ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو … عه‌زیز ڕه‌ئووف
هه‌میشه سه‌رسام بووم به شته بچوكه‌كان، ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه بینینی شته ورده‌كانه له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا هینده‌ی ڕووداوه گه‌وره‌كان. بۆ من گرنگه بزانم له سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كداریدا ڕووداوه بچوكه‌كان چۆن ڕوویانداوه، بۆ من گرنگه له‌و عه‌سره‌دا دۆخی خه‌ڵك چۆن بووه؟ كچان چۆن عاشق بوون؟ بۆنی دیواری خانووه قوڕه‌كان و ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر و به‌رامه‌ی خۆڵی دوای باران. بۆ من گرنگه بزانم پێشمه‌رگه له‌ده‌ره‌وه‌ی چالاكی چی كردووه؟ چۆن دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا و هه‌ستی خاوه‌نماڵ بۆ پێشمه‌رگه چۆن بووه؟ بۆ منی فزولی ئه‌وه گرنگ بووه چۆن به‌رپرسه‌كان بۆڵه‌یان كردوه و چ فسكه‌فسك پیلانی ژێربه‌ژێر و كوتله‌یه‌كیان دروست كردووه كه خاڵی بووه له فكر و زیاتر ده‌نگه‌ده‌نگی پۆست و كورسی بووه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌بده‌ئو بیر و باوه‌ڕ بێت. ئه‌وه‌ی بۆ من له كتێبی ” ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو” گرنگه ئه‌وه بوو تێ بگه‌م له‌و عه‌سره‌دا بۆ بزوتنه‌وه‌ی حه‌قه ده‌توانێت به یه‌كسانی له ئازادی ژن بڕوانێ به‌ڵام پارتێكی چه‌پی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ژن له ڕیزه‌كانی دروست بكا؟
هه‌ڤاڵ كوێستانی، ئه‌و ناوه‌ی بۆ ئێمه‌ی هه‌رزه‌كار له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا ناوێكی دیاره. خوێندكاری ناوه‌ندیم له ئۆردوگای ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند و هاوڕێیه‌كم كتێبێكی ڕه‌ش و سپی چاپێكی ناشرینم بۆ دێنێ ” ئافره‌ت و ژانی له‌دایكبوونێكی نوێ” نوسینی هه‌ڤاڵ كوێستانی ، به چاپی كۆن نوسراوه و نوسینه‌كه له‌ناوه‌وه ئه‌وه‌نده كاڵه زۆرێك له وشه‌كانی به قه‌ڵه‌می جافی شین تۆخ كراونه‌ته‌وه تا بتوانرێت بخوێندرێته‌وه. زانیم له‌به‌رده‌م كتێكی ته‌واو گرنگدام، زانیم له‌و عه‌سره‌دا له‌شاخ كه‌سانێك هه‌بوون خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌بووه و شۆڕ‌شیان ته‌نها له یاخیبوونی چه‌كداریدا كورت نه‌كردۆته‌وه. ته‌له‌فزیۆنه تاقانه‌كه‌ی گه‌لی كوردستانیش جارجار سرودێكی ئازاد خانه‌قینی دوای یادی شه‌هیدێك یان یادكردنه‌وه‌ی شه‌هید ئارام یان هه‌ر پاڵه‌وانێكی تر بڵاوده‌كاته‌وه و نوسراوه: هۆنراوه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی.
ئه‌م ناوه ئیتر ون ده‌بێت و هیچ یاده‌وه‌رییه‌كم نیه له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌م نوسه‌ره‌دا تا ساڵی 2008 ناوی هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا دێت كه شۆڕش له ڕیزه‌كانی خۆی ده‌ریانده‌كات و ئه‌و پارته‌ی كه گه‌نجێتی تیا سه‌رف كردووه به بڕیارێك له ڕیزه‌كانی دووری ده‌خاته‌وه. منیش ئه‌وكاته‌ی پێم وابوو ده‌بێت هێزێك بێت دنیای ئێمه بگۆڕێت، له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بابه‌تێك له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی ده‌نوسیم به‌ناوی ” شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كات” و هه‌ر ئه‌و كات ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به كاك عه‌دنان عوسمانی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێ ئه‌و كوڕه كێیه ئه‌م نوسینه‌ی نوسیوه؟ كاك عه‌دنانیش ده‌ڵێ ئه‌وه عه‌زیز ڕه‌ئووفه و برای محه‌مه‌د ڕه‌ئووفی خۆمانه، كاك نه‌وشیروان ده‌ڵێ په‌یوه‌ندی پێوه بكه با بیبینم. كاك عه‌دنان ته‌له‌فۆن ده‌كات و به‌یه‌كه‌وه به گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین بۆ بینینی كاك نه‌وشیروان.
پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه لای كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌سه‌یاره‌كه‌ی كاك عه‌دناندا خه‌یاڵم ده‌ڕوا ( ساڵی 1987 ه، ئه‌وكاته‌ی منداڵ بووم له لادێ و تراكتۆرێكی پڕ له چه‌كی ئێرانی كه چه‌ند پاسدارێكی سه‌رتاشراوی تێدایه به‌ناو گونده‌كه‌مان “بێده‌ر” له نزیك چیای خاڵخاڵان تێده‌په‌ڕێت و لای ئێمه‌ی منداڵ ئه‌م وێنه‌یه ته‌واو غه‌ریب بوو، له‌پڕ گوێم له ده‌نگێك بوو وتی: ئه‌وه كاك نه‌وشیروان له پشته‌وه به پێ ده‌ڕوات، به گرده‌كه‌ی پشت ماڵی خۆماندا هه‌ڵده‌زنێین تا كاك نه‌وشیروان ببینین و كه چوینه سه‌ر گرده‌گه پیاوێكی به‌ژن باریك له ناوه‌ڕاستی دوو سێ پێشمه‌رگه به خێرایی به پێ ده‌ڕوات و ته‌نها له پشته‌وه ده‌یبینین). ئێستا له‌گه‌ڵ كاك عه‌دناندا به گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین و ئه‌م جاره ڕووبه‌ڕوو پیاوێك ده‌بینین كه پشتی له هه‌موو سه‌روه‌ری و خه‌بات و ماندووبوونی ڕابردووی خۆی كردووه و له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستی پێ كردووه و نوسینێكی من ده‌خوێنێته‌وه كه كه‌م تا زۆر كۆمه‌ك به بزوتنه‌وه‌كه‌ی بكات. كاك نه‌وشیروان به قاتێكی كوردی خاكیهوه توند ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و له دانیشتن له‌گه‌ڵماندا بێتاقه‌ت نابێت تا خۆمان كاتمان دره‌نگ كرد و پێویست بوو بڕۆین ئه‌و پیاوه بێتاقه‌تی به ڕوخساریه‌وه دیار نه‌بوو، كه هه‌ڵده‌ستین جارێكی تر ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و ده‌ستخۆشیم لێ ده‌كات و تا ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵم دێت كه بۆ من زۆر تازه بوو سه‌ركرده‌یه‌ك ببینم ئه‌وه‌نده خاكی بێت و قه‌دری نوسه‌ری لابێت. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك كه هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی بوون به گۆڕان، ئینجا زانیم بۆ كاك نه‌وشیروان نوسینه‌كه‌ی منی به‌دڵ بوو.
من هه‌ڤاڵم وه‌ك نوسه‌ر خۆش ده‌وێت كه پیاوێكه پڕه له ئه‌ده‌ب و میهره‌بانی و چاوه شینهكانی ئێستاش دنیایه‌ك خه‌ون و ئومێد، له‌گه‌ڵیدا ماندووبوون و مه‌رگی عه‌شقی “كاڵێ”ی تێدا شاردراوه‌ته‌وه كه كاڵێ بۆ یه‌كه‌مجار له لادێ ده‌یه‌وێت ئه‌م پێشمه‌رگه تۆزاویه ماچ بكات به‌ڵام هه‌ڤاڵ شۆڕشی له ماچ و عه‌شق و دڵداری لا پیرۆزتر ده‌بێت و ڕێگه به كاڵێ نادات ماچی بكات.
كۆتایی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی ( ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو) كاسم ده‌كات، هه‌ناسه‌م پێ نادرێت. له‌و عه‌سره‌دا كه چه‌ندین هه‌ڵه و كه‌م و كوڕی له‌ناو شۆڕشدایه سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه شاعیرێك له ژووره‌كه‌ی خۆی ده‌خاته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه. نامه‌كانی پیشان ده‌دات كه بۆ هاوڕێكانی ناردووه و چۆن كۆپیان كردووه و وه‌ك ڕاپۆرت ناردویانه‌ته‌وه بۆ سه‌ركرده‌ی شۆڕش. سه‌یری ئه‌م هه‌موو جاسوسیكردنه به‌سه‌ر یه‌كتردا. ئه‌م هه‌موو تاڵانی و ناشرینكردنه‌ی شۆڕش كه پێشمه‌رگه سه‌لاجه‌ی تاڵانی ده‌دات به كۆڵدا، كه‌چی شاعیرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانی گه‌وره‌ی كردبێت له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌دا هاواری به‌سه‌ردا ده‌كرێت و وه‌ك خائینێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
دوای ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان به‌ڕێم ده‌كا و ده‌سخۆشیم لێ ده‌كا له‌سه‌ر نوسینی “شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كا” كه به‌رگریكردنه له هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی هه‌ست ده‌كه‌م سه‌ركرده‌یه‌ك قه‌دری نوسینی لایه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه قه‌دری ئه‌و نوسینانه‌ی لایه كه به‌دڵی ئه‌و ده‌نوسرێن
له دوای هه‌ڤده‌ی شوباتی 2011 كه هه‌ست ده‌كه‌م گۆڕان ناتوانێت هیچ له دنیای ئێمه ده‌سكاری بكات، له ڕۆژنامه‌ی “هاوڵاتی” و “ئاوێنه” چه‌ند نوسینێكی ڕه‌خنه‌ئامێز له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی كاك نه‌وشیروان ده‌نوسم، به‌ڵام چونكه به‌دڵی كاك نه‌وشیروان نیه نه حه‌ز به بینینم ده‌كات و نه وه‌ك یه‌كه‌م جار به‌دوامدا ده‌نێرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شێكی زۆری گوڕانخوازانی ته‌نیشت ژووره‌كه‌ی، هێرشی ناڕه‌وا و ته‌نانه‌ت بوختانی شه‌خسی ده‌خه‌نه پاڵم، به‌شێكیان ئه‌وانه‌بوون كه ده‌یانویست له‌سایه‌ی گۆڕاندا پۆستێكیان ده‌سكه‌وێت و ده‌ستیشیان كه‌وت. دوای ئه‌وه‌ی كاركردنی من و هه‌ردی مه‌هدی هاوڕێم وه‌ك نوسه‌ر له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه كۆتایی پێده‌هێنرێت و دوو هاوڕێ له‌وێ كارده‌كه‌ن كه له ئێمه دڵسۆزتر خۆیان بۆ گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا نیشان ده‌ده‌ن، دواجار ئه‌و دوو براده‌ره ڕوو ده‌كه‌نه كه‌ناڵی ” ڕووداو”ی پارتی بۆ كاركردن و من به‌ره‌و دورگه‌ی قوبرس و هه‌ردی به‌ره‌و تاران بۆ مه‌به‌ستی خوێندن سه‌ری خۆمان هه‌ڵده‌گرین.
ئیدی یه‌كێك له ئیشكاله گه‌وره‌كانی دنیای ئێمه ئه‌و به‌رپرسانه‌ن كه ته‌نها ده‌نگی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان ده‌بیستن و ته‌نها ئه‌وكات ده‌نگی تۆیان لا گرنگه كه وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌یته‌وه. دواجار له‌ڕۆژی 20ی مایسی ئه‌مساڵ له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌چاوی پڕ فرمێسكه‌وه چاوم به كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌وێ به‌ڵام ئه‌و له تابوتێكدا ڕاكشاوه و بۆ هه‌تاهه‌تا چاوه‌كانی لێكناوه.