ده‌سه‌ڵاتی زمانی شیعر له پشت زوومی (کامێرا)که‌ی ڤینۆس فایه‌قه‌وه
لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی
سۆران محەمەد
————————–
شاعیر (ڤینۆس فایه‌ق) له شیعری (کامێرا)دا توانیویه‌تی به ته‌کنیکێکی نوێ کامێرا شیعریه‌که‌ی بکاته کارگه‌ی وه‌به‌رهێنانی وێنه‌گه‌لێکی نوێ و ناوازه، جیاواز له‌و شیعرانه‌ی وێنه‌کانی واقیع به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ تیایاندا ده‌گوێزرێنه‌وه سه‌ر کاغه‌ز، بێ ئه‌وه‌ی کارێکی ئه‌وتۆی ئه‌فراندنیان تیا ئه‌نجامدرابێت.
**********
ڤێنوس فایه‌ق
زانای زانستی زمان و پۆله‌تیك (چۆمسکی) بڕوای وایه که وه‌ده‌ستهێنانی زمان بونیاتیکی فیتری هه‌یه، یان ئهرکدارێتی ده‌ماخی مرۆڤه. هه‌رچه‌نده زانراوه له چوارچێوه‌ی ده‌ماغدا جڵه‌وی راڤه‌و وه‌به‌رهێنانی زمان و ئاخاوتن وه‌دیدێت، به‌ڵام ئاشکراو راشکاو نییه که چۆن مرۆڤ تواناداریی زمانی وه‌ده‌ستهێنا؟ چ به مانای راڤه‌کردن یان وه‌به‌رهێنان، ئه‌مه مه‌یدانی کار‌و به‌خشینه‌کانی چۆمسکیه. (1)
نه‌عوم چۆمسکی
تا چه‌ند زمان له ناو ده‌قدا زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر بابه‌تدا و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئیلهام و گیانی شاعیریشدا؟ ساته وه‌ختی تایبه‌تی ئه‌فراندنی شاعیر تا چه‌ندێك له ناو ساته وه‌خته ئاساییه‌کاندا جێی ده‌بێته‌وه؟ ئایا جارانێك بابه‌ت؛ زمان ناخاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌و به‌و جۆره به‌کاریناهێنێت که بیه‌وێت؟ ئه‌ی تا چه‌ند زمان سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌یه و جیا‌و به ده‌ر له هه‌موو بابه‌ت و مهوزعیبوونێك ته‌عبیر له هه‌موو شته‌کان ده‌کات، ڕۆڵی فاکته‌ری گه‌شه‌و وه‌رگرتنی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونه‌کانی ژیان و هه‌گبه‌ی ڕۆشنبێرێتی چه‌نده له‌سه‌ر زمان؟! ئایا زمان توانای ده‌شکێت به‌سه‌ر ده‌ربڕینێکی ته‌واو و پڕاوپڕ بۆ حاڵه‌ت و دنیا نه‌زانراوه‌کان، له‌وانه‌ش نهێنه‌کانی ده‌روون و قوڵایی و په‌ناکانی و ساته وه‌خته تایبه‌ت و جیاوازه‌کانی؟ ئه‌ی گوایا هزر تا چه‌ندێك پێکاویه‌تی له داڕشتنی زاراوه‌کان بۆ شته‌کان و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بوون و ده‌بن؟!.. ئایا زمان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ شته‌کان، یان ده‌سته‌واژه‌کان ده‌سه‌وسانن له به‌باڵا بڕینی زاراوه‌ی پێویست تا یارمه‌تی دروستی ده‌ربڕین بدات؟؟!.. ئه‌مانه‌و چه‌ندانی تر پرسیارگه‌لێکن له دنیای بیردۆزو ئه‌گه‌ره‌کان و وه‌رگرتن و بهرپهچدانهوهدا مشت و مڕێکی قوڵ و جه‌وهه‌ری له دنیای ئه‌فراندنی شیعردا به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
ره‌نگه له سه‌روده‌ری ئه‌م چه‌مکه هه‌سته‌وه‌رو باڵایانه‌دا بێت نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌نووس ده‌ڵێت:
زمان هه‌ڵگری هه‌موو نهمریهکانی مانا نییه و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری توانای خولقاندنی ماناش نییه ، به‌و شێوه‌یه‌ی که ئیتر سنوورێك بۆ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی مانا دابنێت ، به‌ڵکو زمان له ته‌واوکردنی وه‌زیفه‌ی بهدهقبووندا کۆتایی به ده‌وره‌کانی دێنێ و ئیتر ئه‌وه خوێندنه‌وه‌یه، که له ئازادییه‌کی بێ سنووردا مانای نوێ ده‌خولقێنێ .
http://dengekan.info/wp-content/uploads/2018/09/najatHamed.jpg
نه‌جات حه‌مید
له ڕووی زمانه‌وه هه‌موو ده‌قێکی ئه‌م بوونه به بێ زمان له دایك نابێت، گه‌ر بڕیار وا بێت ته‌نیا له زماندا مانا بدۆزینه‌وه ، مه‌به‌ست له زمان هه‌موو شێوازه‌کانی دروستکردنی مانایه.
ئاخۆ له ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئاماژه‌کانیدا شتێکی دیکه هه‌یه که سیسته‌مێك له‌مانای کۆتایی بنوێنێ ، واته سیسته‌مێك له زمانێکی دیکه که به‌ته‌واوه‌تی زمانێکی دیکه‌ی ده‌قه‌و له پێکهاتی مانا‌و تاکه‌کانیی وشه‌دا له زمانی نووسین جیا ده‌بێته‌وه؟! (2)
له کاتی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا بیری وته‌یه‌کی (فه‌ره‌یدون سامان)م که‌وته‌وه که له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا گوتی: “دڵنیام ده‌قێکی زۆر ناوازه ده‌نووسم له داهاتوودا، به‌ڵام نازانم که‌ی..” ئه‌و له‌مه‌دا باشی پێکابوو که مانایه‌کی دروست بکات له ده‌سه‌ڵاتی زمان و هاتنه پێشه‌وه‌ی ساته وه‌ختی ره‌هابوون و سه‌روه‌ریی زمان و هاوشان و ته‌با له‌گه‌ڵ ئیلهام و بابه‌تدا، چونکه ده‌یزانی چه‌ندان جار ده‌سه‌ڵاتی زمان له‌ناوه‌ندی ده‌قدا بزر ده‌بێت و ده‌قیش ڕووگه‌یه‌کی تر وه‌رده‌گرێت، دوور له بیرۆکه‌ی پێشینه‌و ته‌نانه‌ت توانا به‌هره‌ییه‌کانی شاعیر، لێره‌وه هه‌ستی به‌و خاڵه کردبوو، که زۆر ئه‌سته‌مه تا ئێستا ئه‌و زمان و مانا باڵایانه‌ی له ناو گیانمدا گێنگڵ ده‌ده‌ن توانیبێتم به دڵی خۆم خستبێتمه سه‌ر کاغه‌زو لێی ڕازی بم، یان روونتر بڵێین زمانی گیان و خودی ناوه‌وه.
فه‌ره‌یدون سامان
عەبدوڵڵا به‌گی سلێمان به‌گی گۆران ( ١٩٠٤-١٩٦٢) ی شاعیریش له مێژه و پێش فه‌ره‌یدون سامان نه‌ك ته‌نیا د‌رکی به‌م خاڵه گرنگه کردبوو، به‌ڵکو له شیعرێکیشدا ئاشکرا ده‌ربڕینی لێ ده‌کات، کاتێك ده‌ڵێت:
هه‌رچه‌ند ئه‌که‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی ههڵبهســــــــتم
لێکدانه‌وه‌ی ده‌روون ، قســــــــــــــــــهی زوبانم
بۆچی وه‌ها له‌یه‌ك دوورن؟ نازانــــــــــــــــــــــم
به‌ڵێ راسته هه‌ست وسۆزو خه‌یاڵ و زمانی ناخ جارانێك ئه‌سته‌مه وه‌ك پێویست بتوانرێت بخرێته سه‌ر کاغه‌ز، لێره‌وه‌یه پرسیاری ده‌سه‌ڵاته‌کانی زمانمان لا گه‌ڵاڵه ده‌بن، به‌وه‌ی تا چه‌ندێك ته‌باو ناکۆك، هاوبه‌ش و جیایه له هه‌ست و گیان، ئایا زمانی حاڵ ده‌بێته زمانی گوتار؟ ئه‌ی ئایا زمانی هه‌ست و گیان ، یاخود به‌رفراوانتر بڵێین میتافیزیك هه‌ر هه‌مان ئه‌و زمانه ماتریالهیه رۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و به‌کاریده‌هێنین؟ یان زمانێکی زۆر تایبه‌ت و شاراوه‌یه‌و له پشت زمانی ئاساییه‌وه خۆی مه‌ڵاس داوه؟ یان وه‌ك میوانێکی زۆر ده‌گمه‌ن جار جار ده‌که‌وێته وتوێژ له‌گه‌ڵ گیاندا؟ ئه‌ی کاری داهێنه‌رانه و به‌کارهێنانی گه‌مه‌و ته‌کنیکه جۆراوجۆره‌کان له کوێی زمانی ده‌قه ناوازهکاندان؟ چه‌ندێك شاعیر شه‌ونخونی ده‌کێشێت و ماندوو ده‌بێت بۆ کارکردن له ناو بونیاته جۆراوجۆره‌کانی ده‌قدا؟
ڕه‌نگه له سۆنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه بێت عه‌بدلموته‌لیب عه‌بدوڵلا بڵێت:
زمان هه‌ر ته‌نیا کۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه نیه، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندییه، هه‌ر ته‌نیا خوێنه‌ران و فه‌رهه‌نگسازان به بونیاتنان و دروستکردنی خه‌ریك نین، به‌ڵکو بۆ خۆی قه‌واره‌یه‌کی زیندووی گه‌شه‌کردووه له ناو کۆییه‌کانی ژیان و سه‌رده‌م و کار‌و بیرکردنه‌وه‌و ژینگه‌و شه‌قام و پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه هه‌ڵده‌قوڵێ، په‌یوه‌ندی به سه‌رنج و به‌دواداچوون و مه‌رگه‌سات و خه‌ونه‌کانه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ش شه‌ڕی زمان شه‌ڕی خوده‌کان نییه، به‌ڵو وه‌ك (بارت) ده‌ڵێت: شه‌ڕی ناو کۆییه‌کانی زمانه. واتا ئه‌وه‌ی که ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه ناو کۆییه‌کانی زمانه، تاکه‌کان نین، زاراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ك تاك. (3)
له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌کرێت بڵێین رێی تێده‌چێت ئه‌و زمانه تایبه‌ته‌ی تاك، که تاك خۆی وه‌ك بوویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌رگرتن وپێدان جوڵه ده‌کات، رۆڵی هه‌بێت له ناو ره‌وتی بزاوتی زماندا، وه‌ك به‌شێك له کۆو له هه‌مان کاتیش‌دا جیا له هه‌مووان.
هه‌ر ئه‌مه‌شه وا له ناجات حه‌مید ده‌کات به جۆرێك له جۆره‌کان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه‌و بڵێت:
شیعر گه‌وهه‌ری هیچ بوونێکی دیکه جگه له بوونی بنیاته زمانه‌وانییه‌کان ناگرێته خۆی و له‌مه‌شدا ئازادی هاتنه گۆو داڕشتن بناغه‌ی نووسینی شیعره.
من له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ یه‌کێك له نووسینه تیۆریی و بنیاتگه‌رییه نوێیه‌کان له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاوه‌ن خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵدا بگونجێت.(4)
گه‌ر بێینه سه‌ر زمانی شیعر‌و له ره‌وتی ئه‌ده‌بی جیهانیشدا ده‌توانین بڵێین یه‌کێك له هۆکانی سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه‌ی زمانی شیعریی The language school of poetry له ساڵی 1970 له ئه‌مریکا بریتی بوو له وه‌ڵامدانه‌وه‌و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی شیعری ئه‌مریکی باو و ترادیشنهڵ و هه‌روه‌ها فۆرمه‌که‌ی، له‌وانه: بزوتنه‌وه‌کانی قوتابخانه‌ی نیویۆرك و چیای ره‌ش the Black Mountain and New York schools. هه‌وڵیاندا جه‌ختی ته‌واو بکه‌نه سه‌ر زمانی شیعر‌و ڕێگه‌یه‌کی نوێ به‌رهه‌م بێنن تا خوێنه‌ر کاریگه‌ری له‌گه‌ڵ ده‌قدا دروست بکات.(5)
شاعیرانی قوتابخانه‌ی نیویۆرك (کینت کۆچ و هاوڕێکانی)
لای ئه‌مان یه‌کێك له لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانی زمانی شیعر که له خۆی ده‌گرێت بریتیه له بیرۆکه‌و بابه‌ت، به‌وه‌ی زمان ماناکان هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌رده‌گرێت نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، لێره‌وه‌یه زمانی شیعر هه‌وڵده‌دات خوێنه‌ر به‌شدار پێ بکات له ده‌قدا، بایه‌خدان به خوێنه‌ر به‌وه‌ی جێی بکرێته‌وه له ده‌قدا و ته‌نانه‌ت به‌شدار بێت له بونیاتنانی ماناش تیایدا، له ڕێی تێکشکاندنی زمانی شیعره‌وه ، لێره‌وه شاعیر ده‌خوازێت له خوێنه‌ر ڕێگه‌یه‌کی نوێ بدۆزیته‌وه بۆ نزیککردنه‌وه‌ی بۆ ناو ده‌ق.
زمانیش هیچ نیه جگه له ئاماژه‌کانی مانا ، ماناش بریتیه له ڕێکخستنی زاراوه‌کان، به جۆرێك ده‌گمه‌نییان پێوه دیار بێت له دروستکردنی وێنه لێیانه‌وه، ده‌گمه‌نیش ده‌چنه ناو چوارچێوه‌ی زاراوه‌وه، تا کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی به جۆرێك ئه‌م په‌یوه‌ندیه بێ کۆتایه درێژ بێته‌وه له نێوان ده‌لاله‌ت و زاراوهکاندا.
هاوشانی (ڕۆن سیلییمان) و (هیجینجان)، زۆرێکی تر به‌شداریان له‌م بزوتنه‌وه شیعریه‌دا کرد، وه‌ك چارڵس بێرنشتاین، باریت واتن، هه‌روه‌ها بۆب پیریلیمان.(5)
شاعیر رۆن سیلییمان
کینیت کۆچ له گۆڤاری ره‌خنه‌ی نیویۆرکدا ده‌ڵێت:
ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر روونکردنه‌وه‌مان پێ بدات له‌مباره‌وه، ئه‌و وته‌و پێشنیاره به به‌هایه بوو که (پوڵ ڤاله‌ری) پێیدام کاتێك گوتی: بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که چی له‌ناو ده‌قی شیعردا ده‌گوزه‌رێ و له شوێنه‌کانی تردا نابینرێته‌وه ئه‌وه‌یه که شیعر خۆی له خۆیدا زمانێکی جیایه، یان زۆر تایبه‌تمه‌ندتر بڵێین ” زمانه له ناو زماندا” (6)
ئه‌مانه‌ی باسمان کردن وه‌ك پێشه‌کییه‌ك وابوون بۆ چوونه ناو کرۆکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان له‌سه‌ر شیعری (کامێرا)ی شاعیر ڤێنۆس فایه‌ق(7)، که من به هه‌وڵێکی جیاوازی ده‌بینم له ناو خودی شیعره‌کانی شاعیرداو کار له‌سه‌رکردنی زمان و بونیاتنانی فۆرمێکی نوێ و ته‌کنیکی زمانه‌وانی جیام تیا خوێنده‌وه که شه‌ونخونی شاعیر ده‌رئه‌خات بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قێکی له‌م شێوه‌یه و سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونه جیاجیاکانیش.
ئه‌م ده‌قه به ده‌قێکی کراوه‌ی فره ره‌هه‌ند دێته ئه‌ژمارکردن، خوێنه‌ریش ئازاده لێکدانه‌وه‌ی خۆی بۆ بکات و به دیوێك له دیوه‌کاندا چه‌شه‌و چێژی خۆی لێ ببینێت. یان خۆی له نێو دێڕه‌کانیدا بدۆزێته‌وه.
یه‌کێك له هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی به ده‌قێکی کراوه داده‌نرێت ئه‌وه‌یه زیاتر له مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، نه‌ك به هۆی ئاڵۆزیی زمانه‌وه، به‌ڵکو به‌هۆی ته‌کنیکی تێهه‌ڵکێشکردنی دنیا جیاوازه‌کان و گه‌مه‌کردن به زمان و هێنانه‌دی وێنه‌گه‌لێکی شیعری نوێ که ته‌عبیر له پارادۆکسه‌کانی ئاماده ده‌که‌ن هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شیعره‌که‌وه تا کۆتایی، هه‌ر له .. ژیان و مردن، خه‌یاڵ و واقیع، ڕابردوو و ئێستا.. تاد
ئه‌و به زمانێکی نا راسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت ئه‌م ژیانه له خه‌ونێك به‌ده‌ر نییه، خه‌ونێك که زۆر جار ناخۆش بووه‌و کاتێکیش ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین رووبه‌رووی سێبه‌ره‌کانمان ده‌بینه‌وه، به مانای دنیای خه‌یاڵ، هه‌ر زووش پێش کۆتایی هێنانی ده‌قه‌که شاعیر له‌م خه‌ونه‌ی ژیانه‌دا کاتێك شێوازی فلاش باك به‌کاردێنێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه له ڕێی زوومی کامێراوه، جوانی و پاکی و به‌رائه‌تی منداڵی ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ر به‌شێکه له زنجیره‌ی حه‌کایه‌ته‌کانی ژیان.
فه‌لسه‌فه‌ی ده‌رچوون له شوێنکات Space-time هه‌ر له‌سه‌ره‌تا کۆپله‌وه سه‌رنجی خوێنه‌رانی زیره‌ك به‌لای به‌ها شاردراوه‌کانی نێو ئه‌م ده‌قه‌دا راده‌کێشێت. ئه‌وه زمانی تایبه‌تی گیانه که ده‌توانێت بچێته نێو ئه‌و جیهانه سیحراویه‌ی خه‌ونه‌کان و رابردووه‌وه که ئێستایه‌کی شادومانی لێ فه‌راهه‌م بێنێت.
له‌یه‌که‌م کۆپله‌دا دوو کۆمه‌ڵه پارادۆکس هه‌ن که هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کیان ته‌عبیر له مه‌به‌ستێکی جیاوازی شاعیر ده‌کات:
ره‌ش و سپی –> فلیمی کۆن X ره‌نگاوره‌نگ -> فلیمی تازه
بێده‌نگی X دووان
بێ شوێنی X شوێنداریی
ئه‌مانه‌ی یه‌که‌م ئه‌و باره ناسروشتییهن بۆ ده‌رچوون له به‌شێکی حیکایه‌ت و خه‌ونه‌که‌و له پێناو هاتنه‌وه ناو دنیای واقیع و بونیاتنانی دنیای یۆتۆپیا به :
– ڕێکخستنه‌وه‌ی ده‌موچاو (به‌و شێوه‌ی شاعیر ویستی لێیه، چ به باره خوازهکهیدا بێت، یان ده‌موچاوی حه‌قیقی بێت).
– هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی ژیان (بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ڕێره‌وی راسته‌قینه‌و جوانه‌که‌ی خۆی- وه‌ك له کۆتایی شیعره‌که‌دا له جریوه‌ی چۆله‌که‌و به‌رائه‌تی منداڵی‌دا ده‌یدۆزێته‌وه).
– دوورینه‌وه‌ی که‌لێن و قه‌ڵبه‌کانی ته‌مه‌ن، که وێنه‌یه‌کی نوێ و جوانی شیعریه، چونکه له باره واقیعیه‌که‌یدا جلوبه‌رگ ده‌دورێته‌وه، به‌ڵام له باره مهجازیهکهیدا نوشوستیهکانی ژیانیش هه‌ر وه‌ك به‌رگێکی دڕاون پێویسته بۆ ساڕێژکردنهوهیان بدورێنهوه.
لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت شاعیر زیاتر کاری له‌سه‌ر فۆرمی شێوه‌کان کردووه؛ وه‌ك ده‌موچاو دوورینه‌وه، فلیم.
به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا جه‌وهه‌ر فه‌رامۆش نه‌کراوه‌و کارامانه تێهه‌ڵکێشی ئه‌م دیمه‌نانه‌ی کردوون به هه‌ناسه‌یه‌کی فهلسهفیهوهو ده‌رچوون له سنوور‌و پێوه‌ره‌کانی ئه‌م جیهانه‌و فڕینی مه‌لی خه‌یاڵ له زوومی کامێرایه‌که‌وه که حیکایه‌تی تاکێکی نامۆمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
له کۆپله‌ی دووه‌مدا کامێراکه ده‌بێته کاراکته‌ری سه‌ره‌کی و دوو دیمه‌ن له‌یه‌ك ده‌دات، دیمه‌نی ڕابردوو که خودی شاعیر تیایدا غائیبه‌و هه‌نگاوه‌کانی دێن‌و ده‌چن، هه‌ناسه‌کانی دێن و ده‌چن، له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌کانی ئێستای که خۆی له کامێراکه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام سه‌رڕێژ له تابلۆی سوریالی قه‌شه‌نگ که لێوردبوونه‌وه‌و ستایشکردنیان پێویسته. وا ده‌رده‌که‌وێت باسی سیمفۆنیای سه‌یرانێکی ئاڵوواڵای ئاوه‌ژوو ده‌کات، به گێڕانه‌وه‌ی تابلۆکان بۆ واقیع لێی تێده‌گه‌ین و به‌م جۆره ده‌توانین پارچه په‌رتبووه‌کان له‌یه‌ك بده‌ین:
ره‌نگێك هه‌ڵده‌ده‌م (ده‌ق) X چه‌ترێك یان خێوه‌تێك هه‌ڵده‌ده‌م (واقیع)
ده‌نگێك ده‌پرژێنم (ده‌ق) X ئاو، یان عه‌تر (بۆن) ده‌پرژێنم (واقیع)
هه‌نگاوێك داده‌نێم (ده‌ق) X (بۆ هه‌ڵبژارنی جۆراوجۆری خوێنه‌ر) —– داده‌نێم
به حوکمی ئه‌وه‌ی ره‌نگ شێوه‌و فۆڕمه، ده‌نگ یان زمان: ناواخن و هه‌سته، هه‌نگاویش (جوڵه) یه، که‌واته ده‌توانین بڵێین کردنه‌وه‌ی گیانه به به‌ری ژیانێکی نوێ‌دا. هه‌رچه‌نده وێنه‌گرتنی ئه‌مانه‌ش له داهاتوودا ده‌بن به حیکایه‌ت و کۆن ده‌بن، له گۆشه‌یه‌کی بچوکی ئه‌م ژیانه‌وه ون ده‌بن و که‌سێك یادیان ناکات، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بووبن.
جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین میتافۆڕی سێبه‌ر زۆر به‌هێز به چه‌ند مانایه‌کی جیا له‌م ده‌قه‌دا به‌کارهێنراون، له‌وانه:
سێبه‌رێك واقی وڕماوه.. لێم نابێته‌وه = منی ئێستای بزر
پیربوونی سێبه‌ره‌کان و نه‌مردنیان = گیان
ره‌سمی سێبه‌رێك ده‌گرم: هه‌ڵماقۆ/ په‌تپه‌تێن .. تاد = منداڵیی
هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ی سێبه‌ره‌کان له کاتی پهتپهتێندا (سێبه‌ره‌کان له حاڵه‌تی کۆدان) = هاوڕێکانی منداڵی یاخود هاوه‌ڵ و ئازیزانی کۆچکردوو.
به گشتی له‌م ده‌قه‌دا کێشه‌و ململانێیه‌کی به‌رده‌وام هه‌یه له نێوان بابه‌ت و زماندا، زمان جارانێك ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها وه‌رده‌گرێت و زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر فۆرمدا، پاشتر بابه‌ت و بیرۆکه ده‌یه‌وێت زمان ژێربار بخات و ته‌نانه‌ت له سادهبوونهوی زماندا له جێگاگهلێکدا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هیچ گوێ به زمانی شیعر نه‌دات و له به‌رانبه‌ریشدا له دا‌و و گرێی شیعره‌که‌وه ده‌گلێ و بۆیه یان به هێندی وه‌رناگرێ یاخود له ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعره‌که‌دا ئه‌و ره‌گه‌زه بزر ده‌بێت، بۆ نموونه ئه‌و بێ په‌نا بردن به هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی راسته‌وخۆ و به زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ ده‌ڵێت:
كامێراكه‌م به‌رانبه‌ر كه‌لاوه‌یه‌ك رێدهخهم
یان
به‌رانبه‌ر به دیمه‌نێك كامێراكه‌م داده‌نێم
له کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌م هه‌وڵه جیاوازه‌ی شاعیر ده‌که‌م و هیواداریشم له هه‌موو شاعیره جیاواز‌و ئه‌فرێنه‌ره‌کان هه‌وڵی جیدی نیشان بده‌ن و ئومێده‌وارم نووسینی شیعری له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ بدات و به ڕهنگو بۆیه‌کی داهێنه‌رانه‌وه شاعیره‌کان ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن و شه‌یدایانی ده‌قی باش ئاسوده بکه‌ن و ره‌خنه‌گرانی ئه‌کادیمی و زانستی بهێننه جۆش و خرۆش.
————————————
پهراوێزو سه‌رچاوه‌کان:
………………………………..
muskingum.edu/~psych/psycweb/history/chomsky1-
2- زمان و فیکر له نێوان تێۆرو پراکتیکدا، نه‌جات حه‌مید . 2013 .ل 10 و 22.
3- شه‌ڕی زمان له پێناو ته‌ئویلکردنی ده‌قدا، عهبولموتهلیب عه‌بدوڵلا. 2010. ل 178
4- – زمان و فیکر له نێوان تێۆرو پراکتیکدا، نه‌جات حه‌مید . 2013 ڵ21،40
5- poets.org/poetsorg/text/brief-guide-language-poetry
6- The Language of Poetry. Kenneth Koch ، May 14, 1998 Issue.The New York Review
7- پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، ژماره 941، لاپه‌ڕه 1، شیعری کامێرا، ڤینۆس فایه‌ق