چەند سەرنجێکی زمانی سەبارەت بە ڕۆمانی(لە مەککە)ی وەرگێڕدراوی شەفیقی حاجی خدر
ــ سەڵاحەددین مەغدید ڕوستی
————————————————
پاش وه‌رگرتنی ڕۆمانی(له مه‌ككه)ی قادرعهبدوڵا كه به‌رهه‌مێكی تازه وه‌رگێردراو له هۆڵهندیەوەیە له‌لایه‌ن كاك شه‌فیقی حاجی خدری وهرگێڕەوه به‌دیاری بۆم به سوپاسه‌وه، داواشی كرد سه‌رنج وتێبینیەكانی خۆمی بۆ بنوسم، هەرچەنده من نه ڕهخنەگرم و نه زمانەوان به‌ڵام وەک ڕێزێك بۆ داواكاری جه‌نابیان، وەک خوێنەرێكیش دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە له‌دوو ڕەههندەوه چەند سەرنجێكم لا گەڵاڵه بوو یەكەمیان سەبارەت به زمانی وەرگێڕانەكه و ئەوەیتر دیدو فەلسەفهو تەكنیكی ڕۆمانەكهیە، ئەوەی پەیوەندی بەوەرگێڕانەوه بێت بەشێكی لێره دەخەمه بەرچاو، بەڵام سەبارەت به سەرنجەكانم بۆ ناوەڕۆكی دەق و ئامانج و فەلسه‌فەی ڕۆمانەکه له دەرفهتێكی ترئەگهر بۆم لوا ئەیانخەمه ڕوو.
هەرچەندەش بۆ بەراوردكردن و تێبینی بۆ دەقێكی وەرگێڕدراو پێویست بهبەردهست بوونی دەقەکە بههەردوو زمانەكهو کارامەیی تیایاندا مەرجێكی پێویسته، كه بۆ ئێمە مەیسهر نەبووه، بەڵام دیاره لەوهرگێڕانیش ئەشێ باشترین وشه‌و دەستەواژەی دروست له‌زمانی دووەم هەڵبژێردرێ بۆ گەیاندنی پەیامی نوسەرو بەخشینی چێژ به خوێنەری هەمان زمان، بۆیه تەنانەت ئەگەر هەندێ وشه‌و دەستەواژه وەكوو وەرگێرانی وشه‌یی(ترجمة حرفیة) نەشگوازرێنەوه له‌بەهای وەرگێڕانەكه كەم ناکەنەوە، ئەنجا من وەك خوێنەرێك و له‌سه‌ر بنەمای ئەوەی پێم وایه گفتوگۆ‌و ڕاگۆڕینەوه رێگایەکی فێربوون و خۆ ڕۆشنبیركردنه، دەمه‌وێ بەشێك لهسەرنجەكانم بخەمه ڕوو بۆ ئەوەی ئەگەر نەشم پێكابێت بتوانم سوود له وەڵامی بەرامبەرەکانم وەرگرم.
سەبارەت به وەرگێڕانەكهو بەڕەوانی زمانی و گوزارشتەوە به پێویستی دەزانم دەست خۆشی له وەرگێڕ بكەم كه كارێكی زۆر جوانی ئەنجامداوه، سەرەڕای بەكارهینانی زمانێكی ڕەوان و بێ گرێ چەندین وشه‌و زاراوەی ڕەسەن و تۆزگرتوی زمانی كوردی تیایدا زیندوو كردۆتەوه، هەرچەنده لەوانەیه هەندێكیان مۆركی ناوچەیی بونیان پێوه دیاربێت بەڵام زۆرینەیان زۆر گونجاوو له شوێنی خۆیاندان و له‌وانەیه سودیان هەبێت بۆ دەوڵەمەند كردنی زیاتری زمانی نوسین و پڕكردنەوەی چەندین بۆشایی زمانی لەوانەش: كێفەڕات، تێشی، تیدان، قەلۆش، دەمبەشكه، سارنجخانه، گۆرین، بەخشكەیی، زراسك، …
هەرچەنده زیندوو كردنەوهو بەكارهێنانی وشه‌ی ڕەسەن و كۆن دیاردەیەكی جوان و سودبەخش بێت بۆ زمان بەڵام ناكرێ خۆمان لەو ڕاستیەش ببوێرین كه ڕای بەشێكی زۆری زمانەوانانه كه ئەو دیاردەیه سەرەڕای لایەنه ئەرێنیەكەی لایەنی نەرێنیش لەخۆ دەگرێت ئەگەر ڕەچاوی هەندێ له‌یاساو بنەما زمانیەکان نەكرێت، وەك:
1- له‌كاتی ژیاندنه‌وه‌و به‌كارهێنانی وشه‌یه‌كی كۆن له كاتێكا جێگره‌وه‌یه‌كی گونجاوو ناسراوتر له‌خۆی هه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مۆركی ناوچه‌یشی پێوه دیاربێت له‌وانه‌یه ببێته هۆی شلۆقكردنی زمانی و ماندووكردنی زیاتری خوێنه‌روو ترازانی ته‌ركیز له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ده‌ق.
نمونه: جه‌ڕباندن به‌كارهێنراوه له‌جیاتی تاقیكردنه‌وه یان ئه‌زمون.
2- زمانه‌وانان پێیان وایه هاو واتای ته‌واو له زماندا دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست نیه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ش بێت پاش ماوه‌یه‌ك یه‌كێكیان ئه‌وه‌یتر ده‌به‌زێنێ و خۆی جێگای ده‌گرێته‌وه، بۆیه به‌ڕای من هه‌رچه‌نده ئێمه زمانی ستانده‌رمان نیه‌و وشه‌ی تایبەتمەندمان بۆ زمان یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه به‌ڵام به بۆچوونی من باشتر وایه نوسه‌ر له هه‌موو ده‌ق و نووسینه‌كانیدا ته‌نها یه‌كێ له‌و فۆڕمانه كه باوترینهو له قه‌ناعه‌تی خۆی نزیكه هه‌ڵبژێرێت و به‌كاری بێنێت، نه‌ك چه‌ند فۆڕمێكی جیاواز بۆهەمان مەبەست له‌یه‌ك ده‌قدا كه له‌وانه‌یه بۆ بیانیه‌ك وا ئاسایی نه‌بێت وه‌كوو بۆ هاوزمانیهك ئاسایی دێته به‌رچاو.
نموونه: ئێستا= نها…
3- ناڕوونی له چه‌مكی وشه یان زاراوه، زهنی خوێنه‌ر سه‌رقاڵ ده‌كات له نێوان جیاوازی مه‌فهومی وشه‌كه، به نمونه نوسه‌ر له هه‌ندێ شوێن وشه‌ی(گه‌وره)و له هه‌ندێ شوێنی تر(گه‌ورۆنه)ی به‌كار هێناوه، ده‌كرێ بگوترێ ئه‌و مێرووله‌یه گه‌وره‌یه له‌هه‌مان كات ئه‌شێ بشگوترێ ئه‌و شاخه گه‌وره‌یه، كه‌واته وشه‌ی گه‌وره ڕه‌ها نیه‌و ڕێژه‌ییه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به زاراوه‌ی گه‌ورۆنه به دلنیایه‌وه وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه‌و له كۆنه‌وه به‌كار هێنراوه، به‌ڵام ڕوون نیه له به‌كار هێنانی له‌ناو ئه‌و ده‌قه جیاوازی نێوان ئه‌و دوو فۆڕمه چیه؟ به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر وشه‌ی گه‌وره له به‌رامبه‌ر(مه‌زن – كبیر)و وشه‌ی گه‌ورۆنه له به‌رامبه‌ر (زه‌به‌لاح، زۆر گه‌وره – عملاق ، ضخم) به‌كار هاتبێت زۆر گونجاوە.
له‌لاپه‌ڕه 169 ده‌نوسێ پاپۆڕی گه‌ورۆنه گه‌ورۆنه له جێیخۆیدایه له جیاتی (باخرة عملاقة) به كار هاتووه به‌ڵام له چه‌ندین شوێنی تریش له جیاتی گه‌وره به‌كار هاتووه بۆ ده‌رگه و بۆ سه‌كۆی گەورەش هه‌مان زاراوه به‌كار هاتووه.
وشه‌ی(قهپهنگ)یش كه له زمانی توركیه‌وه وه‌رگیراوه‌و به شێوه‌یه‌كی فراوان له ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی و دۆڵی ڕوستی به‌ر له ڕاگواستن بۆ پهنجهرهرهی گه‌وره‌ی نهۆمی دووه‌م و سێیه‌می خانوه گه‌وره‌كان به‌كار ده‌هات، به‌ڵام به پێی زانیاری من زاراوه‌ی (دووبانكه)زیاتر بۆ به‌له‌كۆنه‌ی ئه‌وكات به‌كار ده‌هات كه به ده‌رگایه‌ك به‌نهۆمی دووه‌م وسێیه‌می خانوهكانەوە پەیوەست دەکرا.
له لاپه‌ڕه 30 و شوێنی تریش نوسراوه(قه‌ده‌ممان لێدا) كه پێ ده‌چێت مه‌به‌ستی وه‌رگێڕ ڕۆیشتن یان پیاسه‌كردن بێت، به ڕای من جگه له ناڕه‌سه‌نی وشه‌ی قه‌ده‌م كه كتومت عهڕهبیهكهیهتی باشتر وایه جێگره‌وه‌كانی بۆ به‌كار بێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داتاشراو‌و سازێنراویش بن گونجاوتره.
سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌كانی( له پڕشتێك ڕویدا لا23، شتێكی تر له ئارادابوو لا17، شتێك قه‌وما لا24، شتێك له ماله‌كه‌دا ته‌قیه‌وه لا25، روداو گه‌لێك قه‌وماون لا36، له‌یه‌كه‌م نیگادا شتێك قه‌وما لا44، …) له چه‌ند ڕوێكه‌وه تێبینی هه‌ڵده‌گرێت، سه‌ره‌تا وشه‌ی قه‌وما هه‌رچه‌نده له‌وه‌ده‌چێت له قیامی عه‌ڕه‌بیه‌وه وه‌رگیرابێت به‌ڵام ده‌مێكه له‌هه‌ندێ ناوچه‌و شێوه‌زاری كوردی شوێنی خۆی گرتووه‌و له زۆر زمكانی جیاوازیش به‌كار ده‌برێت به نمونه له جیاتی (حدث – رویدا)یان(فعل، قام – قه‌وماندی) ، به‌ڵام به بۆچوونی من وا باشتره ئه‌م وشه‌یه له‌جیاتی روداو به‌كار نه‌هێنرێت چونكه وشه‌ی(روداو) بێجگه له‌وه‌ی كه له قه‌ومان ڕه‌سه‌نتر ده‌رده‌كه‌وێت تا رادده‌یه‌كی زۆریش له‌ناو زۆربه‌ی شێوه‌زاره كوردیه‌كانیش نامۆ نیه نهخاسمە له دیالێكتی ناوه‌ڕاست، وه‌له لایه‌كی تر جیاوازی زۆره له نێوان(حدث – قام یان فعل) چونكه یه‌كه‌م روداوێكی خۆكردی له‌خۆوه‌و بێ پلان ویستی مرۆڤه، وه‌ك:(له‌یه‌كه‌م نیگادا شتێك قه‌وما…) به‌ڵام دووه‌میان پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌مه، وه‌ك: (شه‌ڕێكی كرد، قه‌وماندی) كه ناتوانرێ لێره رودان به‌كار بهێنرێ.
وه تێبینی ترم له‌و باره‌یه‌وه جیاوازی نێوان هه‌ردوو وشه‌ی(شت”ته‌ن” – روداو)ــه، دیاره به‌ڵگه نه‌ویسته كه ئه‌و دوو وشانه دوو چه‌مكی جیاواز ده‌به‌خشن یه‌كه‌میان زۆربه‌ی ته‌نه‌كان ده‌گرێته‌وه بێجگه له كه‌س و ڕوداو…، به‌ڵام ڕوداو كرده‌ویه‌كی رودراوه واتا به ئه‌نجام گه‌یشتنی چالاكیه‌كی دیاری كراوه، بۆیه واهه‌ست ئه‌كرێ له‌وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌دا ڕه‌چاوی جیاكردنه‌وه‌یان نه‌كرابێ وه‌ك له لاپه‌ڕه 23 ده‌ڵێ:له‌پڕ شتێك ڕویدا، من لێی ئاگادار نه‌بووم… ، به بۆچوونی من بگووترێ: له‌پڕ ڕوداوێك ڕویدا…، گونجاوتر دێته به‌رچاو، یاخود له لاپه‌ڕه 25 كاتێك ده‌ڵێ: شتێك له ماڵه‌كه‌دا ته‌قیه‌وه… وا گونجاوتره بنوسرێ: (ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ماڵه‌كه‌دا ڕویدا..) چونكه شته‌كه خۆی نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه به‌ڵكوو له ئه‌نجامی ده‌ستكاری كردنی بووه به‌بێ مه‌به‌ست، كه ئه‌وه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی ڕوداو.
به‌هه‌مان شێوه‌ش له لاپه‌ڕه 36دا كه ده‌ڵێ: ڕوداوگه‌لێك قه‌وماون…، من وام پێ گونجاوتره بنوسرێ: ڕوداوگه‌لێك ڕوویانداوه.
هه‌روه‌ها كه له‌لاپه‌ڕه24 ده‌نوسێ: ئه‌و كات شتێك قه‌وما كه مۆرێكی له هه‌موو ژیانی منداو…
له‌وانه‌یه به‌مجۆره هاوسەنگتر بێت بۆ زهنی خوێنه‌ر كه بگوترێ: له‌و كاته‌دا رووبه‌ڕووی ڕوداوێك بوومه‌وه كه بووه مۆرێكی هه‌میشه‌یی بهژیانمهوه…، یاخود هه‌ر گوزارشتێكی تری هاوشێوه.
ئیتر نمونه‌ی تریش زۆرن به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م به پێویست زانی وه‌ك تێبینی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری خه‌رمانه‌ی پڕ له‌به‌ره‌كه‌تی وه‌رگێڕی به‌توانا كاك شه‌فیقی حاجی خدر، هیوادارم سودێكی هه‌بێت.