Skip to Content

چیرۆکی “هەر دێمەوە”.. ئازاد ئەحمەد ئەسوەد.. بۆ یادی تاهیری خەلیلی

چیرۆکی “هەر دێمەوە”.. ئازاد ئەحمەد ئەسوەد.. بۆ یادی تاهیری خەلیلی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2023 General, Literature

بۆ یادی تاهیری خەلیلی

ساڵی 1982 لە گوندی (شێنێ)ی نزیك زەڵێ و ناوزەنگ لەسەر سنووری ئێران پێشمەرگە بووم، شیعری (هەر دێمەوە)م لە گۆڤاری (ڕاپەڕین) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی سیاسی و ئەدەبی بوو چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو. پاش ماوەیەك بیستمەوە کە هونەرمەند تاهیری خەلیلی ئاوازی بۆ دائەنێ. لەناو شۆڕشدا جگە لە تاهیری خەلیلی، دوو هونەرمەندی تریش خەریکی ئاوازدانان بوون بۆ ئەو شیعرە: لالۆ ڕەنجدەر و، هونەرمەندێکی تر کە خەڵکی گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوك بوو (ناوەکەیم بیر چۆتەوە) لە ناوەندیی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ناوزەنگ پێشمەرگە بوو. بەڵام دواجار تاهیری خەلیلی کارەکەی ئەنجام داو، پێم وایە پاش تۆمار کردنی گۆرانییەکە دوو هونەرمەندەکەی تر وازیان هێنا.

لە کۆتایی ساڵی 1982دا بەهۆی نزیك بوونەوەی شەڕی عێراق-ئێران لەو سنوورە، سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو ناوچەیەیان چۆڵ کرد و گواستیانەوە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و، هێزەکانی پێشمەرگەش دابەش بوونە سەر چوار مەڵبەند. من لەسەر داوای خۆم گواسترامەوە مەڵبەندی چوار لە بالیسان، بۆ ئەوەی بەشی ڕاگەیاندن (ئیعلام) لەو مەڵبەندە دامەزرێنین. ڕاگەیاندن بەرفراوان بوو و زۆرێك لە نووسەرو ڕۆژنامەوان و هونەرمەندانی ئەو دەڤەرەی لەخۆ گرت. جگە لە من؛ مەریوان وریا قانع، ئیبراهیم عەلی ئەحمەد (بڵندی شێوەکار)، هونەرمەندی ئاوازدانەرو کەمانجەژەن مەجید خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەلی عەزیز خاوەن گۆرانیی”ئەی کچە کوردی کەرکوك” و ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف/کەرکوك بوو، قەنبەری کمانجەژەن ئەویش هەر ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف بوو لە تەلەڤزیۆنی کەرکوك، هونەرمەندی گۆرانیبێژ مونیر نوری (ناسراو بە مونیر ئاری)، سیار بادینی، شاهین (کوردی باکور بوو)، دکتۆر سالار مستەفا، عەباس ئیسماعیل حەمەد ناسراو بە “عەباس نیووتن” و چەند پێشمەرگەیەکی دی، بەرپرسی ڕاگەیاندنیش حاکم پێشڕەوسەید برایم بوو. وشیاری براشم لەگەڵ ئیمەدا بوو بەڵام ئەو چووە بارەگایەکی تر. عەباس نیووتن، ئەو نازناوەی لەخۆڕا لێ نەنرابوو، ئەو خۆی دەرچووی بەشی فیزیا بوو، نامیلکەیەکی بە چاپ گەیاند تیایدا ڕەخنە لە یاسای سێیەمی ئایزەك نیووتن لە جووڵانەوەدا ئەگرێ. ئەوسا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە بانگهێشتی عەباس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رەخنەکەی لە نیووتن. عەباس بۆ سەلماندنی تیۆرییەکەی خۆی کۆمەڵێ هاوکێشەی لە نامیلکەکەیدا بەکار هێنابوو. مەریوان قانع و ئیبراهیم (بڵند) بۆ پێکەنین ئەیانووت لە ڕووسیا کاتێ زاناکان بە هاوکێشەکانی عەباسدا ئەچنەوە پێی ئەڵێن کورە ئەوە چیت کردووە؟ ئەوە زائید نییە، ناقسە! عەباسیش لە ناوچەوانی خۆی ئەدا: ئاه!!

 لەپاش شەڕی بالیسان، کە لە مانگی چوای ساڵی 1983دا لەنێوان یەکێتی و بەرەی جووددا ڕووی دا بە ماوەیەکی کەم، بارەگاکەمان گواستەوە گوندی (کانی بەرد)ی نزیك بالیسان. ژوورێکمان تەرخان کردبوو بۆ تایپڕایتەرو ڕۆنیۆو ستێنسڵ و ئەو شتانە، هۆڵێکیش بۆ ئامێرو کەرەستە مۆسیقییەکانی وەکو کەمانجەو ئۆرگ و ئۆکۆردیۆن و ئیقاع و.. هونەرمەندان پرۆڤەی گۆرانی و مۆسیقایان تیادا ئەکرد. تاهیری خەلیلی ئەوسا لە نێوان سەرکردایەتی و بالیساندا هاتوچۆی ئەکرد. لە سەرکردایەتی لەگەڵ (تیپی مۆسیقای شەهید کارزان)دا گۆرانیی ئەووت. کە ئەشهاتە بالیسان مانگێك یان پتر لەلامان ئەمایەوەو لەگەڵ مەجید خۆشناوو مونیر ئاری و ئەواندا شەوان لە هۆڵی مۆسیقادا پرۆڤەی گۆرانییان ئەکرد. تاهیر کە گۆرانیی ئەووت خەڵکی کانی بەرد هەموو گوێیان لێ ئەبوو. هەندێ جاریش بە شەو کە لە بالیسانەوە ئەهاتینەوە بۆ کانی بەرد تاهیری خەلیلی بەدەم ڕێوە بە دەنگە بەرزو زوڵاڵەکەی گۆرانیی ئەووت لە هەموو دۆڵی بالیسان دەنگی ئەدایەوە. ئەوسا تازە دەنگۆی موفاوەزات (دانوستان) هەبوو لە نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەغدادا، تاهیری خەلیلی هاتوچۆی سلێمانیی ئەکردو، لەگەڵ (تیپی مۆسیقای مەولەوی)دا کاسێتێکی تۆمار کرد کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێ گۆرانی، لەوانە گۆرانیی “هەر دێمەوە”.

جارێكیان هاتە لام و وتی ئاوازی گۆانییەکم داناوە شیعری خۆمە بەڵکو بۆم بنووسیتەوە. وتم ئەی خۆت نەتنووسیوەتەوە؟ وتی من سەوادم نییە!. من تووشی شۆك بووم، خوێندەواریی نییەو ئەو شیعرو ئاوازە جوانانەش هەر بە سەلیقە دائەنێ. ئەو شیعرەکەی ئەووتەوەو من ئەمنووسی. شیعری هێزی پێشمەرگە “لە قەندیلی سەربەرزەوە” بوو. جارێکی دیش هات و شیعری “شیرین”ی پێ نووسیمەوە. وتم ئەم شیعرە لەڕووی کێشەوە لەنگە، هەندێ دەسکاریی کێش و سەروای شیعرەکەم بۆ کرد، بەڵام ئەو هەندێ لەو دەستکارییانەی بەدڵ نەبوو، لەبەر ئەوەی ئاوازەکەی پێش شیعرەکە دانابوو. ساڵانی دواتر هەندێ دێڕی لە گۆرانیی لە قەندیلی سەربەرزەوە گۆڕی. لەوانە بۆ نموونە:

هاوڕێ ئارام لەبیر مەکەن

ڕیگای لینین قەت بەرمەدەن

کە پاشان کردی بە:

هاوڕێی شەهید لەبیر مەکەن

ڕێگای قازی قەت ون مەکەن

هەروەها رەخنەمان لەو کۆپلەیەی گۆرانییەکە گرت کە ئەڵێ:

هێزی پێشمەرگە نابەزن

هەموو شۆڕشگێڕن ئەمڕۆ

وەك ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشتر شۆڕشگێڕ نەبووبن.

ساڵی 1983 هاوڕێی شاعیرم مارف عومەر گوڵ لە شارەوە هاتە لامان بۆ بالیسان  دوو شیعریشی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، داوای لێ کردم بە ناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە لە بڵاوکراوەکانی شۆڕش بۆی بڵاو بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سوتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین: ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە” بوو. من شیعرەکانم دا بە تاهیری خەلیلی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیریش بە دەنگی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێ گۆرانیی دیکەدا ساڵی 1984 لە کاسێتی دووەم تۆماری کردن.

هاوینی ساڵی 1984 بەهۆی موفاوەزاتەوە هاتوچۆی نێوان شاخ و شار ئاسایی ببۆوە، من و تاهیری خەلیلی و دکتۆر سالار مستەفا سەفەرێکی سەر سنووری ئێرانمان کرد بۆ لای حیزبە کوردی و ئێرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن. سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات (حدکا) و موجاهیدینی خەلق و زۆر لایەن و کەسایەتیی نیشتمانیمان کرد، لەوانە شێخ عیزەدین حوسەینی، جەعفەری شەفیعی، هەروەها شاعیری “پێشمەرگەی کۆمەڵە وەك پۆڵان”. هەمووان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین. هەفتەیەك لەو دەڤەرە ماینەوە. تاهیری خەلیلی کەسێکی ناسراو بوو لەناویانداو هەموو ڕێزیان لێ ئەگرت. شەوان لە مەقەڕی ئە حیزبانەدا هەموو لێی کۆ ئەبوونەوەو گۆرانی و سروودی بۆ ئەووتن. بڵاوکراوەی حیزبەکانمان کۆ ئەکردەوەو وتووێژی سیاسیی دوورودرێژمان لەگەڵدا ئەکردن. جارێکیان دکتۆر سالار پرسیاری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتای لە برادەرانی موجاهیدینی خەلق کرد، ئەوان وتیان بەلای ئێمەوە دیکتاتۆریەت هەر دیکتاتۆریەتە، هی پرۆلیتاریا بێ یان بۆرژوا، ئێمە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێك ڕەت ئەکەینەوە… ئەوسا ئەو بیروڕایەی ئەوان بۆ ئێمە ببووە مایەی پێکەنین.

لە گەڕانەوەماندا لەو سەفەرە، تاهیری خەلیلی لەگەڵما هاتەوە کەرکوك، چەند شەوێك لەماڵی ئێمەدا مایەوە. بە ئۆتۆمۆبیلەکەی ئیبراهیم (بڵند) هەموو کەرکوك گەڕاین. وتی بمبەن بۆ لای خانووە قوڕەکان. بردمان بۆ گەڕەکی شۆریجەو بۆ لای خانووە قوڕەکان. چەند شەوێکی دیش لەماڵی ئیبراهیم مایەوە. ڕۆژێکیان ئیبراهیم و براکانی تاهیری خەلیلییان بردبوو بۆ حەمامەکەی پریادی. تاهیر لە حەمام دەستی بە مەقام چڕین کرد، ئەوانەی لەوێ خۆیان ئەشۆرد، کە زۆربەیان تورکمان بوون، هێندە سەرسام بوون بە دەنگی تاهیر هەموو لە دەوری کۆببوونەوەو گوێیان لێ ئەگرت.

تاهیری خەلیلی ساڵانی هەشتا لە هەموو ئاهەنگەکانی ناو شۆڕش بەشداریی کرد، لەوانە ئاهەنگی سورداش لە نەورۆزی 1984 کە لەوێدا سروودی “لە قەندیلی سەربەرزەوە”ی وت و مام جەلال کە ئامادەی ئاهەنگەکە بوو دەمانچەیەکی پێشکەش کرد. ئاهەنگی یەکی ئایاری هەمان ساڵ لە گوندی توتمێ لە دۆڵی بالیسان لەگەڵ هونەرمەند حەمە جەزاو کۆمەڵێ گۆرانیبێژی دیدا. ئاهەنگی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە گوندی شێخ مەحموود لە قەڵادزێ. چلەی شەهید سەید کەریم لە بالیسان ساڵی 1985. تیپی مۆسیقاش بریتی بوون لە؛ مەجید خۆشناو و قەنبەر بە کەمان، مونیر ئاری بە ئۆکۆردیۆن، وشیار ئەسوەد بە ئیقاعی دوو تەپڵی کە پێی ئەڵێن بانگۆز، کۆمەڵێ مۆسیقاژەنی دیش.  

لەپاش تێکچوونی موفاوەزات و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاوە هەتا کۆچی دواییشی کرد تاهیری خەلیلیم نەبینییەوە.

ئێستا  حەمە جەزا وعەلی عەزیز و قەنبەر و مونیر ئاری و مارف عومەر گوڵ و، دواجاریش تاهیری خەلیلی، هیچیان لە ژیاندا نەماون.

ماڵئاوا ئازیزان… زوو یا درەنگ پێتان ئەگەینەوە.

وێنەکە: تاهیری خەلیلی لە ئاهەنگی نەورۆزی 1984 لە سورداش. لە پشتی تاهیرەوە ئەوەی کەمانجە ئەژەنێ مەجید خۆشناوە ، ئەوەی ئۆکۆردیۆن ئەژەنێ مونیر ئاری.

ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

Previous
Next
Kurdish