییه‌وه نزیكن. ده‌نا ماناكانیان هیچ په‌یوه‌ندییان به یه‌كترییه‌وه نییه.به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌ودێڕه شیعریه‌دائه‌م دوو وشه‌یه نه شیعریه‌ت دروست ده‌كه‌ن، نه فۆڕمێكی ئستاتیشكش به ده‌قه‌كه ده‌ده‌ن. ته‌نها به ئامانجی هاوتاكردنی یه‌كتریان له ڕووی كێش‌و هاتنه‌وه‌ی زمانه‌وانییان له گه‌ڵ یه‌كتریدا، له شیعره‌كه داندراون.ده‌نا مه‌دلولێكی ئه‌و تۆیان نییه كه چ به دانانیان چ به لابردنیان، ڕیتمی ده‌قه‌كه تێك بچێت. ئه‌م دوو شاعیره له نووسینی ده‌قه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن‌وئه‌م جاره‌یان ده‌ڵێن:_
قرژاڵ كه ئاوماندووی ده‌كرد..
پاڵی ده‌نا به نیوه‌ڕۆ‌و..
له عه‌سرێكی فێنكدا..
به‌دوای تراویلكه ده‌گه‌ڕا..
باله‌وه گه‌ڕێین كه قرژاڵ ئاو ماندووی ناكات. چونكه خۆی زینده‌وه‌رێكی ئاوییه‌و هه‌میشه له نێو كون‌و كه‌لێنی به‌ردی نێو ئاوه‌كان‌و قه‌راغ ئاوه‌كان ده‌ژیت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك شیعربنووسێت، ده‌زانێت تراویلكه كه به‌مانای سه‌راب دێت، له كه‌شی فێنك دروست نابێت. ئه‌م دیارده سرووشتییه ده‌ره‌نجامی گه‌رمایه‌كی به‌تینه كاتێ ڕۆژله زه‌وی ده‌دات‌و هاڵاوێك به‌رزده‌بێته‌وه له شێوه‌ی كارێزه ئاوێك. به زۆریش له بیابان‌و شوێنه گه‌رمه‌كان ڕووده‌دات.سه‌راب دیارده‌یه‌كی بینراوی نابه‌رجه‌سته‌یه. ده‌ره‌نجامی دانه‌وه‌ی گه‌رمی زه‌وییه، به شێوه‌یه‌كی ستوونی. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌كرێ خوێنه‌ری ئه‌و ده‌قه بپرسێت، قرژاڵ بۆچی به دوای تراویلكه‌دا ده‌گه‌ڕێت؟ چ كاری به سه‌رابه؟ دواتریش ئه‌و زینده‌وه‌ره هه‌رگیز له ئاو دوورناكه‌وێته‌وه. ڕه‌نگه كه‌سانێك خه‌یاڵی ئه‌وه بكه‌ن، ئه‌مه شیعره‌و مانای شیعریش له دڵی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی. به‌ڵام شیعر گوتارێكه،به ڕووی خوێنه‌ران. ناشێ شیعرێك له پێناوی هیچدا بنووسین. وه‌ك ئه‌وه‌ی داداییه‌كان‌و سوریالییه‌كان،ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش ڕێبازێكی شیعری بوو، به‌رمه‌بنای كاره‌سات‌و ڕووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بوو ده‌یاننو‌وسی.كاتێ شیعریان خاڵی كرده‌وه له هه‌موومانایه‌ك. بونیادی شیعر به‌ر له‌وشه، مانا‌و په‌یامه، ئاماژه‌و بابه‌ته، ئه‌گه‌ر شیعرنووسین كۆكردنه‌وه‌وخستنه پاڵ یه‌كتری په‌یڤه‌كان بێت به‌ته‌نها، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان، ئاماژه بابه‌تی‌و واتاییه‌كان،ده‌ربڕین و ئستاتیكای وتن، به دڵنیاییه‌وه ئێستا هه‌موو كه‌سێك شاعیر ده‌بوو. كه‌خوێنه‌ری شیعر كه‌مبۆته‌وه، له به‌ر ئه‌وه نییه شیعر جوانی نه‌ماوه، له به‌ر ئه‌وه نییه شیعر مه‌دلولی شیعریانه‌ی خۆی نه‌ماوه، شیعریه‌ت‌و ڕیتم‌و جوانی له شیعر نه‌ماوه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه‌سانێك هه‌ن، وشه ڕێزده‌كه‌ن و وه‌ك شیعر ده‌یناسێنن. له‌وه كاره‌ساتریش، كه‌سانێكی دیكه هه‌بن داكۆكی له‌و وشه ڕێزكردنانه‌و قسه بێ مانایانه بكه‌ن‌و به‌شیعر ده‌رخواردی خوێنه‌ری بده‌ن. به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانن ئه‌مه له گه‌ڵ هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعر بكه‌ن؟ بێگومان مه‌حاڵه…