Skip to Content

بزمارە ماڵ وگۆیژە.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

بزمارە ماڵ وگۆیژە.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

Closed
by حوزه‌یران 19, 2024 General, Opinion



چەند ساڵێکە دیاردەی “بزمارەماڵ” لە چین بۆتە وێردی سەرزاری میدیای ولات و لە ڕێگەی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیاردەکەیشەوە، ئینسان لە گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، روخساری بزمارە مالەکانیش دەبینێت.
“بزمارەماڵ” ناوی دیاردەکەیە و لە سادەترین پێناسەکردنیدا، بریتییە لەو بەریەککەوتنە یاساییانەی کاتێک خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیناسازی ، ڕووبەڕووی خواستی نەفرۆشتنی ماڵ و زەوی وزاری هاولاتییان دەبێتەوە کاتێک نایانەوێ ماڵ و موڵکیان بە کۆمپانیاکان بفرۆشنەوە. بێگوومان لەو کاتەی کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێ لەو شوێنەدا دروستبکەن کە موڵک و ماڵی هاولاتییانە.
بە کورتییەکەی: ئەو خاوەنماڵانەی ڕییاننەداوە کۆمپانیا مالەکانیان بکاتە بەشێک لە پرۆژەکەیان، مالەکانییان وەک بزمارێکی چەقێنراو لەسەر نەخشەی بیناسازی کۆمپانیاکان دەهێڵنەوە. دیمەنی تاکە ماڵێک کەوەک بزمار لە ناو شۆفڵ و لۆری و سڵنگی کۆمپانیاکاندا سەربەرزانە ڕاوەستاوە، گێرەرەوەی نا وتنێکە بە: ناکرێ هەموو شتێک بە دڵی ئێوە بێت!
هاوکاتیش دیاردەکە وەک ناوهێنانێک بۆ ئەو نەخشە جێبەجێنەکراوانەش بەکاردەهێنرێت کاتێک کۆمپانیا بە نیازە پرۆژەی تازە بخاتە پلاندانانی خۆیەوە و دەبێت حساب و کتابێ بۆ ئەو زەمینانە بکات کە لە سەرەتاوە لە کێلگەیەکی بزمار دەچن، نەبادا لە سبەینێیەکدا بزمارێک بە قاچیدا بچەقێت. ئەم دیمەنانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکی کەمی ئەو بزمارە ماڵانەن کە لە مێدیا جیهانییەکاندا سەردێڕی هەواڵ بوون.

بەلام بۆ ئەوەی دیاردەی بزمارەماڵ، ببێتە گرفتی کۆمپانیاکانی ولاتی چین، دەبێ پێشتر ماڵ لە چوارچیوەیەکی یاسایدا جێگایەکی بۆکرابێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە بزمار.


ئەو چوارچێوە یاساییەش بریتییە لە مافی دانپیانان بە موڵک و ماڵی تاکەکەسی ئینسانەکاندا. ئەوە ئەم جێگرتنە یاساییەیە کە ئەو توانایە دەدات بە ماڵ بۆ ئەوەی ببێت بە بزمارێکی سەر رێگای جێبەجێکردنی نەخشەی کۆمپانیاکان.
لە دۆخی پرۆژەکەی گۆیژەدا و ئەو نارەزایەتییەی لە سلێمانی دەستپێکردووە، ئێمە خەریکە رووبەڕوی هەمان دیاردە دەبینەوە، بەلام لە پەیوەندییەکی پێچەوانەتردا. ئاخر گۆیژە، مۆلکی کەسێک نییە وبەڵام موڵکی گشتیشە. هاوکات کەمایەتییەکی کەمی شاریش پێیوایە حزب و کۆمپانیەکەی ناتوانن بەم شێوازە مامەڵە بە مولکی گشتییەوە بکەن.
ئەگەرچی لە دۆخی چیندا، بزمارە ماڵەکان بە ساغ و سەلامەتی دەهێڵرێنەوە تا کێشەی نێوان کۆمپانیا و خاوەنماڵ بەلایەکدا دەکەوێت. لە دۆخی گۆیژەیشدا، کەسانێک هەن دەیانەوێت گۆیژە بکرێتەوە بەو بزمارەماڵەی کە کۆمپانیا نەتوانێ پرۆژەکەی خۆی تیا جێبەجێبکات.
بە کورتییەکەی: کردنەوەی گۆیژەیە بە موڵکی گشتی، مافێک کە لەم کەیسەدا لە گۆیژە سەندراوەتەوە.
لە دۆخی بزمارە ماڵەکانی چیندا، زۆربەی جارەکان، رێککەوتنێک لە نێوان خاوەنموڵک و کۆمپانیادا ئیمزادەکرێ و سازشێک لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە خاوەنماڵ دەیەوێ لە بری رووخاندنی ماڵەکەی وەریبگرێت. ئەگینا تا ساڵانێکی زۆر، بزمارەماڵ، لە ناو نەخشەی جێبەجێکراوی کۆمپانیادا وەک نەئێکی جیاواز بە دەنگ و رەنگی قەدیمی خۆیەوە، لە ناو ئەو ئاپارتمانە بە ئاسمانە چووانەدا، قیت و قنج ڕادەوەستێ.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا: گۆیژە مولکی کەسیک نییە و هاوکاتیش مولکی گشتە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەلایەن خودی دەسەلاتی سیاسییەوە ، وەک مولکێکی تاکە کەسی مامەلەی پێدەکرێت.
بەلام ئەو لۆژیکەی لە پشت ئەم پرۆژەوەیە، لۆژیکی سەرمایەدارییەکی مافیاییە کە لە زۆر جێگای ئەمرۆی سەرمایەداری دنیادا کاری پێدەکرێت.
لە بەرازیلەوە بگرە کە سەدەها هێکتاری دارستانەکانی ئەمەزۆنی تێدا بڕاوەتەوە، بۆ کارتێلە گەورەکانی ئەمریکای لاتین کە مافیاکانی کۆکایین لە پشت بڕینەوەی داری دارستانەکانەوەن تا بیکەنە کێڵگەی کۆکا. زۆر دوور نەرۆیت، دروستکردنی چەندین بەنداو لە ئێران و تورکیادا کە لەسەر ئاوارەکردنی ئەو گوندنشینانەن کە زەوی و مولک و مالەکانیان بەتالاندەبرێت تا پرۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکان جێبەجێبکرێ، ئەمانە چەندین نموونەی بچوکن لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیادا.
ئەمە لۆژیکێکی سەرمایەدارییەوە و لە راستیدا ناکرێ هیچ کەسێک تووشی شۆک بکات. سەیر لەوەدایە، کە نە بڕینەوەی دارستانەکان و نە کۆلەوارکردنی دەموچاوی گۆیژە لە پاراستنی ژینگە و جێگاوڕیگای ئەم شاخە لە یادەوەری ئینسان و شیعرەکانیدا دەبێتە موتیڤی یەکەمی راوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم بەرربەرییەتەی سەرمایەداریدا، بەلکو ئەوەی کە دەکرێ خاڵی جەوهەری ئەم کێشەیە بێت: بەهێزکردنی ئەو سنوورە یاساییانەیە کە دەکرێ مولکی گشتی تیا بەهێزبکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، بە جیا لە داخوازی ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی بەها ڕەمزیە کولتورییەکان، لەشکرێک لە دادوەر و پارێزەرانێکی ئینسانی پێویستن تا ئەم خەباتە لە ئاستە قانوونییەکەیدا سەبت بکات. بۆئەوەی گۆیژە و شاخ و دۆلە زەوتکراوەکانی دیکەی کوردستان ببنە بزمارە ماڵێکی هەمیشەیی کە ناکرێ سازشی لەسەر بکرێت، دەبێ وەک موڵکی گشتی دووبارە ئەو مافەیان پێبدرێتەوە.
ئەوەی لەم نارەزایەتییە بچکۆلەی ئیستای سلیمانیدا بوونی نییە، ئەو دەنگە یاساییەیە کە موڵکی گشتی بکاتە خاڵێکی سوور کە هیچ هێزێک نەتوانێت دەستی بۆ بەرێت. بە بڕوای من، ئەمە بە تەنها ئەرکی سلێمانییەکان نییە و بەتالانبردنی شاخ و دۆڵی کوردستان لە مێژە لە هەراجکردندایە و لە سەرتاسەری کوردستاندا، شۆفلەکانی لە کاردایە.
سەیر ئەوەیە، رۆژگارێک لە ژێر دەسەلاتدارێتی بەعسدا، کەمەربەندی جادە شەستییەکەی دەوری سلێمانی، ئەو خالە سوورە بوو کە گەشەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوونی شار نەیدەتوانی بیبەزێنێت. لەمرۆدا هیچ سنوورێک نییە کە ئەم شارە چەندە دەکرێ گەورە بێت و بە چ ئاراستەیەکدا دەکرێ گەشە بکات.
تێروانینێکی رۆمانسیانە هەیە کە زیاتر لە مێدیای رۆژئاوادا برەوی هەیە و کوردەکانی دەرەوەی ولات لە برەوپێدانیدا، دەستیان هەبووە. ئەویش دەربارەی پەیوندی نێوان و کورد و شاخەکانییەتی. دەربڕینەکە ئاواهییە: کورد بە جیا لە شاخەکانی، کەسی تری نییە تا بیپارێزێ.
چاڵە هەڵکۆڵراوەکانی سەر سینەی گۆیژە، گێڕەرەوەی چیرۆکێکی تراژیدی ترە: شاخەکانمان لە ئێستادا، خۆشیان بۆ ناپارێزرێت، چ جای لەوەی بتوانن، ئینسانەکانی بپارێزن.
رەنگە لە باری رەمزییەوە، شۆفلەکانی سەر گۆیژە، کۆتایی ئەو بانگەشە ناسیۆنالیستییە بێت کە ناسیۆنالیزم و چەکدارەکانی لە دەووری شاخەکانی کوردستانیان دروستکردووە. ئینسانی کورد بۆ ئەوەی شاخەکانیشی بپارێزێت، دەبێ پێشتر لە پاراستنی خۆی و حورمەتی ئینسانی خۆیەوە دەستی پێبکردایە. پرۆژەیەک کە لە هەموو مێژووی ناسیونالیزمی کورد و کوردایەتییەکەیدا، تێکستێک نادۆزیتەوە کە ئینسان تیایدا شایەنی حورمەتی ئینسانی خۆی بێت. لەم نیشتیمانەدا چی هی منەو چی هی دەسەلاتی سیاسییە؟ مافەکانی من کامانەن؟ سنووری نێوان دەرگای مالەکەی من و راوەستانی سەیارەی ئاسایش لە کوێدایە؟ کاتیک شێرپەنجە ڕێمپێدەگرێ، کەرتی تەندروستی دەرمانەکەیە یان خەستەخانەی فاروق؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەلامەکانیان ڕێک بەو ئاراستەیەدا دەتبات کە چارەنووسی گۆیژە خۆی تیا دەبینێتەوە. بە کورتییەکەی: لە وەلامی ئەم پرسیارانەدا، ئەوەی رێزی بۆ دانەنرابێت، حورمەتی ئینسانی کوردە، بۆیە کارێکی سەرسوهیینەرانە نییە کە شاخەکانیش دەستدرێژییان بکرێتە سەر.
بەڵام هێشتا نەچووە بچێ. گۆێژە لە راستیدا دەکرێ بکرێ بە ماڵ. دەشکرێ بە کرێیەکی کەم بدرێ بەو هەزارەها کرێچی و بێ خانەولانانەی کە لە نیشتیمانی خۆیاندا بستە زەویەکییان نییە. ئەمەش دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی تر بێت: گەرانەوەی مولکی گشتی بۆ هاولاتییان. بە تایبەت لە ولاتێکدا کە هاولاتی بێ دەفتەرە دۆلار، ئیمکانی بە خاوەنماڵبوونی خۆی لێسەندراوەتەوە.

نووسینی : بەکر ئەحمەد
2024/06/17

Previous
Next
Kurdish