Skip to Content

دەست بە ژیانەوە بگرە!… شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەست بە ژیانەوە بگرە!… شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 5, 2022 General, Poems

دەست بە ژیانەوە بگرە
با دەنگی(چووک)ی شان هەڵتەکاندنت
وەک ئاماژەی نازانم، فریوی گوێچکەکانت نەدا
ڕیتواڵە ناڕێکەکانی (بێ تۆیی)م پێ نەنێنە سەر دڵۆپە ڕژاوەکانی حەسرەت
(سبەینێ)کان لەبازاڕی ڕۆژە ئاساییەکانی ژیاندا
گیرفانی زەمەن هەڵنەتەکێنن!
بێهوودەییەکی لەڕادەبەر ترسناکە، پاڵتۆی تەنهایی بدەیتە شان و
سیگاری گەمژەیی بکێشێت.
تۆ دەبوو ئێستا بچوویتایە سەر قادرمەکانی ئومێد و
شیعرت بەسەر جوانی و ناسکی خوێن ڕشتنەکاندا بنووسیایە
قەیرەییت لێ نایە و شیعرێک بخوێنەوە
با قەڵەمەکەت وەجاغ کوێر سەر نەنێتەوە.
تۆ سوێند بە هەرچی ئەسحابەی زمان هەیە دەخۆیت و
بە قودرەتی خەیاڵی تاق و تەنیا،
دەتەوێت خۆت لەمەترسییەکانی ئاشووبی مەرگ بشاریتەوە و
دەست بە ژیانەوە بگری
دەست دەگری بە ژیانەوە تا ورد ورد دڵۆپە حەزەکانی مرۆییت
دەتکێنە سەر ئەپارتمانە دڵگرانییەکانی بوون
دەتەوێ مەرگ وشترمڕانە بڕوانێتە سەرە بێکۆتاییەکەی ئینسان
دەتەوێ لەخۆپیشاندانە مەزنەکەی ژیانا بە لافیتەی (دەست بە ژیانەوە بگرە)
لەڕیزی پێشەوە و دەم بە هوتاف وێنەت بچێتە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەکان
زیانێکی گەورەیە هەڵدێڕان لە توولەڕێگاکانی مەینەت
نووشتانەوە بۆ ئەدەبی نووستوو و شاعیری تەپیو
بێڕێزییەکی زۆرە کردنەوەی دەرگا لەڕێبوارە بەڕۆبۆتکراوەکانی چوار دەور
تەزووی چ حەسرەتێک دەمهێنێ و دەمبا
ئەڵێێ کارەبای توورەیی گرتوومیەتی و ڕامئەچڵەکێنێ
ئەلێێ کەوتوومەتە نێو بۆسەی مەفرەزەیەکی ئەمن و
لەترسی بێناسنامەیی خەریەکە زیڕە بکەم.
لەولاوە لە ژیان ڕا ئەکەم و
لەملاوەش دەستی پێوە دەگرم!


پێت نەوتم دڵت بۆچییە
تۆ دەتوانیت خۆشەویستی بکەی بە ئیمۆجێکی بێ ڕووح
بە کلکێک دەتوانیت ببیە ڕۆمیۆ
دەتوانیت باز بەسەر سوێندە گەورەکاندا بدەی
ئارەزووەکانی بەرزەفت کەی
دەتوانی پرسەنامەت بە لایکێک و
دڵخۆشیت بە وێنەگوڵێک بدەیتەوە!.
چ ڕۆژگارێکە، هەستەکان ورد و بریندار دەبن و
بەنایلۆنی تەکنەلۆژیا تەغلیف دەکرێن
وێنەی لێوێکی سوور نیشانەی دڵەکوتێی عەشق بێت.
بە بازاڕ و مۆڵەکان بسوڕێوە، باسی شیعر بکەیت
ژمارە ٤١١ لێدەدەن و دەتنێرن بۆ شێتخانە
چ ئینسانگەلێکین ئێمە؟!
مانگێک نان مەخۆ کەس لێت ناپرسێتەوە
بەڵام پێڵاوەکەت تورکی نەبێت لایان سەیرە و
نامۆ نامۆ لێت دەڕوانن
ساڵێک بە پێیان هاموشۆی بازاڕ بکە مێشێک مێوانیان نییە
بەڵام مازدایەکی کۆنت پێ بێت، لێت دەکەنە هەڵڵا و قسە
ئێمە چ غەزەبگەلێکین؟!
لەڕوودا بە قوربان دەبین و
کەپشتیشی لێت کرد پەنجەی (بتگیـم)ی بۆ هەڵدەبڕێ.
ئێمەی غەزەب لە زۆنگاوی ئیرەییدا خنکاوین و
بەقات و ڕیباتی مۆدێرنەوە ژەنگی سەر بیرکردنەوە سوواوەکانمان بۆ پاکژ ناکرێتەوە
توورە ببیت، پێت دەلێن کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست داوە
عەقڵی فەرامۆش کردووە و کەوتۆتە دوای سۆز!
جنێو بدەی پێتدەڵێن عەبەسە و خۆتی لێ دوور خەوە
جیددی بیت و باسی سیاسەت و شت بکەی دەڵێن هەی هوو هەی هوو
کاکە تکایە واز لە سیاسەت بێنە
ئەی ڕوو لەکوێ بکەم و سەر بۆ کوێ هەڵبگرم؟
کەی قفڵی بیرکردنەوەت دەکەیتەوە؟
تۆش کەی وەکو من میزی وشە و شیعر دەکەی بەسەر لادیواری کۆمەڵگەی چینایەتی
کەی تف دەکەی لە سیاسییە دۆڕاوەکانی برسێتیمان
لە پارە و دەسەڵاتی شەهوەتبەزێنی نیمچە سەرخۆشەکانی نێو حیزبی باوک
وەرە با لە دەرگای ڕق و خەمەوە بچینە دەرێ و ببینە ئیمۆجی ڕاستەقینەی ژیان
بە گۆرانی
بە سەما
بۆ شیعر و وشەی جوانی و ئینسان.


دەڵێن دەست بە ژیانەوە بگرە
دەست بە کوێی ژیانەوە بگرم لە کاتێکدا ژیان
گوونی خۆی نیشان داوم و منیش دەستم لەوێی ماوەتەوە.
دەستگرتن بە ژیان، دەستگرتنە بە ئەسرینە وشکهەڵاتووەکانی باران و
دەستگرتنە بە قەوزە سەوزەکانی کەناری گۆمی بێدەنگبوون
دەستگرتنە بە پیرۆزییەکانی ڕابردوو
دەستگرتنە بەو ئاسمانە غێمەی کەناوی کۆیلەتییە.!
من دەست بە ژیانەوە ناگرم
وەکچۆن چل ساڵی ڕەبەقە بەم سەرە ئەسڵەعەمەوە کڵاوکەم داوەتە دەم ڕەشەبا
من دەست تەنها بەو خەونانەوە دەگرم کە باس لە ئایندەیەکی جوان و
باس لە سبەینییەکی گەش و
باس لە پێچانەوەی بارگە و بنەی ستەم دەکەن.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
٢٠٢١ کەنەدا

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish