Skip to Content

ژێستی تاسان … دانا حمید محەمەد

ژێستی تاسان … دانا حمید محەمەد

Closed
by تشرینی دووه‌م 2, 2020 General

هاوسێیەکم هەیە ماڵەکەی ڕووبەڕووی ماڵەکەی منە، هاوسێکەم پیرەمێردێکی نەوەد ساڵەیە و هەر ڕۆژێ لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، پانتۆڵێکی نیلی و تیشێرتێکی سپی ئەپۆشێ و ئاڵۆزیی چەندین سەعاتی ئەو ڕۆژەی لە باڵکۆنەکەدا بەدەم کێشانی جگەرە و خواردنەوەی چاوە، ڕۆژەکە بەڕێدەکات. ڕۆژانە وەک پیشەیی هەمیشەیی ئەوەستێ تا ئۆتۆمبیلەکان خیابان ڕووبەڕوو تەماشا بکات! هەموو هاوڕێیەکانم کە دێن بۆ ماڵی من، ئەو پیرەمێردەیان لە من زیاتر خۆشئەوێ، دۆستی ئەون و وە منیش لە خۆم زیاتر ئاگاداری ئەبم و خۆشمئەوێت.

ئەویش بەخاتری میهرەبانی و ژیانە تەنهاکەی کە تاسانی ژیان بەرینەداوە، چەندین جار بانگی ئەکەم بەڵام دەنگم نابیستێ، ئەمەوێ هەموو بەیانییەک بەئومێدی بینینی ئەو، لە خەو هەڵئەستم، ئەڵێم: نەوەک شتێکی پێویست بێ. بەڵام من فیکر بکەمەوە ئۆتۆمبیلەکانی خیابان بۆ هەردوکمان گرنگە، چونکە بەشێکە لە پەڕینەوەی ژیانمان بۆ ناو ئاڵۆزییەکانی مۆدێرنیتە! بەهەرحاڵ تەمەنی مرۆڤ تا بەرەو گەورەیی بڕوات، لە مەرگ نزیکتر ئەبێتەوە، وە تاسەی ژیان بۆی سەرنجڕاکێشە، چونکە زۆر شتی جیهان بێزار و دڵخۆشی کردوە. ئەوە ئێستا شتی بچوک کە ئینسان هەر بیری لێناکاتەوە بۆی گرنگ و جێی تێڕامانە وەک ژێستی چرکەی سەعات لەکاتی خەوتندا. بەڵام من وتم چەندین جار ئەمەوێ تۆ ببینم، بەڵام دواتر پەشیمان ئەبمەوە نازانم بۆ؟! ڕاستی کێ ئەڵێ: هەردولامان بواری ئەوەمان هەیە کە یەکتر ببینین، بەهۆی جەنجاڵی و ئاڵۆزیی ژیانی ڕۆژانەوە. من ئەمەوێ لە کاتێکدا بێم بۆلات کە تۆ هیچت ئامادە نەکردبێ بۆ من وەک میوان، چونکە بێزارم لە جدیاتی ئەو دابونەریتە، ئەمەوێ هەرکات هاتم پێکەوە چایەک بخۆین و دەردەڵی یەکتر بدەینەوە، پیرەمێرد ئەم قسانەی منی پێخۆشبوو و وتی منیش لەناکاو بۆمکرا سەردانت ئەکەم لە باڵەخانەکە.

چاوەڕوانی بۆ من، نازانم بۆ پیرەمێردی دراوسێ و هاوڕێم چۆنە؟ بۆ خۆم ڕقم لێیەتی بەتایبەت لەو کاتانەدا، کە هەموو ئومێدت لە چاوەڕوانی دۆستێکدایە، بەڵام ئاڵۆزیی و دەردی هەردوولا نایەڵێ ئەو چاوەڕوانییە بێتەدی، بۆیە من ڕقم لە چاوەڕوانییە. دواتر لەگەڵ پیرەمێردی هاوسێم لەبارەیەوە گفتوگۆم کرد و وتم پێی ڕۆمانێک هەیە بەناوی “چاوەڕوانی” ناوی نووسەرەکەیم لەیاد نییە، بۆتی بێنم ئەیخوێنیتەوە، پیرەمێرد کەمێ حەپەسا و هیچ قسەی نەکرد، دواتر لەبەر من کەوتە قسە وتی نەوەڵا دراوسێی گەنجی شیرینم، چی لەو ڕۆمانی چاوەڕوانییە کەم کە هەموو ژیانی خۆم بریتییە لە تاسانی چاوەڕوانی بۆ ژیان.
ژیان تاڕادەی بێ‌ئۆقرەیی تاسان توشی ئینسان ئەبێ لە چرکەیەکی ژیاندا، بەشێوەیەک دوچاری شۆکت ئەکات، کە پێی نەزانی خۆت.

وە ئەو کات سێبەری هەموو ئەو خیابانە قەرەباڵغەی ماڵی خۆم و پیرەمێردەکە، بە سەردەمەوە کێ ئەڵێ چەندمان بەهیلاکی ژیان بەڕێکردوە. بەچەشنێ خیابان و کتێبخانەکەی نزیک باڵەخانەی من و پیرەمێردی تیادا ئەژین لە هەموو خزمێک بۆمان دڵسۆزترە، چونکە زۆربەی ئەو کاتانەی شوێنێک نیە بڕۆین بۆی خۆمان دەخەینە نێو دێڕی کتێبەکانەوە. تازە لە باڵکونی پەنجەرەکەمانەوە کە گوڵاکان ئاو ئەدەم هەست ئەکەم زیاتر تینووی ژیانن، کە گوڵەکانم دەمێ بوو ئاونەدابوو، سیس و ژاکاو بوون، منیش ڕۆشتمە چێشتخانە و سوراحیەک ئاوم کرد بەدیاری بۆ گوڵدانی گوڵەکان، بۆیە لەو کاتەدا بیرم بۆ لای پیرەمێردی دراوسێم ڕۆشت و هەستم کرد گوڵاکانیش وەک من و پیردەمێردەکە ژاکاون بەدەست تاسانی ژیانەوە.

پیرەمێرد منی بێ‌چاوەڕوانی و بێ‌مەرج خۆشئەوێ، هەتا هیچ بۆی گرنگ نییە، کە هیچ پیشەیەک نازانم، ئەو یارمەتیم ئەدات لە ڕێکخشتن و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆتینی ڕۆژانەمدا، تازە پێکەوە لە پشتی پەنجەرەکەوە سریالێک یان فیلمێک کە بڕیارە هەفتەی ئاییندە نیگایی بکەین و دواتر گفتوگۆی بکەین. بۆیە بۆ ئەم هەفتەیە من پێشنیاری بینینی فیلمی”مهری حەوتەم” بێرگمانم پێشنیار کرد کە لەگەڵ پیرەمێردا بیبینین، ئەویش ڕازی بوو، بەڵام وتی ناوەڕۆکی فیلمەکە باسی چی ئەکا، منیش وتم باس لە مەرگ و چیەتی مەرگ ئەکات، بۆیە پیرەمێرد بۆی گرنگ بوو، پێش مردن قوڵی و ئاڵۆزیی
مەرگی بۆ ڕوون ببێتەوە لەڕێگەی تەئویلاتی بێرگمانەوە.

پیرەمێرد بەوپەڕی بڕواوە ژیانیشی خۆشئەویست، وەک من نەبوو لە سەرەتایی لاویمدا تاسانی ژیان بمپڕوکێنێت، کۆتاجار کە یەکترمان بینی، هەفتەیەکی دوایی بینینی فیلمەکە بوو، وتی: من چاوەڕوانییم لە کەس نییە، مەگەر بڕیار نییە لەم خیابان و باڵەخانەیە، ژیان بکەین تا چاو لێکئەنێین. گوتم با بەو شێویەیە کە یەکتر لە ئامێز بگرین و کەسی یەکتر بین، بەڵام چاوەڕوانی یەکتر ناکەین بۆ مەرگ، بڕیار بوو تەماشای فیلمێکی تر بکەین کە باس لە عەشق دەکات، من و پیرەمێرد هەردووکمان بەجۆرێ لە ژیانماندا تێشکاویی دەستی بووین، پیرەمێرد لە عیشقێکدا کە زۆر تامەزرۆیانە کچێکی خۆشئەویست پێینەدرابوو بۆیە بڕیاری دابوو ژیانی تەنهایی هەڵبژێرێ تا ئەو کاتەی مەرگ ڕاپێچی گۆڕی ئەکات و منیش بەشێوەیەکی تری ماجەرایی ئەو عەشقەیی پیرەمێرد لە سەرەتایی کاروانی هەگبەمدابوو، نازانم منیش وەک پیرەمێردەم لێدێ یان کونجێکی تەلیسماویی تری ژیان ئەزمون ئەکەین.

بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای ژیانی پیرەمێردی نەدا کە پێکەوە فیلمی عاشقی ببینین، بەڵام مەرگ مەودای نەدا فیلمەکە ببینین، منیش دوایی مەرگی پیرەمێردەکە ئەو خیابان و باڵەخانەیەم بەجێهێشت و بارگە و پەناهەندەیم بۆ ناشوێنێکی تر گواستەوە. کە جارێ نازانم کوێیە؟ ئەوەی لەگەڵ پیرەمێردەکەدا پێکەوەی ئەبەستینەوە زبری تاسانی ژیان بوو. لەنێوان دوو ژێستدا، کە پڕ بەدڵ و ڕۆح هاوڕێیەتی یەکترمان خۆشئەویست. منیش بڕیاری ڕۆشتنمدا بەرەو مەنفایەکی تر… کە تاسەی نیگای تاسانی ڕۆژانی ئەو پیرەمێردە ئەکەم، تۆ بڵێی ئەو مەنفایەی من بۆی ئەڕۆم هاوڕێیەکی تر لە چەشنی ئەو پیرەمێردە ئەزمون بکەم.

Previous
Next
Kurdish