Skip to Content

باشترین وەڵام بۆ ژینا، درێژەدانی ڕاپەڕینە دژ بە دیکتاتۆرییەت!.. عەبدوڕەحمان گەورکی

باشترین وەڵام بۆ ژینا، درێژەدانی ڕاپەڕینە دژ بە دیکتاتۆرییەت!.. عەبدوڕەحمان گەورکی

Closed
by ئه‌یلول 28, 2022 General

ئاوڕدانەوەیەک لە دواقۆناغی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی لە ئێراندا

ئەگەرچی موقاومەتی ئێران لەو ڕوانگەیەوە بێ کێشە و ئاسوودەیە کە هیچ بەدیلێکی دیکە بۆ ئەم ڕێژیمە نەبووە و نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک هەمیشە، ئاواتەخوازی ئەوە بووە کە هێزێکی دیکەی جددی لەو مەیدانەدا هەبێت کە بەرپرسیارێتی مێژوویی ڕووخاندنی حکومەت لە ئەستۆ بگرێت و گەل و نیشتمان لە چنگ ئەم ترسناکترین ڕژێمە دیکتاتۆریە لە ئێران رزگار بکات.

ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕاپەڕینێکی چاوەڕواننەکراو و بێ مەبەست و بێ سەركردایەتی نەبووە و نییە. بەرهەمی چوار دەیە خەبات و تێکۆشانی بێوچانی خەڵک و موقاومەتی ئێرانە دژ بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران. ئەوەش، بەر لە هەمووان و باشتر لە هەمووان، سەرانی ڕژێمی دەسەڵاتی ئاخوندی نەک هەر دەیزانن، بەڵکو نەیانشاردۆتەوە و زۆر جار بە رەسمی و بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە، ڕۆژ نییە قیژە قیژ و هاواریان لێ هەڵنەستابێت دژ بە موقاومەتی ئێران.

هەرکەسێک دەستی هەبێت لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا زۆر باش دەزانێت کە خەباتێکی سەرتاسەری لە وڵاتێکدا کە ئاڕاستەی جیاوازی تێدا هەیە، بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕووداو و تاقیکردنەوەی ورد و درشت دەبێتەوە. بە تایبەت ئەگەر دەسەڵات لە جۆڕی تیۆکراسی و دیکتاتۆرییەکی ئایینی بێت، کە دیکتاتۆرییەکی دەگمەنە لە مێژوودا.

بۆ ئەوانەی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێران دەکەن، ڕوونە کە ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات، دەرئەنجامی ڕابردوویەکە کە بارودۆخی ئێستای لێکەوتۆتەوە. بە واتایەکیتر، هەرچەند کە خوێنی ژینا ئەمینی (مەهسا) فاکتەری سەرەکی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەمجارەیە لە دژی دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتدار، بەڵام خەڵکی ئێران، بە خەڵکی کوردستانی ئێرانیشەوە، دڵیان پڕە لە رق و قین و نفرەت بەرامبەر بە حکومەتی ئایینی لە ئێران. چونكه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ “له‌ خه‌ڵك” و “بۆ خه‌ڵك” نه‌بووە و نییه‌. هەڵقوڵاوی بیر و هزرێکی سەدان سەدە نەفامی و نەزانینە لە ژێر ناوی (ئیسلام)دا.

خەڵکی ئێران زۆر باش دەزانن کە هاتنە سەرکاری خومەینی و ڕژێمەکەی لە ساڵی 1979، دەرئەنجامی حالەتی کاڵفامی و نەکوڵاویی کۆمەڵگای تازە ڕزگاربووی ئێران بوو لە چنگ دیکتاتۆرییەتی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی. لەو سەردەمەدا. رێكخراوە نەتەوەیی و جەماوەری و شۆڕشگێڕەكان گورزی گەورەیان لە لایەن رژێمی شاوە بەركەوتبوو و، خومەینی لەسەر دەستی گوماناوی، وەك “جێگرەوەی رژێمی شا” هاتە ئاڕاوە و لە ژێر هەمان ناوونیشاندا، دەستبەجێ کەوتە سەر دەسەڵات و زۆر خراپتر لە دیکتاتۆرییەتی پێشوو، دیکتاتۆرییەتی ئایینیی بەسەر خەڵکی ئیراندا سەپاند.

ئێستا کاتێک سەیری پوختە و هۆکارەکانی هاتنە سەر کاری ئەم دەسەڵاتە دەکەین، دەبینین کە دەسەڵاتی شا بەدیلێکی ڕاستەقینەی نەبووە. چونکە رێبەرە ڕاستەقینەکانی خەڵک، یان لەلایەن ڕژێمی شاوە لە سێدارە درابوون، یان تا دوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی شا لە زینداندا بوون. بۆیە “بۆشایییەکی جددی” لە کۆمەڵگادا درووست کرابوو، کە خومەینی بە هاتنە سەر کار و سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە ئێران، رێگەی نەدا ئەم بۆشاییە لە لایەن حیزب و رێکخراوە نیشتمانی و جەماوەری و شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمەوە پڕ بکرێتەوە، کە سازمانی موجاهێدینی خەلقی ئێران دەوری سەرەکی هەبوو لە ناویاندا. بە واتایەکیتر دەبێ بڵێین “کارە تەواونەکراوەکەی شا” لە لایەن خومەینیەوە “تەواو کرا”. سەرکوتکردنی ئازادییەکان، زیندانیکردن و دەستبەسەرکردنی ئازادیخوازان، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە سەرانسەری ئێران، کرا بە کارێکی ڕۆژانە، کە تا ئەمڕۆ رژێمەکەی بەو شێوازە لەسەر کار ماوەتەوە. زۆر کەس پێیان وایە بە سڕینەوەی ناوی بەڕێز (مەسعود رەجەوی) لە لایەن (خومەینی)وە، لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە دوای ڕووخانی شا لە زستانی ساڵی 1980، کە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵی ئێران و هەروەها حیزب و لایەنە نیشتمانی و جەماوەری و شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگای ئێرانەوە پشتیوانی لێکرابوو، بەدامەزراوەییکردنی سەرکوت و دیکتاتۆریەتی ئایینی لە ئێران دەستی پێکرد. چونکە خومەینی لە پەرەسەندنی رۆژانەی هێزێکی لەمجۆرە بە تەواوی تۆقابوو.

بەمجۆری “دەستە شاراوەکان” لە هێنانە سەرکاری خومەینی بۆ سەر کورسیی دەسەڵات و گۆڕینی سیستم لە دیکتاتۆرییەتێکەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی خراپتر، ئاشکرا کراو و کەوتە بەر چاوی هەمووان. بە جۆرێک کە ئێستا کۆدەنگییەکی جیهانی لەسەر ئەو ڕاستییە هەیە کە “ئەگەر سیاسەتی سازشت و موداراکردنی ڕۆژئاوا نەبوایە، ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی ئایینی سەد کفنی رزاندبوو”. واتا لە ناو چوبوو!

ئێستا لە بەراوردکردنێکی زۆر سادەدا لەگەڵ ڕۆژانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا، دەبینین کە ڕاپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران کە ئێستا هەموو ئێرانی گرتۆتەوە، بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوە و خاوەن رێبەراتیی خۆیەتی، کە هەرچەندە کاتی دەرکەوتنی نەهاتووە، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە بە پێشکەوتنی ڕاپەڕین، چاومان بە هەندێک رووداوی روونتر و زیاتر بکەوێت لەم پێوەندییەدا.

بەڵام هەمووان چاوییان بڕیوەتە ئەو هێزەی کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکانی پێشووی کردووە، بە تایبەت ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەر 2019. واتا ئەو هێزەی کە حکوومەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار لە ئێران، بەردەوام لێی تۆقاوە. ئەو هێزەی کە، دانی پێدانرابێت یان نا، تاکە بەدیلی دێموکراتیکە بۆ دەسەڵاتی ئایینی دەسەڵاتدار لە ئێران. ئەم هێزەی ئێستا خاوەن هەزاران ناوەند و یەکینەی شۆڕشە لە ئێراندا کە پێی دەوترێ (کانونی شۆڕش) و توانیویانە ئێران لە “پریشک”ەوە بگەیەننە ئاستی “تەقینەوە” و هیوای سەرکەوتن بخەنە سەر ڕووخساری هەموو ئێرانییەکان و هەروەها زۆرێک گەلانی ناوچەکە و جیهان .

ئێستا ئەم پۆتانسیەل و وزە و ورەیە و ئەم هێزەی رێبەرایەتیکردنی راپەڕینی لە ئەستۆیە سەری هەڵداوە لە ئێران و سەرەڕای پەرشوبڵاوی ئێستای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان، بەڵام “سەنگەرێکی هاوبەش” و “خەباتێکی هاوبەش” بۆ گەیشتن بە “ئامانجێکی هاوبەش”، واتە ڕووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران بە تەواوی بەر دەستە و لە سەر ڕێگەیدایە و پێویستە بە ڕۆح و جەوهەری لێگگەیشتن و تێگەیشتن پێشوازی لێ بکرێت. چونکە رزگاری گەل و نیشتمان بەندە بە هەڵوێستێکی لەو جۆرەوە.

کۆتایی

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish