ژینگە دۆستی نیشتمانپەروەرانە.. د. شەماڵ ئیسماعیل پوور
بەرایی
هەرچەند ئێستا دۆخی ژینگە لە جیهاندا لە خراپترین ئاستی خۆی دایە و گەورەترین هەڕەشەی لەسەرە، بەڵام هەموو تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگا و بەرپرسان و هەموو خاوەن حوکمان و دەسەڵاتداران بەوە هەڵدەسەنگێندرێن کە تا چەندە ژینگەدۆست و ژینگەپارێزن.
لەگەڵ هەر سەقەتکردنێکی ژینگەییدا، ژینگەدۆستییەکی تایبەت دێتە ئاراوە. مرۆڤی ئێستا لە ڕابردووی خۆی لەمەڕ ژینگە دۆستی و ژینگەپارێزی شەرمەزارە و کولتووری جیهانی سەدان چیرۆکی دڵتەزێنی ژینگەتێکدەری بە تەوێڵەوەیە و دەیان فیلم و نووسراوەی تایبەت به قڵت و بڕی گیاندار و ئاژەڵی تایبەت لە جیهاندا ماوەتەوە کە مرۆڤی ئێستا بە شەرمەوە لێی دەڕوانێ.
بۆ شفرەی فیل و پێستی کڕۆکۆدیل و ڕێوی و پڵینک و بەور و دەیان ئاژەڵی دیکە سەدان جەنایەت کراوە کە مرۆڤی ئەوکات بە شانازییەوە لێی ڕوانیوە و تەنانەت وێنەی خۆبەزلزانانەی لەسەر گرتووە و بە دیواری دیوەخانەوە هەڵیواسیوە. زۆر بێڕەحمانە گیاندارانیان قڕ کردووە و کەسیش مێشێکی لێ میوان نەبووە.
لە کوردستان دەکەوتنە گیان دار و بێشە و بە هەزاران داریان دەبڕیەوە و دارستانەکانیان خاپوور دەکرد. بۆ گرتنی ماسی ژاریان لە چۆم و ڕووباران دەکرد و هەزاران ماسی گەورە و بچووکیان قڕدەکرد و لە هەمان کاتیشدا چی بۆق و ڕەقە و گیانداری ئاوییە قڕ دەبوون و دەکەوتنە قەراخ ئاو. ئاگریان لە دارستانەکان بەردەدا و بەداخەوە ئەم کردەوە دزێوە ئێستاش بەردەوامە و ژینگەی لێڕەواڕی تێکداوە و خەسارێکی قورسی ئاوقەی ژینگە کردووە و خەساری گیانی و مرۆییشی لێکەوتۆتەوە و چەندین کەسی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لەکاتی ئاگرکوژانەوەدا گیانیان بەخت کردووە و شەهید بوون. وەرزێڕی لێنەزان و دڵڕەق ئاگریان لە پەرێزەکانیان بەردەدا و دەبوونە هۆی سووتاندنی هەموو چەشنە مار و مێروو و ئاژەڵێکی نێو پەرێزەکان. بازرگانان و دزانی ئاسەوارە مێژووییەکان سنگی سەدان چیای ئەم نیشتمانەیان بۆ بەرد و ئاسەواری مێژوویی شەقار شەقار کرد و دیمەنی جوان و شوێنی ژیانی ئاژەڵانیان شێواند و هیچ قازانجێکیش بە خەڵک و ژینگەکەی نەگەیشت. دەردی سەرباری دەردان ئەوە بوو هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی، پێشی بەو کاولکاریانە نەگرت و لە ئاست ئەو وێرانکارییە نابەرپرسانەدا خۆی بە بەرپرس نەزانی. ئێستاش بۆ ڕاوەستان لە بەرانبەرهەر کارەساتێکی ژینگەتێکدەرانەدا تەنیا دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران خۆیان بە بەرپرس دەزانن و بەدەستی بەتاڵ دەچنە شەڕی ئاگر و لافاو و دوژمنانی ژینگە و بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین کەس لەم ڕێیەدا گیانیان بەخت کرد. موخابن دەوڵەتانی ناوچەکەش هیچ پڕۆگرام و بەرنامەیەکیان بۆ ژینوار و ژینگەپارێزی نییە و بە هیچ جۆرێک یارمەتی ئەوان نادەن و تانانەت تەگەرەشیان دەخەنە بەرپێ و زۆرجار تووشی گرتن و بەند و بێبەشی لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دەکەن.
ئێستا و ژینگەپارێزی:
لە جیهانی مودێڕندا ژینگەپارێزی ئاکارێکی بەهاداری مرۆڤە و شارۆمەندی لێزان و لەخۆڕابین شانازی بەم تایبەتمەندییەوە دەکات. مودێڕنیتە دەخوازێ کە مرۆڤ بە پێی پڕنسیپەکانی ژیان لە ژینگە بڕوانێ و بایەخی هەر شتێکی سروشتی بناسێ و ڕێزی لێبگرێ. بەم پێیە لە هەر کۆمەڵگایەک مودێڕنیتە جێگیر بووبێ ، ژینگەپارێزی سەری هەڵداوە و مرۆڤ بەڕێزەوە ڕوانیویەتی بۆ سروشت. بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ژینگەدۆستی نەبۆتە دیاردە و تاکی کۆمەڵگا ئەم تایبەتمەندییە بە خۆی ڕەوا نابینێ.
ئێستا ژینگەپارێزی تایبەتمەندییەکی ڕۆشنبیرانەیە و تاکی ڕۆشنبیر خۆی بە دۆستی ژینگە دەزانێ و پاراستنی ژینگە دەخاتە ڕیزی کارە هەرە جیاواز و جوانەکانییەوە. تاکی کۆمەڵگا ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە هەموو سروشت هی ئەوە و بە بێ سەرنجدان بە ناوچەگەرایی خۆی بە خاوەنی هەموو سروشت و ژینگە دەزانێ. هەنووکە کۆمەڵگا لە ئاکاری ژینگەپارێزی مرۆڤسەنتەرەوە ڕووی لە ئاکاری ژینگەدوستانەی گیاندار و سروشت سەنتەر و بێگیانخوازی کردووە و سروشتخوازی ( نە بە مانا فەلسەفییەکەی) دروشم و توخمی سەرەکی پڕۆگرامی ژیانی مرۆڤی سەردەمە . ئێستا هەموان تێدەگەن هەر گیاندارێک لە سروشتدا بەها و پێگەی خۆی هەیە و کەمبوونەوە و لاچوونی خەساری تایبەت به خۆێ هەیە و هەنگاوێک لەوەش سەرتر چوون و لایان وایە هەموو شتتێکی سروشتی خاوەن زەروورەتی خۆیەتی و دەبێ بەهاێ تایبەتی پێبدرێ.
کورد و ژینگە:
ژینگە و ژینواری کورد بە جۆرێک لەگەڵ ژیانیدا تێکەڵ بووە کە کورد بە درێژایی مێژوو، ژینگەکەی خۆشویستووە و ژیانی لە ژینگە جیا نەکردۆتەوە. کورد هەرگیز مرۆڤسەنتەرانە لەگەڵ ژینگە مامەڵەی نەکردووە و خۆی لە ژینگە بەجیا نەزانیوە. چاوە کانییەکی وەکوو ڕۆحی خۆی پاراستووە و دار و بەردی ئەم وڵاتەی بە قەد خۆی خۆشویستووە. باوەڕی پتەوی بەم خاڵە گرینگە بووە کە بە بێ ژێنگە بێ نیشتمانە و بۆ نیشتمانیش سەر و ماڵ و گیان و خوێن و ژیانی فیدا کردووە. ئەمە بەم واتایە نییە کە هەموو خاڵەکانی ژینگەپارێزی ڕەچاو کردووە و هیچ ئاکارێکی دژ بە سروشت و سروشتدۆستی نەبووە. بەڵام لەچاو نەتەوەکانیتر زۆتر ئەوینداری سروشت و ژینگە بووە و باشری پاراستووە . وەک دەڵێن هەمیشە لای وابووە کە جیا لە چیاکان و داوێنی سروشتی شاخاوی خۆی دۆستێکی نەبووە.
بەداخەوە زۆر جار بە هۆی پیلانی تایبەت و پەروەردەی کەسانی نەفسنزم و خۆبەکەمزان ، کەسانێک دژ بە ژینگە وێستاونەتەوە و لە ڕاوی کەو و ڕێوی و کەروێشک و باڵندە و هتددا زێدەڕۆییان کردووە و ڕکەیان بۆ پەلەوەری جوان و ئازاد و ناوازە دروست کردووە و ژیان و ئازادیان لێ ئەستاندوون. بە درێژایی مێژووی ئەم گەلە تەنیا دوو چین دژ بەم ژینگەیە وێستاونەتەوە:
یەکەم؛ ئەوانەی وا کەمتر زانا بوون و ژیانیان بە نەزانی هەوێن کردووە و هەڵسوکەوتیان نابەرپرسانە و نەزانانە بووە. ئەمانە بە پێی ڕادەی بیری تەسکی خۆیان ، سروشت و ژینگەیان ناسیوە و بەداخەوە بێڕەحمانە لەگەڵی جوڵاونەتەوە . نەزانی و خورافەپەرەستی کارێکی کردووە ئەو کەسانە لەخۆڕا ببنە دوژمنی مار و ددانژومێرە و سەرمازۆڵکە و کوندەبوو و ….
دووهەم؛ ئەو کەسانەی وا خاین بە گەل و نیشتمانن و بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی وڵاتەکەیان هەر کارێکیان بە ڕەوا زانیوە . ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی چاوشۆڕ و نیشتمان فرۆش و دژ بە ئاو و خاکی خۆیانن و بۆ تێکدانی جوانی و ئارامی و سەروەری نیشتمان و گەلەکەیان لە هیچ کاولکاری و ناحەزئاکارییەک ناپرینگێنەوە. ئەم تاقمە بەڕادەیەک خۆبەکەمزان و دۆڕاون کە حازربوون چی خراپەیە دەرحەق بە خاک و ئاو و نیشتمان و سروشتی خۆیانی بکەن.
ئێمە و ژینگە:
بۆ پاراستنی ژینگە کۆمەڵێک شێواز و پڕۆگرامی تایبەت هەیە کەبڕێکیان جیهانین و هێندێکیان کولتووری و پەروەردەیی و ناوچەیین. ئەو شێواز و پڕۆگرامانەی وا جیهانین و هەموو خەڵکانی جیهان تا ڕادەیەک لەسەری کۆکن بریتین لە:
یەکەم؛ ڕێکەوتننامەی ژینگەیی خۆبەخشانەی وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوو ، کە بە حەزی خۆیان و بە پێی پێشکەوتنە گشتییەکانیان لەم بوارەشدا شێوازی ژینگەپارێزی خۆیانیان بووە و خۆیان بە بەرپرس زانیوە و پڕۆگرامی تایبەتیان داڕشتووە.
دووهەم؛ شێوازی ئێکۆسیستم (زیندەوەرانی ناوچەیەک و پێوەندی نێوانیان) کە لەم شێوازەدا سەرنج دەدرێتە سەر پێوەندی نێوان هەموو زیندەوەرانی ژینگە.
سێهەم؛ قەولوبڕنامەگەلی نێودەوڵەتی، کە لە ناوەندە تایبەتەکانی نێودەوڵەتی و جیهانیدا کاریان بۆ دەکرێ و بە شێوەیەکی فەرمی بۆ هەموو نەتەوەکانی جیهان دەبنە بەرنامەی کاری و هەموان دەبێ ڕەچاوی بکەن و وڵاتانی جیهان بە نوێنەرایەتی خەڵکی وڵاتی خۆیان دەبنە ئەندامی ئەو قەولوبڕنامانە و بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن پێبەندیان بن. ئەگەر ئاو و خاک ونیشتمان و ژینوارێک هیچکام لەو حاڵەتانەی سەرەوە شک نەبات و بەدەر لە هەموو ڕێکەوتننامەکانی ژینگەیی و شێوازەکانی ئێکۆسیستم وقەولوبڕنامەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ ، دەبێ چۆن بمێنێ و چۆن خۆی لەو دۆخە هەستیار و ئەستەمە ڕزگار بکات؟ بەم هەموو خەمساردی و بێ بەرنامەبوون و ئاڵۆزییەوە چۆن تاکی ژینگەدۆست پەروەردە بکرێ؟
خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. تاکی نیشتمانپەروەرکاتێک ئەو ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و بە دڵ ، دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێروو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟ ئەم خۆشەویستییە لە ڕێی پەروەردەوە لە ڕۆح و دەروونی تاکدا چەکەرە دەکات و سەوز دەبێ. قوتابخانەکان دەبێ هەوێنی سروشت خۆشەویستی بخەنە دەروونی قوتابییەوە و شێوەی پاراستنی سروشت و ژینگە بە هەموان فێر بکەن و لەو ڕێگەوە کۆمەڵگایەکی سروشتخواز و پارێزەری نیشتمان دروست بکەن. سیستمی پەروەردە دەبێ پلان و گەڵاڵەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ببێ و بە جۆرێک لەبەر چاوی قوتابی شیرین بکا کە زیندوومانەوە و ساخبوون و ئارامی خۆی بە سروشتی هاوشێوەوە ببەستێتەوە. نووسەران و شاعیران و دەرهێنەرانی فیلم و بەگشتی هەموو ئەو کەسانەی بە جۆرێک دەتوانن لەسەر پەروەردە و دروست بوونی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا شوێندانەر بن، سروشتخۆشەویستی و ژینگەپارێزی بکەنە هەوێنی کارەکانیان.
ئاکام:
ژینگە پارێزیش یەکێک لە لێهاتووییەکانی مرۆڤە و دەبێ فێری ببێت و لەسەری ڕابێت. واتە لێهاتووییەکی شیاوی عاملاندنە و مرۆڤ دەبێ فێربکرێت. ئەم ئەرکە لەڕاستیدا لە ئەستۆی سیستمی پەروەردەیە و دەبێ ئەو پێکهاتە مەزنە لێی بەرپرسە بێت. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەداخەوە پەروەردە گوێی خۆی لێ خەواندووە و بەلایدا ناچێ. لەوەها حاڵەتێکدا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵە و نووسەران و ڕۆشنبیران وئین.جی.ئۆکان و هەموو ئەو دامەزراوە خەڵکیانەی خۆبەخشانە بۆ ئەم کارە دامەزراون و چالاکی دەکەن. کەوابوو هەموومان لەم بواردە بەرپرسین و دەبێ هەرکەس بەڕادەی توانایی خۆی خزمەتت بکا و بۆ پاراستنی ژینگەکەی هەوڵ بدات. دەبێ تاکی کۆمەڵگای ئێمە بەو حەقیقەتە بگات کە نیشتمانپەروەری تەنیا پاراستنی نیشتمان لە دەست داگیرکەر و نەتەوی نییە ، بەڵکوو خۆشەویستی و بەرپرسایەتیشە لە حاند ئاو و خاک و دار و بەرد و ئاژەڵ و مار و مێروو و گیا و گژی نیشتمان.ئێستا شارۆمەند پێش لە هەموو ئەرەکانیتری ، پاراستن و خۆشەویستی نیشتمان و ژینگەکەی شائەرکە بۆی.
د. شەماڵ ئیسماعیل پوور / سەقز
———————————–
سەرچاوەکان:
ئا؛ فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی، ڕێبوار سیوەیلی ، هاوبەشی ڕێکخراوی زەریاب و ئاژانسی پایا٫ ساڵی ٢٠٢٠
ب؛ بووکە بەفرینە ، شەماڵ ئیسماعیل پوور، ناوەندی چاپی گوتار ، ساڵی1395
پ؛ ویکی پیدیا