Skip to Content

پاش گەیشتنی عاباکەی شەو… سروشت نەوزاد

پاش گەیشتنی عاباکەی شەو… سروشت نەوزاد

Closed
by نیسان 28, 2022 General, Poems

من ئەوەم بە ئاسانى وێنا دەکرێت
دەگمەن نەبێت ڕووە و هیچ کەس وەرناگەڕێم
کاتێک
باڵندە کۆچەرییەکان دوور دەڕۆن و
ئاسمانەکە دەخۆنەوە.
هەروەها ئەوەش بە ئاسانى وێنا ناکرێت
دەگمەن نەبێت بەسەر خۆمدا دەنیشمەوە
ڕوو لە شیعر وەرناگێڕم
کاتێک
ئۆتۆمبێلەکە لە دامێنى ڕێگاکەدا لا دەدات و
منداڵان
تەنانەت هیچ منداڵێک لە دەرەوە نین.

:

ئەمە دەستپێکمە
ڕوخسارێکی تر،
ماسییەک کە هەڵدێت و فرتە دەکاتە وشکانییەوە.*
هەمووان وەک مرۆڤێک دەمناسن، ناوم بەسەر ڕەگەزی خۆمدا دەشەکێتەوە بەو سروشتەی
کە دای دەکەنم و ڕەنگپەڕیوو، ڕێگاکە بەرەو کار دەمئاژوێت.

سپێدەیەکی زێڕین با یەکانی لە شان دەکات، دەریا دۆزەکان بە خەبەر دێن، پاش تێ ڕامان، نەخشەکانیان لە بن دەست دەنێن و بە دەریاکەدا هەڵدەگەڕێن، ڕێک و ڕەوان، بەو کەشتییانەی کە دەکۆکن و پتر لە قەبارەی خۆیان، هەستی دڕاو لە گیرفانیان، گۆرانییەکان توڕ هەڵدەدەن…

سەرەتای ڕۆژە، لە ژێر تیشکی خۆرەکەدا پێدەشتەکە ڕوو لە ئاسۆ ڕاوەستاوە، هەڵواسراو بەو خاچانەی بە بێ پەروا لە هەوادان. لەوێ سەروەرێک بە دیار پەرژینەکەوە باڵەکانی دەکاتەوە و سێبەرەکەی خۆی ڕادەخات، چەشنی پردێک وەک ئەوەی وا بنوێنێت ئازادییەکە و درێژ دەکشێت.

بەڵام ئێستا، ئێستاش تەنانەت کە تابووتێکە یاخود شیکپۆشێک، مردووان وەک ئارەق
بەنێوچاویدا دەچۆڕێنەوە.
دەزانم هەوا قورس، تیشک تەنگەو شیکپۆشێک فریوودەرانە لە ئاوێنەدا دادەنیشێت،
لێ ناگەڕێت ڕوون ڕەوان درەختەکە نەختێك لە خۆیدا پشوو دات.
ئێستا ئێستایە و بێ هیچ سەر سامییەک، تەنانەت هیچ نیگایەک غەریبانە تێی ناڕوانێت.

ئێرە شەقامە، ئەو ڕێگایەی ڕاستە و ڕاست بە ئاڕاستەی شارەکەدا خۆی لێ دەخوڕێت.
لەوێ لە دامێنی ڕێگاکەدا و بە تەنیشت ئەو گەڵایانەی کە وەریون،
نەناسراوەکە دەرگای گەنجینەکەی دەکاتەوە و خۆی هەڵدەڕێژێت.
گەنجینەیەک بەو بیرانەی لە هێلانەکە دێنە دەر و بە تاریکییەکەدا هەڵدەگەڕێن،
نەناسراو وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبێتن…
پێخەفگەلێک بەو خەونانەی جار نا جارێک
لە بەردەمی منداڵەکە دادەنیشن و لە بیرى دەکەن ناونیشانی خوداکە بپرسن.

بەڵام باڵندەکان دەگەڕێنەوە، خەونەکانیش،
ئەوانەی وەک ئەوەی هەرگیز نەتوانن لە جێیەکی دیکەدا بن…
لە دامێنی ڕێگاکەدا و بەو شەقامەی ڕاستە و ڕاست ڕوو لە شارەکە خۆی لێ دەخوڕێت، ئەوانی دیش تێپەڕ دەبن، هەڵپێکراو بەو خەونانەی بەسەر خۆیاندا دەچەمێنەوە:
سەرنشینانێک کە هیچ کات دەرگای هەڵە ناکەنەوە. بەهەڵەدا وەرناچەرخێن.
ڕوو لە خۆیان ڕانامێنن تا نەناسراوێک ببینن.

منیش پێ و پێڵاوی ژیریم، پەنجەرەیەک لە چاومایە،
ڕوو لە ناوەوە وەستاوم و
با یەک نابینم لە نێو دەشت.

پاش کرانەوەی دەریا، ئەمە بایە دەفیشکێنێت
کێڵگەیەک باڵندەکان بە شەویدا دەنیشنەوە
منداڵێکە لە باوەشی زمانەوە، گلۆر دەبێتەوە خوار.
دیوارێکە لە دەستمدا چەکەرە دەکا و بەسەر ناوما هەڵئەزنێت.
یاخود سێبەرێکی بەرین، بەو باڵانەی
لەژێریدا کە چەماوە و دەستی مێژووم،
دەستی ئێستام، دەرگایەک داڕووخاو بە ڕووی خۆمدا،
دەبێت بپرسم: ناوم بەسەر زمانی خۆمدا دەشەکێتەوە لەو پەرژینەی
کە دەیپۆشم و ڕەنگپەڕیو، ڕێگاکە بەرەو ماڵ دەمئاژوێت.
پاش گەیشتنی عاباکەی شەو: ئاخۆ هەورم بێ هەدادان کە دەگرمێنم؟

سروشت نەوزاد


  • دێڕە شیعرێکى (بیلى کۆلینس)ە بە دەستکارییەوە وەرگیراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish