له بری بیره‌وه‌ری یان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له مێژوو؟!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
هیچ شۆڕشێك نییه له دنیادا، هه‌موو ئامانجه‌كانی خۆی بێنێته دی. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجانه خه‌ونی گه‌وره و له پێشینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی شۆڕشیش بێت. مرۆڤه‌كان به‌و خه‌یاڵه‌وه به‌شداری شۆڕش ده‌كه‌ن، كه دواجار شۆڕش دنیای پێشوویان بۆ بڕوخێنێت و دنیایه‌كی دیكه‌یان بۆ بونیاد بنێ. به‌ڵام نازانم كامه بیرمه‌نده ده‌ڵێت:( شۆڕشه‌كان زیندانێك ده‌ڕوخێنن بۆئه‌وه‌ی زیندانێكی دیكه بونیاد بنێن) گه‌لێك جار شۆڕشه‌كان له بری ئه‌وه‌ی خه‌ونی هه‌موومان بێننه دی، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و خه‌ونانه‌ش ده‌ژاكێنێ، كه به شۆڕشه‌وه ده‌یانبینین، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی جۆرێك له په‌شیمانی دامان بگرێت. به‌ڵام به بڕوای من هه‌ڵه‌ی گه‌وره له‌وه دایه، كه هه‌موو شۆڕش ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، یان كورت بكه‌ینه‌وه له گه‌نده‌ڵی به‌رپرسێك و كوشتنی مرۆڤێك. هه‌میشه ئێمه دیوێكی شۆڕش ده‌بینین و دیوه‌كه‌ی تری فه‌رامۆش ده‌كه‌ین. شۆڕشی كوبا، كاسترۆی به‌رهه‌مهێنا و گیڤاراش، به‌ڵام ئایا ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره وه‌ك یه‌ك له یاده‌وه‌ری مرۆڤه‌كان ماونه‌ته‌وه؟ له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ڕه‌خنه‌كردنی شۆڕشی شاخ و خه‌باتی چه‌كداری ، به‌شێك بووه له‌و نووسینانه‌ی له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كاندا باسكراون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، ئه‌و ڕه‌خنه‌كردنه به ئه‌ندازه‌یه‌كی قووڵ و برینداركه‌ر له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه ده‌گیرێت، كه خۆیان كاره‌كته‌ری واقیعی و بكه‌ری دیاری ئه‌و خه‌باته و بڕوا پێهێنه‌ری یه‌كه‌م و كۆتایی ئه‌و شۆڕشه و ئه‌و خه‌باته‌ش بوونه. ئه‌مه‌ش دروست ئه‌و په‌نده كوردییه‌م دێنێته‌وه یاد كه (مرۆڤ ئاوی له كانییه‌ك خوارده‌وه، نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه دواتر به‌ردی تێ بگرێت) نووسینی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌شم وه‌ك ئه‌وه دێته به‌رچاو. چونكه ئه‌وانیش له ڕابردوو، له مێژووی خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار له كتێبی ( له بری بیره‌وه‌ریدا) كردوویه‌تی. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه ده‌توانێ قه‌ناعه‌ت به كه‌س بێنێ؟ گومان ده‌كه‌م! ئه‌م كتێبه، دیدی مرۆڤێكه بۆ شۆڕش كه خۆی وه‌ك شۆڕشگێڕێك تیایدا به‌شداربووه و خه‌ونی گه‌وره‌ی له سه‌ر هه‌ڵچنیوه. بۆیه به بڕوای من ئه‌و ناتوانێت ته‌پوتۆزی ئه‌و مێژووه له خۆی دابته‌كێنێت كه ئه‌گه‌ر مێژووه‌كه ناشرینیش بێت. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه نووسه‌ری كتێبه‌كه بكه‌ری سه‌ره‌كی، یان به‌شداری ئه‌و ڕووداوه تراژیدیانه بووبێت كه ئه‌و دوای چه‌ندین ساڵ، تازه به بیری دێنه‌وه و ڕه‌خنه‌یان ده‌كات و (كۆنه كا) به با ده‌كات! به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه ئه‌ویش له شۆڕشه‌كه دابووه و به‌رهه‌می شۆڕشه‌كه‌ش هه‌ر چییه‌ك بووبێت، به شكست و دۆڕان و ناشرینی، یان سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وت، ئه‌ویش هاوبه‌شه. ئیدی پشت كردنه ئه‌و ڕابردووه، هه‌وڵدان بۆ نادیده‌گرتنی و به ته‌لخ نیشاندانی له دیدی هه‌موواندا، هه‌وڵێكی بێهووده‌یه، چونكه له به‌رای نووسه‌ری كتێبه‌كه خۆی، هه‌موومان مێژوو، ماهیه‌تی شۆڕش، خه‌ون و خه‌وش و جوانیی و ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و شۆڕه‌شمان بینیوه و ده‌زانین كه له هه‌ڵو مه‌رجێكی هێنده نا‌ئومێد و پڕ له شكست و دۆڕان سه‌ریهه‌ڵدا، كه خامۆشییه‌كی گه‌وره هه‌مووانی گرتبووه‌وه. یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی خوێنه‌ر له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌دا له هزریدا دروست ده‌بێت ئه‌وه‌یه، كه بۆچی نووسه‌ر ئه‌و كتێبه دوای چه‌ندین ده‌یه ده‌نووسێت؟ به تایبه‌تی كه ئه‌و خۆی له پێشه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، كه به كه‌متر له مانگێك له كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا، ئه‌و كتێبه‌ی نووسیوه ؟ ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بۆچی نووسه‌ر ڕه‌خنه له ڕه‌مزه‌كانی ئه‌و شۆڕشه به تایبه‌تی ( نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال) ده‌گرێت كه له ژیاندا نه‌ماون؟ هه‌مووشمان ده‌زانین باسكردنی مرۆڤانێك كه مردوون و له ژیاندا نه‌ماون، هه‌م له ڕووی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سییه‌وه، هه‌میش له ڕووی سیاسی و فیكری و حزبییه‌وه، نه‌نگییه‌كی زۆره و هاوكات نابێته جێگه‌ی یه‌قینی هیچ كه‌سێكیش، ئه‌گه‌ر سه‌د له سه‌د ئه‌و باسكردنه هیچ گومان و زێده گۆیه‌كیشی تێدا نه‌بێت. ئه‌مه‌ش له به‌ر یه‌ك هۆكاری ساده ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و سیاسی و سه‌ركردانه، له ژیاندا نه‌ماون تاكو ڕاستی ڕووداوه‌كان باس بكه‌ن و ده‌رفه‌تی وه‌ڵام و به‌رگریكردنیان له خۆیان هه‌بێت. كوردیش وته‌نی مرۆڤ كه مرد، شه‌یتان ده‌ستی لێ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێته خانه‌ی قسه هه‌ڵبه‌ستن به ده‌می مردووه‌وه. ئیدی باسكردنی كه‌سه‌كان دوای مه‌رگییان، ئاكارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی جوان نییه، به تایبه‌تیش كاتێ ئه‌و باسكردنه كه‌سانێك ده‌كاته ئامانج، كه هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوبیری نزیكی ڕه‌خنه‌گره‌كه خۆی بێت. كتێبی له بری بیره‌وه‌ری، ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی بۆ ڕه‌خنه‌گرتن و ناشیرین نیشاندانی خه‌باتی چه‌كداری و به تایبه‌تیش یه‌كێتی ته‌رخانه. نووسه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه ده‌گێرێته‌وه كه له میانه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی شاخدا ڕوویانداوه و ساڵانێكی زۆر به سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه. له‌و گێڕانه‌وانه‌یدا، ته‌نانه‌ت تاڵه‌بانیش نه‌بوێردراوه، كه هه‌تا دوا كۆنگره‌ی یه‌كێتی، مه‌لا به‌ختیار به (جه‌نابی مام) ناوی ده‌هێنا. بێگومان ئه‌مه گرفته‌كه نییه، چونكه ئاساییه كه‌سانێك ڕه‌خنه‌ی حزبایه‌تی و شۆڕش و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی بكه‌ن و پشت بكه‌نه سه‌ركرده‌كانی ئه‌و شۆڕشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه ئه‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سه سیاسییه‌كی وه‌ك مه‌لا به‌ختیار بێت. چونكه ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له ڕێی ئه‌و شۆڕشه به خه‌باتی نهێنی، ناو شار، شاخ و دوای ڕاپه‌ریندا، له نێو یه‌كێتی برده سه‌ر. ئه‌گه‌ر گریمان یه‌كێتی خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو خه‌وش و ناشرینییه بووه، بۆچی له نێو یه‌كێتی ده‌مایه‌وه؟ ئه‌گه‌ر پاساوی ئه‌وه بێت، ئاڵای شۆڕشی دامه‌زراند و له سۆنگه‌ی ئه‌وه زیندانیكرا و له سه‌رده‌می شاخدا نه‌وایه‌كی نه‌بووه په‌نای بباته به‌ر، بۆچی له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه جارێكی تر له زه‌حمه‌تكێشانه‌وه چووه‌وه نێو یه‌كێتی و تا پۆستی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی ڕۆیشت؟ هیچ دیمانه‌یه‌كی ناوبراویشم نه‌دیوه، ده‌یان و سه‌دان جار ده‌سته‌واژه‌ی ( جه‌نابی مام) دووباره نه‌كاته‌وه. كه واتا ئه‌مت له‌چی و ئه‌مه‌ت بۆ؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی دیلی كوشتبێت، له سه‌ر خۆشه‌ویستی سزای ژنی دابێت، كه‌سانی بێ تاوانی زیندانی كردبێت و كوێخا و ده‌ره‌به‌گ و ئاغای له ئامێزی خۆی گرتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، بۆچی ئاماده بووه هه‌ر یه‌كێتی بێت؟ بۆیه هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ناوبراو له یه‌كێتی، به بڕوای من هیچ به‌هایه‌كی سیاسی، فیكری، مه‌عریفی و مێژووییان نییه. به‌ڵكو یه‌كێتی بوون مۆركێكه به مه‌لاوه نووساوه و تا ده‌شمرێت خه‌ڵك به یه‌كێتی ده‌زانێت. ئیدی هه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنێك له یه‌كێتی و سه‌ركرده و كادیر و پێشمه‌رگه‌كانی، نووسه‌ر پێی بزانێت یان نا، حه‌ز بكات یان نا، له دیدی من ڕه‌خنه‌كردنی خۆیه‌تی. ئه‌و كتێبه، ئه‌و كاته به های ده‌بوو، ئه‌و كاته ڕه‌خنه‌كان شوێنی خۆیان ده‌گرت و لۆژیكی ده‌بوون، كه نووسه‌ره‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه و ناشرینییه‌كانی بوایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی وێنای ده‌كات. ده‌نا كاره‌كته‌رێكی سیاسی، كه ته‌مه‌نی خۆی له نێو شۆڕش و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه بردبێته سه‌ر و هاوكات داكۆكیكه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ( جه‌نابی مام ) یش بووبێت تا ژیان ئاوایی نه‌كردبوو ، ئیدی نازانم خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و مێژووه، به شێوه‌یه‌كی لنگه و قووچ ، یاخود تاوانباركردنی مام به بێده‌نگی و به ئاگابوون له به‌شێك له‌و ڕووداوه تراژیدیانه، چ مانایه‌كی هه‌یه؟ به‌شێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی نووسه‌ر له شۆڕشی كوردی و خه‌باتی شاخ ده‌یانگرێت، بۆ خوێنه‌ر جێگه‌ی سه‌مه‌ره‌ن، چونكه وه‌ك ئه‌وه وایه كه‌سێك له دووره‌وه ڕوانیبێتییه ئه‌و خه‌باته و دژی ئه‌و ڕێبازه سیاسییه بێت كه شۆڕشه‌كه‌ی له سه‌ر هه‌ڵچنراوه. بۆ نموونه: نووسه‌ر له لاپه‌ڕه (45) ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(حزبه سیاسییه‌كانی كورد، كاتێك له قۆناغی ژێر زه‌مینی گواستویانه‌ته‌وه بۆ خه‌باتی چه‌كداری، به‌و ژماره كه‌مه‌ی كادر و ئه‌ندامانییان كه به نه‌هێنی په‌روه‌رده‌یان كردوون، ده‌ره‌قه‌تی له‌شكرێك چه‌كدار و ئه‌ندام ولایه‌نگری كۆنه‌پارێز نه‌هاتوون) سه‌رنج بده‌ن، له جیاتی پێشمه‌رگه چه‌كدار به‌كار دێنێت، واتا به مه‌به‌ست ده‌یه‌وێت پیرۆزی ئه‌و شوناسه بگۆڕێت. له ڕاستیدا، ئه‌مه بۆچوونی هه‌ر كه‌سێك بوایه جێگه‌ی له سه‌ر وه‌ستان نه‌بوو، به‌ڵام بۆ سیاسی و ڕۆشنبیرێكی وه‌ك مه‌لا به‌ختیار، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه، چونكه نابێ ئه‌و هێنده له واقیعی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێ ئاگا بێت.
هه‌موومان ده‌زانین ئه‌وانه‌ی نووسه‌ر به كۆنه پارێز ناویان ده‌بات، ئه‌و چینه هه‌ژار و چه‌وساوه و شۆڕشگێڕه‌ن، كه پانتایه‌كی گه‌وره له شۆڕش و بزوێنه‌ری خه‌باته چه‌كدارییه‌كه بوون. ئه‌وانه، له ڕووی پێكهاته و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئاماژه بن بۆ هه‌ر شوناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هیچ له‌وه ناگۆڕێت كه به‌شدار و قوربانیده‌ر و درێژه پێده‌ری سه‌ره‌كی و هه‌میشه‌یی خه‌باتی شاخ بووینه، هاوته‌ریب له گه‌ڵ بژارده سیاسی و ڕۆشنبیریه‌كه‌ی شۆڕش. پاشان هیچ شۆڕشێك و خه‌باتێكی چه‌كداری هه‌یه له دنیادا، نوخبه‌یه‌كی سیاسی و ڕۆشنبیر به ته‌نها سه‌ری خستبێت؟ گومانم نییه نووسه‌ری كتێبه‌كه، كه به وردی ئاگاداری مێژووی سیاسی جیهانه، مه‌به‌ستی له‌و بۆچوونه، ته‌نها لێدانه له یه‌كێتی و خه‌باتی شاخ و كاره‌كته‌ره‌كانی، ده‌نا دیسانه‌وه بۆچی ئاماده بووه هاوسه‌نگه‌ری ئه‌و كۆنه پارێزانه بێت؟ له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌كرێ بپرسین، ئاخۆ مام جه‌لال و نه‌وشیروان، ماهیه‌تی ئه‌و چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یان نه‌ناسیوه و نه‌زانیوه؟ بێگومان زۆر زیاتریش له مه‌لا به‌ختیار، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌یان له‌وه دایه، كه ئه‌وان سیاسی دووربین و خوێنه‌وه‌ی وردیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان كردووه و ده‌شیانزانی خه‌باتی شاخ به ته‌نها، به مه‌لا به‌ختیار و كادیر و خوێنه‌واره‌كانی كۆمه‌ڵه سه‌ر ناكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بێ كرێكار، مامۆستا، كادیر، كوێخا، بگره سه‌رۆك هۆز و عه‌شیره‌تیشیان له‌گه‌ڵ دابێت. ئه‌مه واقیعی سۆسیۆلۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه و ده‌بێ قبولمان بێت. ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌گه‌ر یه‌كێتی یان هه‌ر حزبێكی تر، بچێته هه‌ڵبژاردنه‌وه و هه‌موو نووسه‌ران و ڕۆشه‌نبیرانی كوردیش ده‌نگی پێ بده‌ن، ناكاته نیو كورسی په‌رله‌مان. بۆیه ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار ده‌یڵێت، به داخه‌وه شكانه‌وه و گاڵته‌كردن و به‌كه‌م سه‌یركردنی هه‌موو ئه‌وانه‌یه، كه به‌شداری خه‌باتی شاخ بووینه و دڵنیاشم زۆرینه‌یان هاوڕێ و هاو ڕێبازی نزیكی ئه‌و بوونه. ئیدی ئه‌و جۆره باسكردنه، ته‌نها ڕشتنی كینه‌یه‌كی سیاسییه، كه ده‌رهاوێشته‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتییه و هیچی تر.
بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا، پارادۆكسی زۆریان تێدایه، كه ده‌لاله‌ت له گۆڕینی هه‌ڵوێست و پاشگه‌زبوونه‌وه له بنه‌مای خه‌باتی سیاسی له ڕابردوودا، به تایبه‌تیش یه‌كێتی بوون ده‌كات. ئه‌مجاره‌یان له لاپه‌ڕه (105) دا ده‌نووسێت:( كه مفاوه‌زاتی یه‌كێتی و حكومه‌ت له ساڵی 1984كرا، خۆم هه‌ر باوه‌ڕم به‌وه نه‌بوو كه به عس مافی كورد بدات) نووسه‌ر له كاتێكدا، دوای سی و شه‌ش ساڵ ئه‌مه ده‌ڵێت، كه خۆی ئه‌ندامی ئه‌و وه‌ڤده بووه و ده‌یان وێنه‌شی له‌و مفاوه‌زاته بۆ یادگاری گرتوون! له وێنه‌كانیشدا، نه‌مبینیوه نیگه‌رانییه‌ك به ڕووخساری مه‌لا به‌ختیاره‌وه دیاربێت كه بڕوای به‌و دانیشتنانه نه‌بووه. ئیدی حاشاكردن له‌و مێژووه تاكوێ بڕ ده‌كات؟ ئه‌مه ئه‌و كاته شوێنی خۆی ده‌گرت و ده‌بووه مێژووێكی سیاسی و ده‌سكه‌وتێكی كه‌سی و تایبه‌تی بۆ ئه‌و، كه له ساتی مفاوه‌زاته‌كه بوایه نه‌ك ئێستا ئه‌مه بڵێت. گه‌رچی نووسه‌ر، له پێناو ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی، مام جه‌لال ده‌كاته گه‌واهیده‌ر، به‌ڵام ئه‌و له ژیان نه‌ماوه، هه‌ر كه‌سێكیش له ژیان نه‌مابێت، ناتوانرێت بكرێته گه‌واهیده‌ر به سه‌ر هه‌ر ڕووداوێكه‌وه بێت. مه‌لا به‌ختیار توندتریش ده‌دوێت و ئه‌مجاره‌یان هه‌رپه‌یوه‌ست به‌و مفاوه‌زاته له‌لاپه‌ڕه (220) دا ده‌نووسێت:( مام جه‌لال له مفاوه‌زاتی 1983 1985سه‌رنه‌كه‌وت) نووسه‌ر له كاتێكدا تاڵه‌بانی وه‌ك كه‌سێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو له‌و مفاوه‌زاته ده‌ناسێنێت، كه خۆشی ئه‌ندامی هه‌مان وه‌ڤد بووه. ئه‌مه ته‌نها به ئامانج گرتنی تاڵه‌بانییه. چونكه هه‌موومان ده‌زانین مام جه‌لال به ته‌نها مفاوه‌زاتی نه‌كردووه و شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی كه له (مه‌لا به‌ختیار و ملازم عومه‌ر و فه‌ریدون عه‌بدولقادر و فوئاد مه‌عسوم) پێكهاتبوون، ئه‌ندامانی شانده‌كه بوون. له سرووشتی كاری دیبلۆماسی و دانوستانی نێو شاند و وه‌ڤده‌كانی دوو لایه‌نی نه‌یار و ناكۆكیشدا، هیچ كاتێك شكست، یان سه‌ركه‌وتنی دانوستانه‌كان، ناخرێته ئه‌ستۆی تاقه كه‌سێك، بۆیه ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یڵێت نا لۆژیكی و نا بابه‌تییه. بێگومان خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌ر بۆ ڕووداوه‌كانی ئه‌وكات، له كڵاوه‌ڕۆژنه‌ی ئێستاوه و به‌و تێگه‌یشتنه‌وه، جۆرێك له شێواندنی مێژوویی دروست ده‌كات، چونكه هه‌موو ڕووداوێك، په‌یوه‌سته به‌و زه‌مینه و زه‌مه‌نه‌ی تیایدا ڕووده‌دات، بۆیه ئه‌و ڕووداوانه، ڕه‌نگه بۆ ئه‌و كاتی شۆڕش دروست ببن، به‌ڵام كاتێ به ڕوانگه‌ی ئێستا ده‌یانخوێنینه‌وه و ده‌یانبه‌ستینه‌وه به واقیعی ئێستا، ئه‌وا خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تییانه نییه. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌لابه‌ختیار هه‌زاران جار ڕه‌خنه له‌و واقیعه و له‌و ڕابردووه بگرێت، هیچ به‌هایه‌كی نییه، چونكه خۆی له نێو ئه‌و واقیعه بووه و هه‌ڵوێستێكی كرداریشی نه‌نواندووه وه‌ك په‌رچه‌كردارێك، كه بۆچی به نموونه یه‌كێتی دیل ده‌كوژێت؟ ئه‌و نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، بگره له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، یه‌كڕاست سه‌نگه‌ر ده‌گوازێته‌وه نێو یه‌كێتی. نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له قێزه‌وه‌ن نیشاندانی خه‌باتی شاخ و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:( هه‌رێمه‌كان له گه‌شه‌كردنی عه‌سكه‌ری دابوون و هاوكات سه‌رانه‌سه‌ندن، وه‌ك كۆیله سه‌یركردنی خه‌ڵكی، ئازاردان و لێدانیش بره‌وه‌ی ده‌سه‌ند. لا349) ڕه‌نگه زۆربه‌مان بزانین كه ئه‌م دیارده ناشرین و نا شۆڕشگێرییانه، له په‌راوێزی شۆڕشی شاخدا بوونیان هه‌بووه، به‌ڵام پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی نووسه‌ر وه‌ك سه‌ركرده و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، ئێستا كۆنه كا به‌با ده‌كات و ئه‌وكات هه‌ڵوێستی نه‌بووه؟ كه ده‌یزانی ئه‌مه ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی شاخه به بڕوای ئه‌و، بۆچی ئاماده‌بوو هاوسه‌نگه‌ر و هاو ڕێبازی ئه‌و(جه‌لادانه) بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌سفیان ده‌كات؟ بۆچی وازی له ژیانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی نه‌هێنا و وه‌ك په‌رچه‌كردارێك نه‌چووه ده‌ره‌وه؟ بۆیه ئه‌مه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خوێنه‌ر و فریودانی خه‌ڵكه له‌لایه‌ك كه شۆڕش و خه‌باتی شاخ له‌مه‌دا كورت بكاته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، دوای چل ساڵ زیاتر تازه بێت ڕه‌خنه له‌و دیاردانه بگرێت. ئه‌و له‌كاتێكدا ئه‌م كردار و ڕه‌فتارانه‌ی بینیوه و به چاوی ئێستا و به تێگه‌یشتنی ئێستای خۆی ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت، كه هه‌رخۆی دان به‌وه دا ئه‌نێت كه له نێو چه‌قی ڕووداوه‌كان بووه. به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌لاپه‌ڕه (366) دا ده‌نووسێت:(به‌نده له ساڵی 1976 وه نه‌ك هه‌ر ئاگام له ڕووداوه‌كانه، به‌ڵكو له نێویشیان دابوومه) ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوون و ڕه‌خنانه‌ی خۆیه‌تی. بێ ده‌نگ بوون له سه‌ر هه‌ڵه و تاوان له ڕووی یاساییه‌وه، هاوبه‌شیكردنه. به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه، قسه‌كردنه له سه‌ر ئاڵای شۆڕش و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ڕووبه‌ڕووی نووسه‌ر بوونه‌ته‌وه، له میانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و ڕه‌وته و جیابوونه‌وه‌ی. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه مێژووه و دیاره و زۆریشی له باره‌وه نووسراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نا لۆژیكییه ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ر جیابوونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش له یه‌كێتی، هاوشێوه‌ی جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان له زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕیندا ده‌بینێت. به بڕوای ئه‌و، نه‌وشیروان و یه‌كێتی كه دژی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌وان بوون، خۆی له یه‌كێتی جیابووه‌وه و گۆڕانی دامه‌زراند و مام و یه‌كێتیش قبولیان كرد. نووسه‌ر كه سیاسییه‌كی به ئاگا‌و ڕۆشنبیره، ده‌بوو ئه‌و دوو هه‌ڵًومه‌رجه سیاسی و بابه‌تی و شۆڕشگێرییه‌ی به‌راوردی یه‌كتری كردبا، كه گۆڕان و ئاڵای شۆڕشی تیادا دامه‌زران. ئاخر جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتێك، له هه‌ناوی حزبێكی سیاسی‌دا، ئه‌و حزبه‌ش له یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ ده‌یان نه‌یاری خۆی له شه‌ردا بێت، وێرای ئه‌مه‌ش له قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و خه‌باتی چه‌كداری دابێت، له هه‌مووشی سه‌ختتر له به‌رامبه‌ر هێزێكی شۆفێنی وه‌كو به‌عس وه‌ستابێته‌وه، چۆن وه‌كو جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتێكه له زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، كه زه‌مه‌نی ئازادی و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری فره‌یی سیاسی و حزبییه؟ ئه‌م به‌راوردكارییه، هه‌ر كه‌سێك بیكات بڕوام وایه له بێ ئاگایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار زۆرتر پاسا و هێنانه‌وه‌یه‌كی سیاسییه له‌وه‌ی بێ ئاگایی بێت. ده‌نا خۆی باش ده‌زانێت ئه‌م دوو جیابوونه‌وه‌یه، له هه‌موو ڕووێكه‌وه زۆر جیان له یه‌كتری و هه‌ر به‌راوردیش ناكرێن. ئه‌م كتێبه، گه‌رچی به‌شێكی زۆری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كتێبیه‌كه‌ی(برایم جه‌لال)ه، ، به‌ڵام ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، به‌ڵكو ته‌نها ده‌مانه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك بپرسین، كه بۆچی و له به‌رچی ئه‌و كتێبه له ئێستا ده‌نووسێت و بڵاو ده‌كاته‌وه؟ كه وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕوونه، چونكه یه‌كه‌م: پێگه و ده‌سه‌ڵاتی له نێو یه‌كێتی نه‌ماوه، دووه‌م: هه‌ریه‌ك له‌مام جه‌ل و نه‌وشیروان مسته‌فا له ژیان نه‌ماون.
نووسه‌ر گه‌رچی به كه‌سێكی ورد له ڕووی نووسین خۆی ده‌ناسێنێت، به‌لام گه‌لێك هه‌ڵه‌ی له‌و كتێبه‌دا كردووه وه‌ك:
- لا38 نووسیویه‌تی:_( مه‌حمه‌د حه‌لاق و هاوڕێكانی له ساڵی 1994 شه‌هید كران) بێگومان ئه‌م به‌رواره هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌وان له 2/11/1995 له ڕووداوێكدا كوژران.
- لا63 نووسیویه‌تی:_( شه‌ڕی قرناقاو پشت ئاشان له ساڵی 1982بوو) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌و شه‌ڕه له 1/5/1983ڕوویدا.
- لا 98 (نووسه‌ر سه‌ید كاكه‌ی به شه‌هید داناوه) له كاتێكدا ئه‌و هێشتا له ژیاندا ماوه.
*لا 121 نووسیویه‌تی:_(مه‌نه‌لۆگ، گه‌ڕانه‌وه بۆدیالۆگ و ڕووداوی ڕابردوو) به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو فلاشباكی پێ ده‌گوترێت، مه‌نه‌لۆگ به مانای خۆدواندن له ناخه‌وه. - لا 191 ( نووسه‌ر ڕه‌خنه له ئه‌حمه‌د بانیخێلانی ده‌گرێت كه چۆن به پێشمه‌رگه ده‌ڵێت چه‌كدار) به‌ڵام هه‌ر خۆی پێشتر له لاپه‌ڕه 45 دا چه‌كداری نووسیوه. ئه‌مه‌ش نه‌بوونی ئاگاییه له ڕه‌خنه‌گرتن.
- لا 213 نووسیویه‌تی:_( شیعری هه‌واره‌ی سه‌یدا ساڵحی نه‌مر له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای سلێمانی كراوه‌ته سروود) ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌و سرووده كه به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان (ئاراس محه‌مه‌د شه‌وقی) و(كامل مسته‌فا) گوتراوه، له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای زانكۆی سلێمانی له ساڵی 1977 كراوه‌ته سروود.
- لا272 نووسیویه‌تی:_( ناحیه‌ی سه‌ید سادق) ئه‌مه‌شیان هه‌ڵه‌ی تێدایه، چونكه ناحیه نییه و قه‌زایه.
- لا340 نووسیویه‌تی:_( به‌یاننامه‌ی 27ی حوزه‌یرانی ساڵی 1967) به‌ڵام ساڵه‌كه 1966 بوو. چونكه ئه‌م به‌یاننامه‌یه، له ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و شكسته ڕاگه‌یاندرا كه سوپای عێراق له شه‌ڕی هه‌ندرێن مانگێك پێشووتر تووشی ببوو.
- لا450 نووسیویه‌تی:_(خۆپیشاندانه‌كانی 17 ی شوباتی 2012) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، چونكه ساڵه‌كه 2011بوو.
دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، گه‌رچی نووسه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا، باس له ڕقی سایكۆلۆژی و كینه‌ی سیاسی ده‌كات و هه‌وڵده‌دات شرۆڤه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته بكات و خۆشی له نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و هه‌سته سایكۆلۆژییه، به‌ڵام به داخه‌وه زمانی ئه‌ویش له‌وكتێبه‌دا، له گه‌لێك شوێن زمانێكه له ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و كینه سیاسییه‌ی ڕابردوو دایه و گه‌لێك وشه و ده‌سته‌واژه‌م كه‌وتنه به‌رچاو، كه توندوو له ده‌ره‌وه‌ی زمانی نووسینی سیاسییانه‌ن. بۆ نموونه وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی: ( سووكی وه‌كو خۆی لا 114) ئه‌مه‌ش ده‌له‌لاته له‌وه‌ی كه ئه‌و خۆشی تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ڵگری ئه‌و زمانه‌یه، كه بارگاوییه به‌و كینه‌یه. له مه‌ش سه‌یرتر و كاره‌ساتر ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ر له ڕابردووی خۆی هه‌ڵگه‌راوه‌ته‌وه و به شێوه‌یه‌ك باسی یه‌كێتی و كادیر و ته‌نانه‌ت سكرتێره‌كه‌شی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ڕۆژێك له ڕۆژان بۆ چركه‌یه‌كیش یه‌كێتی نه‌بووبێت. ئیدی نازانم نووسه‌ر كێ چه‌واشه ده‌كات و فریوی ده‌دات؟ ده‌یه‌وێت مێژووێك باس بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت و مه‌به‌ستیه‌تی، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه و ڕوویداوه و ده‌بینرێت و ماوه‌ته‌وه. هه‌ر چییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت، مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا، له بری ستایش داده‌به‌زێته سه‌ر یه‌كێتی، خۆی وا وێنا ده‌كات كه ته‌ماشاكه‌رێكی ئه‌و مێژووه و ئه‌و ڕووداوانه بووه. دواجار ئه‌م كتێبه به بڕوای من، هیچ ئه‌رزشێكی سیاسی و مێژوویی نییه. چونكه له سه‌رده‌مێكدا نووسراوه و بڵاو ده‌كرێته‌وه، كه نه تاڵه‌بانی، نه نه‌وشیروان مسته‌فا له ژیاندا نه‌ماون. ئه‌مه‌ش ته‌نها یه‌ك ئاماژه ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش نابوێری نووسه‌ره له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، پێش مه‌رگی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه. ئه‌مه بڕوا و تێگه‌یشتنی منه دوای خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كه. - په‌راوێز :_ له بری بیره‌وه‌ری: نووسینی: مه‌لا به‌ختیار، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌ری چاو‌دێر_2020سلێمانی.