
شیعر و زانست.. به‌ختیار محه‌مه‌د
كه لۆژیكی بیركردنه‌وه‌ی زانستت خسته ناو شیعر (ئه‌ده‌ب)، ئه‌وا شیعر له شیعربوون ده‌كه‌وێ؛ هه‌ر بۆیه‌شه شیعر وه‌ك ئه‌فسانه و ئایین خاوه‌نی زمانێكی میتافیزیكییه. تۆ سه‌یركه، به‌لاغه‌تی زمانی قورئان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شیعرییه. مه‌زمووره‌كانی ته‌وراتیش هه‌مان شتن. لێره‌وه بونیادی شیعر نزیكه له بونیادی ئه‌فسانه و ئایین.(1)
تۆ ده‌توانی زانست بشعرێنی، به‌ڵام ناتوانی شیعر بزانستێنی. به‌نموونه: ده‌توانی بڵێی به په‌یژه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی وشه ده‌چمه سه‌ر مانگ، به‌ڵام له زانست‌دا ئه‌مه قسه‌ی قۆڕه (به‌ڵكو له زانست‌دا، به ته‌كنۆلۆژیا، حه‌قیقه‌تی چوونه سه‌ر مانگ هه‌یه). له خه‌یاڵی دینییدا، چوونی محه‌مه‌د بۆ ئاسمان و هه‌ڵكشانی مه‌سیح بۆ ئاسمان، هه‌ر له‌م چوارچێوه خه‌یاڵه شیعرییه‌دان؛ بۆیه ئه‌مانه لۆژیكی ئه‌فسانه و شیعرن، نه‌ك لۆژیكی بیركردنه‌وه‌ی زانستانه.
ئێمه له شیعردا (ئه‌ده‌ب و ئاییندا) ده‌توانین نه‌مر بین، به‌ڵام له زانست‌دا ناتوانین. زانست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕاستییه ماددییه‌كان ده‌كا، به‌ڵام شیعر (ئه‌فسانه و ئایین)، له‌پاڵ ئه‌زموونی ماددیی ژیان، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و وه‌هم و فانتازیا و ڕاستییه ڕۆحییه‌كان ده‌كا؛ له‌م ڕێگایه‌شه‌وه ته‌فسیری واقیعی ژیان و وێنای دیارده‌كانی سروشت ده‌كا.
شیعر، ئه‌گه‌ر فانتازیای ناماقووڵی تێدا نه‌بوو، نابێته شیعر. ده‌شێ بڵێین: نهێنی نه‌مریی داستانه مه‌زنه‌كانی وه‌ك ئه‌لیاده و ئۆدیسه له‌م فانتازیا ناماقووڵه‌دایه، كاتێك خواوه‌ند و پاڵه‌وانه‌كان كاری سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌كه‌ن. هه‌رچی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستییه، پێشبینیی داهێنانی زانستیی ده‌كا، جودایه له‌و فانتازیا سوریالیی و ناماقووڵه‌ی، كه له زمانی گوتاری شیعردا هه‌یه. ئه‌و پێمان ده‌ڵێ، كه له داهاتوودا ده‌شێ ئه‌و دروستكراوه ته‌كنۆلۆژییه دیاریكراوه بێته دی. واته خه‌یاڵی زانستیی ده‌شێ ببێته واقیعی زانستیی؛ لێ له خه‌یاڵی شیعرییدا مانگ ده‌بێته هاوڕێ و هاوده‌می مرۆڤ، وه‌ك كه (بێكه‌س) ده‌ڵێ:
((ئه‌ی مانگ من و تۆ هه‌ردوو هاوده‌ردین
هه‌ردوو گرفتار یه‌ك ئاهی سه‌ردین)).
ئه‌مه زمانی خوازه‌ی ناماقووڵی شیعره، كه به‌های جوانی له شیعردا ده‌خوڵقێنێ. به‌شێكی گرنگی به‌های جوانیی شیعر له‌م زمانی خوازه‌یه‌دایه. شیعر وێنه‌ی خوازه‌یی تێدا نه‌بوو، به‌شێكی زۆری به‌های جوانییه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دا. هه‌موو گه‌وره‌یی (نالی)ش له وێنه دانسقه جوانه‌كانی شیعره‌كانیدایه، به‌نموونه كاتێك ده‌ڵێ:
((له‌بت میم و قه‌دت ئه‌لف و زولفت چیم
ده‌زانی به‌و سێیانه طالبی چیم))؛
یانیش كه ده‌ڵێ:
((پێچه‌یی په‌رچه‌می و پرچی سیا
هه‌ر ده‌ڵێی مانگه شه‌وه كوڵمی تیا)).
وه‌ك ده‌بینین له هه‌ردوو وێنه‌كه‌دا فانتازیای خه‌یاڵی شیعریی ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی داهێنان و لووتكه‌ی جوانیی خۆی. ڕاستییه‌كه‌ی هیچ یه‌كێك له شاعیره كلاسیكییه‌كانمان، له داهێنانی وێنه‌ی شیعریی ناوازه‌دا، ناگه‌نه نالی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، كه له لیستی ناوی شاعیره كلاسیكییه‌كانمان، نالی یه‌كه‌مین ناوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م سه‌ركێشییه و ئه‌م خه‌یاڵه ناماقووڵه فانتازییه‌شه، كه پلاتۆ شاعیران له كۆماره‌كه‌ی خۆی ده‌ر ده‌كا و پێیان ده‌ڵێ: ((درۆزن))؛(2)چونكه ئه‌و پێی وایه، كه ئه‌وان لاسایی ڕوواڵه‌تی شته‌كان ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ك جه‌وهه‌ریان، بۆیه ئه‌و ده‌ڵێ: ((حه‌قمانه بڵێین، كه هه‌موو ئه‌و شاعیرانه، هه‌ر له سه‌رده‌می هۆمیرۆسه‌وه بگره تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، ته‌نها لاساییكه‌ره‌وه‌ن، هیچ شتێكی دیكه نین: ئه‌وان لاسایی وێنه‌ی چاكه و هاوشێوه‌كانی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام قه‌ت به خودی ڕاستیی ناگه‌ن))،(3) له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ((پێویسته هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه … بایه‌خ به ڕاستییه‌كان بدا، نه‌ك به لاساییكردنه‌وه‌یان…))؛(4) به‌ڵام با ئه‌وه‌ش بڵێین، كه پلاتۆ شاعیری تراژیدیی له كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا، نه‌ك هه‌موو شاعیرێك. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ((ئه‌مه بۆ شاعیری تراژیدییش ڕاسته، مادامه‌كێ لاساییكه‌ره‌وه‌یه…)).(5) ئه‌و بۆیه دژی شیعریشه، چونكه ((سۆزی هه‌ڵچوون به‌هێز ده‌كا له‌بری ئه‌وه‌ی بێ هێزی بكا، وای لێ ده‌كا، كه زاڵ بێ، كه‌چی پێویسته ئه‌م سۆزه تێكبشكێندرێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی بیانه‌وێ به‌خته‌وه‌رتر و چاكه‌خوازتر بن)). (6) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و دان به سیحری شیعر داده‌نێ و ده‌ڵێ: ((هه‌ستم به سیحری شیعر كرد، نه‌خاسمه ئه‌وه‌ی هۆمیرۆس دایناوه))؛ (7) به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ش شیعر له كۆماره‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كا، ((كه به چاكه‌ی خواوه‌ندان و خه‌ڵكی باش‌دا هه‌ڵبڵێ…)).(8) سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌م شێوه‌یه وه‌سفی هۆمیرۆس ده‌كا و پێی ده‌ڵێ: ((یه‌كه‌می شاعیرانی تراژیدیی و مه‌زنترینیان)).(9) دواجار نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه ئه‌و هونه‌رمه‌ندی نیگاركێشیش له كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا، چونكه ئه‌ویش وه‌ك شاعیران لاساییكه‌ره‌وه‌یه، نه‌ك داهێنه‌ر: لاسایی كاری ئه‌فراندن و داهێنانی خواوه‌نده‌كان ده‌كاته‌وه. واته كاری ئه‌وان ((كۆپیكردن و گواستنه‌وه و لاساییكردنه‌وه و پێچوواندن و خوازه‌یه، كه قه‌ت ناشێ هاوتا و هاوشانی نموونه و ته‌رزه ئه‌سڵییه‌كه بێ …)). (10) لێره‌وه كاری ئه‌وان ته‌نها ده‌ركه‌وتنه هیچ شتێكی تر نییه. واته ((ته‌نها وه‌هم و فریو دان و خه‌یاڵ و چنینی درۆزنانه و وێنه‌ی فریوده‌ر و كێماسی و په‌ككه‌وته‌یی و كه‌موكووڕیی…))ـه هیچ شتێكی دیكه نییه (11)؛ بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه پلاتۆ شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی نیگاركێش له كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا.
په‌راویزه‌كان:
1- هه‌مووشمان شاعیره سۆفییه گه‌وره‌كانی وه‌ك مه‌ولانا و شه‌مسه‌دین ته‌برێزی ده‌ناسین.
2- أفلاطون، الجمهوریة، ترجمة: عیسی الحسن (الطبعة الاولی، 2009)، ص 132
3- هه‌مان ژێده‌ر ل 449
4- هه‌مان ژێده‌ر ل 447
5- هه‌مان ژێده‌ر ل 445
6- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
7- هه‌مان ژێده‌ر ل 460
8- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
9- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
10، 11- مارتن هایدغر، مدخل الی المیتافیزیقیا، نقله الی العربیة: د. عماد نبیل، دار الفارابی (الطبعة الاولی: كانون الثانی 2015)، ص 175
به‌ختیار محه‌مه‌د