
هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی
1
ماچەکانم کڵپەی ئاگرێکن
گڕ لە دارستانی حەزت بەرئەدەن
وەک لاولاو
بە سنەوبەری باڵای کریستاڵیتا هەڵئەزنن و
لە نێو مەمکەکانتا
وەک پارچە ئەڵماسێک ئەبریسکێنەوە
وەرە لەو دەمەی
بزەکان بە لێومەوە دەست ئەکەن بە وەرین
یان لەو کاتانەی
وەک پاشماوەیەک فڕێ ئەدرێمەوە سەرنووێلک
بە ماچە بریقەدارەکانت
پرچی رۆژگارە تاڵەکانم بڕوتێنەوە
هەردوو دەستی تاساوم
لەنێو نازی مەمکۆڵانتا کۆبکەرەوە
2
کراسە خوێناوییەکەم ببەنەوە بۆ دایکم
گەنجیم لە نێو زیندانی پیری دەربکەن
مەرگم بە ئاوی شیرینی ژیان بسمیل بکەن
ئاواتەکانم لەنێو قەفەزی سەرم ئازاد بکەن
حەسرەتەکانم لە سێدارەی رۆحم داگرنە خوارێ
پەنچەرە داخراوە ژەنگگرتووەکانی ئومێدم بکەنەوە
روانینە خنکاوەکانم لە زەریای پەژارە دەربهێنن
کراسە خوێناوییەکەم ببەنەوە بۆ دایکم
پێی بڵێن کوڕە چاو دەریاییەکەت
باڵندەیەکی کۆچەریی و
دوایین شەهیدی داستانی ئەوین بوو
3
من جێت ناهێڵم
تاکو زریانم رۆحم
لە باوەشتا هێور نەبێتەوە
تاکو بارانی چاوەکانم
بەسەر مەزرای میهرتا نەبارێ
تاکو خوناوی تەنهاییم
بە فرمێسکت نەشۆمەوە
من جێت ناهێڵم
تاکوو خەرابستانی دڵم
بە ماچەکانت نەکەمە گوڵشەن
تاکو ژووری چۆڵی سۆزم
پڕ نەکەم لە پێکەنینەکەت
تاکو هەستی پەرتم
لەنێو نیگاکانتا کۆنەکەمەوە
من جێت ناهێڵم
4
وەرە لە ئاوێنەی فرمێسکەکانما
تابلۆی ناسکی خۆت ببینە و
لەسەفەری عەشقا
لە دەربەندی دێوانەیی لەسەرم بوەستە،
لە پەنجەرەی چاوەڕوانییەوە
دووبارە سەیری دەرکەوتنم بکە
لە نوێژی خۆشەویستیدا
رۆژی حەڤدە جار ناوم بهێنە،
لە خەیاڵێکی پەمەییدا
دڵە کێوییەکەم دەستەمۆ و ماڵی بکە
لە ئاسمانی منەوە
گۆرانی بۆ باڵندە بێزارەکان بچڕە
لە کۆتایشا خەونە خاڵییەکانم
پڕ بکە لە بریسکەی ئەوینت
5
کە توامەوە لە تۆدا، قاوەی رۆحتم شیرین کرد
کە توامەوە تیاتدا شاباڵەکانی فڕینم کرانەوە
کە توامەوە لە خەیاڵەکانتا، بوویتە لاولاوێک
بە ئارەزووە سپییەکانی دڵی منا هەڵگەڕایت
6
لە زەمەنی دێوانەکانەوە هاتووم و
باهۆزی عەشقت لە دوورەوە منی هێنا،
خۆشم ئەوێی تا دوا هەناسەی وجود و
یەکەمین وێستگەی تاریکی نێو گۆڕ
پێش مەرگم هەر دێم و
ئاوی گۆزەی مەمکەکانت ئەخۆمەوە
ئەگەر بزانم دوا هەناسەی ژیانمە
لێوی وشکم لە تەڕایی لێوت ناکەمەوە
ئازیزم لە نامەی دڵما بۆ نوسیووی
مردن لە ئامێزی تۆدا توانەوەیە لە ژیانا
ژیانیشم مەرگێکە لە تاسەی دوورییەکەتا
7
ئەو دەمەی
دەم ئەکەمە ناو خۆشاوی دەمتەوە
تک تک ئاوی چێژ
بەر پێی رۆحمان ئەشواتەوە
کاتێ پەنجەکانم لەنێو مەمکەکانتا
گیتاری گووشین ئەژەنێ
سەراپا گیانمان
لە بارانی بە خوڕی چێژ هەڵدەکێشرێ
کاتێ وەک کانی و چەم
جەستەمان تێکەڵاوی یەکتر ئەبێ
وەک دوو مەل
دەروازەی ئاسمانی رامووسان بەروومانا ئەکرێتەوە
8
واز لە سەفەر بهێنە
من لەوسەری سەفەرەوە هاتووم
واز لە کۆتر بهێنە
لە شانشینی پەروانەوە هاتووم
واز لە دڵتەنگی بهێنە
لە هاژەی پێکەنینەوە هاتووم
واز لە کاتژمێر بهێنە
لە دەرەوەی زەمەنەوە هاتووم
واز لە نیشتمان بهێنە
لە دۆزەخی تاراوگەوە هاتووم
واز لە ئاگر و کڵپە بهێنە
لە مەجەڕەی ئاوەوە هاتووم
واز لە مانگەشەو بهێنە
لە تینی هەتاوەوە هاتووم
واز لە تەمەن بهێنە
بە بێشکەکەی منداڵییەوە هاتووم
واز لە شەرم بهێنە
لە کیشوەری ماچستانەوە هاتووم
هاتووم تا مەغریبەکانت
بخەمە کۆشی سپێدەکانمەوە
هاتووم تا هاوارەکانت
بخەمە دێڕەکانی بێدەنگیمەوە
هاتووم تا دڵی گێلاسیت
بخەمە قەفەزی ئەوینی خۆمەوە
9
عەشقت بۆتە خەونم و
هیچ ناخەوم بێ ئەوەی
لە گەشتێکی خەیاڵئامێزدا پێت نەڵێم
دەمارەکانت پڕ پڕ بکە
لە خوێنی یاخیبوونم
تەمبووری دەرکەوتن و هاتنت
رووەو من بژەنە
نامە دڵڕەفێنەکانت
بە مرەکەبی ماچەکانم بنووسەوە
هەورە گەڕۆکەکانت
بە ئاسمانی تەنهاییم بسپێرە
دۆزەخت لە بەهەشتی گۆرانییە ئاشقانەکانم
فێنک بکەرەوە
سەرکێشییەکانت
بخزێنە نێو شیعرە سەرگەردانەکانمەوە
شەوە ئەنگووستە چاوەکانت
لە رووناکی رۆژەکانم هەڵکێشە
پەیکەری جاویدانی ئەوینت
لەسەر تەمەنم هەڵبکۆڵە
نیگا نەرمەکانت
بخە نێو توێی چاوە سەوزەکانمەوە
پۆستەکانی خەیاڵت
بخە نێو سندووقە سوورەکەی دڵمەوە
سەفەرەکانت با لەسەر ئەو خەیتەرە بێت
دەتگەیەنێ بە من
وەرین و خەزانەکانت
لە باخچەی سۆز و مەستیما بڕوێنەوە
دەفتەر وێنەکانت
بە حیبری ئەسرینەکانم رەنگ بکە
هەنسکەکانی بێزاریت
بکە بە ئاوازێک بۆ سترانە قەرەجییەکەم
بیرەوەرییەکانت
لە بۆنی پێکێک عەتردا بنێرنە بۆ قەڵەمەکەم
دڵە ڕەنجاوەکەشت
بە کزەبای خۆشەویستیا ڕەوانەی چاوەڕوانیم بکە
سوێد – ستۆکهۆڵم
2017