Skip to Content

تیۆری ئەدەبی مارکسیستی.. نووسینی: ک ئەحمەد عەلەم.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

تیۆری ئەدەبی مارکسیستی.. نووسینی: ک ئەحمەد عەلەم.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2023 General, Literature, Marxism

نووسینی : ک ئەحمەد عەلەم(*)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

تیۆری ئەدەبی مارکسیستی کە لەسەر بنەمای مارکسیزم دامەزراوە؛ یەکێکە لە کاریگەرترین تیۆرییە ڕەخنەییەکان بۆ شیکردنەوەی ئەدەب. مارکسیزم ئەو قوتابخانە فیکرییەیە کە هەریەک لە کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فریدریک ئەنگڵس (١٨٢٠-١٨٩٥) دایانمەزراندووە و تیۆری ئابووری خۆشیان ناو ناوە کۆمۆنیزم. مارکس و ئەنگڵس لە نامیلکەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستدا ساڵی ١٨٤٨دا هاتنی کۆمۆنیزمیان ڕاگەیاند. مارکسیزم تا ئێستاش گرنگی و بایەخی خۆی لەدەست نەداوە بەو پێیەی ڕێگەیەکی مانادارمان پێدەبەخشێت بۆ تێگەیشتن لە مێژوو و ئەدەب و ڕووداوەکانی ئێستا. مارکسیزم دەست و پەنجە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگە و مێژوو و ئابووری نەرم دەکات. مارکسیزم ئابووری وەک بنەمایەک دەبینێت کە سەرخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی لەسەری بنیات دەنرێت. بە واتایەکی تر، یەکێک لە پێشمەرجە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم، هەلومەرجی ماددییە کە ئاماژەیە بۆ هەلومەرجە ئابوورییەکان و کە وزەبەخشی ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژییە کە پێی دەوترێت دۆخی مێژوویی. هەروەها مارکسیزم تیشک دەخاتە سەر دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵایەتی ئابووری (هەبووەکان بۆرژوازی و نەبوونەکان پرۆلیتاریا) دەبێتە هۆی ململانێی چینایەتی کە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی پێ دەناسرێتەوە. بەنسبەت مارکسیزمەوە ئایدۆلۆژیا بیرۆکەی حوکمڕانی چینی دەسەڵاتدارە یان سیستەمی بیروباوەڕە یان هەموو سیستمە باوەڕییەکانە کە بەرهەمی هەلومەرجی کلتوورین. بۆ نموونە سەرمایەداری، کۆمۆنیزم، ئایین و هتد سادە نین، بەڵکو بە سروشتی ئەو بناغە ئابوورییەی کە بە دیتەرمینیزمی ئابووری ناسراوە، لە قاڵب دراون.
بۆیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەم دیاردەگەلی وەک ژێرخان، سەرخان، دیتەرمینیزمی ئابووری و ئایدۆلۆژیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت. مایکل ڕایان ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەم شێوەیە پێناسە دەکات (تێگەیشتنە لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی ئەدەب لەگەڵ هەستکردن بە ئەنجامە سیاسییەکانییەوە). ئاشکراشە کە جێوشوێنی چینایەتی کۆمەڵایەتی نووسەر و ئایدۆلۆژیای باوی کۆمەڵگەکەش لەبەرچاو دەگرێت.
بیرمەندی مارکسیستی فەرەنسی، لویس ئاڵتۆسێر (١٩١٨-١٩٩٠) بەشدارییەکی زۆر لە ڕوانگەی مارکسیستیدا دەکات و بیرۆکەکانی بە ڕوونی قەرزاری پێکهاتەگەرایین. لویس تیۆریزەی ئەوە دەکات کە ئەنجام لە کۆمەڵێ هۆکاری جۆراوجۆرەوە لەسەرووی دیتەرمینیزمەوە سەرهەڵدەدات. لە چەمکی سەربەخۆیی ڕێژەییشدا، پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەرەڕای پەیوەندی نێوان کلتوور و ئابووری، هونەر تا ڕادەیەک سەربەخۆیی لە هێزە ئابوورییەکان هەیە. ئایدۆلۆژیا چەمکێکی سەرەکییە بۆ ئاڵتۆسێر وەک هەر مارکسیستێکی دیکە. ئاڵتۆسێر پێیوایە ئایدیۆلۆژیا سیستەمی (خاوەنی لۆژیکی تووند و دروستی خۆیەتی) کە نوێنەرایەتی (وێنە، ئەفسانە، بیرۆکە یان چەمک بەپێی کەیسەکە) دەکات و بەخشراوە بە بوون و ڕۆڵی مێژوویی لە نێودڵی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. لویس لە کتێبی (نامەیەک سەبارەت بە هونەر)دا پێیوایە کە هونەر لە شوێنێک لە نێوان ئایدۆلۆژیا و مەعریفەی زانستیدا هەڵکەوتووە. ئەو وای دەبینێت کە بەرهەمی ئەدەبی نە تێگەیشتنێکی تەواو لە جیهانی ڕاستەقینە دەدات بەدەستەوە و نە بە سادەیش دەربڕینی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراوە. بەڵام ئاگادارمان دەکاتەوە لەو ئایدۆلۆژیایەی کە هەم بوونی خۆی و هەم بوونی ئێمەش لە کۆمەڵگدا بەڕێوە دەبات.
لە ڕاستیدا ئاڵتۆسەر دەستکاری مارکسیزمی ئۆرسۆدۆکس دەکات. بۆ ئەو لامەرکەزی زاراوەیەکی سەرەکی ترە کە ئاماژەیە بۆ ئەو پێکهاتانەی کە هیچ جەوهەر و فۆکۆس و ناوەندێکیان نییە. کەواتە هونەر ئۆتۆنۆمییەکی ڕێژەیی هەیە و هیچ یەکێتییەکی گشتی نییە. ئاڵتۆسێر زیاتر تیۆریزەی دەکات و دەڵێت کە ئایدۆلۆژیا لە ڕێگەی ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی وەک سیستەمی سیاسی، یاسا، پەروەردە، ئایینی ڕێکخراو و تاد کار دەکات. ئەوەی ئێمە دەیکەین یان باوەڕمان پێیەتی؛ ئایدیۆلۆژییە. تەنانەت کاتێک ئێمە پێمان وایە کە ئێمە بەپێی ئیرادەی ئازادی خۆمان مامەڵە دەکەین، بەڕاستی ئەوە بەپێی ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر پۆلیس، سوپا، زیندان و هتد)کار دەکەین. بەڵام ئایدۆلۆژیاش وەک دیموکراسی وامان لێدەکات لەڕووی تیۆرییەوە هەست بە ئازادی بکەین، بەڵام لەڕووی پراکتیکەوە دەستوپێمان بەستراوەتەوە. لێرەدا وەک ئاڵتۆسێر دەڵێت ئینتەرپێلاسیۆن زاڵ دەبێت . ڕۆمانێک وا لە بینەرەکەی دەکات هەست بکات کارەکتەرەکان لەو جیهانەدا کە لە دەقەکەدا وێنا کراوە ئازادن بەڵام لە چنگی ئایدۆلۆژیایەکیشدان.
پێش ئاڵتۆسێر، مارکسیستی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٤١-١٩٣٤) زۆر بە شێوەیەکی بەرچاو سەرنجی لەسەر هەژموون بوو کە دەبێتە پرسێکی دیکەی جەوهەریی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا. بۆ گرامشی هەژموون بریتییە لە تەواوی پرۆسەی کۆمەڵایەتی ژیاو وەک ئەوەی بە شێوەیەکی پراکتیکی بە مانا و بەها و بیروباوەڕی تایبەت و باڵادەست؛ کەوا بە جۆرێک ڕێکخراوە کە دەتوانرێت وەک جیهانبینی یان ڕوانگەی چینایەتی ئەبستراکت بکرێت. بۆیە تایبەتمەندی ئەلتوسێری ئایدیۆلۆژیایە کە پەیوەندییەکی نزیکی بە چەمکی هەژموونییەوە هەیە.
ڕەیمۆند ویلیامز (١٩٢١- ١٩٨٨) لە کتێبی (مارکسیزم و ئەدەب)دا هەژموونی کلتوور بە گشتی و ئایدۆلۆژیا بە تایبەتی پێکەوە دەبەستێتەوە. هەژموون وەک فۆرمێکی ناوەکیی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی وایە کە هەندێک بۆچوون دروست دەکات کە پێدەچێت سروشتی و نەبینراو بن. ئەمە ئەو فێڵەیە کە ئاڵتۆسێر بە ئینتەرپێلاسیۆن ناوی دەبات وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە. بۆ نموونە سەرمایەداری و دیموکراسی و هتد بە پێی ڕوانگەی ئاڵتوسێری ئینتەرپێلاسیۆنن. هەروەها هونەرمەند دەتوانێت سوود لە کەلێن یان پێچ وپەنای هەژموون لە نووسینەکەیدا وەربگرێت.
ڕەخنەگری مارکسیستی چۆن دەقێکی ئەدەبی دەخوێنێتەوە؟ ڕەخنەگری مارکسیستی ئەدەب وەک بەرهەمی هەلومەرجی ماددی مێژوویی دەبینێت. دەقی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوە. هەروەها پەیوەندی نێوان دەق و مرۆڤەکان، یان ستەمکار و ستەملێکراو نیشان دەدات. ئەو لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا دەقەکە ڕەخنە لە سەرمایەداری یان هەر ئایدۆلۆژیایەک دەگرێت. ڕەخنەگر دەبێت لەوە بکۆڵێتەوە کە ئایا دەقەکە ڕەخنەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری یان هاوسۆزە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. کەواتە، ڕەخنەگر هەندێک پرسیار لەبەرچاو دەگرێت وەک ئایا بەرهەمی ئەدەبی ڕەخنەیە لە هەر ئایدۆلۆژیایەک؟ مارکسیزم چۆن ڕەنگدانەوەی لەسەر کاری داهێنەرانە دەبێت؟ جگە لەوەش دەقی ئەدەبی لە ناوەڕۆک و شێوە پێکدێت. ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبیش دوو جۆرە: ناوەڕۆکی ئاشکرا (دیار) و ناوەڕۆکی شاراوە (نادیار). ڕەخنەگر ناوەڕۆکی شاراوە دەبەستێتەوە بە تەوەرە بنەڕەتییەکانی مارکسیستی وەک خەباتی چینایەتی و هەروەها ناوەڕۆکی دەقەکەش بە پێگەی چینایەتی کۆمەڵایەتی نووسەرەوە دەبەستێتەوە. ڕەخنەگر دیسانەوە گرنگی ژانری ئەدەبی لە ڕووی ئەو قۆناغە کۆمەڵایەتییەوە ڕوون دەکاتەوە کە بەرهەمەکەی تیا هاتۆتە بەرهەم. بۆ نموونە کۆمەڵگەی فیۆداڵی تراژیدیا بەرهەم دەهێنێت کە باس لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت دەکات وەک شانۆنامەی شا لیری ولیەم شکسپیر.
ڕەخنەگری مارکسیستی بە ئاسوودەیی شا لیر وەک نوێنەرایەتی دراماتیکیی ململانێی چینایەتی نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی و هاوپەیمانییەکەی و سەرمایەدارە تازە سەرهەڵداوەکان واتە گۆنەریل و ڕیگان و هاوسەرەکانیان دەبینێت. چینی سەرمایەداری لەگەڵ گەیشتن بەو زەوییە سەرهەڵدەدات کە پاشا پێشکەشی دەکات. خاوەندارێتی زەوی بەمانای نوێنەرایەتی دەسەڵات و سەرمایەیە، بۆیە بەهێزبوونی دوو خوشکەکە تەحەدای دەسەڵاتدارانی پاشا دەکەن. ئەوان مافی خودایی پاشایەتی یان دەسەڵاتی ڕەهای پاشا دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بەڵام پاشا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە تەحەدای نەکەن چونکە زلهێزەکان وا بیردەکەنەوە کە دامەزراوە و ڕێکوپێکییان تەحەدا ناکرێ. بە شێوەیەکی مێتافۆرییانە، لیر بەهۆی دەسەڵاتەکەیەوە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، تووشی کوێربوون دەبێت. بۆیە ناتوانێت درک بەوە بکات کە دەسەڵات و موڵک و ماڵی خۆی لەدەستداوە بە ڕادەستکردنی شانشینی خۆی بە هەردوو کچەی کە بە دڵنیاییەوە دەربڕینی خۆشەویستیان بۆ باوکیان بە کاڵا دەکەن. هەروەها پاشا ناشتوانێت واقیعی دەربڕاوی کچە بچووکەکەی کۆردێلیا ببینێت. لە ئەنجامدا لە ئینگلتەرادا لە زەوی/دەسەڵات بێبەش دەبێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا گلۆستێر ناتوانێت واقیعەکە ببینێت کاتێک ئینکاری کوڕە گەورەکەی ئێدگار دەکات. دواتر کۆردێلیا کە نوێنەرایەتی ئەرستۆکراسی دەکات ڕووبەڕووی بۆرژوازی یان سەرمایەدارەکان (گۆنێریل، ڕێگن و ئێدمۆند) دەبێتەوە. لە ڕاستیدا شا لیر ململانێی نێوان ئەرستۆکراسی و سەرمایەداریی تازە سەرهەڵدراودا بە وردی دراماتیزە دەکات. نەک هەر ئەمە، بەڵکو قەیرانی ئەرستۆکراسی هاوچەرخیش دەخاتە ڕوو کە بەهۆی لەدەستدانی دەسەڵاتی ئابووری خاکەوە دروست بووە، دواجاریش ئاشکرای دەکات کە سیستەمی کۆن و نابینا لەناو دەچێت، بەڵام لەناوچوونەکە دەستپێکی دیدگایەکی نوێتر و بەزەییتر و دادپەروەرتر دەخاتە ڕوو کە دەبێت دامەزرێت.
تێری ئیگلتۆن لە کتێبی مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی (١٩٧٦)دا دەڵێت ڕەخنەی مارکسیستی؛ ئەدەب لە ڕووی ئەو بارودۆخە مێژووییانەی کە بەرهەمی دەهێنن، هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام تەنیا هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵناسییانەی ئەدەب نییە. ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، بریتییە لە تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیاکان و بیرۆکەکان و بەها و ئەو هەستانەی کە لەلایەن خەڵکەوە لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا و لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا ئەزموونیان دەکەن و هەروەها شیکردنەوەی هەر کارێکی ئەدەبییە بە شێوەیەکی تەواوەتی و ئەمەش بە واتای گرنگیدانێکی هەستیارە بە فۆرم و شێواز و ماناکانی دەق.

(*)ک ئەحمەد عەلەم پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی نۆرثرێن لە بەنگلادیش.

سەرچاوە :
Marxist Literary Theory K. Ahmed Alam
The Daily Observer website published on Sunday July 5, 2015

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish