لە یاد ئەکرێم… شوان عەباس بەدری
ڕۆژێ دێ لە یاد ئەکرێم
هەروەک چۆن باڵندەیەکی کۆچەر
هێلانەکەی لە یاد ئەکات
هەر وەک چۆن ڕووبارێکی بە خوڕی
گیرودەی دەستی ووشکەساڵی
لە یاد ئەکرێت
هەر وەک چۆن چیا جێ پێی
کەڵە کێوییەکان لە یاد ئەکات
منیش لە یاد ئەکرێم
ڕۆژێک دێت لە یاد ئەکرێم
هەروەک چۆن شۆڕشگێرەکانی
دەشت و شاخ و دۆڵ و گوند و ناو دارستانەکان
دوای گەڕانەوەیان
درووشم و بەڵێنەکانیان لە یاد ئەکەن و
نیشتمان بە زنجیرێکی ژەنگاوی قۆڵبەست ئەکەن
هەر وەک چۆن ناوی شەهیدەکان
بە دەستی حازرخۆرەکانی سەرکەوتن لە سەر کێلەکانیان
ئەسڕێتەوەو لە یاد ئەکرێن
هەر وەک چۆن مێژووی شێواو
بەرگی ڕاستی ئەپۆشێت و نەوەکانی دوای
شۆڕش و ئازادی چاوبەست ئەکات
لە یاد ئەکرێم
باش ئەزانم کە دواجار
لە ناو چنگێک فەرامۆشی کووشندەدا
هەر وەک یادگارییەکانی
خانەقا و چوخمە پیر و گۆچان بەدەستەکەی سەرشەقام و سابوونکەران و جوولەکان و گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکەم
لە یاد ئەکرێم و
دەستی شار
لە ناو مشتێ هەناسەی ساردی ئێوارە پاییزێکا
وونم ئەکات و ناوم و یادگارییەکانم
ئەداتە دەست کزە بایەکی بێ ناونیشان
ڕۆژێ دێ
هەر وەک چۆن
چۆلەکەی سەر درەختەکان و هاتنی پەرەسێلکەکان و نیگای ئاسکەکانی
شاریان لە یاد کرد
منیش لە یاد ئەکەن و
هەر خۆم ئەمێنمەوە و بستێ خاکی سلێمانی !