دوو شیعری شارا موستەفا
له‌دامێنی گۆیژهوە
نا بڵێ لە دامێنی بەهەشتێكهوه
شەماڵێکی شیرین ئەندێشەت پڕ دەکا له غەزەل و
ته‌هلیله‌ی شیعر‌و سەدای ده‌نگی ئاشقان،
له‌دامێنی گۆیژه‌وه،
ئه‌م شاره جوانه شیرین ده‌رده‌كه‌وێ وه‌كو زه‌رده‌خه‌نه‌ی شیرینی
ئه‌و كیژه‌ی عاریفان دێوانه ده‌كا
خۆرنشین لەم دامێنەدا تەنها خۆرنشین نیە،
به‌لكو تابلۆیه‌كه خوا، یه‌كجار دروستی ده‌كا،
له‌و به‌رزاییه‌وه، مانگ بهئیدراكهوه ده‌روانێ ئه‌ی خوای عه‌جایب …
چ جوانیه‌كه خاكی گۆیژه
له جوانی هیچ مه‌مله‌كه‌تێكی دی ناچێ
سەیرم لێ دێ مه‌خلوقه‌كانی ئه‌م شاره غەمگین دەبن.
مەگەر ئاسودەیی پیاسەیەک نیە بە نێو سنه‌وبه‌ره‌كانی گۆیژەدا..
سەیرم لێ دێ تەنیایی ئاوێتەی ڕوحیان ده‌بێ
مەگەر سنەوبەرەکان هاوڕێیەکی هەمیشە سەوز نین بۆ فەناکردنی تەنیایی ڕوح
گۆیژه دوا جێگای خه‌مره‌وێنی
و
ئارامی دڵ و ڕوحە
ئەو کاتەی ده‌گه‌مه سەر بەرزاییەکانی گۆیژە بێ په‌روا روحم ئه‌فرێ بۆ به‌رزترین چینه‌كانی ئاسمانی شار‌و،
نوقمی ره‌نگێكی ئه‌رخه‌وانی ده‌بێ
سلێمانی ….
ئەی ئه‌و شاره‌ی یادهوهریە جوانهكانمت هەڵگرتووه، ره‌نگه‌كانی منالی و هاورێیه‌تی و یه‌كه‌م چرکەساتی ئەوینداریمت لە
ئامێزگرتووە …..
.
لەم بەرزاییە جوانەوە پڕ بە ڕەهایی ئاسمان هاوار ئەکەم
خۆشمه‌وێیت…ئاوێته بویت به بونمه‌وه.
———————————————-
پەلکەزێڕینەکانی بیناییم
کە بیر لە دووریت دەکەمەوە…
هه‌رچی یاده‌وه‌رییم هه‌یه،
له نیوانی دڵ و ڕۆحما،
ڕەنگ بە روویانەوە نامێنێت!
دووریت…
وەرزەکانی ته‌مه‌نی لێوان‌لێو كرد،
له‌خۆڵ بارین!
نەسیمی بەیانیانمی سیخناخ کرد،
لە بۆنی مه‌رگ.
چەند ترسناک بوو هیجرانت!
مەگەر نازانی…
رەنگێکی رەشی قەترانی رژاندووە،
بەسەر پەلکەزێرینەکانی بیناییمدا.
زەردەخەنە جیاوازەکانی سەر لێومی،
بەسەر یەکدا شێواندووە.
دووریت…
تەنانەت رەفتاری په‌ره‌سێلكه‌ی،
گوێسەبانەی ماڵەکەشمی تێکداوە!
ئێستا بەیانیان،
له چوارچێوه‌ی ئاسمانی باخچه‌كه‌م …
سه‌ما ناكه‌ن.
وه‌ره‌و ببینه…
دووریت چی بە ئاسودەیی و ئارامییەکانم کرد؟
چ دڵێکی بێ ئۆقرە لەم سینەیەمدایە!
هێشتا سەبوری بە هیچ رێبوارێک،نایه
ئیمان ناهێنێ، به..
هیچ فریادڕەسێک!
كه گەمژەیە ئەم دڵەی من
هێشتا ئاواتەخوازی دیدارێکتە!
چەند سەیرە ئەم دڵەی من…
هەتا دوور تربیت دێوانەتر شەیدات دەبێ!
هەر شەوێک چەند ترسناک و ساردیش بێ، پەنجەرەکانی داناخات.
بە ئومێدی دیدەنیت بە دیار تریفەی مانگەوە خەو دەیباتەوە.
—————————
شارا موستەفا