ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!.. ڕێبوار ڕەشید
لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵاخومەینیدا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی وتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو.
جێی داخە، ئایەتوڵاخومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.
هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستیەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.
هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمینی ئایەتوڵاخومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان. لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.
خامنەیی رابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.
خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە راوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائیەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.
خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لە ئەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.
خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.
کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام راستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ریز دەبن و تنۆکە ژەهر لە سەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتیپێکردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!
جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.
ئایەتوڵاخومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەبدا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە.
کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵاخومەینی نابێت.
کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و ئەسەدی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدن ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی نفوزێکی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینیەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراقیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتوریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەشی لاواز کرد.
کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژائاوای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکووردایە کە ئەردؤغانی ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئیستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.
ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامناییەک و ئەردۆغانێک بەرگەی ناگرن.
خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینیشی دەچێتە سەر.
مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەییش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.
هەستێکی تۆڵە سەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و رۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێراندا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران رۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان.
تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.
”ژن، ژیان، ئازادیی!“
“ژن، ژینا، ئازادیی!”
ڕێبوار ڕەشید
١٣/١٢/٢٠٢٤