Skip to Content

لێپێچینەوە…..(1).. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی”بەدەستکارییەوە”: پشکۆ ناکام

لێپێچینەوە…..(1).. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی”بەدەستکارییەوە”: پشکۆ ناکام

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2022 General, Poems




(1)
كێ “ئیمام”ەکەی کوشت..؟
ژوورەکەم ئاخن بوە لە ئاسایش
كێ ئیمامەکەی کوشت..؟
شانم کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی ئاسایش
كێ ئیمامی خاوەن “ڕێباز”ەکەی کوشت..؟
جبە و کەشکۆڵ”دەفتەری نووسینەکان”ی دڕان
و
تەسبیحە نایابەکەی هەڵوەشان
بەڕێزان :
بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت
نینۆکم دەرمەهێنن
هەردەم لە لاشەی کۆژراوەکەیا
ئەدۆزرێتەوە حەقیقەت
(2)
كێ ئیمامەکەی کوشت..؟
ئاسایشی پڕ چەک یەنە ژوورەوە
ئاسایشی پڕ چەک ئەچنە دەرەوە
ژوورەکەم جمەی یەت لە:
فایل……
مایک و ڕێکۆرد کردن …
كامێرا و وێنە گرتن……..
بەڕێزان:
كە من هەرچییەک بڵێم و نەڵێم
ئێوە هەر لەسەرم ئەنووسن
ئیتر” ئیفادە”ی من بەچی ئەچێ…؟
كە من هەر چییەک بڵێم و نەڵێم
ئێوە شەقی خۆتان هەر ئەوەشێنن
ئیتر هاوار و پاڕانەوەم ئەگا بە کوێ…؟
چونکە لەوەتەی ئێوە فەرمانڕەوای ووڵاتەکەمن
بیر کردنەوەتان هەر بەلای منا ئەچێ
(3)
بەڕێزان :
كۆمۆنیست نیم وەک پێتان ووتراوە
کۆنەپەرست نیم وەک پێتان ووتراوە
خەڵکی ئەم شارەم
كەستان تیایە بزانێ
كوا شارەکەم..!!
كەستان تیایە شارەزای ئەم شارە بێ..؟
بە ئاوی ئەم شارە تینوێتی شکا بێ..؟
بەڕێزان: دڵنیا بن
لە هەموو باخچەکانا
گوڵێکی وەک ئەم شارە نادۆزنەوە
لە هەموو دوکانی” خشڵ و خۆ ڕازانەوە” فرۆشەکانا
مروارییەکی وەک ئەم شارە نادۆزنەوە
دوو چاوی غەمباری
وەک شارەکەم نادۆزنەوە
(4)
بەڕێزان :
بە کرێ گیراوێکی ناپاک نیم
وەک سیخوڕەکەتان ئەڵێ
نە گەنمێکم دزیوە
و
نە مێروولەیەکم کوشتوە
و
نە قەت بنکەیەکی “پۆلیس”م دیوە
گەورە و بچووکی گەڕەک ئەمناسن
مناڵ و درەخت و کۆترەکان ئەمناسن
پەیامبەرەکانی خودا ئەمناسن
سەرم چوو بێ نوێژم نەچوە
بەڕێزان :
هیچ خوتبەیەکی جومعانم لە کیس نەچوە
هەر لەگەڵ ژنەکەمام و شەڕواڵ پیس نیم
سی ساڵە
خەریکی ڕیکعات و چەمانەوەم
هەر خەریکی لەبەر هەستان و دانیشتنەوەم
لە پشتی حەزرەتی ” مەلا”وە
گوێم هەڵخستوە
ئەڵێ:
خودایە دەوڵەتی جولەکە و کافرەکان مەحو کەیتەوە
ئەڵێم :
خودایە دەوڵەتی جولەکە و کافرەکان مەحو کەیتەوە
ئەڵێ :
خودایە تەفڕ و تونایان کەیت
ئەڵێم :
خودایە تەفڕ و تونایان کەیت
ئەڵێ :
خودایە وەجاغ کوێریان کەیت
ئەڵێم :
خودایە وەجاغ کوێریان کەیت
ئەڵێ :
بەر و بومیان بە با کەیت
ئەڵێم :
بەر و بومیان بە با کەیت
بەم جۆرە بەڕێزان :
سی ساڵە
لە “گەوەڕ”ێکی مەڕا ژیاووم
وەک مەڕ ئەلەوەڕم
وەک مەڕ ئەنووم
وەک مەڕ میز ئەکەم
وەک دەنکێکی تەسبیحەکەی مەلا
یەم و ئەچم
هەرچی ئەو ئەیڵێ
وەک تووتی ئەیڵێمەوە
ئەقڵم نیە
كەللەم نیە
قاچم نیە
لە”ڕیش”ییەوە هەڵامەت هەڵئەمژم
و
“سیل”یش لە ئێسقانەکەی
سی ساڵە
هەروەک چەپکێ “کا”ی سەر فەرشە سوورەکە
كەڵەکە بووم
هەموو جومعەیەک بە خوتبەیەکی کەتیرە ئاسا
بەر قامچی ئەدرێم
قسە ی کوێر قووت ئەیەم
قسەی پڕ و پوچ قووت ئەیەم
بەڕێزان :
سی ساڵە
لە “ئاش”ێکا ئەژیم
جگە لە هەوا
هیچی ترم نەهاڕی
(5)
بەڕێزان :
بەم خەنجەرەی کە ئەیبینن
سنگ و شانیم بەر چەقۆ یا
مێشکە تەختە ووشک بوەکەیم
…..بەر چەقۆ یا
بە ناوی خۆم
و
ملیۆنەها “مەڕ” بەر چەقۆم یا
ئەزانم سزای تاوانەکەم
…….سێدارەیە
بەڵام لەگەڵ ئەوا
هەموو ئەو قالۆنچانەم کوشت
كە بە شەو ئەخوێنن
ئەوانەش کە لە سەر شۆستەی خەوەکانا
پاڵیان لێ یاوەتەوە
لەگەڵ ئەوا
هەموو خوێن خۆرەکانی باخچەی ئیسلامم کوشت
و
هەموو ئەوانەی لە:
عەماری ئیسلاما
داوای ئازووقە ئەکەن
كوشتم و لەگەڵیا
هەموو ئەوانەم کوشت
كە هەزار ساڵە
قورسایی ئینسانیان
بە تەرازووی قسەی بەتاڵە
…………………………
“””””””””””””””””””
Dec/2022
“”””””””””””””””””
(1)= بە بەروارد کردنی وێنەی ڕووداوەکانی دەقە عەرەبییەکە لەگەڵ کوردستانی خۆمانا
لەیەک چونێکی تەواو هەیە بۆیە لە جیاتی”شام” باس کردن لە “شار” ناوەڕۆکەکەی ناگۆڕێ و بۆ ڕیتم و زمانی شیعریش ووردە دەستکارییەکی تیا کراوە…

Previous
Next
Kurdish