Skip to Content

کورتەچیڕۆک/ ئاوی کەسک و سۆر.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک/ ئاوی کەسک و سۆر.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by ئه‌یلول 28, 2022 General, Literature


ئێمە زوو زوو خەون دەبینین، خەونێک ناتوانین پێشبینی بکەین، دەڵێن خەیاڵی زانستی هەیە و بۆتە راستی ئەگەر باس لەدێرینی پەم شارە بکەین، ئەوا بەسەدان بەرگی کتێب تەواو نابێ، بەڵام باکەمێک لەو خەیاڵانە،دوور بکەوینەوە، هەر کاتێک لەگەڵ بەتەمەنەکان دەئاخفی، باسی جوانی شار و خۆشییەکانی دەکەی، یەکسەر هەڵی دەدەنەوە و دەڵێن: لەم شارەی ئێمە تەنیا ئاوی کەسک و سۆر هەبوو، هەفتەی چەند رۆژێک خەڵکی شار لێی کۆدەبووینەوە، کوڕ و کاڵ و کچان لەدەوری کۆدەبوونەوە.

  • ئێستا ئەو هەموو شوێنە هەیە کەچی ناگاتە دەقەیەک لەخۆشییەکانی ئەو کات.
    لەچایخانە کۆنەکان کاتێک پیرەمێردەکان دەبینی، بەشێکیان زۆربەی قسەکانیان باس لەنافورەی کەسک و سۆرە.
  • خۆشترین سەیرانگەی شار و وڵات ئەوێ بوو.
    لەلاپەڕەکانی ئەنتەرنێت گەڕام، بزانم نافورەی کەسک و سۆر چی لەسەر نووسراوە، لەگەڵ ئەوەی من تاڕادەیەک وەکو خەون ئاوی کەسک و سۆرم لەبیرە، بەڵام هیچ کاتێک وەک سەیرانگە نەمبینیووە.
    لەلاپەڕەکانی ئینتەرنێت چەندین بژاردەی پێدام، ئەوەی لام سەیر بوو گۆرانییەک بوو لەبارەی نافورە کەسک و سۆرەکە.
    گۆرانیبێژەکە زۆر بەجۆش و خرۆشەوە گۆرانییەکەی دەگوتەوە.
    لەتەک ئەوەی چەند کەسێکی دیکە گۆرانییەکەیان گوتۆتەوە.
    هاوڕێیەکم گوتی: لەهەر زەماوەندێکدا، ئەگەر بووک و زاوایان بەدەوری نافورەی ئاوی کەسک و سۆردا بسوڕاندبوایە، ئەوا دیارە ئەو بووکە زۆر خۆشبەختە، لەگەڕەک و شاردا باسی لێوە دەکرا.
    یەکێک لەو پیرە پیاوانەی، کە ئێستا هاوسەرگیری نەکردووە، ئاخێکی هەڵکێشا، چیرۆکی خۆی گێڕایەوە.
    زۆرێک لەو کچانەی رۆژگارێک خۆشم ویستوون وا دەزانن لەبەر ئەوان هاوسەرگیریم نەکردووە، بەڵام هەموو ئەو خونچە گوڵانە، کە ئێستا هەر یەکەو چەند منداڵێکیان هەیە، زۆر جار لێرە و لەوێ بابەت و کتێبەکانم دەبینن، بەدەستەخوشکە کۆنەکانیان دەڵێن، ئەو شێتە وازی لەو قسە پڕوپووچانە نەهێناوە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە خاوەن پیشانگەی ئۆتۆمبێل، یان چەند باڵەخانەیەکی،هەبێ ئێمە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینین، هەر باس لەبنەما و تیۆڕ و ئاکار و رەوشت دەکا. ئەو کچانەی خۆشم ویستوون
    ئەوکاتەی گۆرانییەکان لەگوێمان دەزرنگایەوە، ئێمە بەجۆش و خرۆش لەهەموو شوێنێک دەمانویست یەکتر ببینین، وشە و دێڕەکانی ئەو گۆرانییە عاشقانەمان بۆ یەکتر دەگوتەوە.
    ساڵ دێت و دەڕوا ئەوان لەشەقامی باتا و سەهۆڵەکە و لەمۆڵ و باخچەکان دەمبینن، بەپیاوەکانیان دەڵێن ئەو کوڕەم رەفز کردەوە، ئێستاش وەک جاران شێتانە بەشەقامەکاندا ڕێ دەکات، ئەگەر لەگەڵ دەستەخوشکەکانیان بن، ئەوا هەوڵ دەدەن قسەم لەگەڵ بکەن، من ئەوان ناناسمەوە، چونکە تەمەنێکە رووخساری ئەوانەم لەپێشچاو نەماوە، سەیرە، جارێکیان یەکێک لەگەڵ دەستەخوشکەکانی بوو، دەمویست بپەڕمەوە ئەوبەری شەقامە دەنگێک بانگی کردم، هەر زوو زانیم یەکێکن لەوانەی پێشتر چەند قسەیەکم لەگەڵ کردووە لەبارەی داهاتوو، کاتێک ئاوڕم دایەوە وامزانی ئەو ساتەیە، کە دڵی خۆم بۆ کردەوە، بێ ئەوەی بهێڵێ سڵاوی لێ بکەم گوتی: شێتوشوور ئەوە بۆ خۆت لێم لادەدەی.
    لەراستیدا بەدەنگ دەمزانی کێیە، بەڵام لەرووخساردا نەمناسییەوە، هەردوو رووخسار چرچ و لۆچ بوون، ئاسەواری منداڵبوون و سەختی ژیانیان پێوە دیار بوو، منیش بەپێکەنینەوە گوتم: ئەوە دەزانم شێتم، بەڵام نازانم کامەتان بانگتان کردم، لەوانەیە تەمەن وا لێکردبم نەتانناسمەوە…بەڵام ئێوە بەتەواوی من دەناسن، چونکە زۆڕ کەس باس لەوە دەکا من رووخسارم نەگۆڕاوە، تەنیا سەر و ریش و سمێڵم سپی بووە، ئێوە وەک نافورەی کەسک و سۆر وەک ئەوەی تەنیا وەک یادگاری ماون.
  • باشە ئەو چیڕۆکەی تۆ چ پەیوەندی بەنافورەی کەسک و سۆر هەیە؟
  • هەموو بابەتەکان پەیوەندییان بەیەکترەوە هەیە، من کە چیرۆکی خۆم بۆت باس دەکەم، ئەمەش وەک دێرینی و خەون و خەیاڵی ئەو کاتە، بەرزی و باڵایی تاڤگەکە لەکۆتایدا بوو بەهەڵم.
    خەونمان زۆرە، هەر لەنافورەی کەسک و سۆرەوە دەست پێ دەکات، بەتایبەت کچانی ئەو سەردەمە لەبووکێنیدا بەو دەورە سوڕاونەتەوە، هەر بەیادی جاران چاوەکانیان گەش گەش دیارە هەر وادەزانێ ئەو کاتەیه، کە بەبووک براوە، چەندین چیڕۆک بۆ کچانی ئەم سەردەمە دەگێڕێتەوە، بەپێچەوانەی ئەمەش ئەو کچانەی کاتێک بە بووک رۆیشتوون کەچی بەدەوری ئاوی کەسک و سۆر نەسوڕاونەتەوە لەنگییەک لەتەواوی زەماوەندیکدا دەبینێ، ئەویش چەندین چیڕۆکی خەیاڵی دەگێڕێتەوە و کۆی هەموو قسەکانیشی لەو کاتەدا خانەوادەکەیان پرسەیان هەبووە، نەدەکرا لەبەر خزم و کەس و نزیکەکان دەهۆڵ و زوڕنا و رەشبەڵەک لەدەوری ئاوی کەسک و سۆردا بێ.
Previous
Next
Kurdish