Skip to Content

مەملەکەتی دوو سێبەر.. وریا مەعروف

مەملەکەتی دوو سێبەر.. وریا مەعروف

Be First!
by كانونی دووه‌م 9, 2026 General, Literature


لە نێوان دوو گردی خۆڵەمێشیدا، کە تەنیا چەند بستێک بێدەنگی لە نێوانیاندا بوو، دوو جیهانی دژبەیەک هەناسەیان دەدا. گردی لای ڕاست، نیشتمانی مێروولە سوورەکان بوو کە ناویان نابوو “شانشینی ئاگر”؛ لە لای چەپیشەوە، مێروولە ڕەشەکان لە ژێر ئاڵای “شانشینی کڵپە”دا کۆببوونەوە. هەردووکیان لە یەک جۆگە ئاویان دەخواردەوە، بەڵام ئەگەر مێروولەیەکی سوور بیبینیایە ڕەشێک لە ئاوەکە نزیک دەبێتەوە، تامی ئاوەکەی لێ دەبوو بە ژەهر.
ڕۆژێکیان، مێروولەیەکی گەنجی سوور بە ناوی “پشكۆ”، لە کاتێکدا دەنکە خۆڵێکی قورسی بەسەر شانەوە بوو، ڕووی کردە هاوڕێکانی و بە دەم سڕینی عارەقەیەوە گوتی: “سەیر کەن چۆن لە ژێر تیشکی خۆردا دەدرەوشێینەوە! ئێمە لە پشکۆی ئاگر دروست بووین. بەڵام ئەوانە…” ئاماژەی بە گردەکەی تر کرد، “…ئەوانە تەنیا سێبەرێکی بێگیانن. خاک چۆن ڕێگە دەدات ئەو ڕەنگە تاریکە لەسەری بڕوات؟”
لەو بەری گردەکەوە، مێروولە ڕەشەکان بە هەمان بێزارییەوە سەیری سوورەکانیان دەکرد. لای ئەوان، ڕەنگی سوور نیشانەی توندوتیژی و خوێن بوو، ڕەنگی ڕەشیش هێمای قووڵی و دانایی زەوی. هەردوولا وایان دەزانی لە دوو ماددەی جیاواز دروست بوون، وەک بڵێی گەردوون دوو جۆر خاکی بۆ تەرخان کردبن.
بەیانییەک، زەوی لەرزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینی. دەنکە گەنمێکی زێڕین و گەورە، ڕێک لە خاڵی سفری نێوان دوو گردەکەدا کەوت. بێدەنگییەکی کوشندە باڵی کێشا. سوورەکان لەسەر لوتکەی گردەکەی خۆیانەوە سەیریان دەکرد، ڕەشەکانیش لەو بەرەوە.
لە پڕێکدا، فەرمانی جەنگ درا…
پشكۆ هاواری کرد: “ئەو زێڕە بۆ پشکۆکانی ئاگرە!”.
فەرماندەی ڕەشەکان وەڵامی دایەوە: “خاک تەنیا پێشکەشی ڕەسەنەکانی دەکات!”.
لە ناوەڕاستی ئەو هەڵڵایەدا، پیرەمێروولەیەکی خۆڵەمێشی کە تەمەن ڕەنگەکەی لێ دزیبووەوە، لەسەر بەردێکی بچووک دانیشتبوو. ویستی بڵێ: “کێ دەزانێت، ڕەنگە ئەم گەنمە بۆ ئەوە هاتبێت پێکەوە باری بکەن؟” بەڵام دەنگی ئەو لە ناو زڕەی چەک و هاواری “باڵادەستی”دا وەک ورتە ورتێکی بێمانا وون بوو.
جەنگ دەستی پێکرد. پشكۆ چاوەکانی سوور هەڵگەڕابوون، مێروولەیەکی ڕەشی لەژێر چەناکە گرت و پارچە پارچەی کرد. بە شانازییەوە سەیری دەستەکانی کرد، بەڵام بۆ ساتێک سڕ بوو؛ ئەو خوێنەی لە جەستەی مێروولە ڕەشەکە دەچۆڕا، ڕێک هەمان ڕەنگی ئەو خوێنە بوو کە لە برینەکەی سەر شانی خۆی دەهات. هەمان گەرمی، هەمان چڕی. بۆ چرکەیەک ترسا؛ ترسا لەوەی نەکا ئەوان بە ڕاستی “یەک” بن و ئەم هەموو ساڵە درۆیان لەگەڵ خۆیان کردبێت. بۆ شاردنەوەی ئەم ترسە، توندتر هاواری کرد و زیاتری خەنجەرەكەی لێگیركرد.
لەو کاتەی گردەکان ببوونە گۆڕەپانی قەسیدە خوێندنەوە بۆ “ڕەنگی پیرۆز”، سێبەرێکی گەورە و ترسناک هەموو ئاسمانەکەی داپۆشی. زەوی بە توندی لەرزی. مێروولەکان سەریان بەرز کردەوە، بەڵام تەنیا تەمێکی ڕەشیان بینی: پێڵاوێکی گەورەی مرۆڤێک کە بێباکانە هەنگاوی دەنا.
هەموو شتێک تەواو بوو. نە “شانشینی ئاگر” ما و نە “شانشینی کڵپە”. لە ژێر قورسایی ئەو پێڵاوەدا، سوور و ڕەش تێکەڵی یەک بوون. تەرمەکان بوون بە یەک تێکەڵەی قووڕاوی. هیچ مێروولەیەک نەبوو بڵێت “خوێنی من پاکترە”، چونکە هەموویان ببوونە یەک پەڵەی بێڕەنگ لەسەر زەوی.”
پێڵاوە قورسەکە دوورکەوتەوە، بەڵام شوێنەوارەکەی تەنیا وێرانکاری نەبوو؛ بێباکانە هەموو ئەو گەنم و ڕەنجەی کە مێروولەکان لەسەری دەجەنگان، بە بنکەی پێڵاوەکەیەوە لکا بوو و لەگەڵ خۆی بردبووی.
پیرەمێروولە خۆڵەمێشییەکە، لە نێوان تەرمی سوور و ڕەشەکاندا دەگەڕا کە ئێستا تەنیا بووبوون بە یەک ڕەنگ: ڕەنگی خۆڵ. سەیری ئەو ڕێگەیەی کرد کە پێڵاوەکەی تێدا ون بوو، پاشان ڕووی کردە ئەو چەند مێروولە بریندارەی کە هێشتا پاشماوەی هاواری “سەروەری” لە قورگیاندا مابوو، بە دەنگێکی نزم و پڕ لە حەسرەتەوە گوتی:
“سەیر کەن… کاتێک ئێوە خەریکی کێشانی هێڵ بوون لە نێوان گردەکاندا، ‘ئەو’ خەریکی کێشانی نەخشەی لەناوبردنی هەردوکتان بوو. ئێوە نەتانزانی کە مێروولە تەنیا کاتێک دەتوانێت زەوی لەژێر پێیەکانی بهەژێنێت کە وەک ‘یەک هێلانە’ بجوڵێت، نەک وەک دوو سوپای نەیار لە یەک خاکدا.”
هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و بەردەوام بوو: “بێگانە پێویستی بە چەک نەبوو بۆ شکاندنی ئێوە؛ تەنیا پێویستی بەوە بوو کە باوەڕتان پێ بهێنێت ‘ڕەنگەکانتان’ لە ‘مانەوەتان’ گرنگترن. ئێستا ‘ئەو’ بە گەنمەکەی ئێوەوە تێر دەبێت، و ئێوەش لێرە پێکەوە لە ناو یەک قەبردا خەریکن دەبنەوە بە خاک.”
ئەمڕۆ، ئەگەر بەلای ئەو دوو گردەدا تێپەڕیت، تەنیا بێدەنگییەکی قورس دەبینیت. با، چیرۆکی ئەو نەتەوە مێروولانە دەگێڕێتەوە کە دەیانویست بە “پەرتکردنی هێلانەکەیان” ببنە گەورە، بەڵام نەیانزانی کە لە یاسای سروشتدا، ئەو دارستانەی درەختەکانی لە ناوخۆدا شەڕی یەکتر دەکەن، دەبێتە باشترین دیاری بۆ تەوری داربڕە بێگانەکان.

Previous
Next

Leave a Reply