
(ئاراس سەعید) یەکەمین کتێبی (بەناونیشانی بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە) بڵاودەکاتەوە
(ئاراس سەعید) نووسەر و لێکۆڵکار، یەکەمین کتێبی (بەناونیشانی بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە) بڵاودەکاتەوە.
ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی نووسەرە و ناوئاخنە بە کۆمەڵێک (هزرەوتار) لە ستراکچەری میدیا و فۆڕمە نوێییەکانی دەکۆڵێتەوە و ڕۆدەچێتە نێو کایەی فەلسەفەی میدیا و لەو سۆنگەیەشەوە چۆنێتی بەرهەمهێنانیی حەقیقەت و زانیاری لە فۆڕمە جیاوازەکانی میدیا دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
شیاوی باسە، بەشێکی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ پرسی (پەروەدەی میدیایی) کە فێرمان دەکات چۆن مامەڵەیەکی تەندرووست و ئەقڵانی لەتەک فۆڕمەکانی میدیایی نوێدا بکەین و نەبینە نێچیری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ساختەهەواڵ و ڕیکلامەکان فریومان نەدەن.
هەروەها دووبەشی کۆتایی، تایبەتە بە زیرەکی دەستکرد و خستنەبەرباسی ئەو جیهانە نوێیەی لەسایەی ئەم تەکینیکە نوێیەوە خولقاوە.
لەم بارەی نووسینی کتێبەکەوە نووسەر دەڵێت:”پاڵنەری نووسین و کۆکردنەوە و بەچاپ گەیاندنی ئەم بەرهەمە، ئەوە بوو؛ هەر لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ لەبەشی ڕاگەیاندن، پەیم بەوە برد کە سەرچاوەی پێویست لەو بوارەدا بەزمانی کوردی ئێجگار کەمە، لەو سۆنگەیەوە بڕیارمدا کۆمەڵێک هزرەوتار لەو بوارەدا بنووسم، تا هاوزمانانی کوردم لەم بوارەدا بێ بەش نەبن.”
جێی باسە، ئێستا کتێبەکە لە چاپخانەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران.