Skip to Content

ئێوارانە ١١.. سەردار جاف

ئێوارانە ١١.. سەردار جاف

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2023 General, Poems

ئەم ئێوارە خەم دەبێتە ژنێکی جوان و لە گەردنم دەئاڵێ
مەراقەکانم دەبنە بەژن زرافێکی ژان و
دەبنە کل و ماسکەرا بە سەر چاو کاڵێ
ژن حەرفەکانی شيعرە و لە بنميچی کتێبێکدا دەخولێتەوە
لە باوەشی شەوبا
خەون بە پەڕەسێلکە دەبينێ و لە بەرائەت دەگەڕێتەوە
ژنێ هاودەمی دێڕە شلوێکانی شيعرمە و
پێکەنينەکانی بە فرمێسکە ئاوييەکانم سپارد
دەفڕێ و باڵەکانی دەبنە پەلکەزێڕينەو
ئێدی عەوداڵی رەنگاڵەیی دەبێ و رۆژەکانی ئاوابوونی دەژمارد
چاوەکان بوونە ميلی کاتژمێرە تێژڕەوەکە بۆ گەردنم دەناڵێ
نەچاو تێر دەبن نە رۆح لە حزووری ئاوێتەبوونا
شەو دەبێتە پەڕۆ و پاتاڵێ
لە گێژاوی کۆڕەوێکا
لێ تەريک و دوور مەودا و دابڕاو
تينوێتيش حەوسەڵەيەکی کەڵەکەبووی خەم
لە سارايەکا شەيدای ئاو
ساوايەکی مەلۆتکەیی جاويدانی،
نيگاکانم لە گومەزی خێوێکا دەپوکێتەوە
ئەمە شەرابێکی هەنگوينييە و لە مەرقەدی ئەبەدييەتی بێدابڕان
هەروا زوو ناگەڕێتەوە
دڵ لە نێو جامی شەرابی رۆحی ئەو چاوەکانم دەنەخشێنێ
سێبەری پێکی مەی منە ئەو شەهلاي رازم دەکێشێ
با ئۆغر نەکا ئەو دڵەی، لە جۆلانەی ئومێد دەنوێ
دڵ نەبووی دڵ لە دڵما، مەحاڵە دابێ رۆژێ نوێ
ئێوارە روو زەرد و خەجاڵەت کاتێ يارم دەرکەوێ
شەو لە حەژمەت ئەم ژووانە لە تاريکی خۆی ناکەوێ
خەسڵەت و فۆرم و هەناسە وان لە ريزی يەکتری
ئەو دڵە چۆن غيلمان نابێ کە تۆ لە خۆما زەقتری

ئەڵمانيا
٢١/١/ ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish