Skip to Content

نووسین وەكو ئامرازێك بۆ مانەوەی مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ… نووسینی: هەرمان جەعفەر

نووسین وەكو ئامرازێك بۆ مانەوەی مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ… نووسینی: هەرمان جەعفەر

Closed
by حوزه‌یران 19, 2022 General, Opinion

مرۆڤ زۆربەی كات خەون بە جیهان و ژیانێكی باشتر دەبینێت، خەونەكانیش هەمیشە نابن بە ڕاستی، بەڵام دەكرێت جیهان و ژیان بە نووسین ڕازاوەتر و بەرجەستەتر بكەین.

نووسینیش، لە یەك وشە دەستپێدەکات و گەردوونێكی بێ كۆتاییشە. نووسین ئەو جیهانیە، كە جیا لە جیهانەكانی تر بە ئارامی دەتوانین بەهۆیەوە هەست و بۆچوونەکانمان دەرببڕین و بە ڕیزكردنی وشەكان بپرژێینە سەر ویست و خولیاكانمان و بە ڕاستگۆیی بەخۆمان و دەورووبەرمان بڵێین ئێمە كێین؟ چیمان دەوێت؟ دەمانەوێت ببین بە چی؟

بەپێی توێژینەوەیەکی رێکخراوی یونسكۆ ساڵانە لە جیهان 2.2 ملیۆن پەرتووك بڵاودەكرێنەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەرتووك لە لایەك، لە لایەكەی تریش چەندان توێژینەوە و وتار و پەرتووكی ئەلیكترۆنی بڵاودەكرێنەوە، بە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرە پێوسیتیەكی وەها بۆ نووسین دەمێنێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەکرێت ئاراستە بێت بەو کەسانەی دەیانەوێت بنووسن.

نووسین ئەو بەهرەیەی مرۆڤە تیایدا نووسەر دەتوانێت مەبەستەکان بخاتەڕوو، ئەمە لە بری ئەوەی نووسین تەنیا گێڕانەوە وابێت. لە نووسین دەبێت نووسەر ئەوەی لەیاد بێت لە جیاتی ئەوەی شتەكانی بە خوێنەر بدات، ڕووداوە نووسراوەکانی نیشان بدات.

كاتیەتی لەسەر کێشەکان بدوێین، لێكەوتە و چارەسەرەكانیان، نەوەك گوێگر و خوێنەری ئەوە بین كامە كەسایەتی چی پۆشیووە كە لە ئاهەنگێک بووە. هەر كاتێك دەستبكەین بە نووسین دەربارەی ئەو شتانەی لە ئەزموونی ژیانمان فێربووین، دەردەکەوێت ئەوانەی ئەو ئەزموونە نوسراوانە دەخوێننەوە ئاسانتر لە قورسی هەنگاوی سەرەتا و دەستپێكی هەر كارێك تێدەگەن و زیرەكانەتر دەستبەكاردەكەن.

نووسین و نووسەرەكان بەهۆی نووسینەکانیان تاریكیەكانی ژیان لادەبەن، ئازار دەگۆڕن بۆ خۆشی، بێ هیوایی، لە نەبوون بونیاد دەنێن، شكست و دۆڕان دەگۆڕن بۆ هیوا و سەركەووتن.

لە نووسین، بیرۆكەی نوێ لە دایكدەبن، وەك ئەوەی نووسەر هاوسەرگیری لەگەڵ نووسین كردبێت، لەگەڵ بەردەوامیی نووسین كۆرپەلەی نوێ دێنە ژیان، ئەو کۆرپەلانە پێکدێن لە بیرۆکەی نوێ. هەر كاتێك مرۆڤ بیرۆكەی نوێی بۆ دروست ببن، بێگومان نوسەر دوێنێ، ئەمڕۆ و داهاتووشی خاوەن تایبەتمەندی خۆیان دەبن.

زیاتر لەوەش، مرۆڤ لە سروشتی بایۆلۆجی خۆی خەیاڵ و وێناكردنی هەیە، یەكێك لە ڕێگا كاریگەرەكانی بەرجەستەكردنی خەیاڵ لە ژیانی ڕاستەقینە بە نووسینی خەیاڵی خەیاڵگەیە. خەیاڵكردنی مرۆڤ بێ هەژمارن، بە هۆی نووسینەوەیان دەبنە بیرۆكەی ڕوون و داواكاری ژیرانە.

ئەوەی نووسین لە مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕیوویەتی بێ پێشینە بووە، هەربۆیەش هەمیشە پێنووس بە شمشێر چوێندراوە، پێنووس هێمایەك بووە بۆ هێز و دەسەڵات.

كاتێك دەنووسین ، دەمانەوێت مێژوو، فەرهەنگ و جوانی ژیان بە زیندوویی بهێڵینەوە، تەنانەت ئەگەر نوسین نەبووایە نەوەی تازەی موسڵمانانەكان لە ئاواز و دێرەكانی قورئان بێ بەش دەبوون، كریستیانەكان بێ ئاگا دەبوون لە دواین ژەمی عیسا و جووەكانیش لە پەنا دیواری ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم نزایان نەدەكرد و هیچ زانیاریان لەسەر ئاینەكەیان نەدەبوو.

كاتێک دەنوسین بە دەورووبەرمان دەڵێین ئێمەش هەین، بیردەكەینەوە و دەنگمان هەیە. ڕۆژ هەمیشە لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت، كەوایە بەیانیەك هەردێت پێش هەمووان بەئاگا بێینەوە و ڕۆژەكە ببیت بە هی ئێمە. دەنگی نووسراومان ببیستن و دێر بە دێری بخوێننەوە.

گرنگ نیە کێ نووسینی دایهێناوە، گرنگ ئەوەیە یەكێكە لە دیارە بەنرخەكان لە مێژووی مرۆڤایەتی. بەهۆی نووسین نەوە دوای نەوە لە پەروەردە و فێركردن و گواستنەوەی زانیاریەكان بەردەوام بوون.

لە هیچ ساتێكی تەمەن هێندەی ئەو كاتەی دەنووسن مرۆڤەكان لەگەڵ خۆیان ڕاستگۆ نین، چونکە گوناهبار نابین لەسەر خەیاڵ و بیركردنەوەكانمان، ئاواش بەبێ ترس و بە ڕاستگۆیی هەست و ناخمان بۆ جیهانی دەرەوە دەكەینەوە. لە كاتی نووسین باوەڕێك هەیە لە ناخ و دەروونمان هیچ سزایەك و نەنگیەك نیە لەو دەنگە نووسراوەی ناخمان کە بە نووسین هاتۆتە بوون.

وێڕای ئەوەش، نووسین وەكو ئامرازێك بۆ زیندوومانەوەی بیرۆكەی كەسانی بلیمەت و بەهرەمەند لە نێو كۆمەڵگاكان پێویستی بە بەكرداریی كردن هەیە. ئەو كەسانەی دەنووسن دەبێت بزانن چۆن نووسینەكانیان دەبنە هۆی پێشكەوتنی كۆمەڵگە و تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیەی تیاییدا دەژین. مەرجە نووسەر خۆی لە كۆمەڵگە و فەرهەنگی نەتەوەكەی جیانەكاتەوە و شتی نوێ و سوودبەخش بە ئاخێوەرانی زمانەكەی بگەیەنێت.

لە ڕووی مێژووییەوە، پێش ئەوەی مرۆڤ فێرببێت بنووسێت، سەدان هەزار ساڵ قسەیان دەكرد، پێکهاتەی زمانەکان بە رووداوێک یان نەخۆشیەکی پەتایی بە تەواویی لەناودەچوو، هەر بۆیەش ئەگەر دەستنووسێك لەو كاتانەوە مابێتەوە بۆتە بەهایەک بۆ ئەوانەی جێنشینی ئێستای جوگرافیەکەی ئەوانن، هەروەك بێوۆلف بۆ ئینگلیزەكان و گلگامێش بۆ سۆمەریەكان و تەنانەت مەم و زینی ئەحمەدی خانیش بۆ ئێمەی كورد بۆتە سەرمایەیەکی مێژوویی.

لە سەردەمی نوێگەریدا، نووسین ئامرازێكی كاریگەرە بۆ گفتوگۆكردن لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، نووسین زیاتر لە قسەكردن بۆ گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوە لە نێوان تاكەكان، تەنانەت پیرۆزبایی كردنی بۆنە ئاینی و نەتەوەیەكانیش بەكاردەهێندرێت. كەسایەتیەكان بە گوێرەی توانای نووسین و كاریگەری نووسینەكانیان هەڵدەسەنگیندرێن، زیرەكی و لێهاتووی كەسەكان لەسەر ڕووپەڕی كاغەزەكان ڕەنگدەداتەوە.

نووسین هەر پەیوەندیدار نیە بە كەسانی نێو ئەكادیما و خوێندەواران، بەڵكو ئامرازێكە بۆ هەموو تاكەكان، هەر لە نووسینی ئیمێلێكەوە تا دەگاتە نووسینی كتێبك ئێمە ڕۆژانە پێویستیمان بەوەیە بنووسین، تا خۆمان بە كۆمەڵگە و جیهان بناسێنین و چۆنیەتی بیركردنەوە و تێڕوانینمان بۆ ژیان بخەینە ڕوو.

لە هەمووی گرنگتر بۆ ئەو كەسەی دەنووسێت ئەوەیە ناچار دەبێت تاوەكو زیاتر بخوێنێتەوە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی توانای نووسینی كەسەكان پێداویستی فێربوونی زمانی نوێ و ناسینی زمان و فەرهەنگی نەتەوەكانی تریش زیاتردەبێت، ئەمەش وادەكات شێوازی ژیانی نوێ، بیرۆكەی نوێ و چۆنیەتی بەرەوپێش بردنی ژیان و كۆمەڵگەش لە ڕوانگەی جیاوازەوە بێتە نێو فەرهەنگی نەتەوە و كۆمەڵگەی نووسیار.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، نووسین یەكێكە لە هۆكارەكاریگەرەكان تاوەكو بتوانرێت ئامانجی پشت نووسینی كەسانی تربخوێنیدرێنەوە و مانا لە دڵی نوسەر هەڵبهێنرێتەە دەرەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish